كۆرو مۆر ده‌رگای دۆزه‌خ

Saturday, 06.25.2022, 18:47

1777 بینراوە


ماوه‌یه‌كه‌ خه‌ریكی نوسینی كتێبێكی بچوكم له‌ سه‌ر ئه‌نفال و بۆنی نه‌وت ، كتێبه‌كه‌ گرێدانی دوو رۆژگارو سه‌رده‌می جیای كورده‌ له‌ باشور، خوارو " هه‌رێمی كوردستان "، یه‌كێك له‌ بابه‌ته‌كانی نێو ئه‌و كتێبه‌ ئه‌م ناونیشانه‌ی سه‌ره‌وه‌یه‌ ، حه‌زم كرد ئه‌و بابه‌ته‌ لێره‌ بۆ ئێوه‌ دابنێم .
شه‌وێكی دره‌نگ ئێمه‌ له‌ ئاواییه‌كانی نه‌ورۆز و داربه‌سه‌ره‌وه‌ به‌ڕێگه‌یه‌كی هه‌ڵه‌دا له‌ بری بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ سه‌ر راسته‌ رێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ چه‌مچه‌ماڵ به‌ نزیكی ئاگره‌كه‌ زانیمان ئێمه‌ به‌ره‌و كۆر و مۆر ده‌چین ، نه‌ك شوێنێكی تر ، پاش ماوه‌یه‌ك رێگه‌كه‌مان دۆزیه‌وه‌و یه‌حیا به‌رزنجی میدیاكاری هاوڕێشم هه‌ناسه‌یه‌كی ئاسوده‌یی هه‌ڵكێشا ، كۆرو مۆر ئه‌و گونده‌یه‌ كه‌ هێشتا بۆنی ئه‌نفال و دابڕان و نه‌هامه‌تی لێدێت ، ئه‌گه‌ر له‌ شه‌وێكی بێده‌نگدا له‌و ناوچه‌یه‌گویه‌كانت كپ بكه‌یت و هه‌ست و خوست له‌ خۆت ببڕی ، به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م وه‌ك ئه‌وه‌وایه‌ له‌ رۆژی حه‌شردا بیت ، ده‌نگ و هاواری ژن و مناڵ و ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌رو هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌نگێكیان لێوه‌ دێت له‌ گوێتا ده‌نگده‌ده‌نه‌وه‌ ، وه‌ك ئه‌وه‌وایه‌ 14ی 4 ی 1988 بێت و تۆش له‌ گه‌ڵ ئه‌و قوربانیه‌ بێكه‌س و ره‌نگپه‌ڕیوانه‌دا به‌ره‌و مردن ببرێی ، ده‌كرێت هه‌مووتان له‌ یه‌كێ‌ له‌ گونده‌كانی گه‌رمیان ئه‌وه‌ی من ده‌یڵێم تاقیبكه‌نه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ هه‌ر بۆ كۆرو مۆر نیه‌ .
ناوی كۆرو مۆر ئێستا گرێدراوی ناوی كۆمپانیای دانا غازه‌ ، ئه‌و كۆمپانیایه‌ی به‌شێك له‌ به‌ڵێنه‌كانی به‌رانبه‌ر ژینگه‌و سروشت و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ نه‌برده‌ سه‌ر ، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و به‌رده‌وام سه‌رقاڵی زیادكردنی به‌رهه‌م و ده‌رهێنانی غازو نه‌وته‌ ، ئه‌گه‌ر له‌ ساڵی 1988دا كۆرو مۆر ده‌رگای ئاواییه‌كه‌ی به‌ ڕوی ئه‌نفالدا له‌ پێشی پێشه‌وه‌ی شوێنه‌كانی تر بوو ، یان دۆزه‌خی ئه‌نفال زوو تر له‌وێ‌ نێڵه‌ی سه‌ند ، ئه‌وا ئێستا ش ده‌رگای دۆزه‌خ بۆ ئه‌و گونده‌و ئه‌و ناوچه‌یه‌ی كه‌ نه‌حكومه‌تی عیراقی نه‌حكومه‌تی هه‌رێم ئاوڕی خه‌خخۆرانه‌یان لێنه‌داوه‌ته‌وه‌ له‌ سه‌ر پشته‌ ، كورد له‌ غه‌زه‌بی ئه‌نفاله‌وه‌ بۆ غه‌زه‌بی نه‌وت و غاز دیاره‌ چاره‌نووسی هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ ، ده‌بێت له‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌و مردنا بێت .
زیاتر له‌چه‌ندین ساڵه‌ كۆرو مۆر ئه‌و گونده‌ی كاتی خۆی قوتی خانه‌واده‌كانی ده‌دایه‌ ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی به‌ڵێنی ئه‌وه‌یان ده‌دا كه‌ كوردستان رزگار بوو بیكه‌نه‌ به‌ هه‌شت ، نه‌یانكردو ئه‌نفالیش زۆر هه‌ناسه‌ی برد ، نه‌وت و غاز ده‌دا به‌ سه‌رمایه‌داران و  سه‌رمایه‌داری هه‌ڕاجی نه‌وت و گاز دروست ده‌كات و خۆیشی  له‌ هه‌مان ئه‌و رۆژگاره‌دایه‌ كه‌ به‌عسیه‌كان داریان به‌ سه‌ر به‌ردیه‌وه‌ نه‌هێشت و ئاوه‌دانی و ژیانیان لێسه‌نده‌وه‌ ،  به‌ر له‌ ئه‌نفال خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه‌ له‌ سه‌ر به‌رماڵه‌كانیان ده‌ستیان بۆ ئاسمان به‌رز ده‌كرده‌وه‌ تا خودا له‌ به‌عس و سته‌می به‌عس پارێزراویان بكات ، ره‌شه‌بای ئه‌نفال هات و خودا زۆر دوركه‌وتبوه‌وه‌ له‌ مرۆڤی سه‌رگۆی زه‌وی تا گوێی له‌ هاواری ئه‌و خه‌ڵكه‌ بێت ، ئێستاش دور تر له‌و سه‌رده‌مه‌ ئاسمانه‌كان سه‌یری كۆرو مۆرو ئه‌و ریزه‌ ته‌نكه‌رانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌ جاده‌ وێرانه‌كه‌ی قادركه‌ره‌م – چه‌مچه‌ماڵدا ریزیان به‌ستوه‌و زۆر نزیكه‌ رۆژێك به‌ر نه‌فره‌تێكی توڕه‌ بكه‌ون ، نه‌فره‌تی ئازاری خه‌ڵك ره‌نگه‌ زۆر ئه‌هوه‌ن تر بێت له‌ نه‌فره‌تی ئه‌وانه‌ی داوای به‌شه‌ كێكه‌كه‌ ده‌كه‌ن ، كۆرو مۆر ته‌نها ئه‌و كاته‌ هی خه‌ڵكه‌كه‌ی بوو كه‌ به‌ نه‌وته‌ڕه‌شه‌كه‌ی شه‌وانی ساردی زستانیان گه‌رم ده‌كرده‌وه‌ ، ئیتر نا .