نامەیەکی سەر ئاوەڵا بۆ بەڕێز موستەفا هیجری سکرتێری حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران (حدکا)

Thursday, 21/07/2022, 20:49

4456 بینراوە


بەڕێز کاک مستەفا!
دەزانم زۆر باش دەمناسی و ئاگاداری کە چەندین ساڵە بە تەنیا و بێ پشتگیری هیچ لایەنێکی سیاسی و ئابووری وەک ژنێکی کورد لە بواری ژناندا چالاکی بەرچاوم بووە. سەرەڕای ئەوەیکە لە لایەن زۆربەی حیزبییەکانەوە زۆر تۆمەتی ناڕەوا دراوەتە پاڵم، بەڵام لە هیچ نەسڵەمیمەوە و بەردەوام بووم. چەند ساڵ پێش لە ڕێگەی فێسبووکەوە ڕامگەیاند کە نێوی ئەو پیاوە  دەسەڵاتدارەحیزبییانە بڵاو دەکەمەوە کە هاوشێوەی پیاوانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەکارهێنانی هێزی حیزبی خۆیان، مافی ژنان پێشێل دەکەن و دەستدرێژی سێکسی و ئابووری دەکەنە سەر ژنان، بەتایبەت ژنانی ناو حیزبەکان.  ئاگادار کردنەوەکەی من لە هیچ لایەنەکەوە بە هەند وەرنەگیرا، بۆیە بۆ ماوەی ٢ ساڵ نێوی کاربەدەستان و دەسەڵاتدارانی حیزبیم بڵاو کردەوە. بەسیجییەکانی ناو حیزبەکان (ئەم کەسانە شیاوی ئەوە نین هەڵگری نێوی پێشمەرگە بن) هەوڵیان دا تۆمەتی  ئیتلاعاتی و لەشفرۆش لە من بدەن تاکوو بێدەنگم بکەن، بەڵام مە پەروەردەی قوتابخانەی مرۆڤایەتی و ئازایەتیم بۆیە بەهێزتر بەرەنگاری ناڕاستی و ناباری کولتووری سەقەت بوومەتەوە و بەردەوامیش دەبم.
بۆ ئەم نامە بۆ بەڕێزت دەنووسم؟
پاش ئاشکراکردنی فەسادی ئەخلاقی لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتدا، ٢ حیزب هەوڵەکانی منیان بەهەند وەرگرت و تا رادەیەک چاکسازییان لەم لایەنەوە کرد. بەڵام حدکا کرداری پێچەوانەی نواند، واتە لەجیاتی ئەوەیکە بۆ کەم کردنەوەی ئەم دیاردە سزای کەسانی دەستدرێژیکەر بدات، بە پێچەوانەوە هەوڵی دا کە ئەم کەسانە لە میدیاکاندا بەرجەستە بکاتەوە و  وەها نیشانی بدات کە ئەم کەسانە پێشمەرگەی دڵسۆز و بە ئەمەگن و لەمەڕ دۆزی ژنان چالاکن، نمونەی زیندوو بۆ ئەمە "مام ئەسعەد"ە کە پاش کارەساتی سێکسی کە هاوسەرەکەی لێی ئاشکرا کرد، هێناتان و لە تیڤی سەبارەت بە دۆزی ژن لە شۆڕشدا وتووێژتان لەگەڵ کرد.
زیانی ئەم بڕیارە هەڵە لە حیزبدا چییە؟
١. بەم بڕیارە نیشانی گەل دەدەن کە ژن هیچ مافێکی لە حیزبی ئێوەدا نییە. 
٢. لە حیزبەکەتاندا گرینگی بە پێشمەرگە پیاوەکان  دەدەن، نەک بە ژنانی پێشمەرگە.
٣. هاوسەری ئەم پیاوانە وەک کاڵایەکی چێژ بەخشین بە پێشمەرگەکانتان دەبینن کە ئەرکیان تەنیا ماڵداری و منداڵدارییە (وەک جەهادی نیکاح).
٤. گوشار دەخەنە سەر ئەو ژنانە وەک کەرەستەیەکی حیزبی تاکوو بە نووسینی بابەتی درۆیینە پشتگیری هاوسەرەکانیان بکەن، دەنا نا هەڕەشەیان لێ دەکەن کە منداڵەکانیان لێ دەستێننەوە و دەبێ حیزب بڕۆن.
٥. پەرە بەم کردەوە قیزەونە دەدەن و پێشمەرگە کاربەدەستەکان چاسوورتر دەکەن کە بە دڵی خۆیان دەستدرێژی بکەنە سەر ژنان. ئەگەر مام ئەسعد سزا درابا و لە حیزب دەرتان کردبا، ئەمڕۆ دوبارە کەسێک بەنێوی سەعدی موحەممەدی دەستدرێژی بکاتە سەر ژنێکی پێشمەرگە.
سەعدی موحەممەدی چی کردووە؟
دەزانم لە من باشتر دەزانی سەعدی چی کردووە بۆیە پۆستەکەیت لێ وەرگرتووەتەوە، بەڵام من لێرە بۆ ڕای گشتی ئاماژەی پێدەکەم:
فەرماندە هێز  "سەعدی موحەممەدی" سەعات دووی نیوەشەو بە مەستی دەچێتە پەلی ژنان و داوای یەک لە ژنە پێشمەرگەکان دەکات بە فێڵی ئەوەیکە فەرماندەیە و دەبێ فەرمانەکە جێبەجێ بکرێت. بەم فیڵە ئەم خاتوونە سواری ماتۆر دەکات و دەیبات بۆ گۆڕستانی حیزب و لەوی دەیهەوێ دەستدڕێژی سێکسی بکاتە سەر. ئەم خاتوونە تا ئەو جیگایەی دەتۆانی بەرگری دەکات و هاوار دەکا تا پۆستەکانی نیگابانی بە هانایەوە دەچن.
بەڵام چ بەرخۆردێک لەگەڵ تاوانبار کراوە، تەنیا لە پۆستەکەی دور خراوەتەوە!ئەگەر حیزبی دێموکڕات بەرپرسانە لە گەڵ کەیسەکانی هاوشێوەی ئەم کەیسە جووڵابانەوە و تاوانبارانیان لە حیزب وەدەر نابا، ئیدی سەعدی موحممەدی ئیجازەی بە خۆی نەدەدا بە نیوەشەو بە مەستی و جلی شخسێەوە بچێتە بەر پەلی ژنان و  کارەساتی لەم چەشنە بخوولقێنێت. 
داوای من لە بەڕێز موستەفا هیجری چییە؟
وەک ژنێکی چالاکوانی کورد داوا لە بەڕێزتان دەکەم واز لە پۆستی سکرتەری بهێنیت، چونکە:
١. بەم بڕیارانەت سەلماندووتە کە توانای ڕێبەری حیزبێکت نییە، چ ڕابگا بە گەلێک.
٢. نیشانت داوە کە ناتوانی لەگەڵ سەردەمی مۆدێڕنیتەدا خۆت لەگەڵ خواستی کۆمەڵگا بگوونجێنی و بڕیاری سەردەمییانە بدەی. 
٣. کەسێکی دێمۆکرات نی و بە قۆڕغ کردنی کورسی سکرتێری، چەندین ساڵە ڕێگری لە هاتنی کەسانی بە توانا بۆ گۆڕەپانی سیاسەت. 
٤. بوونی تۆ گەورەترین زیانە بۆ سەر پێشکەوتنی ژنان و دەستەبەر بوونی مافەکانیان. 
کۆتایی
لە کۆتاییدا دەبێ بڵێم کە وێنەیەکی هاوشێوەی وێنەی بەڕێزتم لە قەراغ دەریا گرتووە تا کار ئاسانی بۆ بەسیجییەکانت بێت کە دەیانهەوێ هێرش بکەنە سەرم. بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە بە هیچ شێوازێک ناتوانن من بێدەنگ بکەن، جگە لەوەیکە لەم لایەنەوە ڕێفۆرمێک بەسەر بڕیارەکانی حیزبیتان بێنن. و لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەر ڕووداوێکی لەم چەشنە، دیسان نێوی مام ئەسعەد و سەعدی زیندوو دەکەمەوە. 
ڕێزی ژنێکی کورد

کازیوە قولەری-ئەنامقی


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە