تەعریبکردنی هەولێر

Tuesday, 05/07/2022, 22:04

4784 بینراوە


لەسەردەمی خۆی لەوپەڕی مەغروری وخۆبەزلزانینەوە صەدام حوسێن وتبووی " هەر کەسێک بیەوێ دوای ئێمە حوکمی عیراق بکات ، دەبێ وڵاتێکی بێ میللەت وەربگرێتەوە " . بەڵام شوکر پێڕا نەگەیشت وڵاتەکەی بە تەواوی خاپوور بکات ، چونکی سەرباری ئەو هەموو شانوشەوکەتو زلهێزی و غرورەی تەنها بە یەک دەسڕێژی گولەی سەربازێکی عیراقی لەسەر وێنەیەکی دیواربەندی لەبەسڕەدا راپەڕینی سەرتاسەری هەموو عیراقی گرتەوە . بەمەش صەدام بەرە بەرە لەکونە مشکەکەی گوندی ( دۆڕ ) نزیک دەبووەوە تاکو دواتر لەسێدارە درا ..
ئەم وێرانەیەی ئێستای هەرێمی کوردستان هەموومان دەیبینین ، هەمان لۆژیکی ئەو جۆرە عەقلییەتەیە کە پشت بە وەهم و هێزی فشۆڵەوە ئەبەستێ ومیللەتەکەی خۆی ئەچەوسێنێتەوە . وێرانکاری کوردستان تەنها لایەنێکی ژیانی نەگرتۆتەوە ، بەڵکو هەموو سێکتەرەکانی داماڵیوە . دەسەڵاتێک نە لە سیستەمی پەروەردەی سویدی وئەمریکی تێئەگات ، نە لەسیستەمی تەندروستی وبیمەی کۆمەڵایەتی ، نە لەپلانی ستراتیژی بەڕێوەبردنی ئابووری و ، نە لەبنیاتنانی ژێرخانی وڵاتیش . راستوچەپ کەوتۆتە گیانی سێکتەرە حکومیەکان و هەمووی لەڕەگەوە هەڵکێشاوە کە تا دوو سەد ساڵیتریش هەڵناسێتەوە .
تاکی کورد ، بە تایبەتیش خەڵکە بە ئەزموون و دونیادیدەکان هەمیشە لەوەسفی ئەم دەسەڵاتەدا ئەڵێن " ئەم دەسەڵاتدارانە بەتەما نین لەکوردستان بمێننەوە ، هەموویان خاوەن رەگەزنامەی دووەمن ، کۆشک و تەلارو حیسابی زەبەلاحی بانکیشیان لەئەوروپا و تورکیادا هەیە ، هەر کاتێک لێیان بقەومێ ڕائەکەن و میللەت تەسلیمی دەستی قەدەر ئەکەن ".
ئەمەیان بەچاوخشاندنەوە بە مێژووی نزیکی خۆمان تا حەددێک راستی تیایە ، هەر بۆیەش دەسەڵات لەخەمی دوارۆژی میللەتەکەیدا نیە .
 یەکێک لەگەورەترین مەترسییەکانی ئاییندەی کوردستان ئەو تەعریبە لەسەرخۆیەی ئێستای شارەکانی هەرێمە بە تایبەتیش هەولێری پایتەخت .
بەپێێ ئامارەکانی حکومەت خۆی ، ئەڵێن ، زیاتر لە ٧٠٠ هەزار عەرەب لەم شارەدا دەژین . نازانم ژمارەیان لەسلێمانیش چەندە ، بەڵام هەرچەنێک بن ژمارەکان مەترسیدارن .
پێش هەموو شتێک ئەم عەرەبانە کە دێنە کوردستان ، هەڵبەت ناچن لەگوندو قەزاو ناحیەکاندا نیشتەجێ بن ، بەشی هەرە زۆریان لەناو سەنتەری هەولێرن . دواتریش کە نیشتەجێ ئەبن موڵکی کوردەکان ئەکڕن ( خانوو و دوکان وئەرزە ) بەمەش تاپۆی موڵکەکان بەناویانەوە ئەکرێ وهیچ کەسێک مافی ئەوەی نابێ لێیان بسەنێتەوە . هەر کەسێکیشیان کە دێنە شار مەتعەمێک یان مەعمەلێک یان دوکانێک ئەکەنەوە ، پانزە بیست کەس لەخزمەکانیشیان لەگەڵ خۆیان ئەهێنن بۆ ئەوەی بیانکەنە شاگردی خۆیان . بەمەش پاش بیست سی ساڵێک ئەو ٧٠٠ هەزارە ئەبنە ملیۆنیک و دوو ملیۆن . ئینجا هیچ بەدووری نازانم ئەوکات بەخۆیان کەون وحزب ولیستی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش دامەزرێنن و بچنە ناو پەرلەمان و حکومەتیشەوەوحوکمی ئێمە بکەن ! ئەوسا ئەبێ خەبات بکەین بۆ ئەوەی دەستووری عیراق هەموار بکەینەوەو مادەیەکی بۆ زیاد بکەین ئەویش بۆ ئاساییکردنەوەی ( وەزعی جێناکۆکی هەولێر ) ! .
حکومەتەکەی ئێمە وەکو موهاتەرات وموزایەدە بەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە هەمیشە باسی ئەوە ئەکات گوایە کوردستان بەهەشتێکی ئارامە بۆ ئاوارەکانی عیراق و باوەشی بۆ هەمووان کردۆتەوە ، هەندێجاریش ئیدیعای ئەوە ئەکات گوایە ساڵانە ملیارونیوێک دۆلاریان لێ سەرف ئەکات .
جارێ نازانم ئەم ملیارونیوە بۆچی سەرفی ئەکات ، ئایا ئازووقەیان پێئەدات ، یان پارەی موەلیدەکانیان ؟ یان تۆ بڵێی بیمەی تەندروستیان بۆ دابینبکات ؟!. دوای ئەوەش پێم سەیرە ئەم هەموو ئاوارە عەرەبە لەبەر چی لەرومادی و فەلوجەو بەغدا وعەمارە وناسریەوە دێنە هەولێر و هەموو فرسەتێکی هەلیکار لە گەنجەکانمان ئەسەنن ؟. بۆچی لەشارەکانی خۆیاندا نامێننەوە ؟. خۆ بە هەموو پێوەرێک ئێستا ئەو شارانە زۆر ئارامترن لەهەولێر کە رۆژانە موشەکباران و کاتیۆشاباران ئەکرێ !.
هیچ هۆکارێکی ئینسانیش نیە وا بکات حکومەتی هەرێم رێگا بدات بەم هەزاران هەزار کەسە بێن قووتی منداڵانی ئێمە ببەن و گەنجەکانمان بێکار بکەن وخاکی بابوباپیرانیشمان داگییر بکەن . سەرباری هەموو ئەمانەش دیموگرافی شارەکەشمان بگۆڕن !..
ئەم دیاردەیە مەترسییەکی زۆر گەورەیە بەسەر ئێستاو دووارۆژی میللەتەکەمانەوە .
 سەرباری ئەم هەموو قەیرانە قووڵانەی دەسەڵات بۆ میللەتەکەی ناوەتەوە ، گەنجی هەرێم نەک تەنها هەلیکاری بەدەستەوە نەماوە ، تەنانەت ئێستا خانوویەکی کرێشی دەستناکەوێ خێزان پێکبهێنێ لەبەر شاڵاوی بەردەوامی هاتنی عەرەبەکان .
تۆ بڵێی کەی ئەم دەسەڵاتەی ئێمە خەبەری ئەبێتەوەو هەست بەم مەترسییە ئەکات ؟! .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە