دوو كارنامە و دكتۆرێكی فشنبیر!

Tuesday, 26/07/2022, 8:06

5353 بینراوە


ئێمە ساڵی ١٩٨٢، كاتێ بەعس زۆری بۆ ھێناین، ستەمی لێ دەكردین و ڕاودووی دەناین، ھاتینە وڵاتی سوێدییەكان، ئەڵمانەكان، نەرویجییەكان، بریتانییەكان و....ھتد.
ھاتنەكەمان نە گووناھ بوو نە تاوان، تەنیا پەیوەندییەكیش كە بەم خەڵقەی خوداوەی دەبەستینەوە، مرۆڤ بوونمان بوو و ھیچی دی.
ئێستایش كە ھەڤاڵانی ئازادیخوازیی باكووری نیشتمان، ڕژێمی فاشستی تورك زمان و ژیانی لێ قەدەغە و زەوتكردوون و ڕاودوویان دەنێت، ژمارەیەكیان ھاتوونەتە بەشێكی تری نیشتمانی خۆیان، چ گوناھ و تاوانێكیان نەكردووە؟! ھەرچی پەیوەندیش ھەیە ھەر (ئەلف)ی چڵەگییایەكی نیشتمانی كوردەوە تا (ی)ی شیری دایكمان پێكەوەگرێمان دەدات!
سوێدییەكان و ئەڵمانەكان و بریتانییەكان و نەرویجییەكان و ....ھتد، نەك پێیان نەوتین بڕۆنەوە بۆ وڵاتی خۆتان، بەڵكو ڕەگەزنامەی وڵاتەكانی خۆیان پێ داین، ژیان و كار و خوێندنیان بۆ دەستەبەركردین، كۆمەڵە فەرھەنگی وچالاكییە كوردییەكانیان بۆ ئاوەدان كردینەوە، زمانی دایكی خۆمانیان بەرز ڕاگرتوو، ھانیان داین لەگەڵ منداڵەكانمان بە زمانی دایكییان قسەیان لەتەكدا بكەین و...... ھەزار و یەك جۆر پشتیوانی و دەرگایان بۆكردینەوە.
ئاشكرایە و زانست سەلماندوویەتی كە مرۆڤ بریتییە لەو خەسڵەتانەی كە ھەڵی گرتوون و لە ڕەفتار و ھەڵوێست وگفتوگۆیدا ڕۆژانە ڕەنگ دەدەنەوە، ئێستا بۆ ڕوونكردنەوە و ئاسانكردنی تێگەیشتن، من دوو كارنامەتان پێشكەش دەكەم*:
١- كارنامەی پدك/ عێراق.
٢- كارنامەی ئازادیخوازانی كوردانی باكوور.
كارنامەی یەكەم:
دابەشكردنی كورد بە دووبەرەی دەستبەخوێن سووری تا سەر ئێسقان دژ بەیەك، بەرەی مەلایی و بەرەی جەلالی.
بوونە ڕێگر لەبەردەم گەشەكردنی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی پارچەكانی تری نیشتماندا.
قۆرخ كردنی دەسەڵاتی سەركردەیەتی حیزب لە خێزانی مەلا مستەفادا ( كۆمارییەكان لە ئەمێریكا تا ئێستازیاتر لە سێزدە سەرۆكی پارتیان گۆڕییوە).
چارەنووسی میللەتیان بەستەوە بە ڕەوڕەوەی مێژووی شای ئێرانەوە و بوونە بەشێك لە یارییەكانی دەزگای ساواك.
ڕۆڵی خراپیان گێڕا لە لاوازكردن و ڕوخاندنی كۆماری كوردستاندا.
دەستیان سوور كرد بە خوێنی شەھید سلێمانی موعینی و ھەڤاڵەكانی و پاش ئەوەی شەھیدیان كردن، تەرمەكەیان دایەوە بە ساواك، بەمجۆرە (خیانەتی نەتەوەییان كرد بە ڕەفتارێكی ئاسایی).
تەنیا پێشمەرگەی ژنی شۆڕشی ئەیلول كە لە مەسیحیە كوردپەروەرەكانی باشووری كوردستانی ئەو دەمەبوو، پاش لاقەكردنی، بەھەڵبەستراوی درۆینە شەھیدیان كرد.
دكتۆر شڤانییان شەھید كرد.
ئاشبەتاڵیان بە شۆڕشی سەدان ھەزاریی كورد كرد و چوون بۆ تاران و دەستی شایان ماچ كرد.
كە شا ڕووخا خۆیان تەسلیم بە ڕژێمی خومەینی كرد و بوونە كەواسووری بەر لەشكری سپای خومەینی و یەك لە دوای یەك پاش ڕەشەكوژی خەڵكی كورد لە شارەكاندا، شارەكانیان وەك خەڵات پێشكەش بە بارەگای خومەینی كردەوە.
لە پلان و كۆكردنەوەی ھەواڵ و شەھیدكردنی كاك فوئاد مستەفا سوڵتانیدا، ڕۆڵی چالاك و كاریگەریان بینی.
لەشاری سنە برای برینداریان دا بە كۆڵی برای ساغدا و بە فەرمانی خلخالی شەهیدیان کردن.
دەستیان لە ژنان و كچانی ڕۆژھەڵات نەپاراست و سووكایەتیان پێكردن و لاقەیان كردن و جا شەھیدیان كردن.
بە فەرمانی ئاغای فەرەیدوونی گەڕانەوە سەر سفرەی ئامادەی بە خوێنی ھەزاران شەھیدی باشوور سووری ڕاپەڕینی ئەو بەشە بندەستە لە نەتەوەی كورد. چوونكە ئەوان بەڵێنیان بە حیزبی بەعس و سەددامی دۆستیان دابوو، كە لە پشتەوە ڕا خەنجەر نەدەن لە سپای بەعس.
شەڕی كورد بە كوردیان ھەڵگیرساند و ھەزاران ڕۆڵەی ئەم میللەتەیان كردە قوربانی ھەوا و ھەوەسی دەروونی نەخۆشیان.
بوونە كەواسووری بەر لەشكری سەددام و تانك و سپای كۆماریی عێراقییان ھێنایە سەر شاری ھەولێر وپەرلەمانی كوردستانیان تۆپباران كرد.
دەرگای پەرلەمانیان داخست.
دەستی سپای فاشی توركیان گرت بۆ سەر دڵی نەتەوەكە و بنكەی سیخوڕیی و ناوەندی پەرەپێدانی لەشفرۆشییان بۆ كردنەوە لە قاڵبی كۆمپانیا و زانكۆ و قوتابخانەی فێربوونی زمان و كلتووری توركدا و...ھتد.
قووتی خەڵكیان دزی و دایان بە یار و دۆست و كچۆڵە و ژنی ڕووت و مۆدێل و سریاڵی سێكسی توركی وخواردەمەنی ژاراوی كراو بە سەرپەرشتی دەزگای میت.
ھەرچی پاك بوو پیسیان كرد، ھەرچی خێر بوو شەڕیان كرد، ھەرچی كوردیی بوو وێران و ھەرچی ئازادی بوو كوشتیان.
شیرینی و شەكراوی گرێبەستە نەوتییەكانیان، بەسەر ئەندامانی بنەماڵەی خۆیاندا دابەشكرد و لە جەژنی لەدایكبوونی منداڵەكانیاندا دایان بە ئۆتۆمۆبیل و كۆشك و تەلار و ڕابوواردنی شەوانی منداڵەكانیان.
داعیشیان بەھێز كرد و چەكی پێشكەوتووی دیاریی ھاوپەیمانەكانیان پێفرۆشتنەوە و شڕە كڵاشینكۆڤێكیان
دایە دەست پێشمەرگە و ڕەوانەی بەرەكانی جەنگی داعیشیان كردن، تا دوایی بە ھاوپەیمانان بڵێن: ئێمەبەھەزاران پێشمەرگەمان داوە بەكوشت، قەرەبوومان بكەنەوە.
ھێڵی سووری سەر نەخشەكانتان بینیووە كە نیشتمانی كوردیان دابەش كردووە و ئێمە لە بەر ئەو ھێڵانەتەنانەت ڕقمان لە نەخشەی ھەموو جیھانیشە؟! ئەوان ئەو ھێڵانەیان كرد بە ( خەندەق) و بە واقعی
پارچەكانی كوردستانیان لێک دابڕی.
كچان و ژنانی شەنگالیان پێشكەش بە داعیشەكان كرد و پێیان وتن: فەرموون دیاری ئێمە بۆ 
ھاوسێ نوێیەكەمان، ھیوادارین ھاوسێیەكی باش بن!!.
لە سەرڕا ئەفواجی خەفیفەیان نوێكردەوە و بۆ ھەر پارچەیەك فەوجی جاشی سەر بە ناوەندی سیخوڕیی میتیان پێك ھێنا: فەجی یەزدان پەنا بۆ داھاتووی ڕۆژھەڵات، فەوجی خەفیفەی ڕۆژ بۆ ڕۆژاوای سەربڵند، دەیان فەوجیش بۆ سەرەك خێڵەكانی باكووری نیشتمان.
- ھاوڕێ، ھەڤاڵ و ھاوبیرە گیانەكانم، ئەم كارنامە (حەفتاساڵ) ییە کە پڕاوپڕە لە خیانەتی نەتەوەیی، پێچەوانەبكەرەوە، دەبێتە كارنامەی (سی و شەش ساڵ)، تێكۆشانی كوردستانیی پڕاوپڕ لە سەروەری و شانازیی نەتەوەیی ھەڤاڵانی ئازادیخوازی باكووری نیشتمانەكەمان، كە بوونتە خۆری گەشاوەی ئازادیی لە ئاسمانی وڵاتی داگیركراو و دابەشكراوی كورداندا...
سەرنج/ زۆرێک لەو بڕوانامەدارانەی سەر بە حیزبەکانی دەسەڵاتن، پێویستە ئەزموونی(IQ)یان بۆ بکرێت، بۆ دڵنیا بوون لە ئاستی توانای هۆشیان، چوونکە قسە و زمانی گفتوگۆیان و ئەو زانیارییە ئاوەژووانەی ئەوان دەری دەبڕن، گومان دەخاتە سەر گوونجاو بوونی هۆشیان بەرانبەر بەو بڕوانامەیەی بانگەشەی بۆ دەکەن.
*ئەم نووسینە وەڵامە بۆ ئەو دكتۆری زانكۆیەی كە ئەمڕۆ سەغڵەت ببوو، كاتێك ژمارەیەك لە خەڵكی شەرافەتمەندی ھەولێر گەرەكییان بوو لە پاركی شانەدەری ھەولێر، ناڕەزایی دەرببڕن بەرانبەر حوكومەتی فاشستی ئۆردوگان. ئەم فشبیرەی كۆیلەی بچووكترین بەرپرسی حیزبەكان، كاتێ كەف چڕی بووە دەمی و ھەناسەی سوار ببوو و داوای دەكرد، كوردە ئازادیخوازەكانی باكووری نیشتمان بچنەوە وڵاتی خۆیان؟!.
ئێستا بەراوردێكی خۆت بكە دكتۆری زانا!! بزانە ھۆشت، بەكوێی باڵای سوێدییەك و بریتانییەك و
ئەڵمانێك ونەرویجییەك و ....ھتد دەگات!! ئیتر ناڵێم بە سێبەری پێڵاوە دڕاوەكانی شەھید( بێریتان).


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە