چۆن باوەڕە هەڵەکان گشتگیر دەبن؟

Friday, 15/07/2022, 14:38

3406 بینراوە


مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لە باوەڕگەلێکی گشتی ،کە ئێمە ئەمڕۆ گاڵتەیان پێدەکەین. لە کۆیلایەتییەوە بگرە،تا باوەڕی دژە ژن و ڕەگەزپەرستی و چەندان بیروباوەڕی بێڕەحمانەی تر،کە بۆئێمە جێی سەرسوڕمانن.
 ئەدی هۆکارچییە لەناکاو هەندێجار لەم سەردەمەشدا بیروباوەڕگەلێک دەبن بە باوەڕی گشتی و باو،لەکاتێکدا بەئاشکرا هەڵەبون و نامەعقوڵبونیان سەلمێندراوە.
 ڕابەرت لیفتون تیۆرێکی هەیە دەربارەی ئەم بابەتە ،واتا پەسندبونی باوەڕی هەڵە،لەلایەن زۆرینەوە، کاتێک کۆمەڵگە کۆمەڵێک بیروباوەڕی پڕوپوچ و نازانستی دەبنە باوەڕی گشتگیری کۆمەڵگا و هەموان پەسەندیان دەکەن،ئەگەرچی دەشزانن هەڵەیە،ئەم تەباییە زهنیە،هاوفیکرییە ، لیفتون ناوی دەنێت "سازگاری شەیتانی".بەواتایەکیتر ئەو پێوانەو ڕێسای ڕەفتارەی کە هەڵەیەو لەهەمانکاتدا کۆمەڵگە پەسەندی دەکات و دەرگا بەسەر توندوتیژی و هەڵەدا دەکاتەوە ،یان ئەوەی پێی دەوترێت وڕێمەی بەکۆمەڵ.
زۆرجار خەڵکی بۆ ڕاستی وناڕاستی بیروباوەڕەکان وابیردەکەنەوە مادام کەسانێکی خوێندەوار و بەڕواڵەت زانا و کەسانی بەناوبانگ پشتیوانی ئەم بیروبۆچونانەن کەواتا ئەم بیروبۆچونانە هەڵەنین. دەبێت لەم دۆخەدا چیبکەین؟بەبۆچونی رابرت لیفتون ئەوە بەس نییە کە دڵنیابین ئێمە لەسەر حەقین،کاتێک دەبینین خەڵک دەکەونە داوی یاریەسیاسیە مناڵانەییەکان ،ئێمە دەبێت لەوکاتەدا پەنا بۆ ئەقڵی سەلیم ببەین.
 نمونەیەک لەسەر باوەڕی گشتی چیرۆکی جلەتازەکانی پادشایە،کەهانس  ئەندرسون نوسیویەتی ،گەرچی ئەو ئاگاداری تیۆری سازگاری شەیتانی نەبوە،بەڵام بەڕای رابرت لیفتون گوزارشت لەوەدەکات.زۆربەمان چیرۆکەکەمان بیستوە،کاتێک پادشا ڕووتە ،بەڵام خەڵکی نکۆڵی دەکەن پادشا ڕووت بێت،تا مناڵێک دێت و دەڵێ پاشا ڕووتە و ئەو بۆچونە تێک دەشکێنێت کە گوایە پادشا جلێکی تازەی لەبەردایە.ئەم چیرۆکە گوزارشت لەو دۆخە دەکات،کە کۆمەڵگە تێیدەکەوێت ،بیروبۆچونی هەڵە ڕەواج پەیدادەکەن و دەبنە باوەڕی گشت پەسند.
 بەپێی تیۆرەکەی لیفتون ،ئەمە هەمان حاڵەت بوو،کە لەسەردەمی نازیەکان دوبارە بویەوە. دژە یەهودی بو بە ڕاستیەکی ئاسایی و پزیشکەکان بێ باکانە ئامادەبوون ئەوە بکەن هیتلەر دەیهەویست. 
کاتێک کەسێتی ناکۆک،نەرسیست،لەپێگەی دەسەڵات دابێت،یان ناوبانگ و پێگەی کۆمەڵایەتی هەبێت،دەتوانێت باوەڕە هەڵەکانی خۆی دغدغەکانی لەچوارچێوەیەکی فەلسەفیانە دابێژێت،هەروەک هیتلەر کە کەسێتیەکی ناکۆک و نارسیست بوو،بەڵام بیروبۆچونەکانی بونە شتێکی ئاسایی.بەڕای لیفتون دوو بابەت ڕۆڵیان هەیە لە بەگشتیبونی بیروبۆچونە هەڵەکان، یەکەم بونی که سێکی نارسیت لە پێگەی دەسەڵات ،دووەم  کەسی نارسیست کە خۆشەویستی خەڵکە. بەڵام کاتێک ئەو باوەڕە هەڵانە گشتی دەبن ،خەڵک ناچارنین کە باوەڕبکەن لەکاتێکدا سەدلەسەد ئەو بیروباوەڕانە هەڵەن،بەڵکو پەیوەندی بە بونی کەسانی دیکەوەیە کە نارسیستن ،لەپێناو لەدەستنەدانی پیشە و سەلامەتی خۆیان ،یان لەترسان خۆیان دەدزنەوە لە بەرپرسیاریەتی ڕەتکردنەوەی بیروباوەڕە هەڵەکان.بەبۆچونی لیفتون زۆرینەی پزیشکانی ئەڵمانی لە تیۆرداڕێژەرانی حیزبی نازی نەبوون،بەڵام پیشەکەیان ئەوداوایەی لێدەکردن کە باوەڕ بە بۆچونەکانی هیتلەربکەن،هەروەها لەپێناو سەلامەتی خۆیان بونە پشتیوانی ئە و دڵڕەقیەی نازیەکان .لەلایەکیتر لەم دۆخەدا خەڵکەکە دەزانن کە بیروباوەڕێک هەڵەیە،با پەسەندیش بێت لەلای زۆرینە،بەڵام دەشزانن کە لەوانەیە ئەم بۆچونە هەڵانە مەشڕوعیەت پەیدابکەن  "ئەوەی ئەمڕۆ لەکومەڵگەی ئێمە بادانەوەیەک هەیە،خەریکە بۆچونە خوڕافیەکانی بانگخوازە نارسیستەکان دەبنە گشتی و زۆرێک گەرچی دەزانن ئاین  ئەوەنیە ،بەڵام یان بێدەنگن،یانیش پشتیوانی ئەم بۆچونانە دەکەن،ئەڵبەت لەژێر ناوی تەساموع و لێبوردەیی دێن پەسەندی بۆچونی هەڵەو خوڕافی دەکەن،ئەگەرچی کەسانی خوێندەوارن،وەلەبنەڕەتدا باوەڕیان بەوشتانەنییە"ئەوکەسانە بەزۆری کەسێتی خۆپەرستن،و خۆیان لەقەرەی نەزمی هەڵەی کۆمەڵگە نادەن.بەم شێوەیە تەباییەکی فیکری شەیتانی زاڵدەبێت،کە توندوتیژی و فاشیزمی لەژێردا حەشاردراوە.بۆیەکەسانی نەرسیت و نەخۆش کە پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتیان هەبێت، دەتوانن سازگاری شەیتانی بێننە کایەوە "باوەڕەهەڵەکان گشتگیرببن و ببنە شتێکی ئاسایی و نۆرمی کۆمەڵایەتی." کەسانی خۆپەرست چاو لەژمارە دەکەن،کاتێک زۆرینە پەسەندی شتێک بکات ئەوانیش ڕەگەڵ دەکەون،کەبزانن لەداهاتودا ئەم بیروباوەڕەهەڵانە دەبنە ڕێسا و پێوانەی کۆمەڵایەتی!
لێرەدا تیۆری پیلانگێڕی ڕۆڵی هەیە لە بڵاوبونەوەی باوەڕی هەڵە،کاتێک هیتلەر ڕاڕایی و ترس و گومانەکانی خۆی خستەچوارچێوی فەلسەفی ،ئەوەی کەجو دەیانەوێ دەست بەسەرجیهاندا بگرن،وایکرد خەڵک لەترسی ئەمە باوەش بۆ خورافیاتەکانی بکەنەوە. "ئەمڕۆ زۆربانگخوازی درۆزن،خودشیفتە خەریکی هۆنینەوەی تیۆری پیلانگێڕین و خەڵک دەترسێنن،بە وەی عەلمانیەکان دەیانەوێ کۆمەڵگە بێڕەوشتبکەن.نێربازی بسەپێنن، دینمان لێبسەنن و هتد،خەڵکە داماوەکە بەناچار بەرەو لای ئەوان دەچێت،بێ ئەوەی بزانن ئیسلامی سیاسی وکۆمەڵێک مەلای نەخۆش لەپشت ئەم شتانەوەن" 
کاتێک میدیا و دەزگای مەزهەبی،سیاسی نارسیست ،دێت و کۆمەڵێ وڕێمە دەکات، ئەوکات خەڵکیش بڕوایان پێدەکات ،بەزۆری لە ڕێگەی دەسەڵاتەوە بیروبۆچونەکان گشتگیر دەبن، و جۆرێک نەخۆشی دەرونی بەکۆمەڵ زاڵدەبێت بەسەر کۆمەڵگەدا...
چوار گروپ لەکۆمەڵگەدا ئامادەن بۆ قبوڵکردنی سازگاری شەیتانی ، "گونجاوی وتەبایی بیروباوەڕ ی هەڵە " ئەم چوار گروپە چاوپۆشی لەیەکتر دەکەن.
گروپی یەکەم کەسانی خودشیفتەو نارسیستن کە لەگەڵ نەرسیتەکانی تر پەیوەندی دروستدەکەن.
گروپی دووەم کەسانی خۆدورگرو سادیست و نهیلیستن کە ئامادەی قبوڵکردنی درۆکانی گروپی یەکەمن و پەیوەندیان لەگەڵیاندا هەستی هێزیان پێدەبەخشێت.
گروپی سێیەم گروپێکیترن بەهۆی پێداوستیە دەرونیەکانیان،هۆگری ئەوکەسانەدەبن کە بەڕواڵەت کەسێتی بەهێزن،ئەوانە مەبەستیان سود نییە و نازانن کە هۆگریان بەکەسی نارسیست چ ئاکامێکی بەدوادادێت. گروپی چوارەم  ئەوکەسانە کە دەسەڵاتی سیاسی یان بنەماڵەییان هەیە شتانێک بەگروپی چوارەم دەڵێن کە ئەسڵەن واقیعیەتی نیە و پێچەوانەی واقیعە ،ئەوگروپە دەکەوێتە دۆخێکی سەرلێشێواوی ،ئەوانە واهەست دەکەن کەخۆیان ،یان کەسانی جێمتمانەیان دێوانەن. کە هەردو هەستەکە ترسناکن.کاتێک سازگاری شەیتانی بونی هەبێت،کێ دەگاتە دەسەڵات ؟بەبڕوای لیفتون لەم دۆخەدا کەسی نارسیست و شەڕخواز دەگاتە لوتکەی دەسەڵات.ئەوکەسانە لەکۆتایشدا بەرپرسیاریەتی هەڵناگرن،پێیانوایە هەموشکستەکانیان بەهۆی خەڵکی خراپەکاری ترەوەیە و هێرشو پیلانی لەدژ دەگێڕن،کەسانێک دەیانەوێت کۆمەڵگە وێرانبکەن.گروپی چوارەم قوربانی دیاردەیەکن کە پێی دەوترێ" گازلیتەر"، ئەم دیاردەیە بریتییە لە چاندنی تۆوی گومان لە گروپ یان کەسێکدا،جۆرێکە لەدەستکاری دەرون،کە قوربانیەکە گومان بکات لە حوکمەکانی خۆی،و توشی ناهەماهەنگی مەعریفی دەبێت،بەهۆی ئەوەی کە لایەنی دەستدرێژیکار بەهۆی میکانیزمگەلێکی تایبەت  وەک نکۆڵیکردن وچەواشەکاری و زانیاری هەڵە، وادەکات قوربانیەکە باوەڕی بەخۆی نەمێنێت و دوهێندە پشت بە  جەلادەکانی ببەستێ . ئەگەر سەیرێکی گوتاری ئاینی بکەین دەبینین ،زۆر بانگخوازی نارسیست خەڵک دەکەنە قوربانی ئەودیاردەیە ،ئەوکەسانە زانیاری هەڵە بڵاو دەکەنەوە بەناوی ئیعجازی زانستی،وە ئەگەر کەسێکیش ڕەخنە بگرێت لێیان ،ئەوان پێداگری دەکەن لەسەر بۆچونەکانیان و کەس ی گومانکار  ڕەخنەدەکەن بەوەیکە  خەتا لەخۆیەتی کەواقیعیەت نابینێ،یان شەیتان گومانی بۆدروستکردوەو یان کەسێک هانیداوە،یان سپۆنسەر دەکرێت لەلایەن گروپێکی خراپەرکارو هتد،ئەمە وادەکات قوربانی خورافیات باوەڕی بە خۆی نەمێنێت و لەسەر بیروبۆچونە هەڵەکانی هەتەربێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە