یەکێتی لە سۆسیال گۆچانی تالەبانییەوە بۆ سۆسیال پۆستاڵی پاڤێل


لە خڕەی ناوزەنگەوە بۆ گردی زەرگەتە (بەشی چوارەم و کۆتایی)

Monday, 07.11.2022, 19:54

3681 بینراوە


گردی زەرگەتە مەکۆی ئیخوانەکانی ناو بزووتنەوەی گۆڕان.

پیاوە ئاینی و دەسەڵاتدارەکانی باشوور دیوێکی کارەکانیان بۆ سیخوڕیی و دیوەکەی تری بۆ بازرگانییە. نە سیاسییەکە بۆ دنیای دەکات، نە مەلاکەش بۆ دینەکەی. ئەوانەی دوای ئەمانەش کەوتوون سنوری عەقلیان ئەوانی تێنەپەڕاندووە.
لەناو تراژیدیای گەلێکدا، کە پارتەکان کردوویانە بە کۆمیدیا، خەڵکەکەی بە دەست مەلا و سیاسییەکانییەوە سەری لێتێک چووە، نازانێت شەڕ لەگەڵ عەقڵی خۆیادا بکات، یان لەگەڵ دەوربەرەکەی! لەناو ئەو هەموو گێژاوەدا ئەکتەرەکانی دەسەڵات و سەرلێشێواوەکانی ئەو گەلە، هەر یەکەیان رۆڵی خۆیان وەرگرتووە، کە چی بکەن و چی بڵێن، لەوانە:
- کابرایەک کە دوێنی کۆمۆنیست و شیوعی بووە، بە پاساوی ئەوەی لەم دنیایەدا هیچی وەرنەگرتووە، ئەمڕۆ نوێژ دەکات ، دەڵێت: بەڵکو بەم نوێژکردنە ئەو دنیای پێ مسۆگەر بکەم.
- یەکێکی دیکە پارتییە و سیخوڕی دەزگای پاراستنە، دەڵێت: من کەسێکی نەتەوەییم، قسە و جنێوی مزر و تەڕیش بە ناوگەڵی گەریلا و ژنانی یەپەژەی رۆژئاوا دەدات، دەشڵێت پەکەکە لە قەندیل چی دەکات بۆ ناڕۆنەوە بۆ وڵاتی خۆیان؟
- کابرایەکی تر یەکێتییە، بۆتە گۆڕان، خانەشینی دەسەڵات وەردەگرێت جنێویش بەو دەسەڵاتە دەدات، کە خانەنشینییەکەی دەداتێ. دوایی وەکو ئیخوانییەکی ئیسلامی داوا دەکات کە لە مزگەوتەکاندا وتارە ئاینییەکەی بخوێننەوە، وەک ئەوەی مەزگەوتەکان مەلا و وتاربێژیان کەم بێت.
- یەکێکی تر خەفیفەی سەردەمی بەعسە، هەموو حیزبێکی تاقیکردۆتەوە، ئیستا دەڵێت: ئەوەی ئاین لە سیاسەت جیابکاتەوە، کەسێکی خائینە.
- ئەمیتریان کۆنەنووسەری سەردەمی بەعسە، لەگەڵ بەرژەوەندی رۆژگاردا بوو بە گۆڕان، تا ئەو رۆژەی کردیان بە پارێزگار لە تاودا سوێی بووبوەوە، قورعان لە دەستی نەدەکەوتە خوارێ، ئەو دەستەی کە قورعانەکەی پێ هەڵگرتبوو، ئیستا دزی پێدەکات.
- کابرا پزیشکە و خوێندنی لە سودان تەواو کردووە، لە کوردستان دکتۆرە، وەکو قەسابێک رەفتار دەکات، دەڵێت: هەر نەخۆشێکی کافر بێتە لام، ناهێڵم بە ساغی لە ژێردەستم دەربچێت، دەیتۆپێنم. دەیەوێت مۆز لە ژنان حەرام بکات، دەفەرموێت: ئافرەت نابێت مۆز بخوات، چونکە ئافرەتی وا بێحەیا هەیە بە بەرچاوی پیاوەوە مۆز دەکرمێنێت. 
ئینجا کەمال وەرە لەناو ئەو هەموو پۆخڵەوات و نابەرابەریی و سەرلێشیواوەییەدا بتوانە وشەکانت بە جوانی ریزبکەیت و بیانکەیت بە نووسین، پێت وابێت دەتوانیت ئەو هەموو پیساییەی پێ رابماڵیت و هەموو شتێک بگۆڕیت!
- خانمێکی بەڕێز دەناسم، ژنێکی وشیار و تێگەیشتووە، گێڕایەوە، دەیگووت: ئێمە چوار پێنج خوشک و دوو سێ برا بووین، لە ژیانماندا نەماندی باوکمان جیاوازی لە نێوان کەسماندا بکات، کە دەچووە مزگەوت و دەهاتەوە زۆر میهرەبان و رووخۆش بوو، چونکە مەلاکانی ئەو سەردەمە، لە مزگەوتەکاندا راستگۆ و دەستپاک و داوێنپاک بوون، قسەیان لەسەر ئەو بابەتانە دەکرد، کە مرۆڤ لە توندوتیژی دووربخەنەوە، وەکو ئەم مەلا ئیخوانی و خائینانەی ئەمڕۆ نەبوون، کە باسەکانیان تەنیا لەسەر ژن و کچانە، تا پیاوان بەرامبەر بە ژن و کچی خۆیان پڕبکەن لە رق و کینە، کە دوای نوێژی مزگەوت بە دەموچاوی گرژ و مۆنەوە خۆیان بکەن بە ماڵەوەدا، پەلاماری کچ و ژنەکانی خۆیان بدەن.

بۆ پێشەکی و کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەم هەوڵ دەدەم بە کورتی هەندێک قسەش لەسەر ئاین بکەین، کە ئاین وەک هەموو بیروباوەڕێک، بەتایبەتی لە وڵاتە ئازاد و دیموکراتەکاندا، رێگاپێدراوە. هەموو کەسێک ئازادە بڕوا بە کام بیروباوەڕ و ئاین بهێنێت، هەرچەندە زۆربەی ئاینەکان ئازادیی تاکیان سنوردار کردووە و کۆمەڵگا بەرەو ئەو ئاراستەیە دەبەن، کە لە ئاینەکەیاندا رێگاپیدراو نییە، ئاینەکان لە رابردوودا  رەفتاریان وا کردووە، بەتایبەتی لە ئەوروپا، بەڵام  ئیستا دەسەڵاتی کەنیسە کەمبۆتەوە و نەماوە، بەپێچەوانەوە لە ئاینی ئیسلامدا تا ئیستا بەردەوامە و ئیسلامەکانی کورد لە هەوڵی ئەوەدان، کە کوردستان بکەنە ئەفغانستان و خۆیان دەسەڵات بگرنە دەست، بەرەو ئەو ئاڕاستەیە هەنگاو دەنێن.
هەڵبەت کاتێک ئاین دەبێتە دەسەڵاتێکی سیاسیی، کێشەکانی ناو کۆمەڵگادا، بەرەو زیادبوون هەڵدەکشێت و ئازادییەکانی تاک بەرتەسک دەبنەوە، دیموکراتی بوونی نامێنێت، لە ئاینی ئیسلامدا، هەرچی ئیسلام نەبێت، مافی مرۆڤبوونیان لیدەسەندرێتەوە، دەبێتە کۆیلە، ژن و کچ لەخوار پیاو و کەمێک لەسەرو ئاژەڵ سەیر دەکرێن. ژن دەبێتە کەرەستەی خۆشی رابواردنی پیاو. کاتێک ئاین دەسەڵاتی سیاسیی دەگرێتە دەست، هەموو مافە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیبوونی  دەسەندرێتەوە و سنوردار دەکرێت، بەو ئازادییەشەوە کە مرۆڤێک بیەوێت ناسنامەی نەتەوەبوونی خۆی بپارێزێت، وەک (مێژوو، زمان، کەلتور، ئەدەب، هونەر و مێژوو...هتد). بۆ کورد مەترسییەکە زیاترە، چونکە لە ئاینی ئیسلامدا دوژمنەکانی کورد باڵادەستن و کەسانی خۆفرۆشیان کردۆتە رابەری سیاسیی و دینی، وا دەخوازن کورد نەمێنێت، پرۆگرامی مەلا و ئیخوانەکانی کوردیان کردووە، تا بەو ئاڕاستەیە کار بکەن و ناسنامەی کوردبوونی خۆی لەدەست بدات.
کلیک لەسەر ئەو کتێبەی عەلی باپیر بکە، هەر لە دوای راپەڕینی سالی ١٩٩١ ئەو مەترسییە بۆ کورد دروست بووە، کە نەوشیروان مستەفا بەبێ مەرج عەلی باپیری کردە هاوپەیمانی بزووتنەوەکەی خۆی.
عەلی باپیر: دەرد و دەرمانی بزووتنەوەی ئیسلامی
بۆیە کاتێک ئاین دەبێتە دەسەڵاتێکی سیاسیی وەک دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر، بەپێی پەیڕەوی و رێنماییەکانی ئەو ئاینە، سنور بۆ هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەی هاوڵاتیان دادەنێت، وەک ئەوەی خەڵک چۆن بیربکەنەوە و چۆن هەلسوکەوت بکەن، ئیتر لەوێوە وای لێدێت مرۆڤ چیدی پێویستی بە بیرکردنەوە و بڕیاردانی خۆی نابێت، تا لەناو هزری خۆیاندا بە شێوەیەکی دیکە بیرۆکە و داهێنانێک بەرهەم بهێنێت، مرۆڤەکانی ژێر دەسەلاتی ئاین، مرۆڤی تەمبەڵ و دەبەنگن، ساویلکە و سادەن، بۆ ئەمڕۆ ناژین بەڵکو بۆ دنیایەکی دیکە دەژین، لە ترسنۆکی سزای ئەودنیا لە دڵەراوکێدا ژیان بەڕێ دەکەن، وا فێردەکرێن، کە لەو رۆژەوەی لە دایک بوون تاوانبارن و دەبێت بە دەستی خۆیان سزای خۆیان بدەن. 
 لە ئاینی ئیسلامدا ئافرەت ژیانێکی خراپتر بەسەر دەبات، پێویستی بەوە نابێت وەک پیاو بکات، هەموو بەرنامەی کارەکانی لە ماڵەوە بۆ ئامادەکراوە، تەنیا دەبێت بڕیارەکان جێ بەجێ بکات و  دەست و پلی رەنگین بێت. لێرەدا کەسی زیرەک و وشیار و خاوەن هزری قوڵ، یاخی دەبێت و هەموو یاسا و شەریعەتەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە، وەک کەسێکی ئازاد خۆی دەکاتە خاوەنی بیرکردنەوەی خۆی، کەسانی وەک: (کاک ئەحمەدی شیخ، مەحوی، نالی، مەولەوی، مەلای گەورەی کۆیە، ئەحمەدی خانی، مەولانا خالید، نەجمەدین مەلا، شێخ محەمەدی خاڵ و عەلادین سوجادی)، ئەمانە، کە موسوڵمانیش بوون و من لە ئیستادا ئەو ناوانەم بە خەیاڵدا هاتووە، لەگەڵ (ئۆشۆ و سارتەر، نیتشە. ستیڤان هاکین و ...هتد)، هەموویان خاڵێکی هاوبەشیان هەیە، ئەویش ئازادیی بیرکردنەوە و قبوڵکردنی یەکترە، ئەمیان بە بڕواهێنان، بە بوونی خودا، ئەویتریان بە نکوڵی کردن بە نەبوونی.
لێرەوە دەچینە سەر خاڵی هاوبەشی کەسانی سیاسیی و ئاینی لە باشووری کوردستان، ئەویش، وەک نمونە لەسەر رەوشتی بەرپرسی حیزبێکی دەسەڵاتدار، کە (دزیی، درۆزنی، ساختەچیتی، دەستپیسیی و داوێنپیسی، خیانەت و وڵاتفرۆشیی و ... هتد) هەموو ئەمانەی تێدا کۆبۆتەوە، هەمان رەوشت لە زۆربەی پیاوە ئاینیەکانی کوردستانیشدا دەدۆزرێنەوە، کە پڕاو پڕ کۆپی یەکترن، تەنیا جیاوازییەک لە پیاوە ئاینییەکەدا هەبێت و بە ئەرێنی بۆی گەڕابێتەوە ئەوەیانە، کە لەپاڵ ئایندا هەموو بێنامووسی و کارێکی خراپ دەکات، بەڵام بەپێی دەقی ئایەتێک، یان قسەی زانایەکی دینی دەتوانێت بیکاتە پاساو بۆ کارە ناشرینەکەی، خەڵکە ساویلکەکەش لێی وەردەگرێت، هەڵبەت
بۆ رەوادان بە فەسادیی و بێنامووسیەکانیان، پێویستییان بە کۆمەڵگایەکی نەخوێنەوار دواکەتووە، بۆیە بەردەوام کاری لەسەر دەکەن، تا کۆمەڵگاش وەکو خۆیان فاسید و بەدڕەوشت و گەمژە بکەن، ئەمرۆ لە باشوور مزگەوتی زۆر، چایخانەی پڕ لە ئاپورەی بێکار و دەرمانخۆر، خەستەخانەی پڕ لە نەخۆش و پەککەوتە، بڵاوکردنەوەی مادەی هۆشبەر، کردنەوە و پەرەپێدانی شوێنی رابواردن و لەشفرۆشی (نێر و مێ)، هەموو ئەمانەیان برەو پێداوە، بەهەردوولا  (بەرپرس و پیاوی ئاینی) خەریکی بەرهەمهێنانی فەسادینن. هیچ کام لە پیاوە ئاینییەکان و بەرپرسە حیزبییەکان دژی یەکتر دەنگ ناکەن، بۆ نمونە، کاتێک پیاوە ئاینییەکان باس لە حیجاب و سەرپۆش و ناردنەوەی کچان بۆ ماڵەوە دەکەن، داوا دەکەن کچان واز لە خوێندن بهێنن، هیچ بەرپرسێک لە مەلایەک توڕە نابێت و کەسیان دژی ئەویتر قسە ناکات، بە هەردوولا خەریکی فەسادکردنی کۆمەڵگا و پەراوێزخستنی ژن و کچانن، سووککردنی ئافرەت بەو شێوەیەی ئەمڕۆ ئەمانە دەستیان داوەتێ، سەرەنجامەکەی کردنی ئافرەتە بە کەرەستەی رابواردن و مامەڵەپێکردن بۆ کڕین و فرۆشتن، سیاسییەکان بۆ شەوی سووری خۆیان ئافرەت دەهێنن، پیاوە ئاینییەکانیش (چوار ژن) و (چوار وەرەقە) دەخەنە باخەڵی خۆیانەوە، چوار ژن لە خۆیان حەڵاڵ دەکەن. ئەگەر بەرپرسەکە تەنیا شەوانی سووری هەبێت، ئەوا پیاوە ئاینییەکە هەموو شەو و رۆژێک لە لای سوورە، بە هەموو پێوەرێکی ئەخلاقیی، نەک ئیسلامی، بەرپرس و مەلا و پیاوەئاینییەکانی باشوور وەکو یەک بێ ئەخلاق و داوێنپیس و بەدرەوشتن.

نەوشیروان و ئیسلامییەکان

نەوشیروان مستەفا یەکێکە لەو بەرپرسانەی، کە بەشێکی زۆر لە بەرپرسارێتی مێژوو ئێخەی دەگرێت، یەکەم وەک کەسی دووەمی یەکێتیی نیشتیمانی، دووەم، وەکو رێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان، کە بووە هۆکاری بەهێزبوونی ئیسلامی سیاسیی و ئیخوانیییەکان.
ئیسلامی سیاسیی کە پرۆژەی داگیرکەرانی کوردستان و دروستکراوی تورکیا، ئێران، قەتەر، ئیمارات و وڵاتانی ترە، بەردەوام لە رێگای ئەم حیزبە ئیسلامییە کوردییەکانەوە کار لەسەر سڕینەوەی ناسنامەی کوردبوون دەکەن، تا کورد وەکو (موسوڵمانێک خۆی دروست بکات، نەک وەک نەتەوەیەکی جیاواز).
هەندێک لەو گەنجانەی، لە نزیکەوە نەوشیروانیان دەناسی و قسەی بۆیان کردبوو، دەڵێن: لە ساڵی 2015 بەدواوە نەوشیروان بڕوای بە کێشەی کورد نەمابوو، هەروەها قادری حاجی عەلیش ئەمەی پشڕاست کردەوە، کاتێک پێکەوە دانیشتین و باسی مادەی 140ی بۆ کردم، کە چۆن بەشێک لە نیشتیمانی کورد بە پێی بەندەکانی ئەو مادەیە لە کوردستان کرایەوە.
- ساڵی 1981 ئەو چەند مانگەی لە توژەڵە بووم، ئەو کاتە وردە کێشە کەوتبووە نێوان یەکێتیی و پاسۆکەکان، نەوشیروان لە ژوورەکەی خۆی دێتە دەرێ و لەو شاخەی بەرامبەریەوە دەڕوانێتە ئەو دیو بارەگای پاسۆکەکان، دانی جیڕ دەکاتەوە، بە دەوروبەرەکەی دەڵێت: رۆژێک دێت ئەم سەگبابانە بخەمە گۆڕی ئەجدادیانەوە.
- جارێکیان ساڵی 2008 لە پەیوەندییەکی تەلەفونیشدا لەگەڵ مندا، لە سەرەنجامی گفتوگۆیەکدا وتی:(چوار پارچە و رزگاری کوردستان قسەی دانیشتوانی ناو چایخانەیە). ئەو قسەیەی بۆیە کرد، چونکە وای دەزانی من وەکو پاسۆکەکان بیردەکەمەوە.
- هەروەها قادری حاجی عەلیش کۆمەڵێک نهێنی دیکەی بۆ باسکردم، لەوانە هۆکاری وازهێنانی لە بزووتنەوەی گۆران و ناکۆکی نێوان خۆی نەوشیروان مستەفا، وتی: کاک نەوشیروان هەموو بزووتنەوەکەی پڕ کردووە لە منداڵە ورتکەی ئیسلامی، ئەوانە لەناو گۆڕاندا وەک بۆمب چێنراون. وتی: من چەند جارێک ئەو مەترسییەم بۆ کاک نەوشیروان خستۆتە روو هەمیشە ئەو وەڵامەی دەدامەوە، کە دەبێت لەم جۆرە گەنجانە بهێنینە ناو بزووتنەوەکەمانەوە، بەمە دەتوانین زۆربەی ئەندامانی کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامیش بۆ لای خۆمان رابکێشین. لەو دواییەشدا کاتێک پزیشکەکان پێیان وتوبوو، تووشی نەخۆشی شیرپەنجە بووە، قادری حاجی عەلی گێرایەوە، کە دوای ئەوە وەکو جاران بڕوای بە سیاسەت و کێشەی کوردیش نەمابوو. بە قادری وتوبوو، کورد هەرگیز رزگاری نابێت.

ئیسلامییە ئیخوانییەکانی ناو بزووتنەوەی گۆڕان

نەوشیروان مستەفا لە سەرەتای دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕانەوە، بایەخێکی زۆری بە ئیسلامییەکان دەدا و بە لێشاو دەیهێنانە ناو بزووتنەوەکە و لە خۆی نزیک دەکردنەوە، باسی لە سەوابیتی دینی دەکرد، لەگەڵیاندا دادەنیشت پەیمانی پێدەدان و دەیگوت بزووتنەوەکەمان ئایدۆلۆژیی و عیلمانی نییە. هەروەک لە قسەی ئەم (مەلا کامەران)ـەدا دەردەکەوێت.
نەوشیروان کە لە سەردەمی ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابوردودا، لەگەڵ دەرکردنی گۆڤاری (رزگاری)دا، وەکو کەسێکی مارکسیی و لینینی و ماویزم خۆی ناساندبوو، بەڵام دوای وازهێنانی لە یەکێتیی و دروستکردنی بزووتنەوەی گۆڕان، خۆی لە مەلا و پیاوە ئاینییەکان نزیک کردەوە، کۆڕ و کۆبوونەوەی لەگەڵیاندا دەکرد، دەچووە مزگەوتەکان و قورعانی بەرزدەکردەوە و ماچی دەکرد، دەچووە پرسەکانەوە، لچ و لێوی دەجوڵاند، نوێژی نەدەکرد، لێ وەک ئەکتەرێک رۆڵی نوێژکەرێکیشی دەبینی، هەموو ئەمانەی بۆ مەرامێکی سیاسیی دەکرد. لە گردی زەرگەتەش سەری ماری سڕ بووی گەرم دەکردەوە.

خەسلەتی مونافیق

لە ئاینی ئیسلامدا کەسی مونافیق بە ( 14) خەسڵەت دەناسرێتەوە، کە ئێمە بۆ ناساندنی مونافیقەکانی ناو گۆڕان تەنیا پێویستمان بەو (10) خاڵەی خوارەوەیە:
1- هەڵخەڵەتاندن.
2- درۆکردن.
3- نەزانین و بێتوانایی لە تێگەیشتندا.
4- فێلکردن و خۆپیشاندان بەوەی، کە باوەڕت بەو شتەیە، کە راستییەکەی پێچەوانەکەیەتی.
5- دڵەڕاوکێ و ترس لە ئابڕووچوون.
6- خۆبەزلزانین.
7- رێگریی و بەلارێدابردنی ئەوانەی بڕوایان بە بیروباوەڕێکی راست هەیە.
8- تەمەڵی لەجێبەجێکردنی ئەرکەکان، بە پێچەوانەوە خۆدەرخستن لە کاتی جێبەجێکردندا.
9- ناسەقامگیری فیکری لە کاتی هەڵوێست و بڕیارداندا.
10- لە رووی ئابوورییەوە کەڵکوەرگرتن لە سەرچاوە داراییەکان و سنوردارکردنی توانای خەڵکی.
نەوشیروان زۆربەی ئەو لاوە گەنجە ئیسلامییە ئیخوانییانەی هێنایە ناو بزووتنەوەکەی، پۆست و رۆڵی گرنگی پێسپاردن، لەوانە: 
1. وشیار عەبدوڵڵا (کۆنە یەکگرتووی ئیسلامی)
2. هەڤاڵ ئەبوبەکر (کۆنە قەڵەمنووسی بەعسی)
3. د. یوسف محەمەد ( کۆنە پاسەوان و حەسحەسی یەکگرتووی ئیسلامی)
4. عەلی حەمە ساڵح (کۆنە کارمەندی رووداو)
5. عەبدوڵڵا مەلا نوری (کۆنە یەکێتیی)
6. کۆمەڵێک گەنجی ئیخوانیی دیکە، لە نمونەی مەلا کامەران.
من لەناو ئەوانەدا دووانم هەڵبژاردووە، ئەویش هەڤاڵ ئەبوبەکر و عەبدوڵڵای مەلا نورییە، کە لەچاو ئەوانی دیکەدا کەمتر قسەیان لەسەر کراوە.

هەڤاڵ ئەبوبەکر:

ئەو کاتەی هەڤاڵ ئەبوبەکر، لە ناو گۆڕاندا بوو، نەوشیروان بۆ پارێزگاری سلێمانی متمانەی پێدا و دەنگێکی زۆری بۆ کۆکردنەوە، هەڤاڵیش کە حەزی لە خۆدەرخستن و کەشخەیی و کەش و هەوای وەرگرتنی ئەو پۆستە بوو، خەوی پێوە دەبینی و بێزووی پێوە دەکرد، دەیخواست بە زووترین کات ببێتە پارێزگار، لەمەوە یەکێتییەکان سەریان کردە سەری و مەلەفە کۆنەکانیان بۆ هەڵدایەوە، گوایە کاتی خۆی هەڤاڵ بەعسیی بووە، هۆنراوەی بەسەر سەددامدا هەڵداوە. دوایی هەڤاڵ چووە لایان و ژێربەژێر لەگەڵ یەکێتییدا رێککەوت، بوو بە پیاویان ئەوانیش کردیان بە پاریزگاری سلێمانی، ئیستاش یەکێتیی ئەمی پێ باشترە و هێشتوویەتەوە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر بۆ ئەوەی بمێنێتەوە ماستاوی خەست بۆ بەرپرسەکان دەگرێتەوە، پێڵاویان بۆ جووت دەکات، وەک لەو وێنەیەدا دەیبینن، کە کەسێکی چەند بچۆک و چروکە، چۆتە بن هەنگلی کۆسرەت رەسوڵ و لە پێپلیکانەی فڕۆکەکەوە ناهێڵێت هەڵزنێت و بکەوێتە خوارێ، تا لەکۆڵ ئەو میللەتە ببێتەوە. کاری زۆری دیکەی قێزەوەندانەی هەڤال هەیە، کە درێژەی نادەینێ، تەنیا هەندێک زانیاریی نوێ لە سەر دزیی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، کە ئەم کابرایە رێگا و دەرگای دزێتی بۆ خۆی و کەسوکارەکەی دۆزیوەتەوە، ئەو دەستەی جاران قورعانەکەی پێ بەرز دەکردەوە، ئیستا ئەو دەستە بۆ دزیی بەکار دەهێنێت(کلیکی ئەو لینکەی خوارەوە بکە):

هەڤاڵ ئەبوبەکر وەک دزێکی پیسخۆر

 عەبدوڵلای مەلا نوری:

- من عەبدوڵڵام لە نزیکەوە نەدیوە، بەڵام بە تەلەفون چەند جارێک قسەمان کردووە، ئەو پەیوەندییەش لە ناوەڕاستی ساڵی 2020ـەوە دەستی پێکرد. کە لە یەکێک لە گفتوگۆکاندا، من باسی نەوشیروانم کرد و رای خۆم دەربڕی، عەبدوڵڵاش کەوتە پاکانەکردن، گوایە ئەمیش سەرنجی زۆری لەسەر نەوشیروان هەبووە و دژی زۆربەی راوبۆچوونەکانی بووە، وتی: بۆ تۆ وا دەزانیت من لەگەڵ نەوشیروان مستەفادا رێک بووم؟! من سەرنجی زۆرم لەسەری هەبووە و زۆر دژی بووم.
پاش تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ئەو قسانەدا، ئیستا عەبدوڵڵا ، لە واڵەکەی خۆی لە فەیسبوکدا و لە رۆژی 18 / 5 / 2022 رێک پێچەوانەی ئەو قسەیە ستایشی نەوشیروان دەکات و ئەمەی خوارەوەی نووسیوە، کلیک لەسەر ناونیشانی نووسینەکە بکە:
 (یادی نەوشیروان مستەفا).
هەروەها لەسەر تاپۆکردنی موڵکەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، کە خراوەتە سەر کوڕەکانی نەوشیروان باسی ئەوە دەکات، گوایە خواستی نەوشیروان نەبووە، ئەگەر نەوشیروان لە ژیاندا بمایە، ئەمە رووی نەدا، ئەگەر نەشمردایە، باشووری کوردستان وەکو ئەمڕۆی لێ بەسەر نەدەهات.

عەبدوڵڵا وشەی (مونافیق زۆر بەکار دەهێنێت، کە ئەو پێناسە ئیسلامیە خۆشی دەگرێتەوە. ئەو کە مانیفێستی بوژاندنەوەی نووسیوە، پاش ساڵێک و بۆ بوژاندنەوەی حیزبەکەی وتارێکی بە ناوی (خوا بێلایەن نییە) دەنووسێت، لە سەر تام و لەزەتی ئیسلامییە ئیخوانییەکان نووسینەکەی رازاندۆتەوە و هەڕەشەی ئاگری دۆزەخ لە مونافیقان و مژدەی بەهەشت بە پیاوچاکان دەدات. عەبدوڵڵا وشەی مونافیقی لە فەرهەنگی ئاینییەوە بۆ خستووینەتە نێو فەرهەنگی سیاسیی کوردیی.
بە حوکمی ئەوەی عەبدوڵڵا یەکێتیی بووە و دوایی بۆتە گۆڕان و ماشێنی ئیخوانی خستۆتە نێو کەللەی خۆیەوە، بۆیە کاتێک مانیفێستەکەی و ئەم وتارە دەخوێنیتەوە، هەست بە لاوازی پەروەردە سیاسییەکەی و بیرکردنەوە فیکرییەکەی دەکەیت، کە چ هەڵوێستێکی دوو فاقەیی و فیکری ناجێگیری هەیە، هەر بەو عەقڵەوە هاتووە گوایە حیزبێکی مودێرنی دروست کردووە، دەیەوێت لەناو مزگەوتەکاندا لایەنگر بۆ خۆی پەیدا بکات، داواش دەکات، ئەو نووسینە دەنگییەی لە مزگەوتەکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجەش) بخوێنرێتەوە و٤٠ خولەک نوێژکەرەکان گوێ لە وتارەکەی بگرن، ئینجا بەشێک لە ناوەرۆکی مانیفێستەکەی دەکاتە ریکلامی بانگەشە بۆ دۆزەخ و بەهەشت.
- ئەو کاتەی عەبدوڵڵا لەگەڵ من و چەند برادەرێکدا قسەی دەکرد، ئاڕاستەی گفتوگۆ و قسەکان بەرەو ئەوە دەچوون، کە بۆ ئەم بار و زروفەی ئەوڕۆی باشووری کوردستان چی بکرێت باشە!؟، ئەو هیچی بەدەستەوە نەدەدا، دیار بوو بۆ ئەوە نەهاتبوو، کە چی بکرێت، بەڵکو بۆ ئەوە هاتبوو بزانێت ئەگەر ئەم خۆی شتێک بکات، چەند کەس دەبنە پیاوی و دوای دەکەون. ئەو دەیویست خەڵکی لە خۆی کۆبکاتەوە، بە پێ لە سلێمانییەوە بۆ دەرگەلە و لەوێوە بۆ هەولێر بچن خۆپیشاندان بکەن.
ئەم پەیوەندییەی نێوانمان درێژەی نەکێشا، دوای 10مانگ لە پڕ کتێبێکی گەورەی دەرکرد (بەناوی مانیفیستی بوژاندنەوە). بۆ خوێندنەوەی کلیک لەسەر ناوی کتێبەکە بکە:
 یەک دوو رۆژ دوای ئەوە پەیوەندیی پێوەکردم، تا بزانێت چی دەڵێم و رام چۆنە، وەڵامی منیش ئەوەبوو، کە تۆ هەر لە ئیستاوە بڕیارت داوە حیزبێک بۆ خۆت دروست بکەیت و خەڵکی دوات بکەوێت. لە وەڵامدا وتی وانییە! وتم بەڵێ وایە، ئەوە نییە سایتی ئاوێنە رایگەیاندووە، کە عەبدوڵلای مەلا نوری حیزبەکەی خۆی راگەیاند؟! وتی: ئەوە هەڵەیە و پێیان دەڵێم چاکی بکەن و ناوی من لابەرن. ئینجا هەر خۆی وتی: یەکێک لەو برادەرانەی لەگەڵماندایە، بە بێ ئاگاداریی ئێمە، لێدوانی بۆ (رووداو) داوە، منیش وتم: ئەمەشیان هەڵەیەکی زەق و گەورەیە، سەرەتاکەتان ئاوا بێت، ئاخیرەکەی باش نابێت، ئەگەر راست دەکەن دەبێت زوو روونکردنەوە بدەن و ئەو کەسەش دەربکەن. وتی: بەڵێ وا دەکەین. لە کۆتاییدا هەستم کرد، کە سەرنج و قسەکانی منی پێخۆش نەبوو، چونکە ئەو بۆ ئەو مەبەستە تەلەفونەکەی نەکردبوو، بۆ ئەوە بوو بزانێت ئایا خوێندوومەتەوە و بە دڵمە یان نا! کاتێک وتم، خەڵکی کات و تاقەتی خوێندنەوەی ئەو کتێبە گەورەیەی نییە، ئیتر دوای ئەوە پەیوەندییمان نەما.

خوا بێلایەن نییە

پاش گویگرتن لە وتارە ئاینییە سیاسییەکەی عەبدوڵڵا بە کورتی چەند سەرنجێکی خۆمی لەسەر دەدەم و کۆتایی بە نووسینەکەش دەهێنم:
 ئەگەر بڕیار بێت کەسێکی سیاسی لە ناو رێکخراوێکدا کار بکات، بۆ چارەسەری کێشە کۆمەلایتیی و سیاسیی و ئابوری و هەموو بەشەکانی تر، ناتوانێت لە رێگای ئاینەوە چارەسەری ئەو کێشانە بکات، بەڵکو زۆربەی کێشەکان ئاین دروستیان دەکات، دیارە عەبدوڵڵا بڕوای بە تێکەڵکردنی ئاینە لەناو سیاسەتدا، بەمەش لە زۆر رووەوە لایەنێکی دیکەی کەسێتی ئاڵۆزی خۆی دەردەخات، کە عەبدوڵڵا کەسێکی شیاو نییە بۆ سیاسەت، بەڵکو دەتوانێت وەک داعشێک چەک هەڵبگرێت و دژی مونافیقەکان جیهاد بکات، هەر کەسێک ئاین و سیاسەت تێکەڵ بکات، بەوە پێناسەی خۆی دەکات، کە خۆی بڕوای بە مافی ئافرەت، بەیەکسانی مرۆڤەکان، بە ئابووری سەربەخۆ و بە بیرکردنەوەی ئازاد و چارەسەری کێشەی نەتەوەکەی نییە.
عەبدوڵلا  جگە لە قسەریزکردن، بۆ چارەسەر هیچی پێ نییە، کە بە نرخی رۆژ و ریکلامکردن بۆ دەرکەوتنی خۆی دەیانکات، ئەو وتارەی نووسیوێتی دەیسەلمێنێت کە عەبدوڵڵای کۆنە گۆڕان، کەسایەتییەکی ناجێگیری هەیە، هەروەک بەڵگە لەو نووسینەدا پەردەی لەسەر خۆی هەڵماڵیوە، هەڵبەت هەر تەنیا ئەمیش وا نییە ئاوا بەو شێوەیە پێناسە بکرێت، بەڵکو ئێمە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ پاشخانی فیکریی و رۆشنبیریی و کاری سیاسیی و تێکەڵاوی لەگەڵ بەرپرسەکاندا. رەنگە کەسی ناوشیار و سادە لە پەیامەکەی عەبدوڵڵا تێنەگات، کە باسی مونافیق دەکات، بەڵام ئەم خۆی دەیسەلمێنێت کە خۆشی مونافیقە، رێگا لە مەلا و خەتیب و پێشنوێژەکانیش دەگرێت، هاتووە قورعانی کردووە بە سەرچاوەی چارەسەری هەموو کێشە سیاسییەکان و هەڕەشەی ئاگری دۆزەخیان لێدەکات. عەبدوڵلا رۆڵی دەستبڕین و لە خشتەبردنی مەلاکانی کەم کردۆتەوە، وەکو مەسعود عەبدولخالق دەیەوێت سیاسەت و دین تێکەڵ بکات. ئەو کەڵکی لە نەوشیروان مستەفاش وەرگرتووە، دەیەوێت خەڵک بخەڵەتێنێت. کاریگەری بخاتە سەریان و بەناوی ئاینەوە بۆ لای خۆی رایان بکێشێت، دەزانێت ئەمڕۆ زۆربەی خەڵک بەرەو دواوە گەڕاونەتەوە، وەک بزووتنەوەیەکی سیاسیی بڕوایان بە دەسەڵاتی ئیسلامە، کە هێندەی دیکە کۆمەڵگای کوردییان داوەشاندووە. ئەم نووسینەشی بۆ ئیسلامییەکانی باشوور نووسیوە، جا ئەگەر عەبدوڵڵا ئیسلامییە بۆ ناچیتە ناو حیزبە ئیسلامییەکانەوە، چی داوە هاتووە حیزب و رێکخراو لە جۆرێکی دیکە دروست دەکات؟
عەبدوڵڵا هەموو قسەکانی دەبەستێتەوە بە ئایەت و سورەتی قورعانەوە، دەیەوێت پیشەکە لە مەلا و خەتیبەکانیش بدزێت، تا خەڵکەکە دوای ئەم بکەون و یاری بە عەقڵیان بکات، خۆ نەوشیروانیش هەروا بوو. بەو شێوەیە چووە ناو ئۆپۆزیسۆنەوە و لە خشتەی بردن، کە لە سەرەتادا ئەوەی خەڵکەکە دەیوست، ئەویش وای کرد و بە زمانی ئەوان قسەی دەکرد و دەینووسی.
عەبدوڵڵای مەلا نوری یەکێکە لە چەپکە گوڵەکانی نەوشیروان. نەوشیروانیش بەو شێوەیە هەموو ژیانی سیاسیی خۆی بەسەر برد، کاتی خۆشی لە دەرەوە یاری بە عەقڵی ئەو خەڵکە دەکرد، لە ناو کۆمەڵە و لە ناو یەکێتیییدا خۆی بە چەپ و سۆشیالیست دادەنا، چەندین ساڵ بە ناوی مارکسییەوە خەڵکی بە کوشت دا، بەڵام دوایی ئەو قسەیەی کرد وتی: (من لە ژیانمدا نە چەپ بووم و نە سۆشیالیست). کەسیش لێپرسینەوەی لەگەڵدا نەکرد و لێی نەپرسی:
- (ئەرێ جەناب تۆ چۆن ئەو هەموو خەڵکەت بە کوشت دا، لە کاتێکدا خۆت بڕوات پێی نەبوو؟!
- (چۆن ئەو هەموو درۆیەت لەگەڵ ئەو خەڵکەدا کرد؟)
- (ئەو هەموو خەڵکەت، بە کوشتدا و دوایی حیزبەکەشت هەڵوەشاندەوە بە بێ ئەوەی یەک بەرپرسیارێتی مێژوو بخەیتە سەر شانی خۆت؟).
ئیستاش عەبدوڵلای مەلا نوری، فێربووە، وەکو نەوشیروان خۆی پەروەردە بکات، کەڵک لەو مێژووەی نەوشیروان و درۆکانی وەربگرێت. فیربووە چۆن لەگەڵ خەڵکدا درۆ بکات و بەو رێگایە خەڵکی رابکێشێت، بچێتە ناو مزگەوتەکانەوە و وتارەکەی بخوێنرێتەوە. هانی خەڵک بدات دوای بکەون. ئیتر نەوشیروان نەماوە، نۆرەی عەبدوڵڵای مەلا نورییە، کە لە قوتابخانەکەی نەوشیروان کەڵک وەربگرێت.
عەبدوڵڵا هێرش دەکاتە سەر مەلا و نوێژکەرەکانیش، بە بێ هەڵوێستیان دەزانێت. وا پیشان دەدات ئەو مەلایانەش لە فەسادیدان، وەک ئەوەی خۆی کەسێکی فاسد نەبێت، کە کاتێک دژی حکومەت قسە دەکات و بەشێک نەبووبێت لەو فەسادییە و کاری بۆیان نەکردبێت، یان ئەندامی پەرلەمانەکەیان نەبووبێت، کە تا ئەمرش پارە و موچە و خانەنشینی پەرلەمانتاری وەردەگرێت! ئینجا دێت داوای هەڵوێست دەکات. ئەم قسە زلانە دەکات وەک ئەوەی  تا ئیستا خۆی چەند جارێک دەستی لە کار کێشابێتەوە و دەستبەرداری موچە و خانەنشینیەکەی بووبێت.
ئەمەش ئەوەی هێنایەوە بیرم، کە:
- جارێک کەناڵی 3ی سویدی کابرایەکی دەستبڕ بۆ دیداری بەرنامەیەک بانگ دەکات، تا باسی هونەری دەستبڕێن و فێڵەکانی بکات، باسی بکات چۆن خەڵک دەخەڵەتێنرێت. کابراش بەمە رازیبوو، چەند رۆژێک پێش وادەی چاوپێکەوتنەکە بردووبوویانە ئوتێلێکی ئەستێرە بەرز و خواردن و مەسرەف و زۆر شتی دیکە کەنالەکە بۆی دابوو، ئەو بەیانییەی، کاتی چوونی دەبێت تا دیدارەکە ئەنجام بدات، تەماشا دەکەن لەوێ نەماوە و نامەیەکی بە دوای خۆیدا جێ هێشتووە لێی نووسراوە.:
(زۆر سوپاس، ئە ئاوا خەڵک دەخەڵەتێنم).
عەبدوڵلای مەلا نوریش باسی مونافیق زۆر دەکات، ئەویش وەکو ئەو کابرایەی سەرەوە پێشانمان ئەدات، کە مانای مونافیق یانی چی، چونکە دەیان ساڵە نان و مووچەی ئەو حکومەتە مونافیقە دەخوات، خۆشی لە پەرلەمانی مونافیقەکان چۆتە دەرێ،  لەوێ نەماوە و پارەکەشیان وەردەگرێت، ئەم وتارەشمان بۆ دەنووسێت و دەڵێت: مونافیق دەبێت ئە ئاوا بێت.