خیانەتەکانی بنەماڵەی بارزانی

Saturday, 25/06/2022, 18:19

3250 بینراوە


ڕەنگە زۆربەمان ھۆکاری ڕاستەقینەی سەرەتای یاخی بوونی بارزانیەکان لە حکومەتی عێراق، بۆ مەسەلەی نەتەوەیی و نیشتیمانی و باوەڕبوونیان بە ئازادی و مافی چارەی خۆنووسین بۆ کورد بگەڕێنینەوە. بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ھۆکاری سەرەکی یاخی بوون و چەک ھەڵگرتنی بارزانیەکان تەنھا لەسەر ئەو بەشە خۆراک و یارمەتیە بوو کە ئەوکات میری وەکو یارمەتی بە ھاووڵاتیانی کەمدەرامەتی دەدا و مێژووش شاھیدی ئەم ڕاستیەیە. لە ناوەڕاستی سەدەی رابردوو و لەدوای دروستبوونی کۆماری کوردستان، بارزانی باوک خۆی گەیاندە کوردستانی ڕۆژھەڵات و لەوێ لەلایەن قازی محەمەدی ڕێبەرەوە پلە و پۆستی پێدرا و گیرسایەوە. بەڵام دوای ڕووخاندنی کۆماری کوردستان لەلایەن دوژمنانی کوردەوە بارزانی باوک خۆی و ھاوڕێکانی کۆمار و قازی محەمەد و میللەتی کوردیان لەبەردەم تیری دوژمناندا جێھێشت و ڕایانکرد بۆ یەکێتی سۆڤیەتی جاران، لەکاتێکدا قازی محەمەد ئامادە نەبوو پشت لە میللەتەکەی بکات و مەرگی ھەڵبژارد، تا دواتر خۆی و ھاوڕێکانی لە مەیدانی چوارچرای شاری مەھاباد لە سێدارەدران . لە سالی ١٩٧٥ کە شۆڕشی کورد لەوپەڕی ھێز و جۆش و خرۆشی دابوو، بارزانی باوک لە چاوتروکانێکدا و بە چاوسورکردنەوەیەکی شای ئێران ئاشبەتاڵی بە شۆڕشی ڕزگاریخوازی کورد کرد و گەلی کوردی بێھیوا و نائومێد کرد، چەندین دیمەنی ناخھەژێن ھەن کە شۆڕشگێرە کوردەکان بە فەرمانی مەلا مستەفای بارزانی بە گریانەوە چەکەکانیان تەسلیم بە دوژمن دەکەنەوە. دوای ئاشبەتاڵ بنەماڵەی بارزانی ڕوویان کردە ئێران و لەوێش ھەر خەریکی ڕاوە کورد بوون و بە فیتی ڕژێمی ئێران شەڕی کوردانی ڕۆژھەڵاتیان دەکرد و دەیان و سەدان پێشمەرگەی ڕۆژھەڵاتیان شەھید کرد و دیلە کوردەکانیان تەسلیم بە دوژمنان دەکرد لە بەرامبەر پارە و چەکدا. کە چەندین بەڵگەی نووسراو و ڤیدیۆیی لەم بارەیەوە ھەن کە پێشمەرگەکانی پارتی خۆیان دان بەوەدا دەنێن کە دەیانەوێت پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی ئێران لە ناوچە شاخاویەکانی ئێران وەدەربنێن بە فەرمانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران.لە ساڵی ١٩٩٦ مەسعود بارزانی دەبابەی ڕژێمی بەعسی ھێنایە ھەولێری پایتەخت بۆ دەرکردنی دوژمنەکەی کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوو.
لە ساڵی ١٩٩٧ بە فەرمانی تورکیا پارتی ھێرشی کردە سەر بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ھەولێر و دەیان گەریلای شەھید کرد و تەنانەت چەندین برینداریان لە نەخۆشخانە شەھید کرد و دیلەکانیان تەسلیم بە تورکیا کردەوە. لە ساڵی ٢٠١٧ بە فەرمانی ئەردۆگان بارزانی ڕیفڕاندۆمێکی درۆیینەی ڕێکخست بۆ تەسلیم کردنەوەی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان بە حکومەتی عێراق و دەرھێنانی لەژێر دەسەڵاتی کورد و بە تایبەتیش کە ئەم ناوچانە بە ناوچەی نفوزی ڕکابەرەکەی کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، دادەنرا. بەکورتی خیانەتەکانی بنەماڵەی بارزانی لەمێژوودا بێ وێنەیە و باوەڕ ناکەم ھیچ و کەس و تاقم و لایەنێک ھەبێت لە مێژووی مرۆڤایەیەتیدا کە ئەوەندە دوژمنی خاک و نیشتیمان و نەتەوەکەی خۆی بێت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە