دۆزینەوەی کۆنترین دەقی چیرۆکی ئادەم و حەوا کە تێیدا حەوا ژنێکی چاکەکار و بێتاوانە!

Saturday, 25/06/2022, 18:51

11771 بینراوە


چیرۆکی ئادەم و حەوا لە دەرەوەی کتێبە پیرۆزەکان؛

دوو زانای هۆڵەندی دکتۆر مارجۆ کۆرپڵ و یۆهانس دی مۆر (Marjo Korpel - Johannes de Moor) لە زانکۆی لاهوتی پڕۆتستانتی لە ئەمستردام، لە دەقێکی یەکجار کۆنی چیرۆکی ئادەم و حەوا دەکۆڵنەوە کە بۆ 800 ساڵ پێش دەقەکانی تەوڕاتی جووەکان دەگەڕێتەوە. لەگەڵ بوونی هاوبەشییەکی زۆر، هەندێ جیاوازی هەیە لەوەی تەوڕات و ئینجیل و قورئان و چیرۆکە باو و ناسراوەکانی پەیدابوون، یان دروستبوونی مرۆڤ لەلای ئایندارانی ئەو سێ ئاینە.
چیرۆکەکە بە زمانی ئوگاریتییە (شانشینی ئوگاریتی کۆن)، لەسەر دوو خشتی گڵینیی نێوان سەدەی سێزدەیەم بۆ سەدەی پازدەیەمی پێش زاین نەخشێندراوە،کاتی خۆی (هەر لەساڵی 1928 بەدواوە) خشتەکان لەگەڵ چەندانێکی دیکە لە وڵاتی سوریادا دۆزرانەوە. لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، هێماکانی نووسینە بزمارییە ئۆگاریتییەکەی ئەو دوو خشتە شی کرایەوە، بەڵام هەریەکەیان بەجیا لەوی دیکە. بۆ یەکەمین جار تۆژینەوە لەسەر دوو دەقەکە کرا، لەلایەن هەردوو دکتۆرە هۆڵەندییەکەی ناومان بردن، کاتێک بۆیان ڕوون بووەوە دوو خشتەکە هەڵگری دەقێکی هەرە کۆنی سەرچاوەی چیرۆکی دروستکردنە لە تەوڕات و ئینجیل و قورئان.
بەگوێرەی ئەفسانەی کەنعانییەکان لە چیرۆکە کۆنەکەدا، باخی ترێی خواوەندە گەورەکان (بەهەشت)، ئەوەی لەسەر چیای ئاراراتە (لە ناوچەی ئاگری لە تورکیای ئەمڕۆکە - کوردستانی باکوور)، لەژێر دەستی خواوەندی مەزن ئیل (El)، واتە خوای باڵا بوو. بەڵام هۆران (Horan)، خوای خراپەکار و پێشینە و باوانی شەیتان (واتاکەی لەلای کەنعانییەکان: ئەوەی لەناو ئاگر و بڵێسەیە)، دژی ئەو دەسەڵاتە شەڕی دەکرد، کاتێکیش هۆران سزا دەدرێت و لە باخی چیا دەر دەکرێت بۆ بیابان، هەڵدەستێ بە ژاراویکردنی (درەختی ژیان)، تا چیدیکە هیچ خواوەندێک نەتوانێ لە بەری داری نەمریی بخوات.
لێرەدا ئادەم لە چیرۆکەکەدا سەرهەڵ دەدات، وەک خواوەندێک دەنێردرێ لەپێناو دانانی سنوورێک بۆ شەڕانگێزییەکانی هۆرانی ژاراوی، بەڵام بەداخەوە ئەو ئەرکە بە کارەساتێکی گەورە کۆتایی پێ هات. ئەو دەمەی هۆران خۆی دەکاتە مارێکی ژاراوی و بە ئادەم وەدەدات، بەمەشیان ئادەم سروشتی نەمریی لەدەست دەدا و بچووک دەبێتەوە و شێوەی مرۆڤ وەردەگرێت. پاشان خواوەندی خۆر، ژنێکی چاکی خاوەن دڵێکی باش وەک دڵدانەوەیەک پێشکەش بە ئادەم دەکات، تا بتواندرێ بە زاوزێ مرۆڤایەتی درێژە بکێشێ و بمێنێتەوە، دەرەنجام ئادەم بەشێک لە سروشتە نەمرییەکەی دەست بکەوێتەوە. 
خاڵی هاوبەشی ئەم ئەفسانەیە و چیرۆکی دروستکردنی مرۆڤی سێ ئاینەکە هێندە نێزیکە، بەشێوەیەک وای لە لێکۆڵەوەرەکان کردووە بڵێن کە چەندان دەقی جیاجیا هەن بۆ هەمان چیرۆک. بۆ نموونە، ناو و واتای خواوەندەکان و بوونی مارەکە، هەروەها باخی ترێ هێمایەکە بۆ بەهەشتی کەنعانییەکانی سەر چیای ئاراراتی نێوان دوو ڕوباری دیجلە و فورات (ناوچەی مێزۆپۆتامیا)، تەواو ئەوەی لە کتێبی پیرۆزدا هاتووە.
بەگوێرەی گوتەکانی پڕۆفیسۆر دی مۆڕ جیاوازی سەرەکیی ئەوەیە، ئەفسانە ئۆگاریتییەکە ئاماژە بە کۆمەڵێک خواوەند دەدات، بەوەی ئادەم و مارەکە هەردووکیان لە خواوەندەکانن، ئەمەش دژە لەگەڵ ئەوەی لە ئاینە یەکتاپەرستەکاندا هەیە، جیاوازی دووەم لێرەدا بەپێی شیکردنەوەمان بۆ هێمای دەقەکان، بابەتی گوێڕایەڵی بۆ ئامۆژگاری خوا لە نەخواردنی بەری درەخت بوونی نەبووە، ئادەمیش هیچ گوناح و تاوانێکی نەبووە تا سزا بدرێت.
ئەوەی پتر جێی سەرنجە، پێناسەی ژنەکەی ئادەم بە باش و چاکەکار کراوە، واتە حەواش وەک ئادەم تاوانی نەبووە لەوەی بەسەر ئادەمدا هاتووە، ئەمەش تەواو پێچەوانەی چیرۆکە باوەکەیە لەلای جوو و کرستییان و موسڵمانان. 
دۆزینەوەی ئەم ئەفسانە ئۆگاریتییە هەرەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ لێکدانەوە و تێگەیشتنی ئەو ئاینانە لە دەقی کتێبە پیرۆزەکانیان، ئەگەر پێیان وابێت مرۆڤ کاری دەستیی و ڕاستەوخۆی خواکەیانە، چونکە ئەفسانەکە بەدەری دەخات کە چیرۆکی دروستکردن پاشخانێکی مێژوویی هەیە. بەمەش خوێندنەوەیەکی پیت بەپیتی دەقەکانی تەوڕات و ئینجیل و قورئان زۆر سەخت و دژوار دەبێت، هەروەک نالۆژیکی بابەتی دروستبوونی گەردوون بە حەفت ڕۆژ.
دوو خشتە گڵینییەکەی چیرۆکەکەی لەسەر نەخشێندراوە، بەشێکە لە کۆمەڵە دۆزەوەیەکی ئۆگاریتی باکووری سوریا. هەتا ئێستە گشت پارچەکان بەتەواوی لێکۆڵینەوەیان لەسەر نەکراوە، بەمەش هەردوو زانا کۆرپل و دی مۆڕ، پێشبینی ئاشکرابوونی گەلەک نهێنی دیکە دەکەن.
تێڕوانیمان بۆ دەقی ئەو ئەفسانەیە و بەرواردکردنی بە چیرۆکی سێ ئاینەکە، تێدەگەین کە بەمەبەستەوە و بەپێی بنەمایەکی نێرسالاریی، باڵادەستی پیاو پتر چەسپاوە و پێگەی ژن لە زۆربەی ئاینەکاندا کز کراوەتەوە. بەمەش حەوا وەک کەسایەتییەکی لاواز نیشان درا، بەوەی بە پلەی یەکەم تاوانبارە، چونکە مارەکە بەئاسانی تەفرەی داوە، پاشان ئەویش ئادەم فریو دەدات. واتە گەورەترین تاوانی مرۆڤ لە ئەستۆی ڕەگەزی مێینەیە، ئەوانیشن بوونە هۆکاری دەرکردنمان لە بەهەشتی هەتاهەتایی، بێگومان ئەمە وەک بینیمان، زۆر دوورە لە دەقی ئەم ئەفسانەیە و سەرچاوە ڕاستەقینەکانی دیکەی چیرۆکی ئاینەکان. هاوکات بۆمان ڕوون دەبێتەوە ئەفسانەکان گەلەک لۆژیکیتر و زیاتر جێی بڕواپێکردنن، لە گوتەی ئەو کتێبانەی گوایە لەلایەن خواوە نێردراون.
چەندان جاری دیکە گوتومانە، هەر کاتێک دۆزەوەیەکی زانستی، یاخۆ مێژوویی دەکەوێتە دەست و ناگونجێت لەگەڵ چیرۆکەکانی دەقە پیرۆزەکان، ئەوا کێشە و گرفتێکی زۆر بەرپا دەبێت، لێرەدا بەناچاری پێویستە بە بەسەرهاتێکی ڕاستەقینەیان وەرنەگرین، بەڵکوو وەک دەقێک بە مەبەستی پەند لێ وەرگرتن لێیان بڕوانین. ئاشکرایە چیرۆکەکان گشتیان کۆمەڵە دێڕێکی هونەری و شانۆیین و واتای بەرز و مەزن هەڵدەگرن، هەواڵ و باسکردنی ڕووداوێکی مێژووی نین، ئەمەش تەواو پێناسەی ئەفسانەیە کە خواکان تێیدا ڕۆڵ دەگێڕن. ئەفسانە ئاینی مرۆڤی کۆنە، بۆیە لە هیچ ئاینێکدا چیرۆکێک نادۆزینەوە، ڕەگێکی ئەفسانەیی و لێکچوون و هاوشێوەیەکی لە شارستانییەتە دێرینەکاندا نەبێت.
.....................

سەرچاوە:


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە