مێشکی مرۆڤ و تاوانکاری!

Thursday, 07.28.2022, 12:17

1304 بینراوە


ئایا تاوانکاران لە دایک دەبن یا دروست دەکرێن؟ بە واتای ئەوەی حەزی تاوانکردن لە تاوانباراندا لە سەرەتایی لە دایک بوونیانەوە دەست پێ دەکات؟ یاخود لە دوای گەشەسەندنیان؟ ئایا تێکچوونەکانی مێشکی مرۆڤ کاریگەری لەسەر بوونی ھەڵسوکەوتی تاوانکاری ھەیە؟ یاخود تاوانکاری زیاتر پەیوەستە بە فاکتەرە کۆمەڵایەتییەکان؟ 
دۆزینەوە نوێییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە جیھانی کۆمەڵایەتی کاریگەری دیاری لەسەر جینەکانمان ھەیە، ئەمەش وا دەکات گۆڕانکاری لە چالاکییەکانی مێشک ڕوو بدەن.

بەشەکانی مێشک و فرمانەکانی: 

مێشک لە دوو نیوە گۆیی مێشکی پێک دێت، دوو نیوەگۆیی چەپ و ڕاست، ھەر نیوەگۆیەکش دابەش دەکرێت بۆ چوار پل، کە ئەوانیش (ناوچەوانە پل) و (دیوارە پل) و (لا جانگە پل) و (پشتە پل).
- ناوچەوانە پل: سێیەکی نیوەگۆی مێشک پێک دەھێنێ کە بەرپرسە لە ھەندێک فەرمانی ئاوەزی وەک بیرکردنەوە، کەسایەتی، دەڕبرینە سۆزدارییەکان.
- لاجانگە پل: بەرپرسە لە یادەوەری، لە پاڵ یادەوەریشدا بەرپرسە لە بۆن کردن و بیستن و ناسینەوەی دەم و چاوەکان و تەنەکانی دەورووبەر.
- دیوارە پل: زانیارییە ھەستەوەرییەکان پێکەوە دەبەستێت.
- پشتە پل: بەرپرسە لە بینین.

تێکچوونەکانی مێشک و پەیوەندییان بە ھەڵسوکەوتی تاوانکاری:

لەوانەیە تێکچوونەکانی مێشک کاریگەری لەسەر ھەڵسوکەوتی تاک دروست بکات بە چەند شێوازێک، بۆ نموونە، لەوانەیە تێکچوونەکانی مێشک ببێتە ھۆی ڕێگری کردن لە فێربوون و بڕیاردانی دروست، بەڵگەیی زۆرمان ھەن کە تێکچوونەکانی مێشک بە ھەڵسوکەوتی تاوانکارییەوە دەبەستنەوە، ھەروەھا بە بەراورد کردن بە خەڵکی ئاسایی، تێکچوونەکانی مێشک لەو کەسانە زیاترن کە لە بەندینخانەکاندان.
تێکچوونەکانی مێشک کە لە منداڵی یاخود سەرەتای ھەرزەکاری دەردەکەون، ئەگەری زۆرە کە ببێتە ھۆی ھەڵگرتنی ھەڵسوکەوتی تاوانکاری.

ھەندێک ڕووداو کە پەیوەندی بەم پرسەوە ھەیە: 

ڤینیس گەیج: 

لە ساڵی ١٨٨٤، ڤینیس گەیج وەستای کۆمەڵێک کرێکار بووە لە ئەمەریکا، رۆژێک لە کاتی کارکردندا پارچە ئاسنێک بە درێژایی سێ پێ و نیو  و بە کێشی پاوەند، چوو بە چاویا و بە درێژای بە کەللە سەریدا ڕووی تاوەکوو گەیشتە بەشی سەرەوە کەللەسەری، ئەم ڕووداوەش وای کرد کە بەشێکی زۆر لە بەشی چەپی نێوچەوانە پلی لەدەست بدات، بەڵام گەیج لەم ڕووداوە ڕزگاری بوو، ئەو دکتۆرەی کە گرنگی بە گەیج دەدا تێبینی لەسەر ھەڵسوکەوتی گەیج تۆمار دەکرد، دوای تۆمارکردنی تێبینەکانی لەسەر گەیج بۆی دەرکەوت کە گۆرانێکی زۆر لە ھەڵسوکەوتی ڕووی داوە، گەیج ھیچ سنوورێکی نەماوە بە شێوازێکی توند و تیژانە مامەڵە دەکات، ھەندێک دەڵێن تەنانەت دەست درێژ کردۆتە سەر منداڵەکانی.

تێکچوونەکانی ناوچەوانە پل:

تێکچوون لەم ناوچەیەی مێشکدا دەبێتە ھۆی لە دەستدانی کۆنترۆلی ھەست و سۆز ھەڵتەکاندنی ڕێگری کەرەکان مەبەست لە ڕێگری کەر (واتە وەڵامدانەوەی مێشک بۆ ڕێگری کردن لە کردارێکی دیاری کراو)، ئەمەش کار لە وەڵامدانەوەمان دەکات بۆ ھاندەرە ژینگەییەکانی دەورو بەرمان.
ناوچەوانە پل پەیکەرێکی ئالۆزە و لە زیاتر لە بەشێک پێک دێت، ناوچەی توێژی ناوچەوانە پل (PFC)، ئەم بەشە سەردێڕی باسەکەمانە، ئەم ناوچەیە بەرپرسە لە بریاردان و کاردانەوەکان، ھەروەھا ئەم بەشە بەوە جیا دەکرێتەوە کە یەکێکە لەو ناوچانەی مێشک کە زۆر بەخاوی گەشە دەسێنێت، بۆیە کاتێک لە تەمەنی منداڵیدا تێکچوون لەم بەشە ڕوودەدات ئەوە دەبێتە ھۆی کاریگەری تێگەشتنی ھەڵسوکەوتە ئەخلاقییەکان، ھەروەھا کاتێک لە تەمەنی ھەرزەکاری ئەم ناوچەتە تووشی زیان دەبێت، دەبێتە ھۆی لەدەستدانی کۆنترۆل بەسەر ھەڵسوکەوتە نا پەسەندەکان، ھەروەھا کەمی چالاکی لەم بەشەدا لەوانەیە ببێتە ھۆی پەرەسەندنی توند و تیژانە ھەر وەک لە کەیسی دۆنتا پەیج بەدی دەکرێت.

دۆنتا پەیج: 

دۆنتا پەیج لە دینڤێر لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تاوانبار کرا بە کووشتنی بیتۆن توسیل لە ساڵی ١٩٩٩، ئەم تاوانە بە شێوەیەکی ئێجگار وەحشیگەرانە کرابوو، دوای ئەوەی کە ھەستان بە ئەنجامدانی پشکنینی بۆ مێشکی تاوانبار، دەرکەوت کە چالاکییەکانی مێشک لە ناوچەی توێژی ناوچەوانە پل زۆر کەم بووە، ئەمەش بووەتە ھۆی ئەوەی کە نەتوانێت دەست بەسەر کاردانەوەکانی بگرێت، وە دەرکەوت کە ئەم کێشەیە لە منداڵییەوە سەری ھەڵداوە، بەھۆی بەدخۆراکی، یاخود فەرامۆشکردنی لەلایەن دایک و باوکییەوە، یاخود بەھۆی ئازاردانی جەستەی و دەروونییەوە، یاخود بەھۆی پێداکێشانی سەر، دوای دەرکەوتنی کێشە لە مێشکیدا، سزاکەی لە لەسێدارە دانەوە کەمکرایەوە بۆ زیندانی ھەتا ھەتایی.

تێکچوونەکانی ناوچەی (OFC):

ئەم بەشە پەیوەستە بە ڕێکخستنی ھەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی تاک، لە یەکێک لە ڕووداوەکان دوای ئەوەی کەسێک گرێیەکی لەم ناوچەیە بۆ دروست بوو، گۆرانێکی بەرچاو لە مەیلی سێکسی کەسەکە دروست بوو، ئەویش مەیلی لە رێچێکەی نۆرماڵ لایدابوو بەرەو حەزکردنی سێکسی بۆ منداڵ، دوای لابردنی گرێکە بە نەشتەرگەری، مەیلی سێکسی کەسەکە گەڕایەوە سەر سروشتی خۆی،  بەڵام دوای دووبارە سەرھەڵدانەوەی گرێکە، ھەڵسوکەوتی کەسەکە گۆرایەوە، بەڵام دووبارە گرێکە لابردرا و کەسەکە گەڕایەوە سەر سروشتی خۆی.

تێکچوونەکانی دەزگای لیمبیک limbic system: 

ئەو زیانانەی کە بەر ناوچەی amygdala دەکەون لە مێشکدا، پەیوەست کراوە بە بوونی ڕەفتاری شەڕانگێزانە لە تاکدا، ھەروەھا بوونی گرێ لەم ناوچەیەدا بە ھەمان شێوە پەیوەست کراوە بەھەڵسووکەوتی شاڕانگێزانە تەنانەت کوشتنش دەگرێتەوە وەک لە رووداوەکەی چارلز ویتمان دەردەکەوێت.

چارلز ویتمان: 

چارلز خوێندکاری ئەندازیاری بوو لە زانکۆی تێکساس، لە ساڵی ١٩٩٦ چارلز ھەستا بە کوشتنی ١٦ کەس کە لە نێوانیاندا دایکی خۆی و ھاوسەرەکەی بوونە قوربانی دەستی چارلز، دوای کوشتنی چارلز، شیکاری بۆ مێشکی چارلز کرا، دەرکەوت کە گرێییەکی شێرپەنجەیی لە بەشی ڕاستی ناوچەی amygdala ھەیە، کە زۆرینەی زانایانش پێیان وایە ھەر ئەم کێشەیە بووە ھۆی ئەوەی چارلز کۆنترۆلی ھەست و کاردانەوەکانی نەکات.

سه‌رچاوه‌:

Dr Guy Sutton is Director of Medical Biology Interactive and Honorary (Consultant) Assistant Professor at University of Nottingham Medical School.


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر