زەقکردنەوەی گیانی عەشیرەتگەری لەلایەن یەکێتی و پارتیەوە

Saturday, 25/06/2022, 18:30

3765 بینراوە


مەسەلەی عشیرەتگەری یەکێکە لەو مەسەلانەی کە لە ڕۆژگاری ئەمرۆماندا زۆر کەم قسەی لە بارەوە دەکرێت هەندێ جار هۆکاری قسەلەسەر نەکردنی دەگەرێتەوە بۆ بونیاتی کۆمەڵگای کوردی کە بە شێک لە نوسەرەکان وابەستەی خێڵن و تا ئێستە نەیانتوانیوە ئەو سنورە تێپەڕێنن کە مرۆڤ وەکو تاک بە سەنتەر وەربگرن ، لەم چەند ساڵەی دوایدا عەشیرەت گەری و سەرۆک خێڵ و دیوەخان زۆر بایەخیان پێدراوە وەکو سەردەمی فیوداڵیزم.
دەرەبەگ و ئاغا کە ناوێکی سواوبون لە نێوکۆمەڵگەی کوردیدا ئێستا دووبارە بوژاوەتەوە و خەڵکی ناسناو پاشناویان دەکەن بە بەگ و کوێخا و منداڵەکانیشیان وەها ناوزەند دەکەن !!!
ئەمە لەکاتێکدا کە مێژووی ئێمە پڕیەتی لە ناشرینێتی ئەم کەسایەتیانە هەر لەسەردەمی کۆندا کە ئەم ئاغاو دەرەبەگانە چۆن خەڵکیان چەوساندوەتەوە و زەویوزاری خەڵکیان داگیر کردوە و سەرانەیان لەخەڵکی وەرگرتوە تا سەردەمی رژێمی بەعسی گۆر بەگۆر کە ئەمان دیسان سەر لەشکری خیانەتکاری بوون و ئەمانە سەرۆک جاش و مستەشاری سەدام بوون پێشرەوی سوپای بەعسبوون بۆ داگیرکاری و مال وێرانی کورد لە مێژوودا ناوی سەدان سەرۆک خێڵی کوردمان هەیە کە دار دەستی رژێمی بەعس بوون . بۆ زانیاری زیاتر بروان کتێبی (تاوانەکانی ئەنفال)
لە دوای راپەرینەوە لە جیاتی ئەوەی دەستە ڵاتی کوردی بێت کۆمەڵگەی کوردی ڕێک خاتەوە و ئەو سەرۆک خێلانە سزابدات کە ڕۆژگارێک خیانەتیان کرد هەڵسا دیوە خانی بۆیان کردەو پۆستی باڵایان وەرگرت و بوون بە پارێزەرو چەکداری هەردوو حیزبی دەستەڵاتدار .
مانگانە بە دەیان ملیۆن دۆلار بۆ دیوەخان و موچەی سەرۆک خێل و چەکدارەکانیان سەرف دەکرێت بێ ئەوەی کەسیش باسی بکات ! 
هەردوو حیزبی دەستەڵاتدار بەدەیان عەشیرەتیان لە دەوەی خۆیان کۆ کردوەتەوە . ئەم عەشیرەتانە هەموو کارێکیان پاراستنی بەرپرسەکانە هەموویان ژمارەیەکی زۆر لە چەکداریان هەیە کە حیزب چەکیان بۆ دابین ئەکات لەکاتی هەر 
کێشەیەکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی ئەم سەرۆک خێڵانە وەکو سەربازی ئامادە خۆیان دەپێچنەوە لەچەک و جبەخانە و دەبنە قەڵغانی پاراستنیان و بەرپرسەکان دەپارێزن لەهەر ڕوبەرووبونەوەیەک و ئەندامانی خێڵەکانی خۆیان بە کوشت دەدەن بۆیان . چۆن هێزەکانی حەفتاو هەشتاو زێرەفانی و کۆماندۆ ،ئەم سەرۆک خێڵانە بە هەمان شێوە هیزی نوستوون بۆ کاتی تەنگانە حیزبەکان لەبەرژەوەندی خۆیان بە کاریان دێنن. ، لە کاتی دەنگدان و پرۆسەی هەڵبژاردنیشدا ئەندامانی خێڵ ناچار ئەکەن دەنگ بدەن بەوەی کە مەبەستیانە . 
ئەم سەرۆک خێڵانە لە کوردوستاندا لەسەرو یاساوەن هەموو تاوانێکی کوشتن و برین و تەعدا دەکەن و دواتر بە سولحی عەشایەری کە سەرکردەی حیزبەکان پاڵپشتیان دەکەن سولح دەکەن و بێ ئەوەی هیچ باجێک بدەن .
ئەم عەشیرەتانە زیانێکی زۆر لە دەنگی ئازاد ئەدەن بەوەی لە هەر شوێنێک دەنگی نارەزایەتی بێت ئەمان دژی دەوەستنەوە ئەمش هۆکارێکی سەرەکیە کەتا ئێستا لە کوردوستاندا خۆپیشاندان و ڕاپەرینی سەرتاسەری نەکراوە..!!
هەر کودەتاو خۆپیشاندان و شۆڕشێکیش بکرێت بە بروای من لە کوردوستاندا سەر ناگرێت تا ئەوەی خەڵک لە خێڵ نە کشێنێتەوەو خۆی بە سەنتەر نەزانێت و وابەستەی فرمانی سەرۆک خێڵ نەبێت .
پێ ویستە تاکی کورد سەربەست بێت لە هەڵوێستە سیاسیەکانیدا وابەستەی هیچ کۆمەڵگەو تاقم و ڕێک خراوێک نەبێت دەبێ تێبگەین عەشیرەت مانای شانازی کردن نیە هەموومان کوردین و تواناو لێهاتوی خۆمان جێگەی شانازیمانە .
بۆ هەموو مان و کە هەر یەکەمان سەر بە خێڵێکین پێویستە تێبگەین لەوەی کاتێک ئێمە خۆمان ئەدەیەنە پاڵ سەرۆک خێل واتە ئێمە دەبینە پیاوی تاژمارەی ئێمە وکو ئەندامی خێڵ زیاد بکات تواناو دەست ڕۆشت وی و پارەی زیاتر بۆ سەرۆک خێڵ ئەژمار ئەکرێت .
لە بیرتان بێت سەرۆک خێل پایەی ڕاگرتنی هەردوو حیزبی دەستەڵاتە . و ئەو خێڵانەن بەڵێنی پاراستنیان بە و حیزبانە داوە ، لە مێژووی هاوچەرخی خۆماندا بینیومانەو بیستومانە کە ئەم سەرۆک خێلانە سیاسەتی لە کوێ بایبێ لەوێ شەن دەکەن پەیڕەو دەکەن ، هەروەها ئەم سەرۆک خێڵانە بەناوی ڕیش سپی و پیاوی ماقول دێن سەروەری دادگاکان دەخەنە ژێر پرسیارەوە بەوەی کە هەرکەسێکی نزیکیان هەر تاوانێک دەکات سولحی عەشایەری بۆ دەکەن جا زۆر جار ئەم سوڵحە بە چاو سورکردنەوە مەیسەر دەکەن .
زەقکردنەوەی دیاردەی عەشیرەت گەری لەم کاتانەدا بۆ هەردوو حیزبی دەستەڵاتدار ئەگەڕێتەوە بەوەی دەزانن خەڵکێی زۆر نارازین لە دەستەڵاتیان ئەوانیش کۆمەڵگای کوردی باش هەڵ دەسەنگێنن دەزانن کۆمەڵگاکەمان کۆمەڵگایەکی خێڵەکیە و دێن کار لەسەر ئەو بیرە خێڵەکیە دەکەنەوە ئینتمای تاک بۆ خێڵ برەو پێدەدەن ساڵانە لەناوچەجیاجیاکانی کورسوستان بە ناوی فیستیڤاڵی کلتوری خێڵەکان ئەم هەستە لای تاک زیندو دەکەنەوە و وادەکەن تاک وابەستەی خێڵەکەی بێت کە ئەمەش وادەکات دەنگی نارەزای کەم بێت تاک لەبری ئینتیمای نیشتمانی ئینتمای خێڵەکی هەبێت ،لە دواتردا ئەم ئینتیمایە خۆی لە گوێرایەڵی کردنی تاک بۆ سەرۆک خێڵەکەی دا دەبینێتەوە ، وەکو هاوکێشەیەک لە دواتردا حیزبی دەستە ڵاتداریش سەرۆک خێڵ بۆ مەرامەکانی خۆی بەکار دێنێ ، بە پێدانی پارەو پشتگیری کردنیان وادەکات سەرۆک خێڵ گوێڕایەڵی حیزب بێت لە بۆنە جیاجیاکاندا دەمانچە و سەیارەو دیاری گرانبەها بە سەرۆک خێڵ دەدرێت .
ئەم نەریتەوە ئێستا لە هەموو شوێنێکی کوردوستانە و جێگەی شانازی تاکە ، تاک بێ هۆشکراوە لە قەیران و گەندەڵی و خیانەتی حیزبەکان ، تاکی خێڵ تاکێکی بەرژەوندی خوازە کە خۆی و خزمانی باشبن و ئیشیان بروا گوێ بە مافی گشتی و داوای گشتی نادەن .ئەمەش ئەو ئامانجەیە کە حیزبەکان مەبەستیانە بیپێکن . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە