کەرتى تایبەت لە پەڕاوێزى قسەکانى سەرۆکى حکومەتدا

Sunday, 07.10.2022, 18:56

1517 بینراوە


سەرۆکى حکومەت لەو کۆبونەوەیەى کە لە گەڵ هەندى لە میدیا کاران ئەنجامى دا لە میانەى قسەکانى باسى کەرتى تایبەتى کرد بەم شێوەیە : سەرۆکى حکومەت وتى دەرچوانى زانکۆکان و پەیمانگاکان و خەڵکانى  بێ کار گلەیی ئەوەمان لێ دەکەن کە کاریان بۆ نادۆزینەوە  یان  دایان نامەزرێنین . لە درێژەى قسەکانیدا وتى :  ئێمە ناتوانین  کار بۆ هەموو بیکارەکان بدۆزێتەوە  و ئەوە ئەرکى کەرتى تایبەتە هەلى کار بۆ بیکارەکان بدۆزێتەوە . 
لێرەدا من سەد لە سەد لەگەڵ  قسەکانى سەرۆکى حکومەتم و ڕاستە لە وڵاتە سەرمایەدارە پێشکەوتوەکانیش  حکومەت ناتوانێت کار بۆ هەموان دابین بکات . گومانى تێدا نییە بێکارەکانیش حەقیانە گلەیی بکەن و دەبی َگلەیش لە حکومەت بکەن و  حکومەتیش بە پیر داواکەیانەوە بچێت .  ئەوەى لێرەدا دەمەوێت ئاماژەى بۆ بکەم و پرسیارى لە بارەوە بکەم ئەوەیە : کەرتى تایبەت چۆن دروست دەبێت و گەشە دەکات بۆ ئەوەى ئەرکى دامەزراندن  لە کۆڵ حکومەت بکاتەوە ، وڵاتانى پیشکەوتوى جیهان چۆن لە ڕێگاى کەرتى تایبەتەوە توانیوبانە کێشەى بیکارى چارەسەر بکەن . 
سەرەتا دەبێت  بزانین کەرتى گشتى چیەو ئەرکى چییە . هەر وەها کەرتى تایبەتیش چییەو ئەرکى چییە ؟.  کەرتى تایبەت بە مانا گشتییەکەى  هەموو ئەوکارو چالاکى و پڕۆژەو کۆمپانیانەن  کەهى حکومەت نین و لە لایەن کەسانى سەربەخۆوە  بەڕێوە دەچن .  کەرتى  گشتیش  واتە هەموو ئەو پرۆژەو کۆمپانیانەن کە حکومەت خاوەنیانە و لە ڕێگاى دام و دازگاکانیەوە  سەرپەرشتیان دەکات و  باجى کەرتى تایبەت و داهاتەکانى ترى ناوخۆش  کۆدەکاتەوەو ڕێکیان  دەخات و دابەشى دەکات بەسەر هەموو سێکتەرەکانى  ناو کۆمەڵگادا بە یەکسانى . 
وڵاتە سەرمایەدارە پێشکەوتوەکانى دنیا هاتون گرنگى زۆریان بە کەرتى تایبەت داوە . لە هەموو ڕویەکەوە  ئاسانکاریان بۆ خاوەن کار و خاوەن کۆمپانیاکان  کردوە . زەوییان پێداون  بۆ بنیاتنانى کۆمپانیاى وەبەرهێنان .  قەرزیان پێداون  ،بازاڕیان دۆزیوەتەوە بۆ ساغ کردنەوەى بەرهەمە کانیان .  بە جۆرێک حکومەت هاوکاریان دەکات  بۆ ئەوەى بتوانن بەرهەمەکانیان لەبەرهەمى وڵاتانى تر هەرزانتر بێت  بۆ ئەوەى کڕیارى هەبێت . 
 حکومەتە پێشکەوتوەکانى جیهان بەردەوامیش خەریکن و هەوڵ دەدەن کۆمپانیاکانیان بە کەرتى تایبەت بفرۆشن جگە لەو بوارانەى پەیوەندیان بە خزمەتگوزارى وەکو بوارى پەروەردەو تەندروستى و  پاراستنى وڵاتەوە هەیە . کەرتى تایبەتى وڵاتاتە پێشکەوتوەکان ئەوەندە گەشەیان کردوە ، تواناى کڕێنى کۆمپانیاى زۆر گەورەى  وڵاتانى یەکترییان هەیە .
  حکومەت تەکان خۆیان کۆمیانیا گەورەکانى وڵاتەکەى خۆیان بە کەرتى تایبەتى وڵاتانى تر دەفرۆشن . لاى ئەوان گرنگ نییە ئەم کۆمپانیانە لە لایەن کێ و چ کەسێک  و چ لایەنێک و چ دەوڵەتێک خاوەن دارێتى دەکرێت ، گرنگ ئەوەیە کە زەمینە خۆش بکرێت  پڕۆژەى زۆر و کۆمپانیاى وەبەرهێنانى زۆر لە ولاڵاَتدا هەبن و ئەوان باجى خۆیان وەرگرن .
حکومەتە پێشکەوتوە کان بەم کارەیان توانیویانە ئەرکى حکومەت تەواو کەم بکەنەوەو بودجەى سەرەکى حکومەت لە ڕێگاى کەرتى تایبەتەوە دابین بکەن . ئەو کات ئەرکى حکومەت زۆر ئاسانتر دەبێت و لەوەدا خۆى دەبینێتەوە  چۆن ئەو داهاتەى لە ڕێگاى کەرتى تایبەتەوە  دەستى دەکەوێت  ڕێکى بخات و دابەشى بکات بەسەر هەموو سێکتەرەکانى ناوکۆمەڵگا بۆ گەیاندنى خزمەت گوزارى  بە شێوەیەکى یەکسان بۆ گشت هاوڵاتیان بی َجیاوازى . 
هەمو ئەوانەى کارى تایبەتى خۆیان هەیە یان کارگەى گەورەیان هەیەو ژمارەیەکى زۆر کرێکار و فەرمانبەریان هەیە ، ساڵانە لەو قازانجەى دەیکەن دەبێ  ئەو ڕێژەى باجە بدەن کە حکومەت دیاریکردوە .  جگە لەوەش  بڕێک پارەى تریش دەدەن بە حکومەت  حەقى ئەوەى کرێکارى  بۆ پەیدا کردون .
 هەموو ئەو کرێکارنەى کە لەوکارگەیە کار دەکەن ،بەهەمان شێوە دەبێ  ئەو ڕێژەى  باجە بدەن کە حکومەت دیاریکردوە .  کرێکارەکان تەئمینى تەندروستى و ڕوداوى  لەناکاو دەکرێن . پارەى خانە نشینییان لێ دەبرێت و حکومەت کۆمپانیایەکى تایبەتى هەیە  پارەى خانە نشینى هەموو موچەخۆرەکان دەخاتە کاسبیەوەو دوا رۆِژ پارەى خانە نشینى  خانە نشینان لە ڕێگاى سندۆقى خانە نشینى و کۆمپانیاى  وەبەرهێنانى  پارەى خانەنشینان دابیندەکات . 
بۆ ئەوەى حکومەت بتوانێت ئەو باجەى دیاریکردوە لەسەر تاکى کۆمەڵگاو کۆمپانیاکانى وەبەرهێنان بە شێوەیەکى ڕێک وپێک وەریگرێت ،  ڕێگاو شوێنى زۆر توند گیراوەتە  بەر . سزاى زۆر قورسى هەیە بەرامبەر بەوانەى فێل دەکەن و خۆیان دەدزنەوە لە پێدانى باج .
 جارى واهەیە دواى چەندین ساڵ فرتو فێڵى کۆمپانیایەک  ئاشکرادەبێت  کە فێلى کردوەو ئەوکات لە ڕێگاى دادگاوە سزاى قورس دەدرێت .ئەوەى لێرەدا دەمەوێت سەرنجى خوێنەرانى بەڕێزى بۆ ِراکێشم ئەوەیە کە : لەگەلڕَ ئەوەى زوربەى سێکتەرەکانى وەبەرهێنان  لە وڵاتانى سەرمایە دارى لە دەستى کەرتى تایبەت دایە ، بەڵام تا ئێستا کەرتى تەندروستى و کەرتى پەروەردەو خوێندن بە هەموو قۆناغەکانیەوە لە دەستى حکومەت دایە لەبەر ئەم هۆکارانە: یەکەم : کەرتى تەندروستى بەرپرسیارە لە پاراستنى  تەندروستى هاوڵاتیان . تەندروستى هاوڵاتیانیش لەو وڵاتانە ئەوەڵیاتى کارەکانى حکومەتە .ئەگەر خەڵکى تەندروست نەبن ، کاریان بۆ ناکرێت . کە کاریان بۆ نەکرا جگە لەوەى  دەستى کار کەم دەبێتەوە  بەرهەمیش کەم دەبێتەوە .
 جگە لەوەش دەبێ   حکومەت خۆى  موچەى ئەوانە بدات کە نەخۆش دەکەون و خاوەن کار پارەى نەخۆش تا یەک هەفتە دەدات . ئێستا کە خەستەخانە بۆ هەموان خۆڕاییە ، ئەگەر کەرتى تەندروستى بکەوێتە ژێردەستى  کەرتى تایبەت  زوربەى نەخۆشەکان ناتوانن چارەسەرى خۆیان بکەن چونکە چارەسەر لەکەرتى تایبەتدا زۆر گران دەوەستێت و دواجار حکومەت خۆى توشى کێشەى زۆر گەورە دەبێت.
دووەم : کەرتى پەروەردەو خوێندن و بەدەستهێنانى زانست  لە هەموو قۆناغەکانى خوێندن  دا سەرچاوەو هۆکارى سەرەکى هەموو پێشکەوتنەکانن لە جیهاندا لە هەموو بوارەکاندا . ئەگەر ئەم کەرتە بکەوێتە دەستى کەرتى تایبەت و  خوێندن ببێت بە پارە و خوێندن بۆ هەموان وەکو یەک نەبێت ، ئەو کات جیاوازى چینایەتى  دروست دەبێـت و هەموان شانسى ئەوەیان نابێت  خوێندنى  قۆناغە باڵاکان تەواو بکەن و تەنها مناڵى دەوڵەمەندەکان  شانسیان دەبێت  . 
لەوەش خرابتر ئەوەیە زۆر لەمناڵى فەقیرەکان کە بەهرەمەندن ، ئەوکات  بەهرەکەیان دەمرێنرێت چونکە شانسى بەردەوامى خوێندنیان نابێت . بەڵام ئێستا هەموو  خوێندکاران بێ جیاوازى  شانسى خوێندنیان هەیەو  هەموو  کەسە خاوەن بەهرەکانیش  دەردەکەون و دەناسرێن و ئەو کات  گرنگى تایبەتیان  پی َدەدرێت و هاوکارى تەواو دەکرێن  بۆ ئەوەى بتوانن داهێنانى تازە ئەنجام بدەن .  لە وڵاتە پێشکەوتوەکان  خوێندن بە خۆڕاییە تا قۆناغى ئامادەیی تەواو دەکات . بەڵام لەقۆناغى زانکۆدا بە خۆڕایی نییەو  بە پێی سیستەمى ئەو وڵاتە  خوێندکار بۆى هەیە پارە لە بانق قەرز بکات و دوایی کە کارى دەست پێ کرد ، قەرزەکانى لە ڕێگاى بڕینى  بەشێک لە موچەکەى دەداتەوە . 
هۆکارى ئەوەى کە خوێندن لە زانکۆ کراوەتە پارە  زیاتر بۆ ئەوەیە هەموو کەس  نەچێتە زانکۆ و تەنها ئەو نوخبە زیرەکە بچنە زانکۆ کەزیرەکن و خاوەن بەهرەن و دوایی دەتوانن داهێنان بکەن . باشە ئەگەر هەموان بچنە زانکۆ ئەى کێ پاس لێخوڕێـت و کێ ڕێگاو بان پاک بکاتەوەو  کێ خزمەتى پیرەکان بکات و کێ ببێتە کرێکارى کارگەکان و کێ لە بوارى هۆتێل و  ڕیستۆرانت و گەش و گوزاردا کار بکات . خۆ وەکو لاى ئێمە نییە لەبەر ئەوەى زانکۆى تەواو کردوە  دەبێ لە پشتى مێزەوە دانیشێت و پێی عەیب بێ کرێگارى بکات  وەکو ئێستا دەبینین  بەدەیان هەزار دەرچوى زانکۆ هەیە و بێکارن و لە بەنگلادێش و هیندستانەوە خەڵک هاتون و لاى ئێمە کار دەکەن  .
ئەى کەرتى تایبەت لا هەرێمى کوردستان لە چ ئاستێک و بارودۆخێکدایە ؟. 
بۆ ئەوەى  وەڵامى ئەو پرسیارەى سەرەوەم بدەمەوە، دەبێ باسى سیاسەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان بکەین بۆ ئەوەى بزانین چییان کردوە بۆ ئەوەى کەرتى تایبەت گەشە بکات و هەلى کار بۆ بیکارەکان زۆر ببێت .  ئەگەر باش سەرنج بدەین  هەر کە کۆبونەوەکەى سەرۆکى حکومەت و میدیاکاران دەستى پێکرد و یەکەم کەس محمد ڕەئوف  بەرپرسى سایتى درەو میدیا دەستى بە قسەکردن کردوو وتى : کە لە سلێمانیەوە بەڕێکەوتین بۆ هەوڵێر و گەیشتینە بازگەى نێوان  یەکێتى  پارتى و ئەو ڕێگا خراپەى کە دیمان ، ڕێک وەکو ئەوە وایە لە وڵاتێکەوە بچیتە ناو وڵاتێکى تر . 
ئەم قسەى محمد ڕەئوف  هێمایەیەکى ڕونە بۆ دوو ئیدارەیی . هێمایەکە بۆ ئەوەى کە حکومەتى هەرێمى کوردستان تەنها ناوەو هیچى تر . هەرێمى کوردستان  حکومەتێکى سەربەخۆى خاوەن سنوورى دان پێدانراو نییە . دەتوانین بڵێین  ناوچەیەکە حوکمى زاتى هەیە لەناو دەوڵەتى  عێراقاداو خاوەنى دام و دەزگاى سەربەخۆى خۆیەتى . بەڵام ئەم حکومەتەى هەرێمێیش ئێستا دابەشکراوە لە نێوان یەکێتى و پارتیدا . تەنانەت لە دانانى بودجەشدا جیاوازى هەیە .
 حکومەتى هەرێم کە لە هەوڵێرەو بەناو حکومەتێکى یەکگرتوە ، بەڵام جیاوازى زۆر لە نێوان زونى سەوزو زەردا دەکرێت و ئەو مامەلانەى لە سلێمانیەوە ئاراستەى وەزارەتەکان دەەکرێن ، زۆر دوایان دەخەن و بەهانەیان بۆ دروست دەکرێن و زوربەى جارەکان هاوڵاتیان ناچار دەبن بەرتیل بدەن  بۆ ئەوەى لە هاتوچۆى هەولێر ڕزگاریان ببێت و ڕێگرى و  ڕۆتینیاتى نابەجێیان بۆ دروست نەکەن . ئەوەتا بە چاوى خۆمان دەبینین موچەى فەرمانبەرانى دەڤەرى سەوز لە کاتى خۆیدا نادرێت و پارەى لە بانکەکانى سلێمانیدا نامێنێت . 
 هەموو ئەوانەى لەوەزارەتەکان دانراون لەسەر بنەماى حیزبى و بنەماڵەى دانراون ، نەک لەسەر بنەماى  شارەزایی و پسپۆڕى و لێهاتویی و دڵسۆزى و دەسپاکى  . بەو هۆیەوە  هەرچى هەیە لە سامانى گشتى وەکو موڵک و ماڵى بەناو حکومەت ، داهاتى ناوخۆ و خاڵە سنووریەکان ، بازرگانى بە هەموو جۆرەکانیەوە لە لایەن هەردوو بنەماڵەوە ئیدارە دەدرێن و سەرپەرشتى دەکرێن و بەتاڵان دەبرێن . 
ئەم دوو بنەماڵەیە بە جۆرێک دەستیان گرتوە بەسەر کاسبى و بازرگانیدا کە  کەم بوارى کاسبى بۆ هاوڵاتى ئاسایی ماوەتەوەو ئەوان دەستیان بەسەردا نەگرتبێت . ئەوەى کە فریاشى نەکەوتون  بیخنە ژێر دەستى خۆیانەوە و کەسانى تر کارى تێدا دەکەن ، ئەمان بەهانەیان پێدەگرن و دەبنە شەریکیان یان سەرانەیان ڵى وەردەگرن .  زۆرترین داهاتى ئەم هەرێمە لە ڕێگاى وەزارەتى سامانە سروشتیەکانەوەیە کە داهاتى نەوتە . 
ئەم وەزارەتە  تا ئەوکاتەى نێچیر بارزانیش سەرۆکى حکومەت بوە ، بریتى بوە لە ئاشتى هەورامى  خۆی و جانتاکەى دەستى . بۆیە هەمیشە گومان لە دۆسیەى نەوت هەبوەو ئەم وەزارەتى سامانە سروشتییە کە تایبەتە بە بنەماڵەى بارزانى ئیشى ئەوە بوە کە داهاتى نەوت بدزێت و بیشارێتەوە. ئەوەتا لە ئێستا خەریکە دوسیەى نەوتى هەرێم  سەرى هەموو هەرێمیش بخوات .
خاڵە سنووریەکانیش لە لایەن هەردوو بنەماڵەوە  بەڕێوە دەبرێن و بەدەیان کۆمپانیایان  لەو خاڵە سنووریانە کردۆتەوە بۆ ئەوەى باج و سەرانە بە ڕێگاى جۆراو جۆر  وەرگرن و خەتى تایبەتى خۆشیان هەیە بۆ داخڵ کردنى کاڵا  لە  گومرگەکان کە  تەنها بۆ هەردوو بنەماڵەیەو زۆر جاریش کاڵاى ماوە بەسەر چوش داخڵ دەکەن بە پارەى زۆر .
 دواى ئەوەى کە ئەم دوو بنەماڵەیە دەستیان گرتوە بەسەر زوربەى سەرچاوەکانى داهات و بایی سەدان ملیۆن دۆلار موڵک و ماَل گشتییان داگیر کردوەو فرۆشتۆیانە ، کەواتە ئەوەى دەمێنێتەوە بەشى موچەش ناکات نەک ئەنجامدانى خزمەت گوزارى . باشە ئەگەر لە سەرۆکى حکومەت بپرسم  ئەوان چۆن بونە خاوەنى لە سەدا  40  بۆرى نەوتى  ناو هەرێمى کوردسستان ، ئەو پارەیان لە کوێ بوو ، ئایا ساڵانە هیچ باجێک  لە دەسکەوتى ئەو بەشە قازانجەى  بۆرى نەوت و  کۆمپانیاى کار بە حکومەت دەدەن ،  کە دەیان و سەدان ملیۆن دۆلارە ؟. 
بە هەمان شێوە چۆن پارتى لە سنوورى خۆى هیچ باجێک  لە قازانجى کۆمپانیاکانى خۆى  بە حکومەت نادات ، یەکێتیش لە زونى خۆى هەمان شت دەکات و هیچ باجێکیش نادات بایی سەدان ملیۆن دۆلار هەر موڵکى گشتییان داگیر کردوە . ئەوانەى کە پارێزگارى لە کۆمپانیاکانى پاراستنى نەوت و غاز دەکەن ، موچەیەکى زۆریان هەیە . بەڵام هەردوو بنەماڵە هەموو ئەو پارەیە نادەن بە پاسەوانەکانى کۆمپانیاکان و بەشێکى کەمیان پی َدەدەن و ئەوى تر بۆخۆیان دەبەن . ئەگەر  ئێمە خاوەنى حکومەتێکى نیشتمانى بین  دەتوانین ئەو کۆمپانیانە بە هێزى پێشمەرگە بپارێزین و مانگانە ملیۆنان  دۆلار بۆ خەزێنەى حکومەت بگێرێنەوە .
لە کاتێکدا بەردەوام حکومەت کێشەى کەمى پارەى هەیەو موچەى لە کاتى خۆیدا پێ نادرێت ، بەڵام لەولاوە بە سەدان ملیاردێرو ملیۆنێر لەسەر  حسابى موڵکى گشتى پەیدا بون . ئەمانە بەزۆرى لە ڕێگاى وەرگرتنى زەوى بەخۆڕایی  بەناوى کەرتى تایبەتەوە بۆ دروستکردنى تاوەرى نیشتەجێبون و ئاسانکارى بۆ ئوەى بازگانى گەورە بکەن دەوڵەمەن بون و  ئەم بازرگانە ملیار دێرو ملیۆنێرانە بە هۆکارى ئەوەى  شەریکن لەگەَل هەردوو بنەماڵەو بەرپرسانى هەردوو حیزبى دەسەڵاتدار و بەو هۆیەشەوە لە هەموو باجێک بەخشراون . 
کۆمیانیاکانى هێنانى دەرمان  هەمووى موڵکى بەرپرسانى حیزبین یان شەریکن لەگەڵیان . بۆیە جگە لەوەى باج نادەن ، ئەوەتا ڕۆژ بە ڕۆژ خەبەرى ناخۆش بڵاو دەبێتەوە  دەربارەى هاوردەکردنى دەەرمانى کوالێتى خراپ و ماوە بەسەر چوو .   ئێستا کە سەرانى هەردوو  بنەماڵە سەیردەکەن کەسانى زۆر بونە خاوەنى سەرمایەى زۆر لە سەر حسابى گشتى ،ئەوەتا وردە وردە هەڕەشەیان لی َدەکەن و داواى سەرانەیان لێدەکەن .
 بەو هۆیەوە سەرمایەدارە هەڵتۆقیوەکان لەسەر حسابى گشتى ترسیان لێ نیشتوە و لەبەر ئەوە  بە دزیەوە خەریکن پارەکانیان دەبەنە دەرەوەى هەرێم .  جەنابى سەرۆکى حکومەت هەموو خەڵک بە گەمژە دەزانێت کە دەڵێت : حکومەت پارەى نییە بۆ دامەزراندنى خەڵک ئەوە ئەرکى کەرتى تایبەتە  هەلى کار بۆ خەڵک بدۆزێتەوەو ئێمە ڕونمان کردەوە کە شتێک نییە لەکوردستان بەناوى کەرتى تایبەتەوە  هەبێت .
 بەڵام جەنابیان  کە سەرۆکى حکومەتەو وەزارەتى پێشمەرگە یەکێکە لە وەزارەتە گرنگەکانى حکومەتەکەى.  ئەوەمان زانى دوو ئیدارەییە و ئەوەشمان زانى کە هێزى پێشمەرگە تا ئێستا هێزێکى نیشتمانى یەکگرتوو نییەو  هێزەکانى حەفتاو هەشتا تا ئێستا وەکو  دوو مێلیشیاى  سەر بە دوو جیزبى هەردوو بنەماڵکەن . لە کاتێکدا  بەردەوام هێزەکانى هاو پەیمانان جەخت لەوە دەکەنەوە کە هێزەى پێشمەرگە یەک بخەن .ئەمەشیان خاترى جەنابیان  . ئەى باشە پێمان ناڵێن  بۆ چ مەبەستێک فەوجێک  پێشمەرگە بۆ عەبدوڵاى کوێخا موبارەک  دروست دەکەن ؟. ئەگەر ئەمە بۆ دژایەتى یەکێتى نییە ، ئەى بۆ چ مەبەستێکى ترە ؟. 
 ئەى باشە حکومەت هێزى پێشمەرگەى نییەو  یەکێتیش بەشدار نیە لەو حکومەتەى جەنابتان سەرۆکنى و وەزیرى پێمەرگەش لەسەر پشکى یەکێتى نیە ؟. کەواتە ئەم حکومەتە چ مانایەکى دەمێنێت ، کە حیزبەکەى سەرۆکى حکومەت هێز لەناو هێزى پێشمەرگە دروست بکات بۆ دژایەتى ئەو حیزبەى   شەریکى حوکمڕانیەتى ؟.
 ئێستا  چەند خەبەرێکیش لە فەیس بوک بڵاوبۆتەوەو نازانم تا چەند ڕاستە گوایە پارتى فەوجێکى 400 کەسى بۆ سەمەد بێتواتەیی دروست کردوە کە لاى یەکێتییەوە چۆتە ناو پارتى . باسى ئەوەش دەکرێت کە پارتى بڕیارى داوە  سەیارەى دوامۆدێل بۆ هەموو فەرماندەکان و جێگرى فەرماندەکانى  هێزەکانى 80 بکڕێت  . ئەگەر ئەم خەبەرەش ڕاست بێ ئابروچونێکى ترە بۆئەم بەناو حکومەتەى هەرێمى کوردستان و نازانم جەنابى سەرۆکى حکومەت  چ وەڵامێکى بۆ ئەمانەدەبێت ؟. 
باشە  6000 هەزار ئاوارەى سورى بۆچى و لە پێناوى چیدا چەکدار دەکەن بە ناوى پێشمەرگەوە کە لە ڕاستیدا ئەمانە پێشمەرگە نین چونکە بۆ دژایەتى کوردانى سوریا دروست کراون ؟ .  ئەو پارەیەى لەبەکرێگرتنى  خەڵکدا خەرج دەکرێت  بە مەبەستى ئاژاوە نانەوەو تێکدانى ناو ماڵى کورد ، باشتر نییە دەرچوانى زانکۆ و پەیمانگاکانى  پێ دامەزرێنرێت ، یان  ئەوانەى پێدامەزرێنن کە چەندین ساڵە بە خۆبەخش لە خستەخانەو  بوارى پەروەردەدا کاردەکەن ؟. بەڕێزم ئێمەکە کە ڕەخنە دەگرین ، دڵمان ژان دەکات و هیچمان دوژمنى دەسەڵاتى کوردى نین ، بەڵام ئێوەن کە بونە هۆى تێکدانى ناوماڵى کوردو دروستکردنى دوژمنایەتى و دوو بەرەکى بەردەوام و دروستکردنى مەترسى بۆسەر قەوارەى هەرێمى کوردستان .
  من باسى ئەوەم کرد کە دەوڵەتەسەرمایە  دارەکانى  جیهان ڕێگایانداوە کەرتى تایبەت ببێتە خاوەنى هەموو شتێک لە وڵاتدا ، بەڵام تا ئێستا  کەرتى پەروەردەو خوێندنى باڵاو  بوارى تەندروستى  هەر لەژێر دەسەڵاتى حکومەت خۆیاندایە چونکە ئەم دوو کەرتە گرنگترین کەرتن لەناو کۆمەڵگادا . ئێوە بەوە تێرتان نەخوارد هەموو شتێکتان بۆخۆتان داگیر کرد ، ئەوەتا کەرتى تەندروستى و پەروەردەو خوێندنیشتان وێران کرد. 
خەستەخانەکانى حکومەت لە ئاستێکى زۆر خرابدان و   لە ناچاریدا  نەبێـت کەس ڕویان تێ ناکات  چونکە هیچ گرنگى بە هاوڵاتیان نادرێت و تەنانەت دەرمانیشیان تێدا نەماوە  .  خەستەخانەى زۆرى  سەر بە بەرپرسانى  هەردوو حیزبى دەسەڵاتدار و دەست وپێوەندەکانیان کراونەوەو بەردەوام گیرفانى خەڵک بەتاڵ دەکەنەوە . هیچ بایەخێکتان بۆ خوێندن نەهێشتۆتوەو بەدەیان زانکۆ و خوێندنگاى ئەهلى کراونەوەو جیاوازییەکى چینایەتى بێ مانا بەرهەم هاتوە  .
 سەرۆکى هەرێم و سەرۆکى حکومەت و سەرۆکى کۆمار خاوەنى زانکۆى خۆیانن . سەرۆکى حکومەت و سەرۆکى هەرێم خاوەنى دوو کەناڵى تەلەفزیۆنى خۆیانن کە خەرجیەکانیان ساڵانە وملیۆنان دۆلارە  لەسەر بودجەى گشتى .  بەڵام حکومەت خۆى هیچ کەناڵێکى تەلەفزیۆنى نییە . پێم بڵێن ئەمە لەکوێی دنیادا هەیە ؟.
  کۆتایی بە باسەکەم دەهێنم لەڕێگاى ئەم دوو نمونەى خوارەوەو کە  ئەمانە نمونەى ڕاستەقینەى شێوازى حوکمڕانى هەرێمى کوردستانن . لە هەموو دام و دەزگاکانى حکومەت  کارو بارى خەڵک  بەم شێوازە   بەڕێوە دەچێت و  ڕوتینیات و وەرگرتنى بەرتیل بۆتە سیماى دیارى ئەم حکومەتە :  
1-کەسێک لە سلێمانى خاوەنى کارگەیەکى بەرهەمهێنانى  شەربەتە . شەربەتەکەى  تا بڵێی باشە . ئێستا خەریکە شەربەتى مێوژەکەى بۆ ئەڵمانیا دەنێرێت و خواستى زۆرى لەسەرە . ئەم کارگەیە بۆ دروستکردنى شەربەتى پرتەقاڵ و هەندێک شەربەتى تر پێویستى بەهێنانى شەربەتى پرتەقاڵە بە خەست کراوەیی  لە ئێران چونکە لە عێراق نییە . ئەو شەربەتەش دەبێ لە ڕێگاى سەیارەى ساردکەرەوەدا بگوازرێتەوە  بۆ سلێمانى ، چونکە ئەگەر وانەبێت خراپ دەبێت . 
کاتێک شەربەتەکە دەگاتە مەرزى باشماخ فەحس دەکرێت . ئەگەر یاسا هەبێت  بە پێی یاسا ئەگەر لە فەحس دەرنەچوو ، یەکسەر دەگەڕێنرێتەوە و داخڵى هەرێم ناکرێت .بەڵام ئەگەر لە  فەحس دەرچوو دەبێ  داخڵى هەرێم بکرێـت و نابێ ڕێگرى لێ بکرێت . ئێستا سەیرکەن و ببین ئەگەر شەربەتەکەش لە فەحس دەرچو دەبێ خاوەن شەربەت چى بکات ؟. 
لە مەرزى باشماخ کیتابى بۆ دەکرێت  بۆ خەستەخانەى شیرەەکەى سلێمانى ، لە خەستەخانەى شیرەکەش  کیتابى بۆ دەکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتى  گشتى تەندروستى سلێمانى . ئەوانیش کیتابى بۆ دەکەن بۆ وەزارەتى تەندروستى لە هەولێر. کە کیتابەکە دەبەنە وەزارەتى تەندروستى  بە کۆمەڵێک ڕۆتینیاتدا تێدەپەڕێت . واتە بۆ وردبینى و  ئیمزاکردن لەسەر کیتابەکە . ئەم ژوور تەواو دەکات و ژوورى دووەم بەرپرسەکەى تەعزیەى هەیەو لەوێ نییە . دەبێ بەیانى بچێتەوە . بەیانى دەچێتەوەو  بەرپرسێکى تر کۆبونەوەى گرنگى هەیەو لەوێ نییە . هەندێکیش هەر لەبەر ئەوەى لە سلێمانییەوە  ناردویانە بە ئارەزو دواى دەخەن و کارەکە بەڕى َ ناکەن . سەیرەکە لەوەدایە نمونەى شەربەت بۆ هەوڵیر نەهاتوە تەنها کیتابەکەى مەرزى باشماخە ئەم هەموو دەستاو دەستەى پی َدەکرێت . باشە ئەگەر نمونەى شەربەتەکەشى لەگەَلڕ بێت ، دەبێ بە چەند مانگ وەڵامەکەى دەست کەوێت .
کورت و کرمانجى تا وەڵامى کیتابەکە  وەر دەگیرێتەوەو  دەبرێتەوە  سلێمانى  و مەرزى باشماخ لانى کەم  هەفتەیەکى دەوێت ئەگەر زیاتر نەبێت . خاوەن کارگەکە دەڵێت  :  یان دەبی َهەفتەیەک  لە هەوڵیربم و پارەى هۆتیل بدەم  ، یان هەموو ڕرۆژێک بەیانى لە سلێمانییەوە بچم بۆ هەوڵیر و بگەڕێمەوە  . قیروسیا لە مەسرەفى بەنزین  ئەى ماندوبون و مەترسى ڕێگاى مەرگى نێ،ان سلێمانى و هەوڵیر .  بۆیە ناچار بوم موحامى بگرم بۆ ئەى هەموو جارێک مامەلەکەم  بۆ جێ بە جێ بکات . لە مەرزى باشماخیش دەبێ  پارەى هەموو ڕۆژێکى وەستانى سەیارەى ساردکەرەوەکە بدەم کە  شەوى لە 150 دۆلار کەمتر نییە . 
هەر وەها خاوەن کارگەى شەربەتەکش دەڵێت :جارى واهەیە  مەوادەکەمان لە کارگە نەماوەو بەوهۆیەوە کارگەکەش لە کار دەکەوێت . هاوڵاتیانى خۆشەویست  ئەم هەموو مامەلەو بێنەو بەرەیە هەموى لە زیادەیەو  بۆ زەحمەت دانى خەڵکە چونکە شەربەتەکەى لەفەحس دەرچوە . ئەمە بۆچى دەکەن ؟. بۆ ئەوەى  کەس هیچ بەرهەم نەهێنێـت و هەموى لە دەرەوەى وڵات هاوردە بکەن لە پێ،اوى وەرگرتنى باجدا . 
بەڵام  بۆ ئەوانەى کە لە مەرزى ئیبڕاهیم خەلیلەوە هەمان مەواد دەهێنن و بۆ سنوورى پارتی ، پێویست ناکات  سەردانى هەوڵیر بکەن و هەر لە دهۆک کارەکانیان بۆ ڕاهى دەکەن . ئەمەش نیشانەیەکى دیارى  ئەو سوکایەتى و جیاوازیەى بە خەڵکى سلێمانى دەکەن .  خۆ ئەگەر ڕاستت دەوێت ئەوەى ئیبَراهیم خەلیلیش  ئەگەر لە گومرگ لە فەحس دەرچوو ، نابێ پێویست  بەسەردانى دهۆکیش بکرێت  نەک هەولێر  . 
2-ئەگەر لە مەرزى ئیبڕاهیم خەلیلەوە هەمان شەربەتى خەستکراوە داخڵ بکەى  هەندێک جار ئەوانە بە کارتۆنن و لە قتوى بچوکدان و هەر کارتۆنەى بایی 500-600 دۆلارە . کاتێک  داخڵى هەرێم دەبێت دەبی َبچى ئەو مادەیە فەحس بکەى . دیارە فەحسکردنى مادەیەکى شل پێویستى بە چەند سی سییەک  یان پڕبە سرنجێک  یان ئەو پەڕى قتویەک لەو مادەیە هەیە  . بەڵام ئەوان کارتۆنێک دەبەن بۆ فەحس . دوکانێک لە نزیکیان هەی دیارە هەر هى خۆیانە  یان کەسێکى ناسیاو یان بە شەرێکى لەگەَل کەسێکیتر . 
کارتۆنە شەربەتەکە  بۆ نمونە دەدەنە دوکاندەرەکە بە 200 دۆلار . ئەویش لە جێوە دەیفرۆشێتەوە  بە 250 دۆلار . ئەم خاوەن شەربەتانەش  ئەو حیکایەتە دەزانن دوایی دەچن شەر بەتەکەى  خۆیان لەو دوکانە دەکڕنەوە و هیچ نەبێ  لە 600 دۆلارەکە نێوەیان دەست کەوتۆتەوە . ئەمە ڕێک وەکو ئەوە وایە بچیتە لاى دکتۆر ئەویش بۆت بنوسێت  بۆ فەحسى خوێن.
 خاوەن  موختەبریش لە جیاتى چەند سی سییەک خوێن یەک بوتڵ خوێنت لێ وەرگرن و دوایی بیفرۆشێتەوە  .  زۆر داواى لێبوردنیشتان  لی َدەکەم  ئەم نمونەیەم هێنایەوە دوایی بیرم کەوتەوەو تازە ناردبوم بۆ بڵا کردنەوە ، چونکە ترسى ئەوەم هەیە لەمەولا خاوەن موختەبەرەکان فێرى کاسبى خوێن فرۆشتنیش ببن و  چونکە هیچ شتێک لەم وڵاتە غەریب نییەو زۆر جار بەرازیش هێلکە دەکات . 
لەو کاتەوە کە نرخى نەوت بەرز بۆتەوە  داهاتى حکومەتى عێراق بە ڕێژەیەکى بەرچاو زیادى کردوەو یەدەگى پارەو ئاڵتونیشیان هەر زۆر زیادى کردوە . قەرزدەدەن بە کەم دەرامەتەکان بۆ دروستکردنى خانوو. لە جەژنەکاانى ڕەمەزان و قورباندا بڕى 100 هەزار دینار وەکو جەژنانە دەدەن بەو کەسانەى کە موچەکانیان کەمە . 
لە کاتێکدا  کە کابینەکەى مەسرور بارزانى ناوى کابینەى چاکسازییە و بە حساب پارەیەکى زۆر گەڕاوەتەوە  بۆ خەزێنەى حکومەت  لە ڕێگاى کەم کردنەوەى موچەى پلەباڵاکان و  برینى موچەى ئەوانەى دوو موچەیان بە نایاسایی هەیەو ئەوانەشى بە نایاسایی موچەیان بۆ بەستراوە . لە لایەکى تریشەوە ساڵانە نزیکەى 6 هەزار کەس خانە نشین دەکرێن و موچەکانیان دەبێتە نیوەو ماوەى چەندین ساڵیشە کەس دانامەزرێنرێت و بە سەدان پرۆِژەش کارەکانیان وەستێنراوە  و خزمەت گوزاریش لە ئاستى پێویستدا نییەو ئەوەتا موچەش بە باشى لە کاتى خۆیدا دابەش ناکرێت و  نەک هیچ قەرزێک نەدراوەتەوە بەڵکو بەردەوام  قەرزەکانى سەر حکومەت زیاد دەکات . سەرە ڕاى هەموو ئەمانە ئێستا  35 ملیار دینار خەرجى موچە زیادى کردوە .  ئەوەى ماوەتەوە بیڵێم :  تا هەرێمى کوردستان خاوەنى حوکمڕانییەکى لەم شێوەیە بێت و کەسانێک بەڕێوەى  بەرن کە  سنوورى عەقَلیەتى  خێڵ و عەشرەت و ڕوحى تۆڵە کردنەوەی بەرامەبەرەکانیان  تێنەپەڕاندبێت  و بەردەوام خەرێکى تاڵانکردنى سامانى نیشتمانبن ، نەکەرتى تایبەت گەشە دەکات و نە کەرتى گشتى و بەردەوام وڵات بەرەو وێرانتر و وێرانتر دەڕوات .