چوار زللە لە دەسەڵاتی هەرێم

Wednesday, 29/06/2022, 22:18

10673 بینراوە


لەماوی کەمتر لە مانگێکدا لە چوار ڕێگەوە، لەچوار لایەنەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم لە خراپی دۆخەکەو مەترسی لەسەر ئایندەی کیانەکە ئاگادارکرانەوە،کە دەکرێ ناوی بنێین چوار زللەی بەهێز بۆ بناگوێی بەرپرسانی خەمساردو بێباکی حکومەتی هەرێم، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی ،ئەوانەی کە لە  خەیاڵدانیاندا وا وێنای دۆخەکەیان کردوە هەمووشت ئۆکەیە.
١.یەکەم زللەی بەئاگا هێنانەوە لەلایەن نوێنەری نەتەوە یەکرتووەکان لە عێراق [جينين هينيس پلاسخارت  ] بوو کە دووجار سەرانی حیزبەکانی کۆکردەوەو بە ڕاشکاوانە لە مەترسیەکانی سەرهەرێم ئاگاداری کردنەوە،تا ڕادەی ئەگەری لەنێوچوونی ،گەربێت و نەکەونە خۆیان.
کەسێکی وەک [پلاسخارت ] لەخۆڕا قسەفڕێنادات گەر هەستی بە مەترسیەکانی سەرهەرێم نەکردبێت.جێگەی ئاماژەیە پێشتریش لەچەند بۆنەیەکدا سەرکردە حیزبی و حکمومیەکانی هەرێمی لەهەمان مەترسی ئاگادارکردەوە ،بەڵام بەم شێوەی ئێستا تووندو ڕاشکاو نەبوو.
٢.ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بوو کە ساڵانە سەبارەت بە ڕەوشی مافی مرۆڤ لەوڵاتان دەری دەکات.
ئەو ڕاپۆرتە زۆر بەڕوونی و ئاشکرا ئاماژەی بە چەند خاڵێکی گرنگدا لەوانە: گەندەڵی سەرانی هەردووحیزب،دەستی حیزب لە دامەزراوە حکومیەکاندا،بەرتەسکبوونەوەی ئازادی، فشار بۆ سەر میدیاکاران ،ناڕەزایی خەڵک لە ئەدای حکومەت و تاد.
ڕەخنەکان هێندە وردبوون هێندە درووست بوون وەک ئەوەی کەسێک لە هەرێم نووسیبێتی نەک دەزگای چاودێری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە هەزاران کم دوورە لەهەرێمەوە. ئەوەی سەیرە بێدەنگی دیندار زێباریە کە بەردەوام ڕاپۆرتە جیهانیەکان بەدرۆ دەخاتەوە یا بە پاساوی بێ مانا دایاندەپۆشێت. پێدەچێت ئەمجارە دیندار توانای بەدرۆخستنەوەو پاساوهێنانەوەی نەبێت ،ئەویش بەهۆی ڕاستی و بەهێزی ڕەخنەکانی نێو ئەو ڕاپۆرتە.
٣.سێیەم زللە لە توێژەر و ئەکادمی ناسراوی ئیرانی سادق زیبا کەلامی هات .لە مەراسیمێکدا کە لە هولێر بۆ ناوبراو سازکرابوو ،لەوێدا زۆرێک لەسەرکردە حکومی و حیزبیەکان ئامادە بوون بە مەسعود بارزانیشەوە.
دکتۆر سادق بەسادەیی بەڵام جێگر و کاریگەر قسەی کرد،قسەکانی ستایش و  پیاهەڵدان نەبوو بە ئەزموونی هەرێم و ژیری ولێهاتوویی سیاسیەکانی هەرێم ،کە چاوەڕێیان دەکرد، بەڵکو ڕەخنەی جددی بوون لە ئیدارەدانی هەرێم کەبە بۆچوونی ئەو شکستی هێناوە.
سادق زیبا گووتی هۆتێل و ئەپارتمانی بەرز نیشانەی پێشکەوتن نیە،گووتی ئێوە سی ساڵە نەتانتوانیوە  بەباشی وڵات بەڕێوە بەرن،شکستیتان هێناوە لە بواری خوێندن و پەروەردەکردنی گەنجان و نەوێ نوێ .قسەکانی ئامادەبوانی تووشی شۆ کرد بە تایبەتی مەسعود بارزانی و سەرانی حیزبەکەی.ئەوان هەرگیز چاوەڕێیان نەدەکرد میوانێکی ئەودیو سنوور ڕاستەوخۆ بە حزوری خۆیان بە بێ مجامەلەو ڕاشکاوانە ڕەخنەبارانیان بکات.
ئەوان بەوە ڕاهاتوون کە زۆرێک لەو میوانانە لە بۆنەو دیدارەکانیاندا لە ستایشی بێ تام و درۆ بەولاوە شتێک ناڵێن کە سەرانی حیزب و حکومی نیگەران بکات، هەر بۆیەش ئەو جۆرە میوانانە بەرژەوەندیخوازانە  بە باشی پاداشت دەکرێن.
٤. لێدانی زللەی چوارەم لە دیداری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بوو ،لەگەڵ هەندێک لە ڕۆژنامەنووسانی هەرێم. 
لەوێدا سێ جۆر  ڕۆژنامەنووس بوونیان هەبوو،جۆری یەکەم بریتی بوون لە ڕاگەیاندنەکانی دەسەڵات [فەرمی و سێبەر] کە خەریکی جوانکردنی سیمای دەسەڵات بوون،جۆری دووەم ئەوانەبوون کە بێدەنگیان هەڵبژارد[پێدەچێت نەیانویستبێت کێشە بۆ خۆیان درووست بکەن و لەبەرچاوی مەسرور خۆیان ناشیرین بکەن ]،جۆری سێیەم کە کەمینە بوون ،ئەوانە بوون کە بوێرانە قسەی دڵی خەڵکی بەشمەینەتی هەرێمیان کرد. لە نێو ئەمانەشدا {محەمەد ڕەئوف}سەرنووسەری ماڵپەڕی [درەو میدیا] بوو کە ڕەخنەکانی لەدەسەڵات هێندە ڕاشکاوبوون ،هێندە کارییگەربوون کە مەسروری خستە هەڵوێستێکی نەخوازراوەوە،هەرگیز لەو بڕوایەدا نەبوو کەسێک بە جورئەتەوە ڕاستەو خۆ ئەو ڕەخنانەی لێبگرێت،چونکە ئەو بەردەوام گوێی لە ستایشی بێتام بووە.
گەر ئەم چوار زللەیە دەسەڵاتی هەرێم بەئاگا نەهێنێتە و بەخۆیدا نەچێتەوە و دەست بە چاکسازی جددی و هەستپێکراو نەکرێت،{ کە من بەدووری دەزانم} ئەوە دەبێ چاوەڕێی خراپترو دۆخی سەخت تربکەین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە