یەکێتی لە سۆسیال گۆچانی تالەبانییەوە بۆ سۆسیال پۆستاڵی پاڤێل


تۆ برینی نیشان ئه‌ده‌ی ئه‌وبیری كفته‌و دۆڵمه‌كه‌ت ده‌كات

Friday, 07.15.2022, 14:34

830 بینراوە


رۆبێرت پالادینۆ كونسڵی گشتی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان ، وه‌ك ئه‌وه‌ی دوو دێڕی له‌ باره‌ی مێژووی ئه‌م نه‌ته‌وه‌ به‌شبه‌ش كراوه‌ خاك داگیركراوه‌ جینۆسایدكراوه‌وه‌ نه‌خوێندبێته‌وه‌ ، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌رگیز هه‌ڵه‌بجه‌ی نه‌بینیبێ‌ ، نه‌زانێ‌ مۆنۆمێنتی ئه‌نفال له‌ كوێیه‌ ، نه‌زانێ‌ شه‌نگال چی به‌سه‌ر هاتوه‌ ، نه‌زانێ‌ بۆچی سوپای تورك عفرین و گرێ‌ سپی و سه‌رێكانی داگیر كردووه‌ ، برینه‌كانمان نابینێ‌ و بیری كفته‌كه‌مان ده‌كات ، ئاخر ئه‌مه‌ چ ئاوه‌زێكه‌ تۆ لێو ماڵی گه‌لێكی قڕكراودا بیت برین نه‌بینیت و دۆڵمه‌ ببینیت ، له‌ كه‌ركوك چه‌ند جارێك له‌ گه‌ڵ كونسڵ و نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكیدا دانیشتوین ، جارێكیان یه‌كێكیان پێی وتم كتێبێك له‌ سه‌ر خواردنه‌ جیاوازه‌كانی كه‌ركوك بنووسه‌ ده‌یكه‌ینه‌ ئینگلیزی و سه‌دان هه‌زار دانه‌ی له‌ ئه‌مه‌ریكا لێده‌فرۆشین ، ئه‌و ده‌یزانی من له‌ سه‌ر ئه‌نفال و برینه‌كانی كه‌ركوك ده‌نووسم ، بۆ ئه‌وه‌یان ناو پرسی چێشت و خواردن، نازانم من ئه‌وه‌م نه‌كرد ، باشم كرد یان خه‌راپ نازانم، به‌ڵام ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت برینه‌كانمان ببینرێت نه‌ك خواردنه‌كانمان .
له‌م رۆژانه‌ی پێشوو كایڵ كه‌ كوڕێكی ئه‌مه‌ریكیه‌و هاوڕێی رێزی كوڕمه‌ ، له‌ ئه‌مه‌ریكاوه‌ هات و سێ‌ رۆژ له‌ چه‌مچه‌ماڵ مایه‌وه‌ به‌ رێزم وت بیبه‌ مۆنۆمێنته‌كه‌ی نیشانبده‌ ، با قه‌ڵای سپی حه‌سارو ده‌شت و ده‌ره‌كه‌یش ببینێ‌ ، هه‌ڵبه‌ت هه‌ر سێ‌ رۆژه‌كه‌ش پێكه‌وه‌ نانمان خوارد ، باسی خواردنی كورده‌واریش كرا ، به‌ڵام بۆ ئێمه‌ ئه‌وه‌ی مه‌به‌ست بوو ناسینی كورد بوو به‌ برینه‌كانیه‌وه‌ نه‌ك به‌ خواردنه‌كانیه‌وه‌  ، كایڵ لێره‌ قات و كڵاشی په‌ڕۆین و كڵاوو جامانه‌ی كڕی و له‌ به‌ری كردو ناو شاری پێوه‌ گه‌ڕا ، بۆ خوشكه‌ تاقانه‌كه‌شی جلی ئاڵ و واڵای كوردی برده‌وه‌ كه‌ دیاری رازی كچم بوو بۆی ، ئه‌و سێ‌ رۆژه‌ وێنه‌ی ژیانی شارو خه‌ڵكی ئێره‌مان به‌ زندوێتی نیشاندا ، تێمانگه‌یاند كه‌ كوردیش ده‌توانێ‌ له‌ ناو مێژودا بێت نه‌ك ده‌ره‌وه‌ی مێژو، پالادینۆ له‌ بری ئه‌وه‌ی وێنه‌ی ئێمه‌ وه‌ك گه‌لێكی زندوی قوربانی ده‌ر به‌رێته‌وه‌ بۆ ئه‌مه‌ریكاو له‌وێ‌ به‌ حكومه‌ت و گه‌لی ئه‌مه‌ریكی بڵێت ، ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ شایانی ژیانن، بیری دۆڵمه‌كه‌مان ده‌كات ، ئێ‌ من دڵنیام پالادینۆ به‌ ورگ بیر ناكاته‌وه‌ ، ئه‌ی بۆ هه‌ر ئه‌مه‌ی وت ، تۆ بڵێی كێماسیه‌كی گه‌وره‌ له‌ چۆنێتی مامه‌ڵه‌ كردنی حكومه‌تی هه‌رێمدا نه‌بێت له‌ گه‌ڵ ئه‌و نوێنه‌رانه‌ .
ئه‌ترسم حكومه‌تی هه‌رێم هه‌ر خواردن و ساوه‌رو قه‌ره‌خه‌رمان و ترخێنه‌و كفته‌و كوبه‌ نیشانی نوێنه‌ره‌كان بدات و نه‌هێڵێت ئه‌وان هه‌قیقه‌ت وه‌ك خۆی ببینن ، یان كێشه‌كه‌ دوو سه‌ره‌یه‌و ئه‌وانیش نایانه‌وێت برین و ئازاره‌كانی ئه‌م گه‌له‌ ببینن ، له‌ هه‌ردوو باردا ئه‌وه‌ كه‌ موكوڕیه‌كی گه‌وره‌یه‌ نوێنه‌ری وڵاتێكی وه‌ك ئه‌مه‌ریكا كفته‌و دۆڵمه‌كه‌مان ببینێ‌ و خۆمان نا .