جەوانمێر مارابی

https://www.facebook.com/profile.php?id=100041381628594


ئاماژەکانی پێش و پاش گۆڕینی حسەین تائێب

Wednesday, 29/06/2022, 22:13

2386 بینراوە


(بەرپرسی ئیتلاعاتی سپای پاسداران)


هەواڵنێرییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی بڵاویان کردەوە کە بە فەرمانی حسەین سەلامی، فەرماندەی گشتی سپای پاسداران، حسەین (حەسەن) تائێب، بەرپرسی ئیتلاعات سپای پاسداران لە سەرۆکایەتی ئەو دەزگایە وەلاوە نراوە و لە جێگەی ئەو، پاسدار محەمەد کازمی دانراوە!!! حسەین تائێب لە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی و لە کاتی دامەزراندنی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە، سەرۆکایەتی ئەو دەزگایەی لە ئەستۆ بوە. ناوبراو بەرادەیەکی بێ سنوور خاوەن دەسەڵات بووە و ئیتلاعات سپای پاسداران، بەکردەوە دەوری وەزارەتی ئیتلاعاتی رژیمی زۆر کاڵ کردۆتەوە! هەر لە کاتی دامەزراندنی ئەو دەزگایە، لە پاڵ هەموو دەسەڵاتەکانی، دۆسیە جم و جۆڵە ئەمنی و سیخوڕییەکانی رژیمی لە دەرەوەی وڵات، لە وەزارەتی ئیتلاعات وەرگرتوە و بەشی هەرەزۆری ئەو تاوانانە کە لە دوای دامەزراندنی ئیتلاعاتی سپاوە ئەنجام دراون، ئەم ناوەندە بەڕێوەی بردوە. 
سەرباری دامەزراندنی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و بوونی دەیان و سەدان ناوەندی سیخوڕی و ئەمنی کە لە لایەن رژیمەوە دامەزراون و پاڵپشتی دەکرێن، بەڵام کەلێن و کەلەبەرەکانی ناو دەزگا سیخوڕی و سەرکوتگەرەکانی رژیمی تا ئاستێک گەور و قوڵ بۆتەوە کە بە وتەی وەزیری ئیتلاعاتی پێشووی رژیم، دەبێ هەموو دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە گیانی خۆیان بترسن کە رەنگە لە لایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیلەوە بکەوێتە مەترسییەوە!!! کار گەیشتە ئەو جێگا کە سەرۆکی ئیتلاعات سپا وەلاوە بنرێت، بە هۆی ئەوە کە لە بەرامبەر کردەوەکانی موسادی ئیسرائیلدا دەستەوەستان بوە. سەرۆکی ناوەندێک  کە قەرارە رژیم بپارێزێت. لە بیریشمان نەچێت کە بەرپرسی دۆسیە ئیسرائیل لە وەزارەتی ئیتلاعات، بە سیخوڕی ئیسرائیل دەرچوو!!!
هۆکار چییە؟
لە پاڵ هەموو هۆکارە ورد و درشتەکان، چەند هۆکار زۆر بەرجەستەیە
١- دەزگا سیخوڕییەکانی رژیم، بەجێگەی ئەوە کە قورسایی کاری خۆیان بخەنە گەڕ بۆ  پوچەڵ کردنەوەی هەوڵەکانی دەزگای هەواڵگریی دەوڵەتانی دژبەری رژیم، کاریان بۆتە سیخوڕی کردن بە سەر گەلانی ئێران و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان. 
٢- هۆکاری یەکەم دەمانگەیەنێتە ئەو نەتیجە کە رژیم لە گەورەترین پشتێنەی پارێزەری خۆی بێبەشە و ئەویش پاڵپشتی گەلانە. گەلانی ئێران نە تەنیا نابنە پارێزەروانی رژیم، بەڵکوو تەنانەت دڵخۆشن کاتێک کە ناوەندە و کەسەکانی سەر بەر رژیم لە لایەن دەستێکی دەرەکییەوە لە ناو دەچێت. گەورەترین دەزگای هەواڵگری و سیخوڕی ئەگەر پاڵپشتی گەلەکەی لەگەڵ نەبێت، درەنگ یان زوو، لەگەڵ رژیمەکە لە ناو دەچێت.
٣- جگە لە نەمانی پێگەی رژیم لە ناو جەماوەردا و بوونی قەیرانی مەشرۆعیەت، لە ناو داو و دەزگاکانی رژیمیشدا باوەڕ بە رژیم لە نزمترین ئاستی خۆیدایە و ئەوانیش لەوە تێگەیشتوون کە سەرەنجامی ئەم رژیمە لە ناو چوونە. بۆیە لە پاڵ بێ باوەڕی، بە هۆی بوونی گەندەڵی لە رادەبەدەر، زۆر بە ئاسانی لە لایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی دەرەکی و نەیاری رژیمەوە دەکڕدرێن و بە ئاسانی زانیارییەکانی دزە پێدەکەن.
٤- ناوەندە سیخوڕییەکانی رژیم، لە ناو خۆیاندا لە ململانێ و کێبەرکێدان، بەو بۆنەوە، زۆرجار زانیارییەکانیان لەگەڵ یەکتر دابەش ناکەن و کەمترین هاوئاهەنگی لە نێوانیاندا هەیە. ئەمیش بۆ خۆی ئەو دەرفەتە دەخولقێنێت کە لایەنی بەرامبەر کەڵکی خۆی لێوەربگرێت.
من لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی و لە هەندێ کۆبونەوەشدا وتومە، تەواوی ئاماژەکانی ئەوەمان پێدەڵێن کە رژیمی لە نێوانی بژاردەی تەعدیل کردنی سیاسەتەکانی و روبەڕو بوونەوەدا، روبەڕو بوونەوەی هەڵبژاردوە و مانەوەی خۆی لەوەدا دەبینێت. مێژووی ئەو رژیمە هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە بگرە هەتا ئێرە، نە خۆی لە بەرەی خەڵکدا بینیوەتەوە و نە خاوەن هەڵسوکەوتێکی نۆرماڵ بوە لەگەڵ دنیای دەرەوە. چاو لەوە مەکەن کە دوای دادگای میکۆنوس، خاتەمی هاتە سەرکار بۆ هێور کردنەوەی بارگرژییەکانی رژیم لەگەڵ دنیای دەرەوە.
لە ئێستاشدا رژیم بە چڕتر کردنەوەی هەوڵەکانی بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی، پەرەپێدان بە بەرهەمهێنانی فڕۆکای بێ فڕۆکەوان، هاتنە سەرکاری رەئیسی، سپاردنی جمگەکانی دەسەڵات و ئابووری ئێران بە سپای پاسداران، سەرکوتی هەرجۆرە ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە رژیم و لە ئێستاشدا گۆڕینی حسەین تائێب، پێمان دەڵێت کە رژیم شەڕی مان و نەمان دەکات و یەکەم پاشەکشە لە دروشمەکانی بە یەکەم هەنگاو بەرەو لە ناوچوونی خۆی دەزانێت. لە کۆتاییشدا ئەوە بڵێم کە هیچ کام لەوانە ناتوانێ ئەو رژیمە بپارێزێت و گەیشتۆتە ساڵەکانی کۆتایی تەمەنی پڕ لە تاوانی خۆی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە