کاروان عوسمانی هونەرمەند، کەسێکی خائین بوو!

Sunday, 26/06/2022, 22:16

6632 بینراوە


شوان داودی لەوتارێکدا کە بەبۆنەی مەراسیمی یادکردنەوەی کاروان عوسمانی ھونەرمەند و بەسپۆنسەری کۆمپانیای ئاسیا سێڵ لەسلێمانی رێکخرا، نھێنی ھۆکاری لەسێدارەدانی کاروان عوسمان باسدەکات ،
ناونیشانی وتارەکە "سپۆنسەرەکانی تاوان و ئێوارەیەک بۆ جوانکردنی بکوژێک).
وتارەکە:
لە ساڵی (1988) حەمە و كاروان لە شاری عیمارە پێكەوە سەربازبوون.. ببون بە هاوڕێی گیانی بە گیانی یەك.. حەمە (محمد خورشید حەمەڕەش)، دەكاتە كوڕی حاجی خورشید كەسایەتی دیاری شاری كەركوك، نیشتەجێی گەڕەكی رەحیماوا نزیك فولكەی ئیخوان..كاروان (كاروان عوسمان)ی هونەرمەندی گۆرانیبێژی هەست ناسكی ئەو سەردەمە ـ خەڵكی سلێمانی..
بۆ ئەوەی كاكە حەمە فیراری نەكات لە سەربازی.. حاجی خورشید سەیارەیەكی بەرازیلی مۆدێل (1988)ی بە (11) هەزا...
ر دینار بۆ كڕیبوو..كە بە مۆڵەت لە سەربازی دەگەڕانەوە، كاروان لە كەركوك لە ماڵی حەمە دەمایەوە.. رۆژی دواتر حەمە بە بەڕازیلیەكەی دەیبردەوە بۆ سلێمانی.
دیارە (حەمە) كەلكەلەی خارج دەدات لە مێشكی و كاروانیش بەڵێنی كارئاسانكردنی پێدەدات، لە پایزی (1988)..وەك هەموو جارێك لە گەڕانەوە شەو لە كەركوك دەبن و سبەی دەڕۆنە سلێمانی و چی تر حەمە ناگەڕێتەوە..
ماڵی حاجی خورشید واتێدەگەن، كە حەمە رۆیشتووە بۆ خارج..لەبەر ئەوەی كەس ناویان نەهێنی..قڕو قەپی لێدەكەن.
ئەم بێ‌ دەنگییە چەند مانگێك دەخایەنێت..تاوەكو بنەماڵەی (تۆفیق تەیارە) لە سلێمانی ماڵی حاجی خورشید دەدۆزنەوە..بۆ ئەوەی ئەو بەرازیلیەی حاجی خورشید، كە لە (حەمە) كڕیویانە بخرێتە سەریان (ناویان)، حەمەش هیچ سۆراخێكی نیە، ئەوە سەرەتای دۆزینەوەی سەرەداوی تاوانەكەی (كاروان) بوو..
دوای بە دواداچوون دەركەوت حەمە و كاروان لە سلێمانی بەرازیلیەكەیان بە (9) هەزار دینار فرۆشتووە..كاتێك لە (12 / 1 / 1989) كاروان لە شاری عیمارە لە سەربازگەكەی دەستگیر دەكرێت و دەهێنرێتەوە بۆ پۆلیسی كەركوك..ماڵی حاجی خورشید زۆر نیگەران دەبن لەوەی كاروان دەستگیركراوە..چونكە رەفیقی حەمەیە..
دواتر دەگۆازرێتەوە پۆلیسی چەمچەماڵ و لەوێوە ئیجرائاتەكان دەست پێدەكات و دان بەوەدا دەنێن، كە دوای فرۆشتنی بەرازیلیەكە (كاروان) لەگەڵ دوو تاوانباری تردا ویوستویانە لە بەكرەجۆ حەمە بكوژن..لەوێ‌ بویان نەكراوە.. دواتر هێناویانەتە تەكیە و لەوێ‌ كوشتویانە و دوای كوشتنی بەنزینیان بە تەرمەكەیدا كردووە، بۆ ئەوەی نەناسرێتەوە سوتاندویانە..و (9) هەزار دینارەكەیان لە نێوان هەر سێكیان دابەشكردووە.
ئیسماعیل سەكران..هاوتاوانی كاروان، ئەویش هەر هونەرمەند بوو..خەڵكی چەمچەماڵ..لەگەڵ كارواندا لە سێدارەدرا..تاوانباری سێیەم هەڵات و تائێستا نەدۆزراوەتەوە، ئەویش بە غیابی حوكم درا.
لە كەشفی دەلالەدا..كاروان و ئیسماعیل چیرۆكی كوشتن و سوتاندنەكەی حەمە بۆ پۆلیس دوبارە دەكەنەوە..كە بە ڤیدیۆ تۆماركراوە.. و لە بەردەستدایە..بۆ هەر كەسێك گۆمان دەخاتە سەری.
كاروان بەشە پارەكەی دەكاتە دوو بەشەوە و بەشێكیان پێانۆیەكی بە دیاری بۆ دەستگیرانەكەی خاتوو (ك) دەكڕێ‌..و بەشەكەی تریان دەخاتە ژێر گڵ و لە باخچەی حەوشەكەیاندا دەیشارێتەوە..دواتر پۆلیسی چەمچەماڵ پیانۆكە لە ماڵی خاتوو (ك) دێننەوە و لە حەوشەكەی ماڵی كارواندا باقی پارەكە لە ژێر گڵ دەردەهێنن و دەبنە بەشێك لە ئەدیلەی تۆمەتباركردنی كاروان.
لە رۆژی حوكم لە سەردانەكەی كاروان و ئیسماعیل بە لە سێدارەدان، بەشێكی زۆری هونەرمەندانی ئەو كاتی سلێمانی لە دادگای جینایاتی سلێمانی ئامادەبوون..كەسێكی نزیكی بنەماڵەی حاجی خورشید وتی (زاهیر جەلال)م لە بیرە لەوێ‌ بوو...دواتر لە (30 / 9 / 1991) حوكمی لە سێدارەدانی بەسەردا جێبەجێكرا..
ئەمە بە كورتی ماجەڕای تاوانەكەی كاروان عوسمانە، كە لە پۆلیسی چەمچەماڵ و دادگای سلێمانی تۆماركراوە و راستیەكی حاشا هەڵنەگرە لای هەر دوو بنەماڵەكە و كەسە نزیكەكانی هەر دوولا..لە سەردەمی خۆیدا یەكێ‌ لەو كەیسانە بوو، دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، دوای ئەو روداوەش باوك و دایكی حەمە لە مەڕاقدا كۆچی دواییان كرد و بنەماڵەكەش ئێستاشی لەگەڵ بێت نەگەڕانەتەوە تایمی ئاسایی خۆیان و تەفروتونا بوون.
ئێوارەی (18 / 9 / 2012)، لە شاری سلێمانی بە داخەوە بە سپۆنسەری ئاسیاسێڵ و مەڵبەندی (1) رێكخستنی سلێمانی (ی ن ك) و تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان و جارێكی تر زۆر بە داخەوە لە بینای ئەمنە سورەكە، كە هێمای مقاوەمەتی گەلی كوردە..ئێوارەیەك بۆ ستایشكردنی تاوانبارێك رێكخرا، بە ناوی (ئێوارەیەك بۆ كاروان)..ئەم تاوانبارەیان لێكردین بە فریشتە و وەك بڵێی خوێنی كەركوكیەكان ئاو بێت.
بە داخێكی زۆر گەورەترەوە، میدیاكان بایەخێكی زۆریان پێدا..لەسێدارەدانەكەیان وەك چیرۆكێكی دروستكراوی بەعس ناساند..كەسێكم بینی لە (NRT)ی دەیگوت بەعس زۆر لە كاروان دەترسا، بۆیە لە سێدارەیدا.
ئەوانەی راستی روداوەكەیان دەزانی، بایكۆتیان كرد، هونەرمەندان (كەمال محەمەد ـ سالار مەحەمەد ـ شێركۆ تالیب ـ عەتا)، بەڵام بە داخەوە بەهاتی حەسیب قەرەداغی چەند تێكستێكی پێشكەش بەو دڕندەیە كرد و بە نەوی نوێی وەك پەپولە ناساندی.
لێرەدا لە ناو جەرگەی كوردستانەوە..داوا لە سپۆنسەرەكانی گەڕانەوەی كاروان بۆ سلێمانی، هەر یەك لە ئاسیاسێڵ و مەڵبەندی (1) رێكخستنی سلێمانی (ی ن ك) و تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان دەكەم، داوای لێبوردن لە كەركوكیەكان بە گشتی و بنەماڵەی حاجی خورشید بە تایبەتی بكەن..داوای لێبوردنیش لە گەنجانی سلێمانی بكەن، چونكە بەم سپۆنسەرەتان، برینی كەركوكیەكانتان كولانەوە و خوڵتان كردە چاوی گەنجانی سلێمانی.
داواش لە میدیاكان دەكەم، بە تایبەت (NRT)ی چیتر خوڵ نەكەنە چاوی خەڵك و تاوانبارمان بە پەپولە پێی مەفرۆشنەوە.
سوپاسی هەڵوێستی مرۆڤدۆستانەی هونەرمەندانی سلێمانی (كەمال و سالار و شێركۆ و عەتا) دەكەم بۆ بایكۆتكردنی ئەو ئێوارەیە و بە بەهاتی حەسیب قەرەداغیش ئەڵێم، ئەو تێكستانەی پێشكەش بە روحی كاروانت كرد لەو ئێوارەیەدا، شەرمەزار بكە..
بە كامەران عوسمانی برای كاروانیش دەڵێم، ئەزیزم لەبەر ئەم هۆكارانە بوو ئەوهونەرمەندە بەڕێزانە بایكۆتیانكردن..بۆیە پێموایە بەعس، ئەگەر لە ماوەی دەسەڵاتەكەیدا كارێكی باشی كردبێت، ئەویش لە سێدارەدانی كاروان و سمەی هاوتاوانێتی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە