یەکێتی لە سۆسیال گۆچانی تالەبانییەوە بۆ سۆسیال پۆستاڵی پاڤێل


هەمومان توشی شێرپەنجە دەکەن!

Thursday, 07.28.2022, 12:32

594 بینراوە


وەک ڕونە لەم مڕۆدا شێرپەنجە یەکێکە لە نەخۆشیە دیار و بەربڵاوەکان، بەربڵاوی ئەم نەخۆشیەش لەوڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکیتر جیاوازە، هەرێمی کوردستان بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ زۆرترین توشبوانی هەیە لەهەموو تەمەنەکاندا ئەویش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، ئەگەر بەوردی گوێ لە ڕاپۆرتەکانی پەرلەمانتاران و بەرنامەی تەندروستییەکانی تیڤیەکان و ڕەخنەی پزیشکەکان و چاودێران و ڕۆژنامەنوسان بگرین بۆت دەردەکەوێت کە سەرەکیترین هۆکارەکان پیسبونی ژینگە و خراپی کوالێتی خۆراک و ئاو و ناتەندروستی چارەسەرە پزیشکیەکانە، هەموو ئەمانەش بەرپرسانى حکومەت و حیزب و بازرگانەکان لێی بەرپرسن.
 سەرەکیترین هۆکارەکانیش ئەمانەن:
یەکەم بەنزین: چەندینجارە بەچاوی خۆمان بینیمان و بەگوێی خۆمان بیستمان ئەو سوتەمەنیەی کە بەناوی بەنزینەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت چەندین ماددەی ژەهراوی قەدەغەکراوی تێدەکرێت کەهۆکارە بۆ توشبون بە شێرپەنجە و چەندین نەخۆشیتر، ئەو شۆفێرانەی ڕۆژهەڵات کە خۆیان بەنزینەکەیان هاوردەکردبوو ئەو ڕاستیەیان بۆ ڕاگەیاندنەکان خستەڕوو.
دووەم خۆراک: ئەوە چەندین جارە لە بەرنامە تەلەفزیۆنی و لەزاری پزیشکەکانەوە ئەوە دەخەنە ڕوو کە زۆرێک لەو ماددە خۆراکیانە بەهای خۆراکیان لەدەستداوە و هەندێکیشیان هۆکارن بۆ توشبون بەنەخۆشی شێرپەنجە، ئەو خۆراکانەش ئەوانەن کە لە سنورەکان لەلایەن لیژنەکانی کوالێتی کۆنترۆڵەوە چاوپۆشی لە پشکنینەکانیان دەکرێت و دەرخواردی خەڵکی دەدرێن.
سێیەم چارەسەرەکانی پزیشکی: بەپێی لێدوانی چەند پزیشکێک زۆرێک لەو چارەسەرە پزیشکیانەی بازرگان و بەرپرسان هاوردەی دەکەن چارەسەری ساختە و ناتەندروستن، هەندێک لەپزیشکەکان لە تیڤیەکانەوە ئەو ڕاستیانەیان خستەڕوو. 
چوارەم ئاو: نەبونی ئاوی خواردنەوەی پاک و پێوست، زۆرێک لەشارەکان کێشەی کەم ئاویان هەیە، وەزۆرێک لەسەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوەی شارەکانیش پیس بوون و بەکەڵکی خواردنەوە نایەن.
هەموو ئەو ڕاستیانە لەشاشەی تیڤییەکانی خۆیانەوە خراونەتەڕوو، ئەگەر وڵاتێک ژینگە و خۆراک و ئاو و چارەسەرە پزیشکیەکانی ناتەندروست بن ئیتر چۆن بەکەڵکی ژیانکردن دێت؟ ئیتر چۆن ڕۆژانە دانیشتوانەکەی توشی جۆرەها نەخۆشی و لەناویشیاندا توشی نەخۆشی شێرپەنجەنابن؟
 با بپرسین هۆکارەکانی بڵاو بونەوەی ئەونەخۆشیانە کێن؟ کێن بەنزین هاوردە دەکەن و بازرگانەکانی سوتەمەنی کێن و پاڵاوگەکان هی کێن؟ بازرگانەکانی خۆراک کێن و لیژنەکانی کولالێتی کۆنترۆڵ بۆچی چاوپۆشی لە خراپی جۆرەکانی خۆراک دەکەن؟ ئەی خاوەن کارگەکانی دەرمان کێن و کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی دەرمان هی کێن؟
ئەگەر بەویژدانەوە وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەینەوە بۆت دەردەکەوێت کەهۆکاری هەموو نەخۆشی و ناخۆشییەکانمان حکومەتی هەرێم و بەرپرسە گەندەڵەکان و بازرگانە چاوچنۆکەکانن.
بەرپرسانی نەخۆشخانەی هیوا دەڵێن ڕۆژانە پازدە کەسی نوێ لەو نەخۆشخانەیە ناویان تۆمار دەکرێت، ئەگەر ئەم حاڵە درێژەبکێشێت ئەوە لەداهاتودا هەموو خانەوادەیەک نەخۆشی شێرپەنجەیان دەبێت.
ئەوەی نەیارەکانی کورد بەم میللەتەیانکرد حکومەتی هەرێم لەوان خراپتری پێکردین، ئەگەر نەیارەکان بەیەک جۆر گازی ژەهراوی قڕیان دەکردین ئەوا حکومەتی هەرێم بەجۆرەها  گاز و خۆراک و دەرمانی ساختە قڕمان دەکات.