باڵاپۆشی (حیجاب)، بەردی ڕەش و کەعبە و حەج لە مێژوودا! بەشی دووەم

Sunday, 07.10.2022, 19:43

3180 بینراوە


لە کاتی گەڕاندا بەدوای سەرچاوە بۆ ئەوەی لەسەر مێژووی کەعبە، بەردی ڕەش، حەج، عەمرە، تەواف و قوڕبانی بنووسریت، دەردەکەوێت کە  مێژوونووسانی عەرەب و پیاوە ئاینیەکانیان و عیلمانییەکانیان، بە سەدان دۆکیۆمێنتیان بە دیجتەل و بێدیجیتەل واتە بە پەڕتووک، یوتیوب تۆڕی کۆمەڵایەتی  لەسەر دروستکردنی کەعبە، بەردی ڕەش و حەج و تەواف نووسیوە و بە هەزاران بەڵگەیان بە وێنەوە خستۆتە ڕوو.
 لەگەڵ ئەوەی ئاینی ئیسلام لە دنیادا خەڵکێکی زۆر باوەڕی پێ هەیە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دوژمنی زۆریشی هەیە، هەروها لەبەر بوونی مەزهەبی جیاواز  لەنێو ئاینی ئیسلامییدا، بوونی دژایەتی لەلایەن ڕێبەرانی ئاییەنەکانی دی بۆ ئیسلام، هەروها لەلایەن ئەوانەی بڕوایان بە هیچ ئاینێک و خودا نییە تا دەگات بە عیلیمانییەکان، هۆی ئەوەن کە بە ئاسانی سەرچاوەی بێلایەن نەدۆزرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی مێژوونووسانی موسڵمانی عەرەبی، کۆکن لەسەر ئەوەی کە کەعبە و "بەردی ڕەش" بە سەدان ساڵ پێش هاتنی ئیسلام دروست کراوە، پەرستگەی ئاینی تەوحیدی بووە، دواتر پەرستگەی بتپەرستان بووە، پاشانیش کراوە بە قیبلەی موسڵمانان. حەجکردنیش بەهەمان شێوە پێش سەرهەڵدانی ئاینی ئیسلام هەبووە، پێخەمبەری ئیسلام پێش ڕاگەیاندن و بانگەشە کردنی ئاینی ئیسلام  بۆ حەج چووە. 
مێژوونووسان و توێژەرە ئیسلامییەکان و پیاوانی ئاینی عەرەب، نکۆڵی لەوە ناکەن کە کەعبە پەرستگە بووە، بەسەدان بتی لێ بووە، عەرەب کڕنۆشیان بۆ بردووە، بەردی ڕەشیش هەر بەردەو کە تا هەنووکە موسڵمانان لە کاتی حەج کردندا بەدەوری دەخولێنەوە. کێشە لێرەدا ئەوەیە، کە مەلا و پیاوی ئاینی کورد، هەرگیز ئەم ڕاستییانە بەگوێی گەلی کورد ناچرپێنن و ناهێڵن بەرچاوڕۆشناییەک لای موسڵمانی کورد هەبێت و ببینێت کە بە میلیۆنان موسڵمان ساڵانە لە دوورگەی عەرەبی بەدەوری بەردێکدا دەخولێنەوە، بەڵام دێن ئاگری نەورۆز و جەژنی نەورۆز حەرام دەکەن و دەڵێن، ئەم جەژنە هی ئەوانەیە کە ئاگریان پەرستووە! لە کاتێکدا لە مێژوودا هاتووە، کە  یادکردنەوەی ئەو بۆنەیە بۆ میللەتی کورد، بووەتە هۆی ئەوەی، کە خەڵکێکی زۆر گرفت و نەهامەتیان تووش بێت لەلایەن ڕژێمە داگیرکەرەکانەوە و بەسەدان کەس لە سێدارە دراون، تەنیا لەبەرئەوەی یادی ئەو بۆنەیان کردۆتەوە. میللەتی  کورد لەو ڕۆژەدا تەنیا دەچێت بۆ سەیران، واتە یادکردنەوی نەورۆز هیچ دەرامەتێک بۆ میللەتی کورد ناهێنێت و هیچ گیرفان پڕ کردنێکی تێیدا نییە،  تەنیا ئەوە نەبێت، کە لەو بۆنەیەدا میللەتی کورد هەستێکی نەتەوەیی دەردەبڕێت، دەچێت لەو دەشتودەرە لە پەنا دارێک لەگەڵ ماڵومنداڵی نانێک دەخوات و هەندێک هەڵدەپەڕێت، کە ئەمە هەنووکە بڕێکی زۆری لە مەلا و پیاوی ئاینی کوردیی لە باشووری کوردستاندا قەلس کردوە، چاو لە  دوژمنانی میللەتی کوردی وەک ڕژێمی تورکیا، سوریا، ئیران، عیراق و هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کە دوژمنی سەرسەختی پرسی کوردن دەکەن، ئیتر ئایا ئەو هەڵویستە بە فیت و بەبەرنامەی دوژمنانە یان نا؟ بێگومان ڕوون نییە. ئەوان  هەر بەوەش ناوەستن ئاگرپەرستن وەک شورەیەک بە ڕووی خەڵکدا دەدەنەوە، لە کاتێکدا ئەگەر مێژووی گەلانی دنیا چاو لێ بکەین، بۆمان دەردەکەوێت لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژووی مرۆڤایەتییدا هەر میللەتێک شتێکی پەرستووە، بۆ نمونە میللەت هەبووە "مانگا"ی پەرستووە، هەبووە "ڕۆژ و مانگی" پەرستووە یان بەردی پەرستووە وەک میللەتی عەرەب و فەرعۆنەکان و هەروەتر. 

کەعبە:

زۆربەی مێژوونووسانی عەرەب و ئیسلام کۆکن لەسەر ئەوەی کە "کەعبە" زۆر پێش سەرهەڵدانی ئاینی ئیسلام لەلایەن حەزرەتی ئادەم دروست کراوە, بەڵام بە لافاوەکەی زەمانی نوح وێران بووە، دواتر خوا ئیبراهیم پێخەمبەری ناردوە کە کەعبە دروست بکاتەوە، ئەویش لەگەڵ  ئیسماعیلی کوڕی  و فریشتەکانی خوا کەعبەی بینا کردۆتوە. بەگوێرەی پەڕتوکی ئەبی مزەفەر مەنسور بن محمەد السمعانی المروزی " تەفسیری السمعانی ١-٤ ج ١(لاپەڕە ص٩٨) دەنووسێت: 

فإن الله تعالى ، أمر الملائكة أن يبنوا فى الأرض الكعبة على قدره ومثله، وقيل أن أول من بنى الكعبة هو آدم، فاندرس ذلك زمان الطوفان، ثم أظهره الله تعالى لإبراهيم حتى بناه" . (خودا فەرمانی بە فریشتەکان دا کە لەسەر ئەرزی کەعبە بمێنەوە، گوتراوە کە یەکەم کەس کە کەعبەی بینا کرد ئادەم بوو و بەهۆی لافاو ڕووخا، دواتر خودا ئیبراهیم پێخەمبەری نارد بۆ بیناکردنەوەی)

کۆنترین وێنەی کەعبە

ئەو کات دورگەی عەرەبی لەژێر کارێگەری  ئاینی " التوحیدیە" بووە کە ئیبراهیم، پێغەمبەری ئەو ئاینە بووە، کەعبەی وەک پەرستگە بۆ ئەو ئاینە بەکارهێناوە و فەرزی کردووە بەسەر تەوحیدیەکان کە ساڵانە بۆ عەمرە و حەج سەردانی کەعبە بکەن و تەواف و سەفا و مەڕوا بە دەوری کەعبەدا بکەن و قوربانی سەرببڕن. 
لەگەڵ کاتدا ئاینی " التوحیدیە" بەرەو لاواز بوون و نەمان چووە.  دواتر خەڵکی دورگەی عەرەبی ئەو شوێنەیان هەر وەک پەرستگە هێشتۆتەوە و پڕیان کردوە لە بت، پەیکەری بە بەردیان دروست کردووە و کڕنۆشیان بۆ بردوون، بەو جۆرە (مەسجد الحەرام) یان تەنیوە بە بت، ئەمە لەگەڵ تێپەڕبوونی ڕۆژگار بووە بە باو و کۆمەڵگەی عەرەبی بەرد پەرستنیان بووە بە ئاین، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان وازیان لەوە نەهێناوە کە ساڵانە بۆ فەریزەی حەج، عومرە، تەواف بۆ کەعبە بچن، واتە پارێزگاریان لە پیرۆزی ئەو شوێنە کردووە. ئەو قۆناغە لە مێژوودا بە "عەسری جاهلی" ناسێندراوە پێش قۆناغی سەرهەڵدانی ئیسلامە. 

کەواتە پێش سەرهەڵدانی ئیسلام هەموو نووسین و بەڵگە مێژوویەکان دەیسەلمێنێت کە "تەواف و عەمرە و حەج و سەفا و مەروا" هەبووە. کەعبە و "مەسجد الحرام" پەرستگەی ئەو کاتی  کۆمەڵگەی عەرەبی بەتایبەتی عەشیرەتەکانی دورگەی عەرەبی و مەکە و مەدینە بووە، پڕ بووە لەو بتانەی کە بەبەرد دروستکرابوون و خەڵک دەیانی پەرست، لە جەژمی قورباندا بە سەدان مەروماڵاتیان لە دەوروبەری بتەکان دەکردە قوربانی، دیاری و سەوقاتیان لە پاڵ سەنەمەکان بەجێدەهێشت.  بێگومان خەڵکی دەوڵەمەندی ئەو کات پارە و خشڵی زۆریان لەو پەرستگەیە بەناوی ئاینەوە و ڕازی بوونی دڵی خوا بتەکانیان لێیان بەجێ دەهێشت. کاتێک کە ئاینی ئیسلام سەریهەڵدا، لە سەرەتادا بتپەرستەکان قبوڵیان نەبوو موسڵمانەکان ساڵانە بۆ حەج بۆ کەعبە بچن و خۆیان بە خاوەنی ئەو پەرستگەیە دەزانی، مەسەلەی چوونی موسڵمانان بۆ کەعبە بە ململانێ و جەنگ یەکلایی کرایەوە، دوای سەرکەوتنی ئاینی ئیسلام موسڵمانان کۆنتڕڵی کەعبە و بەردی ڕەشیان کرد.

بەردی ڕەش:

کەعبە لە ساڵی ٦٢٩ زاینی کەوتە ژیر کۆنتڕۆڵی موسڵمانان بەگوێرەی مێژوو ئەو کات ٣٦٠ بت لە مەسجدی حەرام هەبووە، پێخەمبەری ئیسلام فەرمانی داوە بە شکاندنی بتەکان و دەرهێنایان لەو شوێنە و تەنیا هێشتنەوەی "بەردی ڕەش" لە کەعبە، لەو کاتەوە قۆناغی پەرستنی بتە بەبەرد دروستکراوەکان کۆتایی دێت، بەڵام حەج، تەواف، سەفا و مەروا هەر وەک جاران دەمێنێتەوە و تەنیا "بەردی ڕەش" لە کەعبە  دەهێڵنەوە و دەکرێ بە قیبلە، کە تا ئەمڕۆ موسڵمانان لە هەموو سوچێکی دنیادا ڕووی تێ دەکەن و بەدەوەریدا دەخولێنەوە، لەکاتی نوێژ کردندا ڕوو لەوێ دەکەن.

 بەردی ڕەش

ئەو کات مەسەلەی دانانی بەردی ڕەش لە کەعبە، مشتومڕی لەنێو کۆمەڵگەی عەرەبی بەتایبەتی لە دوورگەی عەرەبی دروست کردوە، جێگەی سەرنج بووە بەتایبەتی بۆ ڕێبەرە بەناوبانگەکانی ئیسلام نمونە عومر بن خەتاب. بوخاری لە "صحیح البخاری" لە لاپەڕە ١٥٩٧دا دەنووسێت: 

(عومەری کوڕی خەتاب دروودی خوای لێبێت، هات و بەردی ڕەشی ماچ کرد و گوتی: دەزانم کە تۆ تەنیا بەردێکی نەسوودت هەیە نەزیان، ئەگەر نەم دیتبا کە پێخەمبەر محەمەد دروودی خوای لێ بێت ماچتی دەکرد، منیش ماچم نەدەکردی).

 (عن عمر بن الخطاب رضي الله عنه، أنّه جاء إلى الحجر الأسود؛ فقبّله، وقال: (إني أعلَمُ أنك حجَرٌ، لا تضُرُّ ولا تنفَعُ، ولولا أنّي رأيتُ النبيَّ صلَّى اللهُ عليه وسلَّم يُقَبِّلُك ما قبَّلتُك).

بۆ وەڵامی مشتومڕی نێو کۆمەڵگەی ئەو کات دەگوترێت، کە "بەردی ڕەش" پیرۆزە لەبەرئەوەی وەک بەردی ئاسایی نییە و خودا لە بەهەشتەوە ئەو بەردەی بۆ دوورگەی عەرەبی و ئیبراهیم پێخەمبەر بە فریشتەکانی ناردووە. بەڵام لە مێژووی ئیسلامدا ددان بەوەنراوە کە ئەوەش هەر  بەردە بەڵام لەگەڵ سەنەمە لە بەرد دروستکراوەکاندا جیاوازی ئەویە کە ئەو بەردە لە بەهەشتەوە خوا لە ڕێگەی جبرائیلەوە بۆ ئیبراهیم پێخەمبەری بۆ دورگەی عەرەبی ناردووە، بۆیە دەبێت پیرۆز بکرێت، موسڵمانان دەبێت چاو لە پێخەمبەری ئیسلام بکەن، وەک ئەو ماچی بکەن و پیرۆزی بکەن و ببێت بە قیبلەیان و ڕۆژانە پێنج فەرزە لەهەر سوچێکی دنیادا بن ڕوو لەوێ بکەن بۆ نوێژەکانیان. 
بەردی ڕەش بە درێژایی مێژوو گەلێک ڕووداوی بەسەردا هاتووە. جگە لە کارەساتی سروشتی، کێشەی زۆر لەنێوان هۆزەکانی دوورگەی عەرەبی ڕوویداوە هەر یەکە خۆی بە خاوەنی ئەو بەردە زانیوە، لە نێوان هۆزی جراهمە و خزاعە جەنگ هەڵگیرساوە، لە ئاکامدا عمرو کوڕی لەیسەم ئەو بەردە دەفرێنێت و دەیشارێتەوە، دواتر دەدۆزرێتەوە و لە شوێنی خۆی دادەنرێتەوە.
 مێژوو پێمان دەڵێت، پێش محەمەد پێغەمبەری ئیسلام دەست بکات بە بڵاوکردنەوەی ئاینی ئیسلام کە هێشتا لە تەمەنی گەنجیدا دەبێت، کەعبە ئاگر دەگرێت، بۆیە خەڵکی ناوچەکە هەڵدەستن بە گواستنەوەی بەردەکە و دووبارە دروست کردنەوەی کەعبە، دوای تەواو بوون، کێشە لەنێوان هۆزەکان دروست دەبێت، کە کێ ئەو شانازییەی بەرکەوێت و بەردەکە ببات لە شوێنی خۆیدا دابنێت، دواتر ڕێکدەکەون کە کێ یەکەم کەس لە دەرکەی مەسجدی حەرام بێتە ژوورەوە، ئەو بەردەکە لە شوێنی خۆیدا دادەنێت. لەنێو ئەو مشتومڕەدا محمەد لە تەمەنی گەنجیدا دەبێت کە هێشتا نەبۆتە پێخەمبەر، لە دەرگەکە دێتە ژوورەوە،  بەردەکە لەسەر پارچەیەک دادەنێت، ئەوجا دەڵێت هەریەکەو لچکەکی پارچەکە بگرن و بەردەکە ببەن لە شوێنی خۆیدا دابنێن. جگە لەو ڕووداوان چەند جاریك هەوڵدراوە ئەو بەردە بدزرێت و ون بووە، دوای کێشمەکێشمی زۆر دۆزراوەتەوە و لە شوێنی خۆی دانراوە، لەبەرئەوەی "کعبە و بەردی ڕەش" جگە لە مەسەلە ئاینیەکە لە دێر زەمانەوە سەرچاوەیەکی بەهێزی ئابووریی بوونە بۆ دوورگەی عەرەبی یان بۆ هەر کەسێک کە توانیبێتی کۆنتڕۆڵی بەرێوە بردنەکەی بکات. لە کاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییدا دەرامەتی حەجی ساڵانە و خیروخێراتی موسڵمانان لە مەکە بۆ سوڵتانی عوسمانییەکان لە ئەستەنبول دەنێردرا، ئێستاش ئەو دەرامەتە دەچێتە خەزێنەی سعودیە.
مێژوو ئەو ڕاستییەی سەلماندوە کە ئاین بەدرێژایی مێژوو، وەک ئامرازێکی کارێگەر بەکارهاتووە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی سیاسی، داگیرکردنی وڵاتان، دەستکەوتی نیشتمانی و نەتەوەیی و ئابووریی بە تایبەتی نەتەوەی عەرەب، تورک و فارس لەو بوارەدا پلەی یەکەمیان لە مێژوودا تۆمار کردووە. ئیمپراتۆریەتی عوسمانی مێژوویەکی دوور نییە و لە سەرەتایی سەدەی ڕابردوودا ڕووخا، بەسەدان ساڵ ئەو ئیمپراتۆریەتە بە ناوی ئاینەوە پەلوپۆی هاویشت، میللەتانی ژێر دەست کرد و چەوساندیانیەوە و خەڵکی فەلاقە کرد، خێروبێری وڵاتانی ناوچەکەی برد، باج و سەرانەی لە خەڵکی هەژاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەساند و هەموو دەچووە خەزێنەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کە ئەمڕۆ ئەو تورکیا بەهێزەی بەرهەمە.
 لە کۆتاییدا دەبێت ددان بەوەدا بنێن کە دوای ئەو مێژووەش لە دنیا و شارستانیەتی ئەمڕۆدا، پاش هەزاران هەزار ساڵ لە جەنگ و کوشتن،  هەر کەسێک ئازادە چی ئاینێک هەڵدەبژێرێت، کێ بە خودای خۆی دەزانێت،  کە بەبێ سێ و دوو لێکردن دەبێت ڕێزی لێ بگیرێت. مەلا و پیاوە ئاینییە بەرژەوەندیی پەرستەکانی باشووریش با بزانن کە خەڵک ئەمڕۆ هۆشیارە کە مامەڵەی ئاین لەنێوان خۆی و خوای خۆیەتی، کە ئەمە ڕێگری لەوە ناکات هەستی مڕۆڤایەتی و نیشتمانیی و نەتەوەیی خۆی لەدەست بدات و بۆ هەزاران هەزار ساڵی دیکە بە کۆیلەیی بمێنێتەوە.  
کۆتایی
لن تصدق كيف كان حج العرب في الجاهلية قبل الإسلام ولماذا كانوا يطوفون بدون ملابس؟ -