وه‌ستانی هێڵی ئینته‌رنێت بۆچی؟

Tuesday, 07.05.2022, 22:01

4138 بینراوە


په‌روه‌رده‌ له‌ كۆمه‌ڵگای پسات و مرۆڤایه‌تی دا سه‌رتۆپی هه‌موو ئه‌جێنداو پلانێكی ئانی و درێژخایه‌نی حكومه‌ته‌و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی په‌روه‌رده‌یه‌كی ته‌ندروست، هاونیشتمانیه‌كی په‌یوه‌ست به‌خاك به‌رهه‌م دێنێ كه‌ خاك و وڵاتی خۆش بوێ و ئینتیمای بۆ ئه‌و حوكمڕا پته‌و و تۆكمه‌بێ، ئاماده‌بێ خۆی بكاته‌ گیانفیداو قوربانی به‌خۆی بدات هه‌ر كاتێك هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ دروست بوو.
پێشكه‌وتنی هه‌ر وڵاتێك له‌په‌روه‌رده‌یه‌كی به‌هێز سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ، په‌روه‌رده‌ و فێركردن و پێگه‌یاندن بنه‌مای پابه‌ندبوونی تاكه‌كانه‌ به‌یاساو رێسا و داب و نه‌ریت و كلتوورێك كه‌ رێزو خۆشه‌ویستی به‌بێ جیاوازی به‌هه‌مووان ببه‌خشێ و لێوان لێوبێ له‌ جوانی.
وه‌لێ هه‌ر كاتێك ئه‌و سێكته‌ره‌ به‌هۆكارو بێ هۆكار فه‌رامۆش و پشتگوێ خرا، ده‌بێ ده‌ست له‌به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بشۆین، به‌مه‌یش ئینتیمای كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك كاڵ ده‌بێته‌وه‌، خێزان و كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و هه‌ڵدێڕ ده‌ڕوات كه‌ ئیدی هه‌ستی په‌یوه‌ست بوون به‌خاك نه‌مێنێ و مرۆڤه‌كان خۆیان له‌و شوێنه‌ به‌نامۆ بزانن كه‌ له‌سه‌ری ده‌ژێن و هه‌موو ته‌مه‌نی خۆیان تێدا به‌سه‌ر بردووه‌.
په‌روه‌رده‌و پێگه‌یاندن بیناكردنی كۆمه‌ڵگایه‌، له‌ئه‌گه‌ری داڕوخان و دۆڕان و شكست سه‌ر له‌نوێ دروستی ده‌كاته‌وه‌ـ ئه‌گه‌ر سه‌یری جه‌نگه‌كانی یه‌كه‌م و دووه‌می جیهان بكه‌ین ده‌زانین چۆن وڵاتانێ كه‌ به‌هۆی جه‌نگه‌وه‌ سه‌رخان و ژێرخانی ئابووریان داته‌پیوه‌، هه‌موو شتێكی كاول و وێران بووه‌ كه‌ ئیتر شتێك نه‌ماوه‌ بۆنی ژیانی لێ بێت، كه‌چی ده‌ستیان به‌خۆدا شۆڕ نه‌كردۆته‌وه‌، بێ هیوا نه‌بوونه‌و ده‌ستبه‌رداری په‌روه‌رده‌یه‌كی ته‌ندروست نه‌بوونه‌ كه‌ شاڕێگای هه‌ستانه‌وه‌یه‌، هه‌ر بۆیه‌ بیریان كردوته‌وه‌ چۆن به‌په‌روه‌رده‌یه‌كی سه‌رده‌میانه‌، به‌چه‌كی زانست و تۆوی ئینتیما بۆ خاك و نیشتمان نه‌وه‌یه‌ك به‌رهه‌م بێنن، بتوانن جارێكی تر بێنه‌وه‌ سه‌ر پێی خۆیان و به‌ ته‌كنه‌لۆژیاو پێشكه‌وتنی ڕه‌وتی شارستانی و ئابوری ڕووبه‌ڕووی ئالینگاریه‌كان ببنه‌وه‌و ته‌حه‌ددای هه‌موو ئه‌وانه‌ بكه‌ن كه‌ رۆژێ له‌رۆژان بوونه‌ هۆكاری شكست و داڕووخانی ئه‌و وڵاته‌.
مه‌خابن له‌ نه‌بوونی په‌روه‌رده‌و پشتگوێخستن و گرنگی نه‌دان به‌م بواره‌، جگه‌ له‌وه‌ی گه‌نجانمان تووشی ماڵوێرانی و سه‌رگه‌ردانی دێن، له‌ته‌ك بێ ئومێدی خۆیاندا بیر له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ سه‌ری خۆیان هه‌ڵبگرن و بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، هه‌رنا به‌هۆی ئه‌و ڕه‌شبینیه‌ی یه‌خه‌گیریان ده‌بێ په‌نا ببه‌نه‌ به‌ر مادده‌ی هۆشبه‌ر ئاڵووده‌ی ببن و شتێ له‌لایان به‌ناوی پیرۆزیه‌كان بوونی نه‌مێنێت، به‌مه‌یش هیچ شتێ له‌چاوه‌ڕوانی مانه‌وه‌ی ئه‌و قه‌واره‌ نامێنێ و له‌هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌یه‌كی ده‌ره‌كیدا به‌ كزه‌ بایه‌ك ئاتارو پاتاری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ به‌سه‌ر یه‌كه‌وه‌ نامێنێت.
ساڵانه‌ بۆ به‌رگرتنی له‌ دزه‌كردنی پرسیاره‌كانی وزاری قۆناغی دوازده‌ی ئاماده‌یی به‌هه‌ردوو به‌شی وێژه‌یی و زانستیه‌وه‌ په‌نا ده‌بردرێته‌ به‌ر پچڕانی هێڵی ئه‌نته‌رنێت، به‌مه‌یش ئیشی زۆرێ له‌كاسبكارو بزنسمان و به‌كارهێنه‌رانی ده‌وه‌ستێ كه‌ له‌هه‌موو دونیای پێشكه‌وتوو شتێكی وا نادۆزیه‌وه‌ بگره‌ له‌زۆربه‌ی وڵاتان قوتابی له‌رێی ئه‌نته‌رنێته‌وه‌ كه‌ پرسیاره‌كانی ئاڕاسته‌ ده‌كرێ ده‌توانێ له‌ماڵه‌وه‌ وه‌ڵام بداته‌وه‌، ئه‌وه‌ ده‌رخه‌ری ئه‌و راستیه‌یه‌ كه‌ متمانه‌ هه‌یه‌و توانیویانه‌ نه‌وه‌یه‌ك گۆش بكه‌ن هه‌ست به‌به‌رپرسێتی بكات كه‌ ئه‌گه‌ر چاوی مامۆستایشی به‌سه‌ره‌وه‌ نه‌بێت، ئه‌وه‌ په‌نا نه‌باته‌ به‌ر گزی و قۆپیه‌كردن، كه‌چی به‌م هه‌نگاوه‌ی په‌نا بردن بۆ وه‌ستانی هێڵی په‌یوه‌ندی له‌و ماوانه‌ی قوتابی تێیدا ئه‌زموونه‌كان ئه‌نجام ده‌دات، ئاماژه‌كان ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت كه‌ هێشتا نه‌مانتوانیوه‌ قوتابی پێ بگه‌یه‌نین و په‌روه‌رده‌یان بكه‌ین هه‌ست به‌به‌رپرسێتی بكه‌ن، بزانن ئینتیما چیه‌؟ بزانن یاسا له‌كوێی هه‌نگاوه‌كانیه‌تی و زۆر شتی تر ئه‌مه‌یش نیشاندانێكی زه‌قه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بڵێین:پێویسته‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌پڕۆگرامه‌كانی خوێندن بكرێ و نه‌وه‌یه‌ك بنیات بنرێ په‌نا نه‌باته‌ به‌ر گزی و زێدی خۆی خۆش بوێت.
له‌كۆتاییدا ده‌ڵێین: له‌ پشت هه‌ر گه‌لێكی مه‌زنه‌وه‌ په‌روه‌رده‌یه‌كی به‌هێز هه‌یه‌، له‌پشت هه‌ر په‌روه‌رده‌یه‌كی به‌هێزه‌وه‌، مامۆستایه‌كی بوێر و به‌هیممه‌ت هه‌یه‌، كه‌واته‌ با په‌روه‌رده‌ بكه‌ینه‌ هه‌وێن و دروشمی ژیان و به‌ره‌و پێشی ببه‌ین، نه‌وه‌كانمان به‌په‌روه‌رده‌یه‌كی سه‌رده‌میانه‌ گۆش بكه‌ین كه‌ به‌خاك و ئاو و هه‌واو زێدی خۆی نامۆ نه‌بێت.