کابینەی نۆیەم و سەرچاوەی هێزی جەنابی برا گەورە !

Friday, 15/07/2022, 14:47

9309 بینراوە


خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ سێ ساڵی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان پێویستی بەدیراسە و لێوردبونەوەو وردبینی هەیە ، وتارەکەی مەسرور بارزانی شانی خۆی کابینەکەی لە شکستی سیاسی و خولقاندنی قەیرانەکان و تێکچوونی دۆخی  ئابوری و ئاسایش و سەقامگیری خەڵک پاکناکاتەوە ، وێڕای ئەوەی کابینەی نۆیەم بە کابینەیەکی چاکسازیی ناسرا،نەک نەیتوانی چاکسازی ئەنجام بدات ، بەڵکو هیچ کابینەیەک هێندەی کابینەی نۆیەم قەیرانەکانی کەڵەکەترو سیمای دوو ئیدارەیی قوڵتر نەکردەوە ، هەر زوو کابینەی نۆیەم قەیرانی بە قەیران سپاردو تەسلیم بە شکستی ئیداریی و دواتریش شکستی سیاسی و پاشەکشەی دیپلۆماتی و شکستی دیموکراسی و پاشەکشەی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی میدیایی بیستراو بینراو نوسراوو شکستی متمانەی خەڵک و هێزە سیاسییەکانی تری بە دوادا هات . 
کابینەی نۆیەم کە بە ناوی حکومەتی ئیتیلافی پێکهینرا هیچ مواسەفاتێکی هاوبەشی و شەراکەتی ڕاستەقینەی بۆ یەکێتی و گۆڕان تێدانەبوو ،  بەشداری پێکردنی یەکێتی و گۆڕان هێندەی بۆ ئیحتیواکردن بوو هیندە بۆ شەراکەت و هاوبەشی پێکردن نەبوو ، هەم یەکێتی و هەمیش گۆڕان نەیانتوانی ببنە بەشێکی جدیی لە شەراکەت و نە توانیشیان ببنە هاوبەشێکی ڕاستەقینە لە کابینەکەی برا گەورەدا ! یەکێتی و پارتی وەک هەمیشە یەکتر بە خیانەتکار دەزانن بەڵام لە نەگونجانا گونجاون بۆ بەهێزبون و مانەوەی خۆیان زوو زوو خۆیان دەگۆڕن و دەزانن چۆن لەژێر سێبەری هاوپەیمانیەتیدا بەیەکەوە بمێننەوە! بزوتنەوەی گۆڕانیش وەک کارتێکی سوتاو ناتوانێت پاشەکشە بکات و مانەوەشی لە کابینەی نۆیەمدا ئامانج ویستەکانی بەدەست ناهێنێت ، بزوتنەوەی گۆڕان لەم دواییانەدا گوتاری سیاسی خۆیان بەرامبەر پارتی و کابینەی نۆیەم گۆڕیووە ، بەڵام تازە گۆڕان وەک هێزێکی سیاسی و میراتی نەوشیروان مستەفا ناتوانێت پێگەی خۆی بە دەات بهێنێتەوە و رۆژ-دواى-رۆژ لاوازتر ده‌بێت !
بەشێکی شکستەکانی کابینەی نۆیەم دەگەڕێتەوە بۆ کەسایەتی مەسرور بارزانی کە هیچ ستراتیژێکی بۆ چاکسازیی لە کەرتی گشتیدا نییەو خاوەنی کەسایەتییەکی وشک، سەربازی، دژە دیموکراتیک، هەواڵگری هەیەو تاکڕەوانە سیاسەتەکانی جێبەجێ دەکات و پشت ئەستورە بە مەسعود بارزانی باوکی و پاشانیش پشت ئەستوریشە بە حیزبەکەی ، گومانیشی تیدا نییە مەسعود بارزانی بەتەواوی هێزیەوە لەپشتی کوڕەکەیەتی ! دواجار مەسرور بارزانی پشت ئەستوریشە بە پەڕلەمانی کوردستان کە بووەتە دیوەخانێک بۆ شانۆگەرییەکانی حیزبەکەی و زۆر ئاسان پارتی دەتوانێت بۆ هەر پرۆژە یاسایەک ٥٠+١ تێپەڕێنێت ، بەدرێژایی تەمەنی خولەکانی پێشووی پەرلەمان هیچ خولێک هێندەی خولی پێنجەم وابەستەی حیزب و خێزانە سیاسییەکان نەبووە و پارتیش هیچ حیسابێک بۆ پارلەمانی کوردستان ناکات. 
مەسرور بارزانی و کابینەکەی نەک نەیانتوانی گەندەڵییەکانی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای تێپەڕێنێت و هونەری ئیدارەدان لە قۆناغێکەوە بگوازێتەوە بۆ قۆناغێکی باشتر ، بەڵکو نەشیانیوانی برینەکانی شکستی ریفراندۆم و یاریکردن بە چارەنووسی خەڵکی کوردستانیش ساڕێژ بکەن ! کابینەی نۆیەم لەو جۆرە کابینانەیە کە میللەت دەڕوخێنێت لە کاتێکدا هەموو گەلێک مافی ئەوەی هەیە کە حکومەتی گەندەڵکار بڕوخێنێت ، سەرچاوەی هێزی جەنابی برا گەورە لە لە غیابی پەڕلەمان و نەبوونی یاساو تێکشکاندنی پایەکانی دیموکراسییدایە ، هێچ کوردێک دڵی بەم کابینەیە خۆش نییە و تەنانەت ئێستا پارتییەکانیش پەشیمانن لە گۆرانی گوتن بە باڵای کابینەی نۆیەم و جەنابی برا گەورەدا ،  کابینەکەی جەنابی برا گەورە سیمایی دوو ئیدارەیی، دوو میلیشیایی ، گەندەڵیی، تۆختر کردووەتەوە ، سەرباری پاشەکشەی ئازادی و شەڕی نان و مووچە لەگەڵ خەڵکی کوردستان و دەرگای سنورەکانیش کراوەیە بۆ هێزە داگیرکەرەکان کە بە درۆن لە پێنجوێن و گەرمیان و دەڤەری ڕاپەڕین خەڵک تیرۆر بکەن ، نەبونی سیاسەتێکی نیشتیمانیی بۆ پەیوەندیی لەگەڵ بەغداد، لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دونیادا ئەو کێشانە کە لە کابینەکەی جەنابی برا گەورەدا زەقتر بووەتەوە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە