نه‌وتی هه‌رێم كوردستان به‌ره‌و كوێ ده‌بات؟

Sunday, 06.26.2022, 11:31

2374 بینراوە


دوا به‌دوای بڕیاری دادگای فیدرالی عێراق له‌سه‌ر ڕه‌تكردنه‌وه‌ی یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێم كه‌ له‌رێكه‌وتی 12ی2ی2022 بڕیاری ناده‌ستووری بوونی یاسای ژماره‌(22)ی نه‌وت و غازی هه‌رێمی ده‌ركرد گوایه‌ پێچه‌وانه‌ی بڕگه‌كانی (110، 111،112، 115، 121، 130) ی ده‌ستووری عێراقه‌و له‌م ڕوانگه‌وه‌ هه‌رێم پابه‌ند ده‌كات به‌ ڕاده‌ستكردنی نه‌وته‌كه‌ی، كه‌چی هێشتا به‌رپرسانی هه‌رێم بێمنه‌تانه‌ سه‌یری ئه‌و بڕیاره‌ ده‌كه‌ن و به‌بڕیارێكی سیاسی ده‌ده‌نه‌ قه‌ڵه‌م و هیچ حسابێكی بۆ ناكه‌ن، ته‌نانه‌ت شاره‌زایانی بواری وزه‌ ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌پسپۆر ده‌زانن بوێری ئه‌وه‌یان نییه‌ مه‌ترسی ئه‌و بڕیاره‌ بخه‌نه‌ به‌رده‌م به‌رپرسی یه‌كه‌می ئه‌م هه‌رێمه‌ و ته‌نها ئه‌و قه‌وانه‌ سواوه‌ لێده‌ده‌نه‌وه‌ كه‌ پێشتر له‌سه‌رده‌می نووری مالیكی له‌نێوان به‌غداو هه‌رێم رێكه‌وتنێكی سه‌تحی كراوه‌و له‌واقعدا گوزارشت ته‌نها له‌سیاسه‌تی ئه‌و كابینه‌یه‌ ده‌كات كه‌ مالیكی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌سه‌ری رێ كه‌وتووه‌. بۆیه‌ ئه‌م بڕیاره‌ی دادگای فیدراڵی هه‌موو ته‌م و مژێكی ئه‌و سێكته‌ری بڕانده‌وه‌ وه‌ك باڵاترین ده‌زگا كه‌ تانه‌ له‌ بڕیاره‌كانی ناگرترێ، كه‌واته‌ لێدوانه‌كان هه‌رچیه‌كبن ده‌بێ به‌و ئاڕاسته‌بن كه‌ گرژییه‌كان هێور بكرێنه‌وه‌و به‌زمانی دیالۆگ چاره‌سه‌ری ئه‌و پرسه‌ بكه‌ن.
(فایه‌ق زیدان)سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری عێراق ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ 23/6/2022له‌چاوپێكه‌وتنێكی دا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی سه‌باحی عێراقی ڕایگه‌یاند: بۆ هیچ لایه‌نێك نییه‌ سه‌رپێچی بڕیاری دادگای باڵای فیدرالی بكات، سه‌رپێچی كردنی بڕیاره‌كانی دادگای فیدرالی واته‌ سه‌رپێچیكردنی ده‌ستوورو یاسا. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم له‌رێكه‌وتی 17ی 5ی2022 له‌راگه‌یه‌ندارێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات كه‌ یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێم پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووری عێراق نییه‌و به‌پێی ده‌ستوورو مادده‌كانی(110و 112)ی ده‌ستوور داڕێژراوه‌ كه‌ كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كانی هه‌رێم ته‌نیا له‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمدایه‌.
هه‌رچه‌نده‌ ده‌مێكه‌ زمانی چه‌ك و هه‌ڕه‌شه‌ به‌سه‌ر چووه‌ ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان دڵنیایی ده‌دات و پێی وابێت سوپا هێرش ناكاته‌ سه‌ر كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كانی هه‌رێم، ئه‌وه‌ هه‌قیقه‌تێكی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌و ڕاسته‌، كه‌واته‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر هه‌رێم نییه‌، وه‌لێ بۆ ملكه‌چبوون به‌و بڕیاره‌ی ناوه‌ند، عێراق زیره‌كانه‌و ژێر به‌ژێر كاری خۆی له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی هه‌رێم یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كاره‌كانیان له‌هه‌رێم ڕابگرن، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی بۆ چووه‌ سه‌ر، كه‌س نه‌وتی ده‌رنه‌كردو كه‌س نه‌وتی هه‌رێمی نه‌كڕی، كه‌واته‌ شكست به‌سیاسه‌تی نه‌وتی هه‌رێم دێت، نازانم به‌رپرسانی هه‌رێم له‌كوێ خه‌وتوون؟ مه‌به‌ست له‌م قسه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر پێشتر خۆمان تاقیكردبێته‌وه‌ پێمان وابووبێ دوای ئه‌نجامدانی ریفراندۆم هه‌رێم و به‌غدا ده‌بنه‌ دوو دراوسێی باش كه‌چی دوای له‌ده‌ستدانی نیوه‌ی خاكی هه‌رێم، ئه‌وه‌ به‌غدا به‌بێ شه‌ڕ كونتڕۆڵی ئاسمانی هه‌رێمی كردو ئه‌گه‌ر بیویستایه‌ ده‌یتوانی گه‌وره‌ترین ئابلوقه‌ی ئابووری بخاته‌ سه‌ر هه‌رێم.
جا ئه‌وه‌ی مایه‌ی پرسیاره‌: بۆچی راده‌ستكردنی نه‌وت به‌تاوان بزانین؟ بۆچی لێی بترسین؟ ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ندێ له‌به‌رپرسان نه‌كه‌وێته‌ مه‌ترسی، پێموایه‌ ئه‌و مه‌ترسیه‌ نییه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی لێره‌وله‌وێ خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێ، وه‌ئه‌گینا له‌كاتێكدا كورد هاوبه‌شێكی راسته‌قینه‌ی حكومه‌تی عێراقه‌ له‌سه‌رۆك كۆمارو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌و چه‌ندین وه‌زاره‌تی دیكه‌و ناردنی داو و ده‌رمان و خۆراك و وه‌رگرتنی گه‌نمی جوتیاران و ناردنی 200ملیار دینار بۆ هه‌رێم و ئێستایش بۆ حكومه‌تی داهاتووی عێراق خه‌ریكی شه‌ڕه‌ پۆسته‌، ئه‌ی بۆ عێراق ئه‌و كارانه‌ی به‌تاوان نازانێ و وه‌ك هه‌موو شاره‌كانی تری عێراق سه‌یری هه‌رێم ده‌كات؟
پابه‌ند بوون هه‌ر ئه‌وه‌ نیه‌ به‌قسه‌ بڵێی: من پابه‌ندم و هیچت دیار نه‌بێت، هه‌قه‌ حكومه‌تی هه‌رێم بۆ چه‌ند مانگێك نه‌وته‌كه‌ی راده‌ست بكات و سه‌یری ده‌ره‌نجامه‌كانی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ بكات، ئه‌گه‌ر زانی هیچی لێ سه‌وز نابێت، ئه‌وا با به‌ئاشكرا له‌ڕێی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنه‌وه‌ جاڕی ئه‌وه‌ بدات كه‌ ئه‌وه‌ حكومه‌تی ناوه‌نده‌ پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانی نابێت ، ئه‌وه‌ حكومه‌تی ناوه‌نده‌ خه‌ڵكی هه‌رێم برسی ده‌كات و وه‌كو پێویست شایسته‌ داراییه‌كانی بۆ نانێرێ، به‌ڵام حساب نه‌كردن بۆیان و فرۆشتی ئه‌و سامانه‌ نیشتمانیه‌ به‌بڕه‌ پاره‌یه‌كی كه‌م و له‌ولاوه‌ نه‌بونی شه‌فافیه‌ت وای له‌خه‌ڵك كردووه‌ ئینتیمای نیشتمانی كاڵ بێته‌وه‌و خۆزگه‌ به‌وه‌ بخوازێ به‌غدا په‌لاماری بیره‌ نه‌وته‌كانی هه‌رێم بدات مادام هه‌ر سوودی بۆ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك نییه‌و ته‌نها ده‌سته‌یه‌كی كه‌م تێیدا سوودمه‌ند ده‌بن.
به‌رپرسانی هه‌رێم ئه‌گه‌ر به‌خۆ نه‌كه‌ون و نه‌توانن ده‌رچه‌یه‌ك بۆ ئه‌و گرفته‌ بدۆزنه‌وه‌ كه‌ پێموایه‌ ته‌نها به‌هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای نه‌وت و غاز له‌هه‌رێم هیچ له‌بابه‌ته‌كه‌ ناگۆڕێ چونكه‌ به‌غدا به‌جه‌ددی ئیش له‌سه‌ر لێكردنه‌وه‌ی په‌ڕو باڵی پرۆسه‌ی وزه‌ی هه‌رێم ده‌كات، ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل كاره‌كانی له‌هه‌رێم هه‌ڵپه‌ساردو له‌م ڕۆژانه‌یش گه‌وره‌ كۆمپانی نه‌وتی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌مریكی (به‌یكه‌ر هیوز) پابه‌ندبوونی خۆی به‌بڕیاری دادگای فیدرالی ژماره‌(59)ی ساڵی2012و رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراقی راگه‌یاند كه‌ ئه‌وكۆمپانیایه‌ زیاتر له‌ 120وڵاتی جیهان كار ده‌كات و 60هه‌زار كارمه‌ندی هه‌یه‌و كۆی سامانه‌كه‌ی 38ملیار دۆلاره‌و له‌ هه‌رێمی كوردستاندا له‌ كیڵگه‌كانی غازی میران و به‌نه‌باو كار ده‌كات.
لێره‌دا چه‌ند پرسیارێك خۆی قوت ده‌كاته‌وه‌: هه‌ڵوێستی هه‌رێم دوای جێهێشتنی كۆمپانیاكان چی ده‌بێت؟ ئه‌گه‌ر كه‌س نه‌وته‌كه‌ی ده‌رنه‌هێنێ و نه‌وته‌كه‌ی لێ نه‌كڕێ، چی له‌و نه‌وته‌ ده‌كات؟ هه‌رچه‌نده‌ هه‌وڵێك له‌لایه‌ن هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتدار هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و پرسه‌ له‌گه‌ڵ پێكهێنه‌ری خكومه‌تی داهاتووی عێراق هه‌ڵپه‌سێرن كه‌ نوری مالیكی سه‌ركردایه‌تی ده‌كات، وه‌لێ ئایا دادگای باڵای فیدرالی به‌و هه‌ڵپه‌ساردنه‌ ڕازی ده‌بێت؟ ئه‌وه‌ بابه‌تێكه‌ داهاتوووه‌ڵاممان ده‌داته‌وه‌.