سەبارەت بە تۆپ بارانی گەشتیارانی عەرب لە زاخۆ بە دەست هێزەکانی تورکیا

Thursday, 28/07/2022, 10:03

3783 بینراوە


بەیانیەی بەرەی یەکگرتووی کورد سەبارەت بە تۆپ بارانی گەشتیارانی عەرب لە زاخۆ بە دەست هێزەکانی تورکیا
ڕۆژی چوارشەمە, 1401/4/29 هێزەکانی #تورکیا تۆپ بارانی ناوچەی گشتیاری پەرەخ لە دەوەری زاخۆیان کرد. ئەمە لە کاتێکدا بوە کە بە سەدان گەشتیاری عەرەب لە ناوچەکانی خواروی #ئیراق لە بەر گەرمای هاوین ڕوو دەکەنە ئەم ناوچە فێنک و گشتیاریانە.
بە هۆی ئەم تۆپ بارانەوە 9 کەس لە گەشتیارەکان کوژراون و 23 کەسیان بریندار بوون. بە پێی زانیاریەکان لەم ناوچەیەدا هیچ هێزێکی گریلایی و نەیاری تورکیای لێ نیە.
ئەمە یەکەم جار نیە و بە داخەوە ڕەنگە دواجاریش نەبێت کە دەوڵەتی تورک بە بیانووی بێ بنەما, خەڵکی ناوچە سنوریەکانی باشور و ڕۆژئاوای کوڕدستان دەکاتە ئامانج و ڕۆژانە گیان و ماڵ و مەزرا و مەڕ و ماڵاتیان دەکەونە بەر پەلاماری بێ بەزییانەی تۆپ و فڕوکە بێ فڕۆکەوانەکانی هێزی سەربازی تورک.
دەیان ساڵە بە بەرچاوی وڵاتان و ڕێکخراوە نێو دەوڵەتیەکانەوە, هەموو یاساکان پێشیل دەکات و بە بیانووی شەر لە گەڵ PKK, لە هەر کوێ بۆی ڕەخسا بێت,ژینوسایدی دژی گەلی کورد بەڕێوە بردووە و هیچ کات لە داگیرکاری و کاولکاری خاکی کوردستان لە هەر بەشێک بوبێت دوو دڵی بە خۆی ڕێ نەداوە.
بێ دەسەڵاتی و لاوازی دەسەڵاتدارانی بەغدا و دیمەشق و لاوازی و پرش و بڵاوی هێزە کوردیەکان, وای کردووە کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خەڵکی کورد بەر پەلامار دەدرێن و خاکی کوردستان لە هەموو لاوە کەوتوەتە بەر دەس درێژی دوژمنان و ناحەزان.
ئوردۆغان بو دیداری سێ قۆڵی لە گەڵ پوتین, سەرۆک کۆماری ڕوسیا و ڕەئیسی, سەرۆک کۆماری ئێران و بۆ تاوتوێ کردنی مەسەلەی ئاشتی! لە سوریا هاتبۆوە تاران. سەرەڕای ئەوەی دوو لایەنی ئێرانی و روسی دژایەتی خۆیان لە هەمبەر هێرشی تورکیا بۆ سەر کوڕدانی ڕۆژئاوا ڕواڵەتیش بێت بە ئۆردۆغان ڕاگەیاندبوو , بەلام لە بەر سەرقاڵی رووسیا بە شەڕی ئوکرانیاوە و ئێران بە قەیرانی ناوەکی و قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی ناوخۆ, لە ئاستێکی لاواز دان و ئۆردۆغان بە هەلی دەزانێ کات بە فیڕۆ نەدات و بە بانگەشەی شەر لە گەڵ تیرۆر, بە هێزە تیرۆریستیەکەی و تیرۆریستە داعشەکانی دەست پەروەردەی خۆی, هێرش بکاتە سەر ماڵ و ژیانی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا.
هێشتا ئۆردوغان نەگەڕابوەوە تورکیا کە تۆپ بارانی ناوچەی گەشتیاری پەرەخ لە زاخۆ دەستی پێکرد. تورکیا لەم کارە مەبەستێکی چەند لایەنەی بوو, کە دیارە هیچ کامی سەری نەگرت.
یەکەم, بە ڕای ئەوان, ئەو ناوچەیە باشوری کوردستانە و تۆپ بارانی دەبێتە هۆی کوژران و بریندار بوونی کۆمەڵێک کورد,  ئەگەر نەیار و چەکداریش نەبن. ئەمە سەری نەگرت و بە پێچەوانەی ویستی تورکیا, کوژراو و بریندارەکان عەرب بوون.
ئامانجێکی تر لەم کارە, پڕۆپاگاندای دژی PKK بو, کە گوایە ئەمە کارێکی تیرۆریستیە و کاری ئەوانە. بەم ۺێوە دڵە ڕاوکێ و دوو بەرکی زیاتر لە ناو خەڵک و هێزە  کوردیەکان زیادتر بکات و ڕای گشتی شەقامی کوردی دژی PKK بجوڵێنێت. لە لایەکی ترەوە , فارس وتەنی, ببێتە" دایەی مهربانتر از مادر" و بۆ سەندنی حەقی کوردانی باشور, تیروریستەکانی بکاتە گیان خەڵکی بێ تاوانی ڕۆژئاوا و بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە هیرشی تیرۆریستی و پڕۆپاگاندای دژی تیرۆر بکات. ئەم پیلانەیش سەری نەگرت و هیچ لایەنێک, تەنانەت ئەوانەی PKKیشیان خۆش ناوێت پێیان وا نەبوو کاری ئەوانە و هەموو لایەنە کوردیەکان بە تێکڕای دەنگ دەوڵەتی تیرۆریست پەروەری تورکیان بە تاوانباری سەرەکی ئەم کارەساتە دانا و گەلی عەرەب بە گشتی و خەڵکی ئێراق بە تایبەت دژی تورکیا وەستانەوە. ساڵانێکە تورکیا و ئێران دوو دراوسێی هەرێمی کوردستان, بە بیانوی جۆراوجۆر ناوچە سنوریەکانی باشوری کوردستان دەدەنە بەر پەلامار و لە هیچ گەل و وڵاتێکەوە دەنگی ناڕەزایەتی بەرز نابێتەوە و تەنانەت کاربەدەستان و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانیش بە هەر هۆیەکەوە بێت, نەیان توانیوە وەڵامی پێویست بەو هێرش و پێشێل کاریانە بدەنەوە یان بەربەستێکی بۆ دانین.
ئەمجارە ئۆردوغان لە گەڵ ڕای گشتی عالەمی و عەربی ڕووبەڕوو بوەتەوە و هەر وا کە خۆیان بۆ سەپاندنی ئەم تاوانە بە سەر PKK دا, هێرشەکەیان بە کارێکی تیرۆریستی ناوزەد دەکرد, پێویستە وڵامدەرەوەی ئەم کارە و هەموو کارە تیرۆریسیەکانی تریان بن. 
لە بیرمان نەچێت کە سلوە یوسف (#ژیان_عەفرین) جێگری ژێنرال مەزلۆم کۆبانی لە سەرەکیترین قارەمانانی دژی داعشی تروریست بوو, بە دەس تورکیا لەم ڕۆژانەدا شەهید کرا. پێگەی ئاڵۆزی سیاسی و ئابوری ئەردۆغان و حیزبەکەی و هەڵبژاردنی داهاتووی تورکیا بوەتە هۆکاری پەنا بردنی ئەردۆغان بۆ شوێنیزمی تورکی کە بەڵکو بە یارمەتی پان تورکەکان بتوانێت لەم بارودۆخە خۆی ڕزگارکات.
بەرەی یەکگرتووی کورد
1401/05/ 03

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە