عەلی تولابی دەنگێک لەئاسمانەوە

Wednesday, 06/07/2022, 10:53

7543 بینراوە


 ڕووداوەکان هێندە زۆرن فریانەکەوتم لەسەر عەلی تولابی بنوسم ، چونکە لای من ئەم کوڕیژکەیەک بوو هەموو خەوی داگیرکەرانی زڕاند کە سەدان ساڵە لەسەر ئەوەکاردەکەن کە لوڕو کورد دووگەلی جودان و هیچ پەیوەندیەک بەیەکەوە نایان بەستێتەوە .
 عەلی تولابی هات بەدووگۆرانی کوردی گۆرانیەکی لوڕی ڕەزای سەقایی ' تفەنگ دەردت لەجونم ' بەداگیرکەرانی ووت: من کوردم و لوریش کوردە و نیشتمانی ئێمە کوردستانە و وەک هەر نەتەوەیەک کە جوگرافیایان هەیە  گەر زاراوەکانی ئاخاوتن جیاوازیان هەیە بەڵام گەلێکن . ئێمەی کوردیش گەلێکین کرمانجین سۆرانین گۆرانین لوڕین بەختیارین بەڵام هەمووان کوردین . ساڵی ١٩٨٢ تەمەنم ١٦ ساڵ بوو لە ناوزەنگ  یادی کۆمەڵەبوو لەناوەندی کۆمەڵە ئاهەنگی ئەو یادەبوو یەکەمین جارم بوو کە ببینم گۆشتیان لێنابوو بەدارچینی کە دنیاتاریک بوو گڵۆپە زەردەکان لەدوایی داگیرساندنی ماتۆڕەکارەبایەکان ڕووناکیان پەخش کردەوەو و دەستکرا بە باس و خواس و شعر خوێنەوە لەسەر کۆمەڵەو شۆڕش بەڵام هەموومان دەقیقەک بۆ گیانی گیانبەختکراوان بێدەنگ وەستاین . ئەوەش بۆ من زۆر تازەبوو ، لەناکاودا هاوڕیەک بانگکرایە سەر شانۆکە باڵایەکی بەرزی هەبوو سمێڵی وەک مەکسیم گۆڕکی بوو، سامێکی زۆری هەبوو، بەڕووە خۆشەکەی هۆنراوەیەکی خوێندەوەکە لەبەری بوو، بەلوڕی ئەو لەنیشتمانی لوڕەوە هاتبوو . من هیچ تێنەگەشتم بەڵام تاماوەیەکی زۆر پێشمەرگەکان هەرچەپڵەیان لێدەدا بۆی . من لەو جارەوە لوڕەکانم خۆش وویست شەرمم دەکرد کە هیچم لەبارەیانەوە نەدەزانی . یەکەمین جار کە تۆزێ ئاشنایەتیم لەبارەی مێژوو جوگرافیایان پەیداکرد لە شەرەفنامەکەی شەرەفخانەوەبوو ، لوڕەکان شیعەمەزهەبن و ڕژێمی ئێرانیش لەو ڕێگەیەوە دەیەوێت کوردو لوڕ لەیەک دابڕێت چونکە کوردەکان زیاتر سونە مەزهەبن ، بەڵام عەلی تولابی و دەیان گۆرانی بێژی تری لوڕی کە بەکوردی گۆرانی دەڵێن بۆتە مۆتەکە بۆ داگیرکەران و ڕیسەکەیانی لێکردۆتەوە خوری . 
 لەبەرنامەی "عەسر جدید" کە فارسەکان بەبێ ئەوەی بەخۆیان بزانن عەرەب لەڕێگەی ئاینەوە داگیری کردوون هەر لەناوی ئەم بەرنامە شۆوە دەزانی کە فارسی زمانێکە زۆرترین ووشەیان عەرەبی یان کوردیە. بەڵام ئەوان بڕوادەکەن کە ووشە کوردێکان فارسین ، ئەوەی جێگەی سەرنجە عەلی تولابی ١٣ساڵ بەدوو گۆرانی کوردی بەشدار بوو گۆرانی هەردوو هونەرمەند ناسری ڕەزازی و عەزیزی شاروخی دوایش داوایان لێکرد کە گۆرانیەکی لوڕیان بۆ بڵێت : ئەویش یەکێک لەگۆرانیە یاخێکانی لوڕی چڕی تفەنگ دەردت لەجونم کە گۆرانیەکی نازداری ڕەزای سەقایە و ڕەزای سەقایی دەنگێکی هێندە چیایی هەیە من کەگوێ لێدەگرم هەستدەکەم بەسەر هەورەکاندا دەڕم لەقوڵای ئاسماندا .
عەلی توانی بەو دووگۆرانییەی گرێیەکی توند بداتەوە لە برایەتیو کەس بوونی کوردو لوڕ، گەرچی تەمەنی عەلی هی ئەوە نییە کە هوشیاریەکی سیاسی پاڵی پێوەنابێت کە گۆرانی نەتەوەکەی بچڕێت لە پێشبڕکێیەکدا  بەڵام هێمنی و قسەزانی و ڕاستگۆی ئەم کوڕەگەنجەی کورد وای لەدادوەرو خەڵکی ئێران کرد کە دەنگی پێبدەن . لەکاتێکدا یەک گۆرانی فارسی ووت کەدادوەرەکان داوایان لێکرد ،گۆرانێکە مەگەر مامۆستایانی وەک ئیرەج و شەجەریان بتوانن ئاوا ئاوازێک دەربکەن .
 ئەو دووگۆرانییە کوردیەی کە ئێرانی هەژان ناوەڕۆکی گۆرانێکانی بێئاگا یان بەئاگایەوە هەڵگری پەیامی خۆشەویستی نیشتمان و باسکردنی ئەو مەینەتیانەیە بەسەر کوردا هاتووە " منیش وەک تۆ هێلانەکەم لێکراوە خاپور"  عەلی تولابی توانی سەرنجی یوتوبەرانی ئێرانیش ڕاکێشێ و دەروێشانە گۆرانێکانی لێدەدەن و قسەدەکەن لەسەری .
 کاتێک لەڕێگەی یوتوبەوە خەریکی کۆکردنەوەی زانیاری بووم لەسەر ئەم ئەستێرەیەی کورد ، یوتوبەرێکی ئێرانیم چاولێکرد قسەیەکی سەیری کرد کەلای من بووە جێگەی سەرنج ئەویش ئەوەبوو کە ووتی ئێمە بێئاگاین لەوەی کە گوێ لەگۆرانی کوردی بگرین کە پڕێتی لەهونەری بەرز. من زۆر ئاسودەبووم لامان وابوو ئێمە لەڕێگەی شۆڕشە تێکشکاوەکانمانەوە خۆمان بەدۆست و ئاشناو دوژمنەکانمان ناساندوە ، بەڵام ڕاستێکە پێچەوانەیە .
 لەڕۆژهەڵاتی نیشتماندا زۆرڕوداوی سەرنج ڕاکێش ڕوویدا کە عەرشی دەسەڵاتی ئاخوندی هەژاند و پێی ووتن کورد ئێرانی نییە. کورد خاوەنی نیشتمان و زمان و کەلتوری خۆیەتی .
 مامۆستا زارا لە سنە داوای لەداگیرکەران کرد وەرگێڕی بۆ بێنن تا لەدادگا قسەیان بۆ بکات . عەلی تولابیش بەهێمنی کەگەڕایەوە بۆ نیشتمان گەرچی کۆمەڵێ مەلا و ئاخود دەوریان دا بەلام ئەو بەلوڕی گۆرانی دایە دایە وەختی جەنگەی لەناو ئاپورەی خەڵکدا ووت .
عەلی گەرچی بەتەمەن تەنها ١٣ساڵە بەڵام ئەو دەزانێت چی دەڵێت و چی دەکات بۆیە داوای لەبینەران کرد کە ڕاستە گۆرانی بەکوردی چڕیوە بەڵام ئەو ئێرانیە ، ئەمەیە هونەری بردنەوەی شەڕێک کە هزر ئامادەی هەیە . سیاسیە پوچەکانی ئێمە لەبەردەم مایکرۆفۆنەکاندا هەوا دەکەنەخۆیان بەڵام کاتێک دەچنە بەردەم سەربازێکی داگیرکەر یان وێنەی تانکێکی داگیرکەر دەبینن ئیتر بیریان دەچێتەوە هێندە بچوک دەبنەوە خەریکە وون دەبن . 
 بەڕاستی عەلی تولابی هەردوو بەشی نیشتمانی بەپردێک بەیەکەوە بەستەوە چونکە هونەرە لەبەرنامەیەکی فارسیدا گۆرانی کوردی بڵێت و بەشێوەیەک بەخەڵک و دادوەران بڵێیت من لەنیشتمانی زاگرۆزەوە هاتووم شارەکەم خەڵکەکەم داوام لێدەکەن بۆ ئەوان گۆرانی بڵێم ، کاتێکیش دادوەران داوایان لێکرد دەکرێ گۆرانی فارسی بڵێک بێ دوودڵی ووتی بەچاوان  گۆرانیەکی ووت بەقسەی دادوەر هێندە عالی بوو هەستیان بەشەرمەزاری کرد  و نەیان توانی ئیتر ئیرادێک بگرن ، تەنانەت دادوەر نەیتوانی بیشارێتەوە و پێی ووت تۆ زۆر تایبەتمەندی تۆ لەوانەی کە لەئاسمانەوە دەنگتان دێت تۆ ئەو گۆرانی بێژەی کە گۆرانی دەڵێت : گوێگر دەبەیتە ناو جیهانی خۆتەوە . 
دواجار هیوادارم عەلی تولابی نەهێنەباشور و لەو کەناڵە زۆڵانەوە نمایشی کەن لەگەڵ ڕیکلامی دایبی تورکی و درامای تورکیدا دەرخواردمان بدەن . عەلی ئێستا نوێنەری گۆرانی سونەتی گەلەکەمانە چ شانازیەکە گەلی کورد خاوەنی عەلی تولابیەکە کە باسی هێلانەکەی دەکات کە لێ خاپور کراوە. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە