مەسینە و پیرباڵ

Friday, 15/07/2022, 16:25

6380 بینراوە


لە دواهەمین کاری هونەری فەرهاد پیرباڵدا، مەسینەیەکی پلاستیکی هەرزانبەهای ڕەنگ گواوی دەبینن، بە زنجیرێکەوە لە ناو چوارچێوەیەکی ئاسندا هەڵوساراوە. چوارچێوەکە، چوارچیوەیەکی کلاسیکی تابلۆ نییە.  لار بۆتەوە بە دە پلە گۆشە، مەسینەکەش بە سی پلە گۆشە. هەردوکیان لە پەیوەندییەکی دیالکتیکدان و پێکەوە گرەدراون، بە زنجیرێکەوە پێکەوە بەستراونەتەوە و هەڵواسراون. ئەم کارە هونەرییە وەک کارێکی هونەری مۆدێرنی نایاب دێتە پێش چاو. وادیارە کاکە فەرهاد بەم کارە هونەرییەی گوزارشت لە ئەزومونی خۆیمان بۆ دەکات، دوای شکستی لە کاری مەسینەهڵگر.
کارە هونەرییەکەی فەرهاد پیرباڵ

مەسینە : 

کاتێک کوردێک گوێبیستی وشەی مەسینە دەبێت، هزری بە ئۆتۆماتیکی بۆ دەسەتەواژەی << مەسینە هەڵگر >> دەڕوات، لەهەمان کاتا بۆ مەسینەی سەرئاو کاتێک کوردان تارەت دەگرن و کۆمی خۆیان پاک دەکەنەوە. بێ شک دەستەواژەی مەسینەهەڵگر بۆ ئەو کەسانە بەکار دێت کە دەچن پاشەڵی گواوی سەرکردەکان و پیاوانی سوڵتە و خاوەن هێز پاک دەکەنەوە، بۆیە بە نەرێنی  ئەم کەسانەمان ناوناون مەسینە هەڵگر. بەڵام کاتێک ئەوروپییەک سەیری ئەو کارە هونەرییە دەکات، هەمان لێكدانەوەی ئێمەی نییە بۆ مەسینە، ئەگەریش مەسینەکە، مەسینەی ئاودانی گوڵ نییە، چونکا ئەو مەسینەیەی کاکە فەرهاد بەکاری هێناوە، مەسینەیەکی هەرزان بەهای  وڵاتانی ڕۆژهەڵاتیمان وەبیر دەخاتەوە، بەڵام هەمان باس ناهروژێنێت لە هزری کەسێکی ڕۆژئاواییدا. بۆ نمونە ئێمە لەکوردستان دەڵێین ؛ کابرا وەک کڵاشی هەورامی هەڵدەگەڕێتەوە. ئەگەر کڵاشێکی هەڵگەڕاوە دابنێم لە پێشانگایەکدا وەک کارێکی هونەری، ئەوا تەنها خەڵکی کوردستان بەراوردی دەکەن لەگەڵ ئەو وتەیەدا، بەڵام ئەگەر کڵاشەکە بخەمە پەیوەندییەوە لەگەڵ تەنێکی تردا، کە هۆکاری هەڵگەڕانەوەی کڵاشەکە دەستنیشان دەکات، ئەو کاتە ڕاستە لە بیرۆکەی سەرەتایی لائەدات، دەبێتە باسێکی تر، وەک چۆن مەسینەکە خراوەتە پەیوەندییەوە دەگەڵ چوارچێوەکەدا. بەڵام لە کەڵچەرێکەوە بۆ کەڵچەرێکی تر تێڕوانین دەگۆڕێت، تەنها کوردێک هەڵگەڕانەوەی کڵاش دەبەستێتەوە بە مەبەستێکی ترەوە .
بۆ کەسێکی شارەزا لە هونەردا، ئەو کارەی فەرهاد << مەسینە >> دەبەستێتەوە بە کاری مارسێل دوشای هونەرمەندی فەرەنسییەوە، کە بە داهێنەری هونەری رەدی مەید ( ready-made) ناسراوە،  لەسەر کۆنسێپتی <<  شتی لەکارکەوتوو دەتوانێت ببێتە کارێکی هونەری >> .  لەبەر ئەوەی هونەر شتی بەکەڵک نییە لە ژیانی ڕۆژانەدا وەک ئامێر، وەک کەل و پەلی پێوسیت، وەک کەوش، مەسینە، تەلەفزێن، بەڵام بونیان هەیە لەشکڵی تابلۆ و پەیکەر و بەرهەمی هونەریی تردا، کەواتە هەر شتێک کە فڕیدرابێت و ئیدی بەکاری نەهێنین، دەتوانێت ببێتە کارێکی هونەری. مارسێل دوشا، بەتایبەتی ناسراوە بە کارە هونەرییە بەناوبانگەکەی بە ناوی کوفارەوە ( وێنەی 01 ) ، بریتیی بوو لە میزگەیەک، لە بازاڕی کۆنەفرۆشەکان کڕیبووی، وەک خۆی بە بێ دەستکاریکردنی لە پیشانگایکی هونەری مۆدێرندا ساڵی 1917 لە ئەمەریکا نیشانی دا وەک کارێکی هونەری، ئیدی ئەم کوفارەیە بووە سەرچاوەی ئیلهامی کاری هونەری لە هەموو جیهاندا،  لەو ڕۆژەوە هەزارەها کاری هونەری دەچنەوە ناو میزگەکەی مارسێلەوە. ئەم کارە بووە میتۆلۆژی. نۆوا هەراری لە کتێبی ساپیاندا وەک نمونەی کارێکی هونەری ناوازە باسی دەکات، چۆن هونەر دەمان باتە رەهەندێکی ترەوە. 
ئەگەر کۆنسێپتی مارسێل دووشا بە بەردەوامی کۆپی دەکرێتەوە، بەتایبەتی لای ئەو کەسانەی کە لە کاری تەکنیکی هونەریدا لاوازن، وەک لەسەردەمەکەماندا، کۆپیکردنەوەی کاری مارسێل دوشا دەبێتە پەناهێنگەیەک بۆ گوزارشتکردنی خێرا و هاسان. چونکا داتاشینی شکڵیک لە قوڕ یان لەبەرد لەگەڵ سەردەمەکەماندا ناگونجێت و بێ مانان. هونەرمەندان ناتوانن بە تەکنیک و دەستڕەنگینی هەڵمان بخەڵەتێنن. ئەگەر کاری ئەکادیمی دژی داهێنان و هونەرە، ئەوا تەکنیک و دەست ڕەنگینی بەشیکی گرنگی هونەرن، بەڵام هونەر بە بێ بیرۆکە بە مەبەستی خستنە ڕوی هەقیقەتێک، بە بێ بوونی ئاگایی، بوونی نییە. ئیدی هونەر هەرچییەک بێت، لەژێر هەر شکڵێکەوە بێت، پێش هەموو شتێک پیشاندانی جەوهەرە بە ئاگاییەوە. 
 ئەم مەسینەیەش ڕاستەو خۆ دەچێتەوە ناو میزگەکەی مارسێل دووشاوە، ئەوەی لێرەدا جیاوازە ئەوەیە کە، شت << مەسینە >> کە، بە سەربەستی هەروا وەک ڕەدی مەیدێک دانەنراوە، بەڵکو کاری لەسەر کراوە << خراوەتە چوارچێوەیەکەوە >>، هەرچۆنێک بێت گۆڕانکاری بەسەر شتەکەدا کراوە، خراوەتە پەیوەندییەوە. بەڵام بە ڕای من وەک کارێکی ناوچەیی دەمێنێتەوە، واتە لەو شوێنەی دەستەواژەی مەسینەهەڵگری تێیدا ناسراوە، لە کاتێکدا هونەر ئونیڤێرسێلە، ئەگەریش گوزارشت لە چەمکێکی کۆمەڵایەتی ناوچەیەکی تایبەتیش بکات. چونکا دەزانین پیرباڵ بە چ مەبەستێک ئەو مەسینەیەیلەو چوارچێوەدا داناوە.
(وێنەی 01 ) مارسێل دووشا لە پێشانگاکەیدا بە تەنیشت کارە هونەرییەکەیەوە '' کوفارە"
کارە هونەرییەکە، وەک کارێکی هونەریی راستەوخۆ و بڕیاردراو دەردەکەوێت، بە بێ پێچ و پەنا. هەردەم ئەو کارە هونەریانەی ڕاستەوخۆ خۆیان نمایش دەکەن بەرامبەر بە بینەر، توانا و هێزێکی تایبەت و کاریگەیان هەیە لەسەر هزر، ئەو توانایەش ڕەگی لە ئەزمونی هونەرمەندا داکوتاوە. لەبەر ئەوەی بیرۆکە بە ئاگاییەوە گەشتۆتە پۆپەی. هەر ئەمەشە کە دەمان گەیەنێت بە ڕاڤەکردن لە ئەزمونێکی بەئاگا بە زمانێکی هونەری ڕاستەوخۆ.
ئەگەر هەردوو کەرەسە << مەسینە و چوارچێوە >> بە دوو پلەگۆشەی جیاواز لاربونەتەوە، ئەوا دەتوانین بڵێین کە ئەو لارییە هۆکاری کاردانەوەی ڕاستەوخۆی ئەمیان نییە لەسەر ئەوی تریان، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە لە پیوەندیدا نەبن. چونکا هەردوکیان بەستراونەتەوە بە یەکەوە، لەهەمان پانتاییدان، ئەو پانتاییەش چوارچێوەکە دروستی کردووە، چونکا چوارچێوەکە ئەکتەرە، دەوری هەمان چوارچیوەی تابلۆی نییە << بێ لایەن نییە >>، وەک مەسەینەکە لە کردەدایە و بەشدارە، لە کاتێکدا زنجیرەکە دوو دەوری هەیە ؛ بەستنەوەی هەردوو کەرەسە << مەسینە و چوارچێوە >، پێکەوە، هەروەها هەڵواسینی کارە هونەرییەکە بە دیوارەکەوە. مەسینەکە کەوتۆتە سەنتەرەوە، زیاتر نیگای بینەر بەلای مەسینەکەدا دەچێت.
کەواتە مەسینەکە و چوارچێوەکە ئەکتەرن و لە پەیوەندیدان، زنجیرەکە، تەنگژەی تەکنیکە ؛ ئەگەر نا، مەسینەکە نەیدەوتوانی لەناو چوارچیوەکەدا بمێنێتەوە، چوارچوەکەش نەیدتوانی لەو بارەدا بێت بە لاری. بۆیە ئێمە باسی مەسینەکە و چوار گۆشەکە دەکەین. زنجیرەکە دەوری نییە لە باسەکەماندا. وەک ئەوەی زنجیەرەک پێمان بڵێت؛ ژیان ئاوەهایە، لۆژیکە، شتەکان پێکەوە گرەدراون دەنا ناتوانن لەسەر ئەو دیوارە خۆیان نمایش بکەن بەرامبەر بە بینەر،  لۆژیکی بوونە .
وادیارە کاکە فەرهاد لە کاری مەسینەهەڵگرتندا سەرکەوتوو نەبوو. چونکا ئەو دەیویست کارێک بگرێتە خۆی کە لەبنەچەدا کاری ئەو نەبوو،  دەیوییست دەورێک ببینێت کە لەتوانیادا نەبوو، بۆیە ئێمە نامۆین بەدەوری مەسینە و گوزارشتی کاکە فەرهاد لە ئەقڵی مەسینە و چێوارچوە. 
مەسینەی 01
کاتێک چوو بۆ لای سەرۆک خێلەکەی کوردستان و بەتەنیشتیەوە خۆی نمایش کرد ( مەسینەی 01 )،  دەیویست دوو نیشانە بپێکێت،  هەردوکیان بە زنجیرێک پێکەوە گرە درابوون ؛ یەکیان شەرعییەتدان بوو بە سەرۆک خێڵ، بەو چوارچێوەیە، ئەوی دییان گرندگیدان بوو بەخۆی، بەمەش  دەڵێن کاری مەسینە هەڵگر، تابلۆکەش ئەم دیاردەیە باش نیشان دەدات. چونکا ئێمە کاتێک دەچین پاشەڵی پیاوێکی بەدەسەڵات خاوێن دەکەینەوە، مەبەستمان ئەوەیە بەشیک لەگەورەیی ئەو وەدەسخەین، چونکا لەتواناماندا نییە خۆمان ئەو گەوەرییە وەدەستخەین. ئەمش جۆرێکە لە بێ هیوایی، لە بێ توانایی، بۆیە پەنا دەبەمە بەر کارێکی نزمتر، هاسان تر، ئەویش مەسینە هەڵگرتن بوو. هەربۆیەش پلەگۆشەی لاربونەوەی مەسینەکە زیاترە.  هەرچۆنێک بێت لە کۆمەڵگەی شێتگەرایی و کۆمەڵگەی پوچگەراییشدا، ئەو جۆرە ڕەفتارانە بە نەرێنی و بە ئەرێنی دەوریان هەیە، گرنگ ئەوەیە باسی تۆ بکەن بەهەر نرخێک بێت، کاکە فەرهادیش ئەزمونی هەیە لەگەڵ ئەم دیاردانەدا بەو پێیەی ئەو لە ئەوروپا ژیاوە.  ئەم خۆ دەرخستنانەش لەسەر جادە و لە ژیانی مۆدێرندا، کە بونەتە دیاردەیەکی بەربڵاو لە کۆمەڵگەی شێتگەراییدا، ڕەگی لە هونەردا داکوتاوە، بە کاری  هونەری هەپنین <<  Hpning>>، روداودروستکردن، کە لە سالانی شەستا وەک کاری هونەری سەری هەڵدا، ئەمڕۆ گەنجان و خاوەن شەریکە و کەسانی سیاسی و هەروەها بە مەبەستی ڕێکلامیش بەکار دەهێنرێت، بۆتە دیاردەیەکی ژیانی ڕۆژانە بۆ خۆ نمایشکردن و خۆ ناساندن بەهەر نرخێک بێت، وەک میزگەکەی دووشا لە کاری هونەرییدا دوبارە دەبێتەوە و دەبێتە مۆدێلێکی ژییان.
ساڵی1981کاتێک میتران بوو بە سەرۆکی فەرەنسا، بۆ ڕۆژی دوایی، ویستی دەگەڵ هەموو نوسەر و ڕۆشنبیرە بەناوبانگەکانی فەرەنسا بچێتە پانتێۆن << گۆڕی ناوداران >>، نامەش نێردرابوو بۆ میشێل فوکۆ، بەڵام فوکۆ نەچوو، پێشنیارەکەی رەتکردەوە، لەبەر ئەوەی جگە لەوەی فوکۆ پێویستی بە میتران نەبوو بۆ خۆ ناساندن و گەورەبوونی، لە هەمان کاتا بیری فوکۆ لەگەڵ میتراندا بەیەک نەدەگەشتنەوە. بەڵام کاتێک سەیری وێنەکەی فەرهاد و سەرۆک دەکەین، هەرچەندە ئەو دوو کەسایەتییە ناگونجێن پێکەوە، هەرچەندە فەرهاد خۆی نەخستۆتە باری مەسینەوە، بەڵام هەست دەکەین کە وەک مەسینە شاگەشەیە بە دەوری خۆی لەو ئاودەستخانەیەدا بەتەنیشت سەرۆکەوە. خۆ بەکەمزان دێتە پێشچاو، نازانێت چلۆن جەستەی بنوێنێت بە تەنیشت سەرۆکەوە.  دەستەکانی نامۆن بە جەستەی، تۆزێک شەرمن بە زەردەخەنەیەکی شەرماوی. وەک سەرۆک بێ خەم نییە، لە بارێکی زاڵدا نییە، لە بارێکی نیگەرانیدایە. جۆری دانیشتنی لەو بارەدا ؛ سەری لەناو جەستەیدا کەمێک لار بەهەمان پلە گۆشەی مەسینەکە، نازانێت چۆن ئەو دەورەی وەک ئەکتەرێک لەو شانۆیەدا بەڕێکات، وەها دیارە زۆر لە خۆی دەکات. هاتووە دەورێک ببینێت وەک ئەکتەرێکی بێ ئەزمون. سەرنجی سەری سەرۆکیش دەدەین بەهەمان پلە گۆشەی چوارچوەکە  لاربۆتەوە.
هەر ئاوا بە خەونی گەورەیی و بە هیوای بەرزبونەوە و خۆناسین، لەمەسینە هەڵگرییەوە ویستی ببێتە قەشمەری پاشا، ئەو پاشایەی کە ئەو دەستنیشانی کردبوو، دەیەویست لەبەردەم ئەودا خۆی بادا.  دەمێ بە گۆرانی وتنەوە بە دەنگێکی ناساز و  دەمێ بە قەشمەری لەسەر جادەکانی هەولێر، قونی با ئەدا. ئیدی وەهای لێهات، وەک لەسەردەمی منداڵیدا لە هەولێر، منداڵانی گەڕەک و چەقۆ وەشێنەکانی پارتی کەوتنە تێ هەڵدانی. لەولاشەوە گەنجانی ئیسلامییان تێ هروژاندا هەتا لەسەر جادە بە سەرخۆش و بە بێ دین بیناسێنن. هەموو ئەمانە لەبەر ئەوەی نەیدەزانی چلۆن مەسینەکەی بکات بە قونی پاشادا. بەجۆرێک ژیانی کەوتبووە مەترسییەوە. کە خەڵی نیگەران بوون بە باری فەرهاد. چاوەڕوانی کوشتنیمان دەکرد لەلایەن چەقۆ وەشینێکەوە.  بەڵام کاکە فەرهاد ئەگەر کەسێکی هونەرمەندە، ئەوا لەهەمان کاتا وەک بونەوەری مرۆڤ، کەسێکی زۆرزان << سایسی >> یشە، بۆیە دەستبەجێ بەخۆیی مەسینەکەیەوە چووە کن کەسێکی تر؛  کەڵەکچیترین کەسایەتی ئیسلامی ( مەسینەی 02) ، چونکا دەیزانی کە بیرۆکەی گشت، بیرۆکەی زاڵ، لە کۆمەڵگەدا لای نزمترین مرۆڤ خڕ دەبێتەوە. لێرەدا بەهەمان شێوە دەیەویست دوو نیشانە بپێکێت، یەکیان، ترساندنی ئاغای سەری ڕەش بوو، وەک چۆن سەدام حسەین بۆ ترساندنی ئەمەریکییەکان، لەسەر ئاڵای ئێراق، لائیلاهە ئیلەڵای نوسی. ئەگەر ئێوە جۆری مەسینە هەڵگرتنی منتان بەدڵ نییە ئەوا کەسانێک هەن قبوڵیانە، ئەو کاسانەش دوژمنتانن ( ؟). لەسەرێکی ترەوە توانی گەنجانی ئیسلامی سەر شەقام دەمکووت بکات، زۆریش سەرکەوتوبوو بەم کارەی.  پەنجەی شایەتومانی بەرزکردەوە و چەند ڕکاتێک نوێژی لەگەڵ  کابرای کەڵەکچیدا کە با ئاوی قورئان و میزی حوشتر نەخۆشی دەرونی چارەسەر دەکات. وەک بینیمان ڕەفتار و خۆ نواندنی لەگەڵ ئەودا زیاتر دەگونجا، هەتا لەگەڵ سەرۆکدا، چونکا کابرای کەڵەکچی، لەهەمان یاری فەرهادا بوو، بە جۆرێکی تر.
ئەگەر هەندەک کەس ئەم ڕەفتارەی پیرباڵیان وەک داڕمانی حاڵی دەورونی ڕاڤەدەکرد، داڕمان بۆ ئەو ئاستەی  کە ئیدی مرۆڤ لەدەرئەمجامی لێکدانەوە و قوڵبونەوەدا، کوتوپڕ شتەکان سەرەونوخون دەبنەوە، بەجۆرێک کە تاک دەکەوێتە حەڵەتی خۆنامۆوە، دەکەوێتە بۆشاییەکی ترسناکەوە،  سەرگەردان و بێ هیوا، دەیەوێت بەهەر نزخێک بێت بەکەوێتەوە سەر ئاو، خۆی بە تەنێکەوە گرەبداتەوە . وەک بێخود  دەڵێت :

لەو چۆڵ و بیابانە دەبێ یاوەرت کێ بێ ؟
یا لەو کەژ و کێوانەوە سەودا سەری کێ بێت ؟

دوای سەودا سەری و تەنیایی، ناچار لە بێ هیواییدا ; وەک بێخود خۆی دەبەستێتەوە بە فکرەی کۆنەپەرستی و کەسانی ناودار فکرەی و فاشیستییەوە، بە فکرەی چەقبەستوو کە دەتوانن ببنە بەربەست لە هەموو بیرکردنەوەیەکی ئازاد و هزر بخەنە چاورچیوەوە و بەو بۆنەیەوە بڵێت :

قوربانی کەسێک بم کە بە قوربانی نەبی بێت
وەک بەندە سەگی بەردەمی شاهی عارەبی بێت
شاهی عارەبی یانی قوڕەیشی مەسەبی بێت

نا خەڵکی بە هەڵە تێگەشتن لەو ڕوداوە، کاکە فەرهاد کەسێکی بێ هیوا نەبوو، هەموو ئەو کارانەی  وەک کەسێکی سیاسی ئەنجام دەدا بە ئاگاییەوە . دەیزانی چی دەکات و ئەگەریش ئەکتەرێکی خراپ بوو، نەیدەزانی چۆن مەسینەکەی ئاراستە قونی پاشا بکات. هەموو ئەم کۆمێدیانەش لەبەر ئەوەی نەیدەتوانی وەک ئەلەکترۆنێکی ئازاد  بێت و بڕوات، دەیەویست داشێک بێت لەو یارییە، بەشێک بێت لە سیستەمی مەسینە و چوارچێوە.  خۆی گرەبدات بەوانەوە بەهەر نرخێک بێت.
مەسینەی 02

کەواتە ئەم ئەم مەسینەیەی کاکە فەرهاد چیما پێ دەڵێت ؟

 ژیان ئاوەهایە و تەنەکان پێکەوە لە پەیوەندیدان، ئەو پەیوەندییەش لەسەر بنچینەی چوارچێوە و مەسینەیە، ئەگەر ئەمیان پلاستیکێکی کۆن و هەرزان بەها و ئەوی دییان چوارچێوەیەکی بریقەدار، ژیان یەنگ و ینگە . لەسەر کۆیلە و ئاغایەتی بنیات نراوە، لەسەر پێکدادانی تەنەکان، تەنەکان ئەگەر لە پێکدژیشدابن ئەوا پێکەوە گرەدراون، هەموو ئەمانە وەک گەمەیەکی لۆژیک.  ئەگەر ئەمیان ڕەنگی ژەنگاویی و چەکل دیارە، ئەوا لە سەنتەردایە، لە کردەدایە، چونکا ئەو مەسینەیە پێ دەچێت بەهەر چۆنێک بێت خزمەت بکات، ئیدی ئەو خزمەتە بە زانست بێت یان سەرۆک خێڵێک، یان هەر وەک گەمەیەک، وەک کردەیەکی پڕو پوچ، بێ منا، وەک کارێکی شێت گەرایی. 
هونەریش هەر هێندەی پێدەکرێت ؛ داننان بە هەقیقەتی شتەکاندا، پیشاندانی شتەکان وەک چۆن لە جەوهەردا بەدی دەکرێن، بە بی حوکمدان. ئەگەر مەسینەکەش زیاتر لە چوارچیوەکە لاربۆتەوە ، ئەوە گرنگ نییە. چونکا ئەو لەسەنتەردایە. چونکا ئەو لە کردەدایە، کارای '' کردن  '' کارایەکی فرە گرنگە، بزاوتنە، بزاوتن جەوهەری ژیانە. دەبێت هەموو کەسێک لە پشت سەری خۆیەوە ئەو کارایە هەڵواسێت، چونکە تەنها لە کردەدا مرۆڤ دەتوانێت بەها بە خۆیی و ژیان بدات، خۆی بناسێت. هەرچۆنێک بێت کاکە فەرهاد ئەگەر شانۆیەکی خراپی بە ناوی <<  مەسینەو چوارچێوە >>  بۆ نمایش کردین، ئەوا مرۆڤایەتی پێویستی بە شانۆی خراپیشە، بە نوسەری خراپیشە وەک بەختیار عەلی.
بەڵام کاکە فەرهاد هونەرمەندێکی بەتوانایە، کارە  بۆیەکاریەکانی لە ڕابوردودا،  وەک تەنها کاری هونەری نایاب و مۆدێرن لە کوردساتن دێنە پێش چاوو. ئەم کارەشی هەرچۆنێک بێت، کارێکی بەرزی هونەرییە. خۆ ئەگەر ئەوە ڕاستییەکە، بۆ بوون بە هونەرمەندێکی ڕاستەقیقنە، ڕێگاکەی تێپەڕبوونە بە شێتیدا، بەڵام دەتوانین بگەینە نزیمترین پلەی داڕمانی دەروونی و لە شێتیشدا بژین و شێتیش تێپەڕێنین،  بە بێ ئەوەی ببینە قوڕەیشی مەسەب، خێڵەکی مەسەب یان فاشیستی مەسەب!!! بۆ خۆگرتنەوە و خۆدۆزینەوە بە درۆ، ئەگەر خاوەنی هزرێکی پتەو و دڕێژراو بین. . دەشتوانین ببینە کەسێکی ناودار و هونەرمەندێکی مەزن بە بێ ئەوە ببینە مەسینە هەڵگر، بێ گوومان من باسی فەرهادی هونەرمەند دەکەم، نەک فەرهادی مەسینە مەسەب و فەرهادی قەشمەری پاشا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە