سیناریۆی پارتی دوای تیرۆرکردنی سۆران مامە حەمە

Thursday, 21/07/2022, 21:15

3282 بینراوە


ئەمڕۆ لەبەردەم یادو بۆنەی شەهید سۆرانداین  ، ئەمڕۆ ١٤ ساڵ بەسەر تیرۆركرنی رۆژنامەنوس سۆرانی مامە حەمە تێپەڕبوو هاوشێوەی هەریەک لە سەردەشت عوسمان ویداد حوسێن و عبدالستار تاهیرو تەواوی رۆژنامەنووس و چالاكوانە كوژراوانەكانی دیكە تا ئێستا بكوژانی شەهید سۆران دەستگیر نەكراون ، سۆرانی مامە حەمە ڕۆژنامەنوسێك بوو لەژێر سێبەری تیرۆرو لەزۆنی مەرگدا کاری ڕۆژنامەنوسی دەکرد ، بەردەوام خەریکی  نوسینەوەی چیرۆکی گەنجانی شارەکەی بوو  ، سۆران مامە حەمە بەهۆی خستنەڕوی گەندەڵی‌و فەزاحەتەكانی پارتی لەکەرکوک چەند جارێك هەڕەشەی كوشتنی لێكراوە و مەترسی لەسەر ژیانی هەبووە، بەڵام ئەو دەیویست لە رێگەی وشەوە دنیایەکی باشتر دروست بکات بۆ ژیان .

 قێزەونترین تاوان کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوای تیرۆر کردنی هەریەک لە شەهید ( سەردەشت و ویدادو سۆران و عبدالستار تاهیر)و رۆژنامەنوسەکانی تر ئەنجامی دابێت گرتن و ئەشکەنجەدان و زیندانیکردنی رۆژنامەنووس و چالاكوانەکانی بادینانن، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانەکانی بادینان سەرباری ئەو گوشارە زۆرەی پارتی بەردەوام بوون لە چالاکی و خۆپیشاندان و ڕەخنەی توندیان لە پارتی و شێوازی حوکمڕانیەتی ئەو حیزبە دەگرت ، لایڤەکانیان لە سۆسیال میدیا عەرشی پارتی هەژاندبوو ، لەم دۆخەدا پارتی سیناریۆی هەڵمەتی گرتن و زیندانیکردنی بۆ رۆژنامەنووس و چالاکوانەکانی بادینان دەستپێکرد . 

سیناریۆکەی پارتی دەستی گەیشت بە بەشێکی ئەو ڕۆژنامەنوس و چالاکوانانەی کە هاوشێوەی شێروان شێروانی سیمبولی گیراوانی بادینان بوون ودەستگیریکردن و تۆمەتی جاسوسیکردن بۆ پەکەکەو تێکدانی ئاسایش و ئارامی کوردستانیان درایە پاڵ ، بەشێکی تری سیناریۆکەی پارتی تیرۆرکردن و لەکەدارکردنی کەسایەتی ئەو ڕۆژنامەنوس و چالاکوانانە بوون کە پارتی دەستی پێنەدەگەیشتن ئەویش لە ڕێگەی پەیج و ئەکاونتی فەیکەوە نوسینی بابەت و کۆمێنتی نەشیاویان لەسەر بڵاوبکرێتەوە ،بەڵام دیوی پشتەوەی سیناریۆکەی پارتی تاقیکردنەوەی شەقامی کوردی بوو تا چی ئاستێک  ئامادە و پشتیوانی لە چالاکوانانی بادینان دەکەن ،دواجاریش جیاوازی نێوان کابینەی نۆیەم وکابینەکانی پێشخۆی نەخشەڕێگاکەیەتی! نەخشەڕێگای کابینەی نۆیەم نەخشەڕێگایەکی هەواڵگرییە بۆ ئیدارەدان و کێشەکانی نێوان خۆی و خەڵک و ڕەخنەگران بە هەڕەشەو پەلاماردان و زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان چارەسەر دەکات . 
ئێستاو دوای چەندین ساڵ لە بێ تاوانی و لە زیندانیکردن و ئەشکەنجەدانی چالاکوانەکانی بادینان کابینەی نۆیەم بەبێ شەرم و سڵەمینەوە بەبەرچاوی خەڵکی کوردستان و دونیاوە تۆمەتیان بۆ دەهۆنێتەوەو یاری بە کەیسەکانیان لە دادگا دەکات ! خۆ ئێستا دەبینن پارتی چۆن کۆمەڵگا لە سیناریۆیەكەوە بۆ شانۆیەكی تر دەگوازێتەوە ! خۆ دەبینن دوای شەهیدکردنی سۆران دۆخی ڕۆژنامەنوسان ناشیرینتر بووە !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە