سەرکردەی راستەقینەی داعش لە کۆشکدایە

Friday, 15/07/2022, 13:57

6682 بینراوە


بۆ جاری سێهەم ئەمریکا هاوپەیمانی هاوپەیمانەکەی هەر لە حەوشەی داگیرکراوی هاوپەیمانەکەیدا کوشت.
ماهیر عەگاڵ کەسی یەکەمی داعش لە سوریا لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکا لە ناوچەی جندرێسی عەفرین کە تورکیا لە 2018ەوە داگیریکردووە کوژرا.
ئەو سەرکردەیەی داعش ئەوەندە ئاسودەبوو لەو ناوچەیە، پشتێنی کردبووەوە و بە ماتۆڕسکیل هاتووچۆی دەکرد!.. 
زۆرینەی میدیاکانیش لێزانانە ناسنامەی لایەنی خانەخوێ -واتە تورکیا- و ئەوەی ئەو ناوچەیەی سوریا لە لایەن تورکیاوە داگیرکراوە دەشارنەوە.
پێشتریش هەر یەک لە ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی داعش و عەبدولرەحمان قارداشی جێگرەوەی هەر لە سوریا، لەو ناوچانەی ئیدلب کە لە لایەن تورکیا و گروپە توندڕەوەکانی هاوپەیمانیەوە داگیرکراون و لە نزیک سنوور و بنکە سەربازییەکانی تورکیا کوژران.
نەگبەتی ئێمەی کوردیش لەوەدایە، ئەمریکا و ئەوروپا لە ژێر ناوی شەڕ لە دژی "تیرۆر" و تێگەیشتنیان بۆ "نیگەرانییە ئەمنییەکانی هاوپەیمانەکەی داعش"، تیرۆریستێکیان لە کورد بەرداوە و بە داگیرکاری و کۆمەڵکوژی و چەکی قەدەغەکراو و هێرشی تیرۆریستی رۆژ نییە پەلاماری ئەم خاکە و خەڵکەکەی نەدات..
ئێستاش هاوپەیمانەکەی ئەمریکا و ئەوروپا چاوی لە ئارامترین بەشی سوریا، واتە رۆژئاوای کوردستان سوورکردووەتەوە بۆ ئەوەی داگیری بکات، ئەمانیش ملی بۆدەدەن و گڵۆپی سەوزی بۆ دادەگیرسێنن، تا بیکاتە شوێنی حەوانەوەی شوێنکەوتووان و هاوشێوەکانی بەغدادی و قارداش و عەگال..
هەموو ئەو شوێنانەی داعش بە وەکالەت دەیویست داگیر و کاولیان بکات و کۆمەڵکوژییان تیا بکات، لە دوای هەرەستهێنانی رێکخراوەکە لە رووی سەربازییەوە، راستەوخۆ لەلایەن تورکیاوە دەکرێنە ئامانج، هەر لە گەرمیان، مەخمور، شەنگال، تا ناوچەکانی رۆژئاوا.
تەنیا مەرجی بەرژەوەندییەکانیان لە ئێستادا ناخوازێت، ئەگینا ئەمریکا و ئەوروپاش باش دەزانن سەرکردەی راستەقینەی داعش و باوکی تیرۆر، لە ئەنقەرە لە کۆشکدایە و زۆرجار بە رێزەوە پێشوازی لێدەکەن و لە سەر حیسابی کورد بیانووەکانی دەبڕن..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە