تۆڕە مەبە، گوێ لەسەعدی بگرە

Saturday, 23/07/2022, 19:14

6876 بینراوە


ئەوەی گوڵستانی سەعدی بە گەشی هێشتۆتەوە و سیس نابنەوە وشەکانی و بۆن و بەرامەی گەیاندۆتە دەماغی زۆر نەتەوە و میللەت، عیبرەتی چیرۆك و ڕووداو و گێڕانەوەکانی ناو گوڵستانە. سەعدی شیرازی، کۆی ئەم چیرۆک و گێڕانەوانەی، بە سی ساڵ گەڕان بە نێو وڵاتاندا، کۆکردۆتەوە. ئەوەشی مایەی خەفەتە بۆ ئێمە، کە مێژوو، زۆر کوشندە خۆی دووبارە دەکاتەوە لە نێو کورددا. 
سەعدی شیرازی، لە (گوڵستانی سەعدی)دا، لە بەشی یەکەمی کتێبە هەشت بەشییەکەیدا، کە تەرخانە بۆ چیرۆک و ڕووداوگەلێکی، تایبەت بە ژیانی پاشایان و سەرگەوران. لە یەکێک لە چیرۆکەکانیدا باس لە پاشایەکی عەجەم دەکات کە دەستی داوەتە جەور و ستەم دژ بە میللەتی خۆی. تا ئەو ڕادەیەی میللەتەکەی دەستیان کردووە بە چۆڵ کردنی وڵات. کاتێکیش  خێر و بێر لە وڵات نامێنێ و وڵات ئەکەوێت بە سەر کێشە و گیروگرفتی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، دوژمنان لە هەر چوار لاوە زەفەری بۆ دێنن و  پەلاماری دەدەن. هەر بۆیە چاوەڕوانی ئەوەیە لە لاوانی وڵات و ڕەعیەتەکەی کە بەرگری لە دەسەڵاتەکەی بکەن. سەعدیش بەم دێڕە زێڕینە وەسفی ئەو دیمەنەمان بۆ دەکات:-
هر که فریاد رس روز مصیبت خواهد
گو در ایام سلامت به جوانمردی کوش
بنده حلقه به گوش ار ننوازی برود
لطف کن لطف که بیگانه شود حلقه به گوش
واتا هەر کەسێ فریادرەس بخوازێت لە ڕۆژی تەنگانە، دەبێ لە ڕۆژانی خۆشیدا خزمەتیان بکات. ڕەعیەتی خۆت گەر نەلاوێنی دەبن بە دوژمنت، هەر بە لاواندنە دەتوانی یار و نەیار‌ بکەی بە عەڵقە لە گوێی خۆت. 
سەعدی لە درێژەی ئەم حەکایەتە پێمان دەڵێت گوایە لە دیوانی پاشا وەزیرێک لێی دەپرسێ کە ئاخۆ فەرەیدون پاشا، بە چی بووە بە پادشا، لە کاتێکدا پارە و گەنجینەشی نەبووە؟ ئەویش لە وەڵاومدا ئەڵێت: چونکە میللەتەکەی دەوریان دا. وەزیرەکەش پێی وت کەوابێ بۆ ئەو میللەتەی خۆتت لە خۆت کرد؟
همان به که لشکر به جان پروری
که سلطان به لشکر کند سروری
واتا: وەها باشە کە پەروەردەی خەڵکی بکەی بە جۆرێک هەمووی ببن بە لەشرێک و دەورت بدەن، چونکە پادشا بە ڕەعیەتی وەکو سوپا سەروەری دەپارێزرێت.
پادشاش لە وەزیرەکەی دەپرسێت، ئەدی میللەت بەچی لە دەورت کۆدەبێتەوە؟
وەزیریش گووتی: میللەت لە دەوری پاشایەکی بە بەخشش و دڵ نەرم کۆ دەبێتەوە، بەڵام جەنابت هیچ کام لەم دووانەت نیە.
سەعدی لە بەشێکی دیکەی حەکایەتە شیعرییەکەیدا دەڵێت:
نکند جور پیشه سلطانی
که نیاید ز گرگ چوپانی
پادشاهی که طرح ظلم افکند
پای دیوار ملک خویش بکند
واتا: کەی ستەمکارییە، کاری پادشایەتی، کێ کاری شوانی بە گورگ کردووە، واتا تۆ ئەبێت پاسەوانی‌ میللەت بیت نەک وەکو قەساب کەوڵیان بکەیت. هەر پادشایەک داری ستەم بڕوێنێ، ئەوا تەخت و تاراجی خۆی ئەڕوخێنێ.
بەم جۆرە پادشا تۆڕه دەبێ و وەزیری ڕاستگۆ زیندانی ئەکات.
دوای ماوەیەک ئامۆزاکانی پادشا داوای موڵک و ماڵ و دەسەڵاتی بەجێماوی باوکیان ئەکەن، بەو هۆیەشەوە بەرهەڵستکارانی پادشا دەچنە پاڵیان و وڵاتیان بۆ داگیر ئەکەن و پادشا وەدەرئەنێن.
هەروەها سەعدی لە درێژەی گێڕانەوە شیعرییەکەیدا ئەفەرمێ:
پادشاهی کو روا دارد ستم بر زیر دست
دوستدارش روز سختی دشمن زور آورست
با رعیت صلح کن وز جنگ خصم ایمن نشین
زان که شاهنشاه عادل را رعیت لشکرست
واتا: گەر مەملەکەتێک لە زوڵم و ستەمدا بێت، وای بەسەر دێت، کە لە کاتی جەنگدا ئەوەی کە دەبوو دۆستی بێت، دەبێتە دوژمنی سەرسەختی. بۆیە باشترە لە گەڵ گەلی خۆت ئاشتی بنوێنی، تا لە جەنگدا بە سەلامەتی لێی دەربچی. بزانە هەر بەم ڕێگەیە پادشا دەتوانێت گەلی خۆی بکاتە سوپای خۆی.
گەر کەمێک لەم حەکایەتەی سەعدی وردبینەوە، بە بێ ئەوەی بیر لە مێژووی نووسین و خودی نووسەرەکەی بکەینەوە. تەماشایەکی ئەمڕۆی باشوری کوردستان بکەین، چەند سەرگەورەی کوردی وەک ئەم پادشا عەجەمەی سەعدی بەدی ئەکەین؟ کام لەو سەرۆکانە لە ئەمڕۆدا لە دۆخی ئەو پادشا عەجەمەدا ئەژی کە ستەمی زۆری کردووە، داهاتی میللەتی خواردووە، میللەتی ناچار بە کۆچی بە کۆمەڵ کردووە، وڵاتی تووشی قەیران کردووە، دوژمنانیش لە هەر چوار لاوە پیلان لە وڵات ئەگێڕن و ئەویش لە دوای هەموو ئەمانە چاوەڕوانە لەوانەی کە خۆی ستەمی لێ کردوون و دەربەدەری کردوون بێن بە هانایەوە؟؟ خۆزگە بەر لە خەڵکە ئاساییەکە، سەرۆک ئەم وتارەی ئەخوێندەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە