پێشەوا بۆیە ملی ئەم ڕێگە دوور و درێژە دەگرێتە بەر تا بچێتەوە بەردەم یەکەم قۆناخی بوون کە ئیتر ڕۆح و جەستە تێیدا ئاسوودە بن و مرۆ لە بن سێبەری ئاوەز و ژیرێتیدا خۆ لەدەست ئەم هەموو زیندانە قوتار بکات.
ئەم ڕێیەم بۆ ئاسوودەیییە
تا جەستە هەمیشە نەرم بێ،ڕۆح تێیدا ئارام بێ.
لە قوڕ کە هاتوویتە دەرێ،
بۆ ئەوە نییە وڕ ببیت،
دانا ئەو کەسەیە لە کۆتاییدا بەند نەکرێ.
(نەمرەڕێ،ل103)
ئەنجام:
پێشەوا کاکەیی، یەک لەو شاعیرە پاکژنووسانەی ئێستای شیعری کوردییە کە لە ڕێی زمانێکی جوایەزەوە بەردەوام ڕۆشنایی بە سووچە تاریکەکانی شیعر دەبەخشێت و لە هەوڵی کەشف و دیتنەوە و دەرخستنی جوانییەکانی شیعردایە و هەر جارە و ڕێگەیەکی جوایەزی شیعریی دەبڕێت و بە پلان و بەرنامەیەکی وردەوە کار لەسەر ئەم پاژەی ئەدەب دەکات. شاعیرێکە بە دیدێکی ڕوون و ڕۆحێکی بێ گرێ و گۆڵی مرۆیییەوە بیر لە هەڵچنینی دیواری بڵندی شیعر دەکاتەوە و شیعرەکەیشی تا بە دوورەدەستترین دەڤەرەکانی گەردوون ڕێ دەبڕێت؛ بۆیە هەر جارە لە دووی هەسارەیەک وێڵە و دەیەوێت بە ڕێی کاکێشانی شیعرەوە شۆقی ئەم هەموو ئەستێرە پرشنگدارانەمان تێبگرێت. هەر ئەوەندە ماوەتەوە کە بێژم،پێشەوا کاکەیی وەک بەرهەمە شیعرییەکانی پێشووی،لەم بەرهەمە نوێیەیشدا بە زمانێکی پاراو، خامەکەی دەخاتە گەڕ و کۆمەڵە وشە و دەستەواژەیەکی نوێیش دەکاتە بەر ئەم بەرهەمەیش واتە "نەمرەڕێ". پێشەوا کاکەیی ،هەر جارە و بە پرۆژەیەکی نوێی شیعری ،دەروویەکی نوێمان لە ڕوو دەکاتەوە.پێشەوا شاعیرێکە جوگرافیا و مێژوو پێکەوە گرێ دەدات و لە ڕێی داگەڕان بە جوگرافیای وڵاتاندا دەرکە لە ڕووی دیرۆکی گەلانیش دەکاتەوە و خوێنەر هەم بە جوگرافیا و هەمیش مێژووی نەتەوە و گەلانی سەرزەوی ئاشنا دەکات.