سیسته‌می فێرکاری سوید منداڵان و قوتابیان فێرده‌کا که کۆمه‌ڵگه‌ی خۆیان خۆشبوێ و رێز له جوانی و پیرۆزییه‌کانی وڵاته‌که‌یان بگرن. ئه‌م په‌یامه‌ش له باخچه‌ی ساوایانه‌وه تا زانکۆکان وه‌کو هێڵکی سوور له نێو سیسته‌می فێرکاری و خوێندن دا ده‌رده‌که‌وێ. سیستمی پەروەردە و خوێندن مرۆڤەکان دەکاتە هاوڵاتی. هەموو هاوڵاتیەکیش مافەکانی پارێزراوە. وڵاتی سویدیش نیشتمانی هەموو تاکێکە.
ئه‌مڕۆ بیست و حه‌وت ده‌وڵه‌تی ئه‌وروپا له یه‌کێتیه‌کی ئاره‌زوومه‌ندانه‌دا یه‌کیانگرتووه و بۆ کار و کاڵا سنووریان نه‌هێشتۆته‌وه. هاوکات هه‌موو وڵاتێکی نێو ئه‌م یه‌کێتیه پارێزگاری له بنه‌ما نیشتمانیه‌کانی خۆیان دەکەن و هاوڵاتیانی ئه‌م ده‌وڵه‌تانه ڕێزی گه‌وره‌یان بۆ خاک و ئاڵا و دامه‌زراوه‌کانی خۆیان هه‌یه و وڵات و کۆمەڵگەی خۆیان خۆشدەوێ.
کۆمه‌ڵگه‌ی دیموکراسی سوید له سه‌ر چوار یاسای بنه‌ڕه‌تی کۆڵه‌که‌ی خۆی داناوه: یاسای بنه‌ڕه‌تی شێوازی حوکمڕانی، یاسای بنه‌ڕه‌تی ئازادی نوسین، یاسای بنه‌ڕه‌تی ئازادی ده‌ربڕینی بیروباوه‌ڕ و یاسای چۆنێتی به‌ڕێوه‌چوونی به‌میرات وه‌رگرتنی پاشایه‌تی. گۆڕرانکاری لەم یاسا بنه‌ڕه‌تیانه‌دا زۆر سه‌خته. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که هه‌موو تاکێک مافی ئازادی ده‌ربڕینی، به پێی یاسای بنه‌ڕه‌تی ئازادی له نوسین و ده‌ربڕیندا پارێزراوه، به‌ڵام هیچ کاتێک هیچ هاوڵاتیه‌کی سویدی ڕێگا به‌خۆی نادا که بێڕێزی به‌رامبه‌ر ئاڵا و سروودی نیشتمانی و خاکی خۆی بکا. ئه‌م په‌یامه‌ش له باخچه‌وه تا ته‌واوکردنی زانکۆ له‌گه‌ڵ منداڵان و قوتابیان و خوێندکاراندا گه‌شه‌ده‌کا و گه‌وره ده‌بێ. هه‌ربۆیه قوتابیەکی کوردیش له سوید، هه‌ستی خۆشه‌ویستی به‌رامبه‌ر وڵاتی سوید هه‌یه و سوید بە نیشتمانی خۆی دەزانێ.
چەند ساڵێک لەمەوبەر کۆمپانیای ماکینسی تۆژینه‌وه‌یه‌کی له 20 وڵات و هه‌رێمی جیاوازدا ئه‌نجامدا و سه‌یری ئه‌و لایانه‌یان کرد که ده‌بێته هۆکاری سه‌رکه‌وتنی قوتابخانه‌یه‌ک. له‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا کۆمه‌ڵێک قوتابخانه‌ی زۆر له 20 وڵات و هه‌رێمی هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ندی جیاوازه‌وه به‌شداربوون. ده‌رئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه‌کە ده‌ریخست ئه‌وه‌ی له پۆلدا ڕووده‌دا، واته ڕۆڵی مامۆستا و کاری مامۆستا له پۆلدا کاریگه‌رییه‌کی ڕاسته‌وخۆی له سه‌رکه‌وتنی قوتابیاندا هه‌یه. واته سه‌ره‌کیترین کاریگه‌ر ڕۆڵی مامۆستایه له پۆلدا.