یەکێتی لە سۆسیال گۆچانی تالەبانییەوە بۆ سۆسیال پۆستاڵی پاڤێل


ئایا زۆرینەی زاناکانی جیهان ئاینداران یان بێئاین؟ (بەشی دووەم)

Sunday, 07.10.2022, 19:20

818 بینراوە


ڕێژەی ئاینداری و بێئاینی زاناکان

زۆربەی ئاینداران پێیان وایە، قووڵبوونەوە لە زانست مرۆڤ زیاتر بەرەو باوەڕداری دەبات. ئاستی ڕاستبوونی ئەم بۆچوونە بەندە بەهەڵە شیکردنەوە و تێکەڵکردنی دوو شتی لێک جیا، یەکیان هەستکردن بە جوانی و سەرسامبوونە بە دیاردە سروشتییەکان بەهۆی ڕێکارە زانستییە ڕوتەکان، دووەمیان باوەڕدارییە بە بوونی خوایەک، یاخۆ هێزێکی ژیر و هۆشیار بۆ بەڕێوەبردنی سەرلەبەری شتگەلەکانی گەردوون. ئەوانەی لە زانستە سروشتییەکاندا کار دەکەن، ئەو هەستکردن و سەرسامبوونەیان لەلادا دەبیندرێ، جا چی بێباوەڕ، یان باوەڕدار بن.
لەوەتەی مرۆڤ هەیە لە هەوڵێ بەردەوامە بۆ تێگەیشتن لە دیاردە و ڕووداوەکانی سروشت بۆ سوود وەرگرتن، یان خۆپاراستن لە زیانەکانی، ئەمەش هۆکاری سەرهەڵدانی ئاینەکانە، هاوکات بزوێنەری زانستە. لێرەدا هەرچەندە هۆکاری هەردووکیان یەک شتە، بەڵام مەرج نییە هەمان دەرەنجامیان هەبێ، لەمەوە ئەو بیروڕایە بڵاو بووەتەوە لای ژمارەیەک لە زاناکانیش کە زانست و ئاین دژی یەک نین.
دەکارین ئەوانەی تۆژینەوە ئەنجام دەدەن لە سروشت بۆ دۆزینەوەی خوا، وەک یەکێک ببینین بگەڕێت بەدوای گەنجینەیەک کە پێی گوتراوە لە ناوچەیەکدا شاردراوەتەوە، بە بەراورد بە زانایەکی زانستە سروشتییەکان، ئەوەی گوێ بە بوونی هیچ گەنجینەیەک نادات و مەبەستی تەنیا هەڵکۆڵینە تا بزانێت چی لەژێر زەویدا هەیە. بەمەوە سروشتە بێئاینییەکەی زانستمان بۆ بەدەر دەکەوێت، چونکە زانست هیچ کاتێک لێکۆڵینەوە ناکات بۆ شتێکی تایبەت، ئەوەی گرینگە پشکنین و تێگەیشتنە لە گەردوون. لەگەڵ ئەوەش واتاکەی بەو شێوەیە نییە، زانست مەبەست و ئامانجی نەبێت، بە نموونە کاتێک ڕێڕەوی تۆژینەوەیەک بەرەو دەرنجامێکی باش دەڕوات، پێویست دەبێ بەدواداچوونی پتری بۆ بکرێت، بەبێ ئەوەی گەیشتن بە دەرەنجامێکی خوازراو مسۆگەر بێت.
کەواتە ئاساییە گوێمان لە ناوی خوایەک، یاخۆ دروستکەرێک نەبێ لە بابەتگەلە زانستییەکان، لەبەرئەوەی زانست بێلایەنە و دەشێ بڵێین بێئاین و بێخوایە، بەڵام ناڵێت خوا بوونی هەیە یان نا، ئەم خاڵە زۆر گرینگە و تێگەیشتن لێی ئەستەمە، بەتایبەتی لەلای ئەوانەی شارەزای شێواز و کاری بوارە زانستییەکان نین. لەم ڕووەوە دەگێڕنەوە، کاتێک زانای ماتماتیک و گەردوونناسی ناودار لاپلاس (Pierre-Simon Laplace)، شاکارە مەزنەکەی بەناوی (میکانیکای تەنە ئاسمانییەکان) پێشکێش بە ناپلیۆن کرد، ناپلیۆن پێی دەڵێ: تۆ ئەو کتێبە گەورەیەت نووسیوە لەسەر سیستەمی گەردوون، کەچی لە هیچ شوێنێکدا ئاماژەت نەداوە بە دروستکەرەکەی کە خوایە، لاپلاس گوتی: گەورەم، پێویستم بەو گریمانەیە نەبوو!
لەڕاستیدا کاتێک گوێمان لە زانایەکی کۆن، یان یەکێکی پێش ئەم سەدەیەمان دەبێ وەک نیوتن و گالیلێیۆ، تا بە ماکس پلانک و ئەینشتاینیش دەگات کە بەئەرێنی دەربارەی ئاین و خوا دەدوێن، پێویستە لە چوارچێوە مێژووییە ڕاستەقینەکەیان لێیان بڕوانین، ئەو دەمانەی جیهان جارێ تەقینەوەیەکی زانستی هاوشێوەی سەدەی بیستەمی بەخۆوە نەبینی بوو، واتە جیهانی ئەوان وەک ئەوەی ئێمە نەبووە. ئەم زانایانە بە پێشەوا و ڕابەر دادەندرێن بۆ وەرچەرخانێکی مەزنی نێوان چەرخی پێش زانست و دوای ئەو، ئەمانە لە دوو جیهانی جیاواز ژیانیان بەسەر برد، بۆیە شتێکی ناوازە نییە کە بیروباوەڕێک نیشان بدەن نامۆ بێت لەلای زاناکانی ئێستە.
کاتێکیش سەرنج دەدەینە جیهانی ئیسلام، زۆر بەئاسانی بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە لە داهێنان و بەبەرهەمهێنانی زانستەکاندا گەلەک هەژارە، بایەخێکی ئەوتۆ بە زانست نادرێت چی لە ئاستی جەماوەر بێ، یاخۆ دەسەڵاتداران. ئەو زانست و تەکنەلۆژیایەی ئەمڕۆکە لەبەردەستمانە، بە پلەی یەکەم زانستێکی خۆرئاواییە، لەگەڵ بەشدارییەکی کەمتری وڵاتانی دی. هەرچەندە نابێ هەوڵی زاناکانی جیهانی ئیسلامی لە کۆندا لەبیر بکرێن، ئەوانەی لە سەردەمێکدا هاتنە مەیدان کاتێک زەبر و دەسەڵاتی ئاین تا ڕادەیەک شل ببوو، بەمەش بیرمەندان تۆزە ئازادییەکیان بەدی کرد و توانیان زانستی گریکییەکان و شارستانییەتییەکانی دیکە زیندوو بکەنەوە و بەرەو پێشەوەیان ببەن. پاشان کە دیسانەوە تەنیا ئاین گرینگی پێدرا و (زانا) ئاینییەکان بوونە دەمڕاستی گشت بابەتێک، ئەوا جارێکی دی کاریگەری موسڵمانەکان کۆتایی پێهات و کۆمەڵگە دووچاری نەزانین و دواکەوتن بووەوە. نەک هەر ئەوەندە، بگرە زۆربەی زاناکان بە بێباوەڕ و دوورخەرەوەی موسڵمانان لە ئاینی خوا، تاوانبار کران.

ئەمریکا وەک پێوەرێک بۆ ڕێژەی بێباوەڕی زاناکان 

زانستی ئەم سەردەمەمان بە شێوەیەکی گشتی بەرهەمی وڵاتانی خۆرئاوایە، بەتایبەتیش وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای سەرکەوتوو لە جەنگی دووەمی جیهانی و کزبوونی ڕۆڵی ئەوروپا لە بوارە زانستییەکان. پێشەنگی ئەمریکا بەو مەبەستە نییە کە تاکە وڵات بێت لە بابەتە زانستییەکان، پێوانەکان پتر دەوەستنە سەر ژمارەی تۆژینەوە و داهێنانەکان، لەبەرئەوەی زانستی ئەمڕۆ کاری تاکەکەسی نییە، بەڵکوو هەوڵێکی مرۆیی دامەزراوەیی و هەرەوەزییە و سنووری جوگرافییایی تێ پەڕاندووە. 
بۆ ڕوون کردنەوە و بەراوردکردنی ژمارەی بەرهەمە زانستییەکانی چەند وڵاتێک، دەکارین سەرنجێک بدەینە ئەو دوو ڕیزبەندییانەی خوارەوە؛ 
ناوی پێنج وڵات بەرانبەر بە ژمارەی بەڵگەنامەی زانستی بەرهەم هێندراو؛
- وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا: 9.360.233
- چین: 4.076.414
- شانشینی یەکگرتوو: 2.624.530
- ئەڵمانیا: 2.365.108
- ژاپۆن: 2.212.636
لیستی دووەم تەواوکەری ئەوەی یەکەمە بۆ پێنج وڵاتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە ژمارەی بەڵگەنامەی زانستی؛
- تورکیا: 434.806
- ئێران: 333.474
- ئیسرائیل: 295.747
- میسر: 137.350
- سعودیە: 111.117
ئەوەی پێویستی بە ئاماژە پێکردنە، ئەم خشتانەی ژمارەی بەڵگەنامە زانستییەکان، وێنەیەکی زیندوون بۆ بەرەو پێشەوەچوونی پێکەوەیی زانستی ئەمڕۆ. پێش بەدامەزراوەبوونی زانست (Institutionalized science)، مرۆڤ وای دەبینی، لەملاو ئەولای جیهان ناوە ناوە یەکێکی بلیمەت پەیدا دەبێ و بە هەوڵی تاکەکەسی دەبێتە خاوەن دۆزەوە و داهێنانێک، بەوەش ناودار دەبێ و بە زانا دەناسرێت. ئەم شێوازە لە داهێنان بووتە مێژوو لەبەر چەند هۆیەک لەوانە، زانست بە شێوەیەکی وا پێشکەوتووە، ئەستەمە یەک کەس بەتەنیا بتوانێت ببێتە پسپۆڕ لە هەموو لایەنەکانی زانستێکی دیارکراو، نەک هەر ئەوەندە، بەڵکوو سەختە بۆ لکێکی بوارێکی زانستیش. زانای ئەمڕۆکە لە خاڵێک و لایەنێکدا تۆژینەوە ئەنجام دەدات و دەیەوێ بگات بە دەرنجامێک، بەبێ یارمەتی زانا و ڕێکخراوەکانی دیکەی جۆراوجۆر، هەرگیز گشت زانیاری دەربارەی ئەو زانستانەی کە یەکجار بەربڵاو و فرەوانن بەدەست ناهێنێت.
زانست و بەرهەمە تەکنەلۆژیاییەکان هۆکاری پێشکەوتنە سەربازی و پیشەسازییەکانن، ئەمەش زاناکان دەکاتە سامانێکی یەکجار بەهادار بۆ سوود و قازانجی نەتەوەیی. بەتایبەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئێستە بەهێزترین وڵاتە لە زانست و زۆربەی هەرە زۆری بوارەکان، بۆیە دەکارین زاناکانیان وەک پێوەرێک وەربگرین بۆ شێوازی بیرکرنەوە و بیروڕا و بۆچوونیان دەربارەی بابەتگەلەکانی ژیان و ئاستی باوەڕدارییان. هەرچەندە ئەمریکا خاوەنی دەستورێکی عیلمانییە و ڕێژەی ئایندارانی کەمتر بووەتەوە، بەڵام دیسانەوە بە پێشکەوتووترین وڵاتی جیهان دادەندرێت بە بوونی زۆرترین ژمارە لە ئاینداران، بە بەراوردکردن لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتووی بە ئاینداری کەمتر. واتە ئەو ژمارانەی لە ڕاپرسییەکاندا ئاماژەیان پێ دەدەن و ئەمریکایان لەگەڵە، هەمیشە ڕێژەی بێباوەڕی لەنێوان زاناکان و خەڵکانی کەمترە لەوەی ئەمریکا.
بۆ قووڵبوونەوەی پتر لە چەندین ڕوانگەوە کۆمەڵێک زانیاری دەربارەی بابەتەکەمان دەخەینە بەردەست، بۆ ئەمەش پشت دەبەستین بە تۆژینەوەیەکی گەورە و فرەلایەنی ئامۆژگەی (وین/گالوپ) لە ساڵی 2012. سەرچاوەی ئەمە و وردەکاری ڕاپرسییەکە کاری نێوەندی پیوە بۆ پشکنینەکان (Pew Research Center).
ئەوەی لێرەدا دەمانەوێت تیشکی بخەینە سەر، ئەو هەژمار و ڕاپرسییانەیە بۆ ئاستی باوەڕداری بە خوا لەلای زاناکان و خەڵک بەگشتی. دەتوانین وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک پێوەرێک و نموونەیەک وەریان بگرین بۆ تێکڕای وڵاتانی جیهان، بۆ پێوەندی بێباوەڕی و پێشکەوتنی زانست. 
لە یەکەم بابەتی ڕاپرسیەکەدا بۆ ڕێژەی باوەڕداری لەنێوان زاناکان و کەسەکانی ئاسایی کۆمەڵگە، بەدەر دەکەوێت کە %83ی ئەمریکاییەکان باوەڕیان بە خوا هەیە، بەڵام ڕێژەی زاناکان تەنیا %33یە. ئەم جیاوازییە یەکجار گەورەیە، بەڵگەیە بۆ بوونی پێوەندییەکی بەتینی زانست بە بێئاینی، بەلایەنی کەم لە کۆمەڵگەیەکی وەک ئەمریکا کە ژمارەی ئاینداری تێدا زۆر بەرزە. هەرچەندە واتاکەی ئەوە نییە، ئەندامەکانی دیکە هەموویان لە بێخواکان بن، چونکە بێخوا لەناو خەڵکان %4 و لای زاناکان %41 بوو، واتە ڕێژەیەک هەیە باوەڕیان بە خوا نییە، ئەگەرچی خۆیان بەبێ خوا ناناسێنن. بە دوورخستنەوەی ئەوانەی بێوەڵام بوونە، دەبینین چەندانێک باوەڕیان بە هێزێکی گیانی و باڵا هەیە و هاوکات بێباوەڕن بە خوای ئاینەکان. کەواتە ڕێژەی بێئاینەکان (بێخوا و بێباوەڕ بە خوای ئاینەکان)، %16ی خەڵک و %48 لە زاناکان دەگرێتەوە.
بابەتی دووەم گرینگی دەدات بە وەردەکاریی باوەڕداری لەلای زاناکان، بۆ ڕەگەزی نێر و مێ، تەمەنی زاناکان، بواری پسپۆڕییان؛
جیاوازی ڕەگەز: ڕێژەی نێرینە بێخواکان %8ی زیاترە لەوەی مێینەکان، بەڵام دیسانەوە مانای ئەوە نییە، زانا مێینەکانی دی هەموویان باوەڕیان بە خوا هەیە، بەڵکوو زۆربەیان باوەڕیان بە هێزێکی گیانی باڵایە.
جیاوازی تەمەن: کاریگەری تەمەن لەسەر باوەڕهێنان بە خوا جێی تێڕامان بوو، چونکە بەئاشکرا بەدیار کەوت، چەندەی زانا بەتەمەنتر دەبێت و زیاتر بەرەو قووڵایی زانست دەچێت، ئەوا پتر لە ئاین دوور دەکەوێتەوە.
جیاوازی بواری پسپۆڕی: پسپۆڕی زاناکان ڕۆڵ دەگێڕێ لە تێڕوانینیان بۆ بیرۆکەی بوونی خوا، بە نموونە زانا زەویناسەکان لە پلەی یەکەمن بە بێباوەڕی و بێئاینییان. دەشێ ئەمەش بۆ ئەو نالۆژیکییانە و بیروڕا نازانستییانە بگەڕێتەوە دەربارەی دروستبوونی زەوی و تەمەنەکەی، بە بەراورد بە ئەستێرە و هەسارەکانی دیکە، واتە بەهەڵەخستنەوەی چیرۆکە ئاینییەکان بۆ ئەم جۆرە زانایانە، شتێکی ئاڵۆز و دژوار نییە. هاوشێوەی ئەو بۆچوونانە لەلای زاناکانی فیزیا و گەردوونناسیدا دەبیندرێن، هەرچەندە ژمارەی نازانمکارەکانیان (Agnosticism) پترە، لەبەرئەوەی بڕیاری یەکلاییکەرەوە ئاسان نییە، لەکاتێکدا گەلەک پرسیاری سەخت و ئاڵۆز لە فیزیادا چاوەڕێی وەڵامە، لەگەڵ هەموو ئەمانەش زاناکانی فیزیا و زیندەوەرزانی لە ڕیزی پێشەوەی بێباوەرانن. زانا کیمیاییەکان لەنێو تێکرای بوارە زانستییەکاندا، ڕيێژەی باوەڕداریییان بە بوونی خوا زیاترە، لەوانەیە ئەمە پێوەندی هەبێ بەوەی کاری کیمیازانان لە ماددەکان و کارلێکردنیان، ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی ڕاستەخۆ دروست ناکات لەگەڵ پرسی هەبوونایەتی.
پێویستە بڵێین ناتوانین بەتەواوی پشت ببەستین بە دەرەنجامی ئەو ڕاپرسییانە بۆ گشت لایەن و هۆکارەکانی بێباوەڕیی و باوەڕهێنان، چونکە سەلماندنی بوونی خوا بە ئەرێنی و نەرێنی کاری بنچینەیی زانست نییە، بۆیە بێباوەڕی زاناکان هەمیشە بۆ گەڕان و پشکنینی زاناکان، بۆ گریمانەی بوونی خوایەک ناگەڕێتەوە.

بێباوەڕیی زانا هەرە مەزنەکان

بۆ تێگەیشتنێکی وردتر و دەستنیشان کردنی تەواوی ئاستی ئاینداری زاناکان، لێرەدا پەنا دەبەینە بەر کۆمەڵێک ڕاپرسی، بەڵام ئەم جارەیان لەلای زانا مەزنەکانی جیهان )پوختەی دەرەنجامەکەی لە گۆڤاری Nature بڵاوکرایەوە).
مەبەست لە (زانای مەزن) وەک پلەیەکی بەرزی زانستی، ئەو زانایەیە کە لە ئەکادیمیا و ڕێکخراوە زانستییە فرە ناودارەکانی جیهان ئەندامە. بۆ نموونە، لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا ئەوانەی وەردەگیرێن لە ئەکادیمیای نیشتمانی بۆ زانستەکان National Academy of Sciences))، دەبێ خاوەنی ژمارەیەکی زۆر لە تۆژینەوە و کۆمەڵێک داهێنانی گرینگ بن.
هەژمارەکە زنجیرەیەک ڕاپرسییە بۆ زانا گەورەکانی ئەو ئەکادیمیا ئەمریکاییە بەدرێژایی سەدەیەک، نوێترینیان ئەوەی ساڵی 1996 بوو. 
لە ڕاپرسییەکەدا دوو پرسیار ئاراستەی زاناکان کرا، یەکەمیان دەربارەی باوەڕداری بە خوا، دووەمیش باوەڕهێنان بە نەمریی گیان.
لە خشتەی خوارەوە بۆ باوەڕهێنان بە بوونی خوا، لە سەدەیەکدا زێدەبوونی ڕێژەی بێباوەڕی لەلای زانا مەزنەکان بەچاکی بەدەر دەکەوێت (لە %52 بەرەو %72)، ڕێژەی نازانمکارەکان تا ڕادەیەک جێگیرە (نێزیکەی 20%)، ، بەڵام هەردەم بەرز بووە. ئەو ڕێژە زۆرەی نازانمکارەکان دەشێ لەبەرئەوە بێت، زاناکان نەیانەوێت خۆیان لە بابەتگەلە فەلسەفییەکان بدەن، یان پێیان وایە بوون و نەبوونی خوا ناچێتە چوارچێوەی تۆژینەوە زانستییەکان. یاخۆ دەزانن زانست لە خودی خۆیدا بێئاینە، هەندێک دەکاتە بێباوەڕ، هەندێکیش بۆ ئەوە دەبات لایەنگیری جیاکردنەوەی ئاین و زانست بێت.
کاتێکیش دەڕوانینە خشتەی باوەڕنەبوون بە نەمریی گیان (نەمریی مرۆڤ)، دەبینین هاوشێوەی باوەڕداری بە نەبوونی خوا، ڕێژەکەی بەرەو زێدەبوونە (لە 24% بەرەو 71%)، کەچی نازانماکاری ئەم جارەیان کەمتر دەبێتەوە (نێزیکەی 42% بەرەو 22%). ئەم کەمبوونەوەیە هۆکارەکەی پێشکەوتنی بواری پزیشکی و بایۆلۆژییە، ئەوانەی توانییان گەلەک نهێنی ژیان ئاشکرا بکەن، نەبوونی زانیاری دەربارەیان ببووە هۆی دروستبوونی ژمارەیەکی زۆر لە بیڕورای پڕوپووچ و ئەفسانەیی، ئەوانەی پاشان گۆێزرانەوە بۆ ئاینەکان.
ئەگەر سەرنج بدەینە خەڵاتی نۆبڵیش، هەژمارەکان پێمان دەڵێن کە براوەکانی نێوان ساڵی 1901 تا 2000 زۆربەیان لە ئاینی کرستیانەکانن بە گشت شێوەکانییەوە (%65.4)، جووەکان (%20)، موسڵمانان (%0.8)، بێئاینەکان لەگەڵ خاوەن بیرکردنەوە ئازادەکان (%10) پێک دەهێنن. پێویستە ئەوەش ببێژین کە ئەم خەڵاتە جیهانییە و ئەوانەی بەدەستیان هێناوە، سەربە 28 ئاینی جۆراوجۆرن.
یەکەمین تێبینی لێرەدا ئەوەیە، دەبینین هەرچەندە ژمارەی ئایندارانی کرستیان و موسڵمانان لێک نێزیکن، بەڵام جیاوازییەکی یەکجار گەورە هەیە لە ڕێژەی خاوەن نۆبڵەکانیان، هاوکات جووەکان لە جیهاندا بیست ملیۆنێکن، کەچی یەک لە پێنجی خەڵاتەکە بۆ ئەوان بووە. دەشزانین کە ئاستی ئاینداری لە ئاینێکەوە بۆ یەکێکی دیکە جیایە، چونکە بەگوێرەی تۆژینەوەکان، جووەکان بەرانبەر بە کریستیان و موسڵمان و هیندۆسییەکان خاوەنی کەمترین ڕێژەی ئاینداریین، واتە شتێکی سەیر نییە کە گوێت لە جووێک بێ و باوەڕی بە خوا نەبێت، یان کەسەکە تەنیا بە فەرهەنگ جووە (Cultural jew). دەکارین ئاینی ئەینشتاین و فەیلەسوفەکەی سپینۆزا، وەک نموونەیەک وەربگرین بۆ چۆنەتی ژیانی جووێک لەگەڵ بیروڕایەکی نێزیک لە بێئاینی.
گرینگترین شت دەبێ هەمیشە دووپاتی بکەینەوە، ئێمە کاتێک دەڵێن ڕێژەی زاناکانی ئاینی کرستیانەکان (%65.4) و جووەکان (%20)، بەهیچ شێوەیەک واتاکەی ئەوە نییە ئەو زانایانە باوەڕداری ئاینی کرستیانەکان و جووەکان بن، چونکە دەشێ ژمارەیەکی زۆریان بێباوەڕ و بێئاین بن، بەڵام خەڵک بەگشتی بۆ باوەڕ و ئاین سەیری جوگرافیا دەکەن، نەک بیروباوەڕی ڕاستەقینەی کەسەکان. بەردەوام بەهەڵە ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکان دەکرێتە بەڵگە بۆ ئاینی کەسەکان، بۆیە ئەو دەمەی دەڵێین موسڵمانان دوو ملیارن، ئەوا بێگومان ژمارەی ئایندارانی ناموسڵمان لەبەرچاو ناگیرێت، بەهەمان شێوە کە دەگوترێت دانیشتووانی عیراق 40 ملیۆنە، ڕاستەوخۆ ئەم 40 ملیۆنە ژمارەی موسڵمانانە، کەس ناوی ئایندارانی کرستیانەکان و ئێزدی و هی دیکەی بێئاین ناهێنێت.
دەبێ ئاماژە بەوە بدەین ڕێژەی بێباوەڕانی خاوەن نۆبڵ، ئەو واتایە بەدەستەوە نادات ببێژین کە باوەڕهێنان بە خوا بەرەو وەرگرتنی خەڵاتت دەبات، چونکە ئەگەر وا بووایە ڕێژەی موسڵمانان وەک ئەوەی کرستییانەکان و جووەکان دەبوو. ئەوەش لەبیر نەکەین ئەم خەڵاتە بەندە بە چەندان بابەتی جۆراوجۆر لە دادوەران و بڕیاردەران و هەڵبژاردنەکان و ڕۆڵی سیاسەتکارانی وڵاتە زلهێزەکان، بەتایبەتیش لەوانەی خەڵاتیان پێ بەخشراوە لە بوارەکانی دەرەوەی زانستەکان. بۆیە بۆ کاندیدکردن و وەرگرانی نۆبڵ مەرج نییە، گشت کەسایەتییە ناودارەکان و زاناکان تێدا بەشدار بن و هاوڕای دەستەی دادوەران بن لە هەڵبژاردنی کەسانی شایستە. دوای هەموو ئەمانە دەڵێین، لەگەڵ بوونی ئەو پلە فرە بەرزەی خەڵاتی نۆبڵ، دیسانەوە بە تاکە پێوەر دانانرێت بۆ ئاستی داهێان و زانایی. 
بۆ تێگەیشتنێکی باشتری پێوەندی زاناکان بە ئاینەوە، هەوڵ دەدەین بڕوانینە چەند تۆژینەوە و ڕاپرسییەکی دیکە. یەکێک لەوانە ئەو ڕاپرسییە بوو ئەنجام درا لە ئەمریکا بە بەشداری 1700 زانا، 275یان چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کرا، لەمەشدا دەرەنجامەکان لە زۆر لایەنەوە هاوشێوەی (پەیمانگەی پیو) بوو کە پێشتر ناومان برد.
تۆژینەوەی ئیلین ئیکڵەند (Elaine Ecklund) لە زانکۆی ڕایسی ئەمریکایی، بۆ ژمارەیەکی زۆر لە زاناکانی جیهان لە فەڕەنسا، هۆنگ کۆنگ، هیندستان، ئیتالیا، تایوان، تورکیا، شانشینی یەکگرتوو و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجام درا. لەو ڕاپرسییە بەدەر دەکەوێ کە زاناکان گەلەک پتر لە خەڵکی ئاسایی هاوڕای عەلمانیەتن، لە بیروباوەڕ و چۆنەتی ژیانیان.
ئەمەش ڕێژەی باوەڕداری بە بوونی خوا لەلای زاناکان بەبێ بوونی هیچ گومانێک، لەو وڵاتانەی ئاماژەمان پێی دا؛
- فەڕەنسا %5
- هۆنگ کۆنگ %17
- هیندستان %26
- ئیتالیا %16
- تایوان %20
- تورکیا %61
- شانشینی یەکگرتوو %9
- وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا %10
لێرەدا دەشێ جارێکی دیکە پرسیار بکەین کە بۆچی زۆرینەی زاناکان بێباوەڕن؟ لەڕاستیدا بۆ بێباوەڕی زاناکان کۆمەڵێک هۆکاری جۆراوجۆر هەیە. یەک لەوانە بە پێناسەیەکی سەرەتایی، زانست دەیەوێت بە ڕێکارە زانستییەکان لە هۆیە سروشتییەکانی ڕووداو و دیاردەکان بگات، ئەمەش ناکۆکە لەگەڵ بیرۆکەی ئاینەکان کە گشت دیاردەکان بۆ ویستی خوا، یاخۆ بوونەوەرێکی باڵای هۆشمەند دەگێڕێتەوە. کاتێکیش زانایەک بیەوێ باوەڕداری خۆی لەدەست نەدات، ئەوا لەم چەند بژاردەیە پتری نییە؛
- قایلنەبوون بە ڕاڤە ئاینییەکان و گۆڕینیان بە هێما و لێکدانەوەی جیاواز و دوور لە مەبەستی دەقەکان. 
- خۆنیشاندان بەوەی ئاین و زانست دوو بواری جیان، یان ئاین تەواوکەری زانستە.
- بەلاوەنانی تەواوی ئاین، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە زاناکان پێیان وایە ئاین و زانست دژی یەکن.

ڕاپرسی و تۆژینەوەکان چیمان بۆ ڕوون دەکەنەوە؟ 

دەکارین دەرەنجامی ئەو ڕاپرسی و تۆژینەوانە، لەچەند خاڵێکدا کورت بکەینەوە؛
یەکەم: تەنیا یەک لە سێ بەشی زاناکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باوەڕیان بە خوا هەیە، لە کاتێکدا ئەمریکا یەکەمی جیهانە لە زانست، هاوکات زۆرترین ئاینداری تێدایە لە نێوان وڵاتە پێشکەوتووەکانی بەرهەمهێنەری زانستەکان. بەهەمان شێوە بێباوەڕی و بێئاینی گەلەک باوە لەلای زاناکانی وڵاتانی دی، ئەگەرچی بەڕێژەی جیاوازیش بێت.
دووەم: ئاستی ئاینداری زانا مەزنەکان، بەدرێژایی سەدەی ڕابردوو بەرەو کزی دەڕوات، واتە دەشێ بڵێین زانا گەورەکانی سەدەی زانست و تەکنەلۆژیا، زۆربەی هەرە زۆریان بێباوەڕن.
سێیەم: پێوەندییەکی پتەو هەیە لە نێوان زانست و ئەزموونی ژیان و پیشە لەلایەک، نێزیکبوونەوە لە بێئاینبوون لەلایەکی دیکەوە، وەک ئەوەی لە هەژمارەکاندا بینیمان کە زاناکان چەندەی بەتەمەنتر دەبن، هۆشێکی ڕەخنەگرانەیان لەلادا دروست دەبێ و هێندە پتر لە ئاین دوور دەکەنەوە. بێگومان ئەمەش پێچەوانەی ئەو بۆچوونەی ئایندارانە، ئەوانەی بێباوەڕی بە سەرکێشی و ناژیریی قۆناغی گەنجایەتی دەبەستنەوە. دەکارین تێبینی ئەوە بکەین کە لەو ڕاپرسییانە ئاین بابەتێکی خوازراوی پەروەردە و کۆمەڵگەیە، ئاینداریی لەلای ژمارەیەکی یەکجار زۆری خەڵکان پرسێکی بۆماوەییە، نەک باوەڕهێنان بە بوونی بەڵگە و لۆژیک.
چوارەم: ئاشکرایە زانست خۆی لە بوونی خوا و لە نەمریی گیان نادات، بەڵام بەگوێرەی ئەم تۆژینەوانە زاناکان پێیان وایە، زانست وەڵامی گونجاوی زۆرینەی پرسیارەکانی خستووەتە بەردەستمان کە ئاین دەیەوێت وەڵامیان بداتەوە، ئەگەر لە ئێستەدا تەواو و یەکجارەکیش نەبن. دەشێ یەکێک هاوڕا نەبێ لەگەڵ ئەم تێڕوانینە و بڵێت، زاناکان مرۆڤن و بەشێکن لە کۆمەڵگە، کۆمەڵگەکان پێشکەوتوونە لە ماوەی ئەم سەد ساڵە، بۆیە ئەوانیش وەک هەموو کەسانی دی، دەکەونە بەر کاریگەری گۆڕانکارییەکان. بەڵێ ئەمە ڕاستە، بەڵام داهێنانەکان بەشە هەرە گەورەکەی لە بوارە زانستییەکان بووە، کەواتە ئاساییە ئەو کۆمەڵەیەی بەرپرسن لەو بەرەوپێشەوە چوونە، خۆیان لە ناخی پێشکەوتنەکان دەژین و زیاتر هەست بە گرینگییان دەکەن.
دواجار ئەوەی پتر گرینگە و دەبێ بایەخی پێ بدرێت، بڵاوبوونەوەی زانستە لە تێکرای چین و توێژەکانی کۆمەڵگە. چونکە ئەوەی جێی سەرنجە خەڵکی بەگشتی لە ئەمریکادا دابڕاوە لە ڕەوتی زانست، لە دەرەوەی نێوەندە زانستییەکان، باوەڕداری بە خوا تەواو باوە، هەروەها چیرۆکەکانی کتێبە ئاینییەکان پیت بە پیت و بێ لێکدانەوەی جیاواز بەڕاست دەزاندرێن. واتە هەرچەندە لە بەدەست هێنانی پلەی زانستی و ڕێژەی زاناکان، ئەگەر زیاتر نەبێ لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی دیکە، ئەوا کەمتر نییە، کەچی بەهەڵەتێگەیشتنێکی زۆر هەیە بەرانبەر بە هەندێ پرسی زانستی.
زەقترین نموونە، ئەو کێشە و گرفتەیە لە نێوان هاووڵاتییان و کاربەدەستانی سیاسی دەربارەی ڕاستی بیردۆزی پەرەسەندن، گۆڕانی کەشوهەوا، ڕێگرتن لە کوتانی منداڵان و هی دی. ئەمانە بابەتگەلەکن زاناکان هەردەم لە هەوڵی ئەوەن خەڵکی هۆشیار بکەن، بەڵام بەداخەوە لەبەر بەرژەوەندییە سیاسی و ئاینی و کاریگەری ئەو دووانە لەسەر ڕای گشتی، هەموو جار تێدا سەرکەوتن بەدەست ناهێنن.
نەزانین هەمیشە لەگەڵ ستەمی ئاینەکان ڕێ دەکات، بۆ سەپاندنی ڕا و بۆچوونی نەخوازراو، ئەمەش لە چەرخی نوێی تەکنەلۆژیا دەبێتە هۆی کارەساتی گەورەی چاوەڕوانکراو.
دەربارەی ئەمە، ئاماژە بە ئامۆژگارییەکی زانای ناودار کارل سێیگن (Carl Sagan) دەدەین، بۆ بەبیرخستنەوەمان لە ئاکامێکی گەلەک مەترسیدار:
"بە پشتبەستن بە هێزی زانست و تەکنەلۆژیا شارستانییەتێکی مەزنی جیهانیمان دامەزراندووە، هاوکات هەلومەرجێکی وامان بەرپا کردووە کە تێیدا تێگەیشتنمان لە بنچینە و مەبەستی ئەو زانست و تەکنەلۆژیایە تەواو کز و لاوازە، بەم بارودۆخە پێشبینی ڕوودانی کارەساتێکی گەورە دەکرێت، دەشێ بۆ کاتێکی کەم زیانمان پێ نەگات، بەڵام بێگومان ڕۆژێک دادێ جا چی زوو بێت، یان درەنگ، ئەم تێکەڵەیە لە هێز و نەزانین بەڕووماندا بتەقێتەوە."