یەکێتی لە سۆسیال گۆچانی تالەبانییەوە بۆ سۆسیال پۆستاڵی پاڤێل


"نەمرەڕێ"و شاعیرێک لە دووی ئاسمانێکی ساماڵتر بۆ شیعر

Friday, 06.24.2022, 23:16

374 بینراوە


وشەی دەستپێک:

"نەمرەڕێ"،یەک لە بەرهەمە شیعرییە نوێیەکانی شاعیری جوایەزنووس"پێشەوا کاکەیی"یە کە وەک خودی خۆی،ئەمجارەیش بە گەشتێکی تری شیعری دەمانگەڕێنێتەوە بۆ نێو جیهانە پاکژە شیعرییەکەی خۆی کە دەیەوێت جیهانێک بێت بەدوور لە ژەنگ و ژار و هەردەمیش میهرەبانی لێ بچۆڕێت. جیاوازی ئەم گەشتنامە شیعرییەی پێشەوا کاکەیی دەگەڵ چەند بەرهەمە شیعری پێشووی لەوەدا چڕ دەبێتەوە کە شاعیر ئەمجارە دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمێکی دوور و کەونی ژیاری مرۆیی کە بەشێكی گەورەی خودی نیشتمانەکەی شاعیر هەر لە نێو ئەم جەغزە جوگرافیاییەدا هەڵکەوتووە.

ڕۆچوونێک بە قووڵایی "نەمرەڕێ"دا:

نەمرەڕێ،بڕینی ڕێگایەکی پڕ لە میهری شیعرییە کە دەمانباتەوە تا بەردەم خودی ئەو زەمەنەی کە ژین،گوڵخەندەی دەگرت،سرووشتیش میهرەبانی لێ دەڕژا و بلاوێنی ڕۆح و گیانی ئادەمزاد بوو. 
شاعیر،سەرەتای ئافرانی گێتی بە پاکژ دادەنێت کەچی دواتر مرۆ،لیخنی دەکات و لە بن نسێی مرۆی بەدکاردا ئەم کەونە، وا خەریکە چاوی کوێر ببێت.
جیهان لەوەتەی دەمی کردووەتەوە،شەکراوێکە،
کەچی ڕۆژ بە ڕۆژ دەبێتە زەلکاوێکی گەنیو،
دڵت داگیرسێنەوە،کەون وەختە چاوی کوێر بێ...
(نەمرەڕێ،ل14)
نەمرەڕێ،هەمان ڕێیە کە دەچێتەوە تا چاخی پڕ لە میهری باڵووڵی دانا،لەوێشەوە شۆڕ دەبێتەوە تا بێساران و دەیەوێت تەپوتۆزی سەر دڵ،بە نەغمەی بلاوێنی بولبول و قومریی هەورامان لا بچێت. چونکە لە خودی هەوراماندا نەمریی دەبینێتەوە.
وەک بابا سرنج
بەدەم تینی ئاورەوە
وشەی سەرمابردەڵەم گەرم بوونەوە،
وەک دار قرچەقرچیان هات و دەبوونە بڵێسە،
نەمریم لە هەوراماندا دۆزییەوە.
(نەمرەڕێ،ل82)
هەموو پەرۆشیی شاعیر،گەڕانەوە بۆ سەردەمی سادەییە،ئەو زەمەنە پاکژەی کە:
"ئاونگ هایکووی خۆی بنووسێت
لەسەر گژ و گیا،پەلکی گوڵان؟!
ئاوێزان بێتەوە بوونمان بە هاتنی سپێدان؟
ئاییندە بە بنیات بێت لە ئێستامان؟
(نەمرەڕێ،ل18)
پێشەوا کاکەیی لەم بەرهەمە شیعرییەدا دەچێتەوە تا سەر ئەو ڕاستەڕێیەی کە مرۆڤایەتی نوغرۆی نێو میهری ئەدەب و ئاکارچاکی بوو و ڕەوشتبەرزییش،میوانی دڵان.
نەمرەڕێ،لەڕاستیدا ڕۆچوونێکی قووڵیشە بە ناخدا و دەیەوێت لە ڕێی ئەم شۆڕبوونەوەیەوە،مرۆ پتر پەی بە خۆی ببات و ئینسانییانەتر مامەڵە دەگەڵ گەردووندا بکات. لەم گۆشە نیگایەوە کارتێکەریی زمانە ڕۆحییە قووڵەکەی شاعیرانی وەک مەحوی،مەولەویی بەڵخی و حافزی شیرازی بەسەر پێشەوای شاعیرەوە دەبینرێت. 
گەشتێک بکە هاوڕێ!
بچۆرەوە نێو خۆت و لە لووتکەی بێدەنگیدا
ڕازی خۆت بۆ خۆت بەیان بکە!
خۆت دەتوانیت خۆت بپشکنیت لە چ ڕەگێکدایت،
ڕیشەت لە چ گەشتێکدایە و چۆن بۆ ئاسۆ هەڵدەکشێیت.
(نەمرەڕێ،ل42)
شاعیر، ڕامان و وردبوونەوە لە خودی خۆ بە نیشانە و بگرە هۆکارێک بۆ شادبوونەوە دادەنێت. بیرکردنەوە و ڕامان،هێوریی و ئۆقرە بۆ دڵی ئینسان دەگوێزێتەوە و لە دەست ئەم جەنجاڵستانەی نها،قوتاری دەکات. لەم ڕێگە دوور و درێژەی شاعیر دەیبڕێت،بێ سێ و دوو ،زانین و ئاگایی دەوری سەرەکی دەبینێت و بەرچاوڕوونییش بە ژیان دەبەخشێت. هەر بۆیە بە زانین،مرۆ خۆی لە تاریکستان دەرباز دەکات.
بڕۆ!
جوان بنواڕە،بجووڵێ و بدوێ!
پەیڤت ڕێی خۆی وەدۆزێ،
با بشزانی،بێئاگایی دەتکاتە ونڕێ،
دنیات لێ دەبێتە قەفەس.
(نەمرەڕێ،ل51)
پێشەوا کاکەیی لە نەمرەڕێ دا بە زمانێکی شیعری هاواری لە دەست جیهانی سەرمایەداریی و بۆرژوازیی ئێستا بەرزە کە تێیدا سەرمایەدار،لە بەری ڕەنجی خەڵک دەخواتەوە کەچی خەڵکی هەژار تا دێت بەلەنگازتر و فەقیرتر دەبێت. هەر بۆیە پەنا دەباتەوە لای باڵووڵی ماهی و گەرەکیەتی بەیانان لەگەڵ گزنگی خۆر، ژیان دەست پێ بکات.
وەک باڵووڵی ماهی لەگەڵ خۆر هەڵدێم،
دەرگا دەکەمەوە،بە ڕووی خەڵکدا،
سەرمایەداران دێن لەبری پەمۆ بە ئەستێرە بچوێنن،
نەوت و پارە بە ئاسمان دەچوێنن...
(نەمرەڕێ،ل62)
مرۆی بۆرژوا لە دیدی شاعیرەوە کە وەک دڵە پاکژە شیعرییەکەی خودی ڕاستییەکان دەنوێنێت،وا خەریکە خۆڵ لە چاوی گزنگیش دەکات و لە پێناو بەرژەوەندییە بەرتەسکەکەی خۆیدا گەرەگیەتی بەردیش بهاڕێت کەچی شاعیر پێشبینی هەرەسهێنانی دەکات و مژدەی دواڕۆژێکی ڕوونمان پێ دەبەخشێت.
لە گزنگەوە بۆ گزنگ
دەنگی قڵیشانی شاخ دێ،
خەڵکی نێو کۆساران نازانن شتێکە دەدزرێ،
ئەم دەنگە
هەر گلۆربوونەوەی گاشەبەرد و
داڕمانی شاخ و
ڕۆچوونی زەوی نییە،
داڕمانی مرۆڤی سەرمایەدارە
دەستی ناوەتە بینی سرووشت و بەرد دەهاڕێ!
(نەمرەڕێ،ل84) 
شاعیر بە مەبەست و ژیرانە دەگەڕێتەوە بۆ چاخ و سەردەمی باڵوولی ماهی،بابا لوڕی لوڕستانی،حەللاج،بابا سەرهەنگ،بابا سرنج،دایە تەورێز،ڕێحان خانمی لوڕستانی،باوە تاهیری لوڕ،فاتمە لوڕە و،لەوێشەوە ڕێی درێژ دەبێتەوە تا نەیشابوور،تەورێز،تاشکەند،سەمەرقەند و بوخارا و دواتریش تا لای خودی تاگوور. ئەمانە هەموو کۆدن بۆ خوێنەر و شاعیر دەیەوێت خوێنەر بۆ خۆی کۆدەکان بکاتەوە. پێشەوا دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو چاخەی کە هەست و نەستی مرۆ تا دوورەدەستتان بڕی دەکرد و جوانتریش لە هەموو شتێک تێدەگەییشت. پێشەوا لەم گەشتە شیعرییەدا لە دووی ئاسمانی ساماڵتر بۆ شیعر دەگەڕێت.بۆیە بەردەوام ڕێ دەبڕێت و دەڕوا و دەڕوا تا بەوێندەرێ بگات کە ئاسمان شینتر و ساماڵتر دەربکەوێت.
دەگەڕێمەوە بە برینی ڕۆژگار
باشتر لە ئاو تێبگەم،
لەمێژە دەفڕم،لەو چیا بۆ ئەو چیا،
تا ئاسمان ڕوونتر دەربکەوێ.
(نەمرەڕێ،ل88)
پێشەوای شاعیر،لەم گەشتە شیعرییەدا دەڤەرە کەونەکانی نیشتمانیش بەسەر دەکاتەوە و دەچێتەوە بەردەم مەنزەڵەکەی پیرانی یارسان و لە دەست ئەم هەموو زەبر و زەنگەی نها مرۆ بەدەستیەوە ناڵانە،سکاڵا و شکات بەرز دەکاتەوە و داوای ڕێکار دەکات. دەگەڕێتەوە لای باوەخۆشین،باوە سەرهەنگ،باوە تاهیری لوڕ،فاتمە لوڕە و پیرانی ماریفەت.
شاعیر لە نەمرەڕێ دا دیرۆک دەخوێنێتەوە و لە دەست هەرچی دەستەڵاتە دەم بە هاوارە و شکاتی خۆی تا لای خودا بەرز دەکاتەوە و زۆر بە ڕوونی پەیامەکەی بۆ خوێنەر دەگوێزێتەوە.
ئەوسا بەغدا
گڕ لە دڵی دەهاتە دەرێ و
ئێستاش دووکەڵ لە چاوی،
کەچی وا ئێستاکە
خۆکوژیی کۆکوژی نمایش دەکەن،بە بەر چاوی خواوە!
هەموو ڕۆژێ شۆڕشێک تەشەنە دەسەنێ
لە بەغداوە بۆ مەککە،لەوێوە بۆ ئەهواز
خوێن دەچۆڕێ،
هەرچی میر و شالیارە
هەرچی خەلیفە،شێخ،سەیید،ئاخوون و مەلاشە
خەڵکی دەنێرن
تا لە دۆڵ و گرد و دەشت و لووتکەی شاخەکاندا
خۆ بۆ خودا بە کوشت بدەن،
کەچی خۆیان هەر یەکە لە دیوەخانی خۆیدا
لەبری بۆنی خوێن،
دەم لە دۆڵ و گرد و دەشتی کەنیشکێکەوە دەنێ...
(نەمرەڕێ،ل74 و 75)
پێشەوا کاکەیی لە دەست ئەم ڕۆژگارە دەم بە گلە و سکاڵایە کە تەنانەت ئەم چاخە لێڵە،زمانی ئەڤینیش کەوڵ دەکات.
بە زمانی ئەوین دەپەیڤم
کەچی ئەم ڕۆژگارە کەوڵم دەکا...
(نەمرەڕێ،ل80)
ئاوڕێکیش لە فڕکەفڕک و پەلەی مرۆی ئەم سەردەمە دەداتەوە کە دەیەوێت خێرا بە هەموو شتێک بگات تەنانەت گەر کانیاوە زوڵاڵەکانیش لێڵ و کوێر بکاتەوە.
زەوی وەک توورەیەکی زێڕ دراوە بە کۆڵدا،
فڕکان فڕکانێکە،هەر یەکە بەشی خۆی دەبا،
هەر یەکە چنگی تێ ناوە و دایدەدڕێ،
زەوی ناتوانێ باڵەفڕێ بگرێ،
دەیەوێ لە دەستی ڕێبواراندا
وەک ئاوی کانیی کوێستانان بنۆشرێ.
(نەمرەڕێ،ل92)
پێشەوا بۆیە ملی ئەم ڕێگە دوور و درێژە دەگرێتە بەر تا بچێتەوە بەردەم یەکەم قۆناخی بوون کە ئیتر ڕۆح و جەستە تێیدا ئاسوودە بن و مرۆ لە بن سێبەری ئاوەز و ژیرێتیدا خۆ لەدەست ئەم هەموو زیندانە قوتار بکات.
ئەم ڕێیەم بۆ ئاسوودەیییە
تا جەستە هەمیشە نەرم بێ،ڕۆح تێیدا ئارام بێ.
لە قوڕ کە هاتوویتە دەرێ،
بۆ ئەوە نییە وڕ ببیت،
دانا ئەو کەسەیە لە کۆتاییدا بەند نەکرێ.
(نەمرەڕێ،ل103)

ئەنجام:

پێشەوا کاکەیی، یەک لەو شاعیرە پاکژنووسانەی ئێستای  شیعری کوردییە کە لە ڕێی زمانێکی جوایەزەوە بەردەوام ڕۆشنایی بە سووچە تاریکەکانی شیعر دەبەخشێت و لە هەوڵی کەشف و دیتنەوە و دەرخستنی جوانییەکانی شیعردایە و هەر جارە و ڕێگەیەکی جوایەزی شیعریی دەبڕێت و بە پلان و بەرنامەیەکی وردەوە کار لەسەر ئەم پاژەی ئەدەب دەکات. شاعیرێکە بە دیدێکی ڕوون و ڕۆحێکی بێ گرێ و گۆڵی مرۆیییەوە بیر لە هەڵچنینی دیواری بڵندی شیعر دەکاتەوە و شیعرەکەیشی تا بە دوورەدەستترین دەڤەرەکانی گەردوون ڕێ دەبڕێت؛  بۆیە هەر جارە لە دووی هەسارەیەک وێڵە و دەیەوێت بە ڕێی کاکێشانی شیعرەوە شۆقی ئەم هەموو ئەستێرە پرشنگدارانەمان تێبگرێت. هەر ئەوەندە ماوەتەوە کە بێژم،پێشەوا کاکەیی وەک بەرهەمە شیعرییەکانی پێشووی،لەم بەرهەمە نوێیەیشدا بە زمانێکی پاراو، خامەکەی دەخاتە گەڕ و کۆمەڵە وشە و دەستەواژەیەکی نوێیش دەکاتە بەر ئەم بەرهەمەیش واتە "نەمرەڕێ". پێشەوا کاکەیی ،هەر جارە و بە پرۆژەیەکی نوێی شیعری ،دەروویەکی نوێمان لە ڕوو دەکاتەوە.پێشەوا شاعیرێکە جوگرافیا و مێژوو پێکەوە گرێ دەدات و لە ڕێی داگەڕان بە جوگرافیای وڵاتاندا دەرکە لە ڕووی دیرۆکی گەلانیش دەکاتەوە و خوێنەر هەم بە جوگرافیا و هەمیش مێژووی نەتەوە و گەلانی سەرزەوی ئاشنا دەکات. 
پێویستە ئاماژە بەم خاڵەیش بدرێت کە نەمرەڕێ،بەرهەمی شاعیری جواننووس پێشەوا کاکەییە کە ساڵی 2021 لە لایەن وەشانی "نووسیار"ەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە. پێشەوا کاکەیی پێشتر چەندان بەرهەمی شیعری بڵاو کردووەتەوە. 
شیاوی ئاماژەپێدانە پێشەوا عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان، ناسراو بە «پێشەوا کاکەیی،» ساڵی 1984(1363ی هەتاوی) لە گەڕەکی «جووتکانیان»ـی شاری "قەڵادزێ" لەدایک بووە. تا هەنووکە خاوەنی نزیک بە 14 بەرهەمی شیعری و توێژینەوەی ئەدەبیی چاپکراوە کە "زەریا و بەستەڵەکی باشوور بە تامی شیعر" نوێترین بەرهەمی ئەم شاعیرەیە. شیعری ئەم شاعیرە نوێخوازە بۆ سەر چەندان زمان وەرگێڕدراون.

ژێدەر:

نەمرەڕێ،پێشەوا کاکەیی،چاپخانەی جەنگەڵ،تاران،وەشانی نووسیار،چاپی یەکەم،2021،دانیمارک