پیاوەکانی بارزانی لە شنو داوادەکەن خەڵکی دەستبداتە چەک، تا رۆژهەڵات ببێتە گۆمی خوێن


داستانی عیشقێکی ئەبەدیی نەتەوەیەک

Saturday, 07.02.2022, 21:45

1082 بینراوە


ڕووداوەكان بە خێرایی تێدەپەڕن و ڕوانینە مێدیایی و لێكدانەوە سیاسییەكان، لەسەر سوێد و فینلاندن.
جارێكی تریش كورد لایەنێكی گرنگی مەسەلەكەیە بە دوو ھۆ:
١-  گەشەکردنی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی و هەڵکشانی پلەی وشیاری نەتەوەیی کورد.
٢-  گەشەکردنی بیری فاشستی و ڕەگەزپەرستی دوژمنێكی دێرینەی کورد، كە دامەزراوەی حوكومەتی توركیایە و  ڕوخسارە دیارەكەشی كە نوێنەرایەتی دەكات (ئۆردوگان)ە.
ئاساییە گروپێکی نەتەوەکە کە زۆر چالاک و خاوەن ڕێکخراوێکی تۆکمە و توانای گەشەکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی لەهەموو گرووپە سیاسییەکانی ناو مەیدانی تێکۆشان بۆ نەتەوەکە زیاتر بێت، لەبەرچاوترە و دەبێتە ئامانجی دەسەڵاتی فاشی و ئەو دامەزراوە جیهانییە ئابوورییەی کە چەندین دامەزراوەی ڕێکخراوی سیاسی ( حکوومات)، نوینەرایەتی دەکەن.
خۆ هەر ئەم بار و دۆخە و ئەم سیاسەتەی ئێستای سوێد نییە کە لە ناکا و لە پڕێکدا بڕیاری هاوکارییان پێ بدات لەگەڵ بۆ نموونە دامەزراوەیەکی فاشی وەک حوکومەتی تورکیا، (واتە سیاسەتی دەرەوەیان لە دایکبووی ئان و سات نییە). لە سەرەتای نەوەتەکاندا کە تازە حوکومەتی هەرێم دروستکرا، باڵوێزی ئەوکاتەی سوێد لە تورکیا لە وتارێکدا، جەلال تاڵەبانی و مەسعوودی مەلا مستەفای وەک دوو سەرۆک خێڵ چوواندبوو، کە باس لە پاشکەوتوویی بیرو ڕەفتاری ئەو دوو فەرمانڕانەی کورد دەکات و بە مانایاکی تر وەک سیاسی و دبلۆماسییەکی سوێدی بە حکومەتەکەی دەڵێت: مامەڵەی ئێوە دەبێت لەو ئاستەدا بێت، ئاستی دوو سەرۆک خێڵ. 
کۆکردنەوەی زانیاری کۆن و نوێ و هەواڵی گەلان و تاقم و خێڵ و بیرکردنەوەی ناو کۆمەڵگای نەتەوەیەک، لە کارە هەرە بنەڕەتییەکانی دبلۆماسییەتی وڵاتێکە لە وڵاتێکی تر. خۆ ئەندامانی مەکاتبی سیاسی و سەری زل و ورگی زلی، سیاسییەکانی حیزبەکانی کورد نین، کە لەبەر ورگ و ژێر ورگیان، ئاگایان لەوە نەبێت چی لە چوار دەوریان ڕوو دەدات و بە یانی کە لە خەو هەڵسان لە پایتەختێکی یەکێک لە وڵاتانی کۆڵۆنیالیستی داگیرکەری کوردستانەوە، فەرمانیان پێ بدەن کە شۆڕشەکەیان ئاشبەتاڵ پێ بکەن ( ئەو هەموو سەرە زلانەی مەکتەبی سیاسی پارتی، هۆشیان بەوە نەشکا، کە لێکدانەوە بۆ باری سیاسی چوار ساڵی ئایندەی ناو ئێران بکەن- ١٩٧٥)!!.
وابەستەیی و بیرکردنەوەی خێڵگەرای جەلالی و مەلایی و ترسنۆکی و پارەپەرستی و هەمیشە نۆکەرایەتیان بۆ داگیرکەرانی کوردستان، پلەی کەسایەتی نەتەوەکەیان لە ناونەتەوەکانی تردا و مامەڵە سیاسی و دبلۆماسییە جیهانییەکاندا، شکاندووە و نزم کردۆتەوە، ئەوان هەمیشە مەترسییەکی گەورەن بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی کورد و ئێستا بە ئاشکرا ئەم مەترسییە ڕۆژانە گیانی خەباتکارانی کوردستانی درەودەکات. بۆیە بوونی گروپێکی سەربەخۆی کوردستانی بە دسپلین وەک بزووتنەوەی باکووری نیشتمان، زۆر حسابات دەشێوێنێ، هەم لە جەلالی و مەلایی، هەم لە دەوڵەتانی کۆڵۆنیالیستی و هەم لەو بنچینانەی کە هێزە ئابوورییە جیهانییەکان، پەیوەندی خۆیانی لەگەڵ حکومات لەسەر بنیات دەنێن.
ئەم بارەی ئێستا کە هاتۆتە پێش و گرووپێکی تایبەتی نەتەوەکەی کردۆتە ئامانج، زیانەکەی بە پێوەری ( یەکێتی نەتەوەیی کورد لە دەرەوەی حیزبەکانی) دەپێورێت و هاوکێشەیەکی پێچەوانەیە، چەندە نزیک بوونەوەکە زیاتر و تۆکمەتر بێت و لەسەر بنەمای سوودی گشتی و کوردستانی بوون بێت، هێندە هەوڵەکانی ئۆردوگان پاشەکشە پێدەکات و تێکی دەشکێنێ. چوونکە هەموو هەوڵەکانی لە مێژینەی دەوڵەتانی کۆلۆنیالیستی داگیرکەری کوردستان، ئەو سیاسەتی دابڕانەی نەتەوەکە بووە لە یەکتر، لەبەرچاوترین نموونە: هەوڵدانیان بۆ پارچەکردنی زمانی کوردی بووە، کە لەلایەن نووسەرانی دەربارەوە هەوڵی ئەوە دراوە کە خەڵکی ئاخێوەر بە زاراوە جیاوازەکانی نەتەوەکە قەناعەت پێبکەن کە زمانی کوردی یەک زمان نییە، ئەکادیمیستی خۆفرۆش و قەلەمی لەرزۆکی هەلپەرستیان بە کرێگرتووە کە چیرۆکی زانستی بۆ ئەم پڕوپووچییە بهۆنێتەوە!!.
هەر ئەو چەند دێڕەی سەبارەت بە زمانی کوردی من، خۆی خەباتێکی کوردستانییە کە دەچێتە ناو چوارچێوەی (یەکێتییە نەتەوەییەکەوە)، بەم پێیە، هەموو هەوڵدانێک بۆ لەیک نزیک کردنەوەی دوو کورد لە بنی هەرەمی دەسەڵاتەوە ڕا، خەباتێکی کوردستانییە، تا دەگاتە گیانفیدایی خوشکانی سەروەرمان لە چییا و نزارەکانی نیشتمانی ئێمەدا، ئەوەی ئەوان لوتکەی تێکۆشانە کوردستانییەتەکەیە و ئەوەی ئێمە پشتیوان و زەمینەی بەردەوامبوونی تێکۆشانی پیرۆزی ئەوان بە کەمترین زیان، تا ئێمە توکمەتر و خێراتر لە مەیدانی خەباتە کۆمەڵایەتییەکەماندا هانگاو بنێن، زیانی بەرەنگاربوونەوەی ئەوان کەمتر دەبێتەوە و ئازادی گەشاوەتر دەکات. دەبێ بەم دید و ڕەفتارەوە لە مەسەلەکەمان بڕوانین، دەبێ خۆمان بین بڕیار لەسەر ڕەوایی مەسەلەکەمان بدەین، هەموو دۆست و دوژمنانی کورد، ئەو ڕاستییە دەزانن، بەڵام ئینکاری دەکەن، ئینکارکردنی مەسەلەیەکیش دەلیلی ڕەوانەبوونی مەسەلەیەک نییە، ئەویش هی نەتەوەیەک کە لە پاشکۆی خۆیدا شارستانەتی مرۆڤایەتی هەڵگرتووە. خاڵی بەهێز و لەبەر چاوی بیرکردنەوەی ئاپۆش کە هەموو هێزەجیهانییەکانی ناچارکرد بزوتنەوەی بخەنە چوارچیوەیەکەوە، ئەو ڕۆچوونە قوڵەی بوو لە شارستانەتی کەونارای نەتەوەکەی، چوونکە ئەو بیرکردنەوەیەی ئەو بیرمەندە، پێچەوانەی مەرامی دەزگای سیاسی و ئابووری جیهانی بوو، چوونکە ڕامانی مرۆڤ سەرلەنوێ دروست دەکاتەوە و دەیکاتە کوردێکی بڕیاردەر و سەروەر. بەهەموو مانا قوڵەکان، هێڵی نیوان مرۆڤەکان( ژن و پیاو)بە تەوای دەسڕێتەوە و گولستانی مرۆڤ بوون لە شوێنی ئەو ئاوەدان دەکاتەوە، بۆیە لە زیندان بوونی ئەو شانازییەکی فرە فرە بەرز و پیرۆزی نەتەوەکەمانە، مەگەر نیلسۆن ماندێللای تیرۆریست، پاش بیست و هەشتساڵ، نەبووە فریشتەی ئاشتی و ئازادی مرۆڤایەتی؟! مرۆڤە دڵدادەکان بە ئینسان بوون، لە هەمان ڕەگەزن بۆیە زۆر جار دەبێ بەهەمان ڕێگای تێکۆشاندا گوزەر بکەن، تا پەنجەرەیەک بۆ خۆر بکەنەوە.
 داستانی ئاپۆ داستانی عیشقێکی ئەبەدی نەتەوەی کوردە کە دڵبەرەکەی ئازادییە. 
ئامینە کاکە باوەش، قەدەمخێری ڕابوونی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردە و لە ڕۆژئاوای کوردیش پشتیوانی تێکۆشانی ژنانێک دەکات کە دەیانەوێ ئازادی و ئاشتی بنیات بنێن، ئەوەی کە لێیان دزراوە و بە ئاگر و ئاسن وەڵام دەدرێنەوە. ئەو دەیزانی لەم مەسەلەیەدا بەتەنیا بەرەنگار دەبێتەوە، بەڵام دەشیزانی، شارستانەت و عیشقێکی ئەبدەیش چاودێر و پشتیوانە و خۆشویستنی نەتەوەیەک بۆ ئەو، ئەو ئاسۆیە بوو کە لە ئەبەدییەتی ڕەوابوونی مەسەلەی نەتەوەکەیدا، هێز و ئیرادە و خۆڕاگریی قەندیلێکی پێدەبەخشێ. تێکۆشانی ئەو بەرانبەر دێوی( هێز و ئابووریی جیهانی) لەو بڕوایەی بە ڕەوابوونی مەسەلەکەیەوە سەرچاوە دەگرێ، لێرەدایە ئەو دەبێتە سەروی باڵا بەرزی نموونەی ژنێکی کوردیی ئەم سەردەمەی ئێمە، بە هەزاران هەزار دڵ ڕادەچلەکێنێ و بە سەدان هەزار وشەی کوردیش جارێکی تر بەرجەستە دەکاتەوە و پێیەکان دەجوڵینێ و هۆشەکان زیندوودەکاتەوە، کاری ئەو هێنانەوەی کورد بوو لە دەرەوەی مێژووەوە بۆ ناو مێژووی گومڕاکراوی ئەم بەشە لە گۆی زەوی، چەند خۆشحاڵین کە تۆمان هەی، ئەو جێگەیەی کە تۆ بەرگریت لە ڕاستییەکی حاشالێکراو کرد، دەنگ و سەدای بە ئەندازەی چەندین قۆناغی شۆڕشەکانی کورد بوو. ڕاستە، تۆش دەزانی، سیاسەت لە کاری مەیمون دەچێت، دیوی دەرەوەی سۆز و بەڵێن و دیوی ناوەوەی تەفرە و شکاندنی پەیمان، بەڵام تۆ بەرەوایی مەسەلەیەکەوە بۆ دوور دەڕوانی و بوویتە سەرچاوەی ڕابوون بۆ نەتەوەیەک و ئەوانیش بوونە دەنگدانەوەی مافێک کە بە سانایی هەرزانفرۆش دەکرێت. 
-----------------------

سەرنج:

ویستم سەبارەت بە بیرکردنەوەی خەڵکی سوێد، لە وتارێکی تایبەتدا، بێمەوە سەری، چوونکە بەو جۆرەش نییە کە لە هەندێ نووسیندا، دەیخوێنینەوە، کە باس لە ڕاسست بوونیان دەکات، هۆ زۆرە بۆ گەشەکردنی راسیزم، یەکێک لە هۆکان ڕەفتاری پەنابەرانە....هتد، ئەم مەسەلەیش کە خوشکی سەروەرمان ئامینە کاکەباوە بەرگری لێدەکات، مامەڵەیەکی سیاسی قێزەوونە و کارتێکی چڵکنە بەدەست مەیمون وانێکی ژیریی شێواوی وەک ئۆردوگانەوە.