یەکێتی لە سۆسیال گۆچانی تالەبانییەوە بۆ سۆسیال پۆستاڵی پاڤێل


لە کوردەوە بۆ کورد

Sunday, 07.31.2022, 11:47

604 بینراوە


لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا، عێراق دەستی كردبوو بە دروستكردنی ھەندێ پیشەسازی بچووك، لەوانە كرێمێكی ددانیان دروست دەكرد كارخانەكەی لە نەجەف یا كەربەلا بوو، زانا بێڕەوشتەكیمیاوییەكانی ڕژێم پێشنیاز دەكەن، كە ژەھرێكی كیمیاوی تایبەت بكەنە ناو ئەو كرێمانەی بۆ ( شیمالی عێراق!!) ی دەنێرن، ڕاوێژكارەكانی سەددام كۆنترۆڵكردنی ئەمە بە زەحمەت دەزانن كە لە شارەكانی تریشدا بڵاو نەبێتەوە، بۆیە بیرۆكەكە بە شێوەیەكی كاتی دوادەخرێت.
ئێستا براکانم، خوشکەکانم، بۆ لەو بڕوایەدا نیت كە (میت و ئیتلاعات) دوای ھەڵەبجە و تاقیكردنەوەكانیان لەسەرمادەكیمیاوییەكان و دەركەوتنی كاریگەرییەكانیان، بەم كارە ھەڵنەسن؟! ئێوە خۆتان، دەزانن و بەراوردێ بکەن سەبارەت باری تەندروستی خەڵك لە چ حاڵێكدا بوو پێش ڕاپەڕین، بەڵام دوای ڕاپەڕین تا چ ڕادەیەك و زۆر بە خێرایی کە ژمارەیەكی زۆر باری تەندروستی خەڵكی باشوور ڕووی لە خراپی كرد، بۆ عێراقیش ھەروایە، چوونکە سەرچاوەی کڕینی خۆراکییان هەمان ئەو کارخانە تورکی و ئێرانیانەن کە بەسەرپەرشتی دەزگاکانی سیخوڕیی میت و ئیتلاعات، بازارەکانی هەرێم و عێراقیان خستۆتە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە. 

ئایا پێتان وایە كە:

میت و ئیتلاعات، ئینسانیترن، شەریفترن، موسڵمانترن، لە دەزگای موخابەراتی ڕژێمی سەددام؟!
دەلیلتان چییە كە ئەو دوو دەزگایە بەو كارە نامرۆییانە ھەڵنەساون/ ھەڵناسن.
دوو ڕاستیتان پێ بڵێم:
1- بنەماڵەی مەلا مستەفا، ھیچ بەرھەمێكی بازاڕەكانی ھەرێم بەكار ناھێنن، خۆراكی ئەوان بە تایبەتی لەفەرەنسا و لە چەند كارخانەی تایبەتییەوە بۆیان دێت. مەگەر تەنیا گۆشتی ئاسکی چیا سەرکەشەکان، کە دەڵێن ماستاوچییان بۆ تازەکردنەوەی بەیعەت بۆیان دێنن.
2- نەخۆشكەوتن و گەڕان بەدوای چارەسەردا و سەردانی دكتۆرەكان، بازرگانییەكی ھێندە بەسوود و ڕەواجدارە كە ھەموو بەھاو نرخەمرۆییەكان دەكرێنە قوربانی، چ سەرمایەیەکی زەبەلاح ڕژێنرایە سەر ئابووری تورکیا و ئێران، چ بۆ چارەسەری نەخۆشی چ بۆ گەشت و گوزار، کە لە کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکانی هەرێمەوە کە بەرنامەکانیان لە ژێر چاودێری دەزگا سیخوڕییەکانی ئێران و تورکیادا و بە سوودی مادیی و مەعنەوەی ئەوانە، ڕێکلامیان بەلەشی ڕووتی ژنانی سلیکۆنییەوە دەکرد، بۆ برنج، شیری منداڵان، دۆشاوی تەماتەی زێر و ئاڵتوونسا و چای مەحموود و ئەحمەد و ژنانی کورد بەدەم سەماوە بۆ ئێوەیان وێنەدەکرد، ئەوان بۆیە خۆشحاڵن چوونکە چای مەحموود دەخۆنەوە، کە ئەو کارخانانە و هەموو جووڵەیەکی بازرگانی لە ژێر چاودێری دەزگای سیخوری تورکدایە و پشکێکی ئەم سوودەش بە سەرکردەیەتی جلخواری کورد دەبڕێت.
بۆیە تكاتان لێ دەكەم، لە پێناوی پاراستنی تەندروستی خۆتان، نەوەكانتان، مانەوەی سەرمایە لە كوردستان وگیرفانی كورددا، باربۆنەكردنی سپای داگیركەری فاشی تورك، ھەرچی كاڵای توركییە بایكۆتی بكەن، ڕوو لەجوتیاری كورد بكەنەوە، خۆتان ھیمەتی چاندن بكەن، ئاخر خۆ ئێوە جوتیارێكی وەك (كاك ئازاد)تان ھەیە، خۆئەو سەلماندی كە دەتوانین بە كشتوكاڵی نیشتمانی خۆمان كە باشترین كوالیتی ھەیە، ژیانێكی تەندروست بژین.
 ھاوڕێ ھاوبیر و ھەڤاڵەكانم، شەرافەتمەندانی نیشتمانی من، تۆ كە كورسییەكی توركی دەكڕی، ئەوە داری دزراوی بناری قەندیل و دارەكانی عەفرینە، كە كارخانەكانی سەر بە میتی تورك بە تۆی دەفرۆشنەوە، دووجاردزیت لێدەكەن، جارێك دارەكانت دەدزن و ژینگەكەت وێران دەكەن، جارێك ئەو پارەیەیەی دەبێت لە بازاڕەكانی كوردستاندا مامەڵەی پێوەبكرێت، دەخرێتە سەر بودجەی سەربازیی ئەو سپا دڕندە و ڕەگەز پەرستەی، خۆت ومنداڵ و خوشك و براكانتی پێ شەھید دەكات و ژینگەكەتی پێ وێران دەكات، ئێستا دەبینیت كە ئاسایشی خۆت وخێزانت لەژێر چاودێری و ئاگری تۆپخانە و درۆنی بەیرەقداری سپای ڕەگەزپەرستی توركدایە، ھیمەتی فڕیدانی كاڵای توركی بكە بە ڕەفتاری ڕۆژانەت و نەفرەت لە داگیركردن و تەسلیم بوون بكە، دەزانم دەتوانی تۆ ئابڕومەند وشەرافەتمەند وئازادیخوازی، ڕەنجی فەرهادت دا بۆ ئازادی، بەڵام ڕەنجت بێوەر و کۆڵێک نەخۆشیت چینییەوە، ھەموومان پێكەوە بۆ بڕیاری: چیدی نابینە دەسنەخۆری دەزگای سیخوڕی فاشییەكان، سەركەوتوودەبێت تێكۆشانی كوردستانیتان، دڵنیا بن.

چەند پێشنیازی بنەڕەتی ئابووری و دارایی.

1- ئەمە بکە بە دروشمی ئەم قۆناغەی ژیانت: لە کوردەوە بۆ کورد.
2- چاوبگێرن و هاوردەکارانێک کە لێیان دڵنیان شەرافەتمەند و کوردستانپەروەرن بدۆزنەوە، لەگەڵیاندا ڕێک بکەون کە ببنە هاوردەکاری خۆراک و پێویستییەکانتان، بەڵام بەو مەرجانەی خوارەوە:
ئەلف: دەبێت خۆراک و پێویستییەکان تەنیا و تەنیا لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و باکووری نیشتمان بکڕن.
بێ: جگە لە بەرهەمی جووتیاری زەحمەتکێشی کورد، نابێت هیچ کاڵایەکی جووتیاری ئێرانی و تورکی هاوردە بکات.
3- ئەگەر هاوردەکاری واتان دەست نەکەوت، خۆتان لە کچان و کوڕانی دەرچووی زانکۆکان، کۆمەڵی هەرەوەزی و پشتیوانی ئابووری دروست بکەن، سەرمایەکانتان با کەمیش بێت، بخەنە ئەو سندوقی هەرەوەرزییەوە و خۆتان چەند لاوی چوست و چالاک هەڵبژێرن و هاوردەکانتان خۆتان ئەنجامی بدەن بەو مەرجانەی سەرەوە.
4- جووتیارە زەحمەت کێشەکانی هەرێم ئەوانەیان کە لەبەر ساغنەبوونەوەی بەرهەمەکانیان فرێدەدەنە سەر جادە و شەقامەکان هان بدەن بۆ زیادکردنی بەرهەمەکانیان و باسی مەرام و هەوڵە کوردستانییەکانی خۆتانیان بۆ بکەن و بەرهەمەکانی ئەوان بکڕن، ئەگەر ڕاستە و لاوەکانتان بێکارن و کوردستانپەروەر، ئەمڕۆ ڕۆژی هیمەتی جوامێرانە و کوردستانییە، دەبێت لە خۆیان ببورن و (لە کوردەوە بۆ کورد)، شەرافەت و ئابڕوی خێزان و هاوسێ و شار و گوندەکانیان بپارێزن و نەیەڵن چیدی سووکایەتی بە باوانیان بکرێت، بۆ پەیدا کردنی کاڵا ڕزیوو ژاراویکراوی دەوڵەتە کۆڵنیالستەکانی نیشتمانی کورد. ئەمڕۆ ڕۆژی تاقیکردنەوەی توانا و هێز و تێگەیشتنی ئێوەیە لە کێشەکانی نەتەوەکەتان.
سوودەکانی کۆمەڵی هەرەوەزی وپشتیوانی:
1- کۆکردنەوەی خەڵک لە دەوری بیرێکی هاوبەش.
2- بەکردار پشتیوانیی و هاوکاری یەکتر دەئەزموێندرێ.
3- لاوەکانمان دەچنە قۆناغی کارکردنەوە کە قۆناغێکی گرنگە بۆ گەشەکردنی جەستە و هۆش و لە ئەستۆگرتنی لێپرسراویەتی نەتەوەیی.
4- فێریی ڕێکخستن و بەبەرنامە کارکردن دەبین.
5- لەو ناوەندە پۆخڵانەی (حیزبەکان) کە سەرچاوەی هەموو کڵۆڵی و نەهامەتییەکانی ئەوسا و سووکایەتی و وردکردنی شانازیی مرۆڤ بوون و کوردبوونمانن، دەپچڕێن و ئەو دەلاقەیەیان لێ دەبەستین، کە هۆکەی برسی کردنمانە. ئەگەر لەیادتان چووە قەیناکە دەیخەمەوە بیرتان: سەرۆ قادری بەرپرسی دەزگای دەمشڕی سەر بە دەزگای سیخوڕی میتتان لەبیرچۆتەوە کە شەکرێکی شکاند و وتی: پەندێکی ئەڵمانی هەیە دەڵی: سەگ برسی بکە شوێنت دەکەوێ، ئەمە کرۆکی بیرکردنەوەی بنەماڵەی مەلایە و هەرئەوەیان کرد کە سەرۆی برسیکراوی شوێنکەوتووی خاوەنەکەی، بەو بەشە لەنەتەوەکەی وت لە باشووری کوردستاندا.
6- کەواتە بە دامەزراندنی کۆمەڵی هەرەوەزی و پشتیوانی، پیشانی (سەرۆ)کان و ئاغاکانیان دەدەن، ئەوە گەلە، نەتەوەیە کە ئەسڵە و لە بەرخۆدانێکی کوردستانی بەردەوامدایە، ئەوسا دژ بە ڕژێمی رەگەزپەرستی حیزبی بەعسی ئیشتراکی عەرەبی و ئێستا دژ بە کۆپییە کوردییەکانی، تێکۆشان تا ئازادی لە هەموو پۆخڵەواتەکان بەردەوامە. 
7- بەم کارەتان، هەموو ئەو خاڵانەی سەرەوە بەدەست دێنن، کە ئیمتیازی مرۆیی زۆر بەرزن، جگە لەوانە بنەمای ئابوورییەکی هەمەگیر* کە بنەمای یەکەمینە دوای ویستی نەتەوەیەک بۆ سەربەخۆیی، بۆ دامەزراندنی وڵاتێکی ئازاد دادەڕیژن( لە وتاری - فۆرمێکی نوێ بۆ بەڕێوە بردن- بە درێژی باسی دەکەم). چوونکە وڵات بە نەتەوە و گەلێکی خوازیاریی ئازادیی و تێکۆشەر لە هەموو بوارەکاندا دێتە دامەزراندن، نەک بە سەرۆک خێڵی خیانەتمەندی کوردی پۆش و لەبەرکردنی قاتی فەرەنسی، پاش خواردنی گۆشتی ئاسک لە پشت میکرۆفۆنەکانەوە.
8- خاڵێکی تر کە زۆر کرۆکییە، ئەوەیە کە ئێوە دڵسۆزیی ڕۆژهەڵات و باکووریانتان لەیادە، کە چۆن لە کۆڕەوەکان و لێقەومانەکانی تردا، ماڵی خۆیان چۆڵ دەکرد و منداڵەکانیان دەبردە مزگەوت و ئێوەیان لە ماڵەکانی خۆیاندا دادەمەزراند، ئەوان هەمیشە قەڵای بەرگری و سپای هاوکاریی ئێوە بوون، جگە لەوەی کە بە چەندین ڕۆلەی خۆیان وەک ( جەنگاوەری کوردستانی) لە شار و گوندەکانی باشوور گیانیان بەخشی بە سەربەخۆیی نیشتمان، ئێستا باری ئابووری برا و خوشکەکانتان بەتایبەت لە ڕۆژهەلات** بە ئەنقەست و بە مەبەستی ناچارکردنیان بۆ ملدان بە دەزگای سیخوڕی ئیتیلاعات، باش نییە و دەتوانم بڵێم بۆ زۆرینەیان لە خراپ خراپترە ( هەر ئەم ئامرازەپیسەیە کە دەزگای سیخوڕیی حیزبەکانی باشوور بۆ ڕاوکردنی بە تایبەت کچانی ڕۆژهەڵات، بەکاری دێنین، واتە خراپ سوود وەرگرتن لە توانای کەمی دارایی و خراپی باری ئابووری خێزانەکانی ڕۆژهەلات). بەو هەوڵەی ئێوە، ئاوەدانکردنەوەی کۆمەڵی هەرەوەزیی و پشتیوانی، ڕایەڵەیەکی نوێی تێکەڵبوونەوە لە نێوان دوو پارچەی نیشتماندا زیندوو قایم دەکەنەوە، ئەمە هەر مامەڵەی بازرگانی نابێت، بەڵکو دەبێتە زەمینەی گەشەپێدانی کلتووری و ئاڵۆگۆڕی بیروڕا، خۆ ئازادی تەنیا بە سیاسەت ناکرێت، سیاسەت نەبووە کە نەتەوەکان بوون و بەرگریان لە خۆیان کردووە، بۆ ئێمەی کورد، ئەو سیاسەتە مەیمونبازییەی حیزبەکانی نەبایە، باری تێکۆشانی بزووتنەوە ئازادیخوازەکەمان زۆر لە ئێستای گەشەکردووتر دەبوو. 
9- سەرمایەی کورد دەبێت لە گیرفانی خێزانەکانی کورددا ببێتە مایەی ژیانێکی چاکتر و پەیوەندییەکی قوڵتر و نزیکبوونەوەی زیاتریی، هەم لەباشوور هەم لە ڕۆژهەڵات، حیزب و کەسانێک بۆ مەرامی حیزبی و بۆ مەرامی کەسایەتی خۆیان کار لەسەر جودایی نەتەوەکە دەکەن و مەسەلەی ئازادیی کورد دەبەستنەوە بەو وڵاتانەی کە بەشێک لە نیشتمانی ئێمەیان داگیر کردووە، بۆیە زووڕنای ئەوە دەژەنن کە نابێت دەستتێوەردان لە کێشەی پارچەکاندا بکەین و هەر بەشێک بۆ خۆی هەوڵی ڕزگاریی بەشەکەی خۆی بدات!!.
10- کۆمەڵێک لە بەناو ڕۆشنبیرانی ڕۆژهەڵات، کە فشنبیرانی هەلپەرستی ناو بزووتنەوەی ئازادییخوازی ڕۆژهەڵاتی نیشتمانن و بە زۆریی هەڵاتووی، ورەدۆڕاو و تێکشکاوی ناو حیزبە داڕزاوەکانی ڕۆژهەڵاتن و تەرمی شەهیدانی بزووتنەوەکە کە لە زۆر حاڵەتدا ئەوان هۆی بە کوشتدانیان بوون و لە دادگای گەلدا لێپرسینەوە لە سەرکردەیەتییەکانیان دەکرێت سەبارەت بەمە، دەدەن بە کۆڵی خۆیاندا و مامەڵە بە خوێنی ئەوانەوە دەکەن، خۆیان داوەتە پاڵ دەسەڵاتی بەتایبەت پدک/ عێراق و بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان نەک چاو لە خوێنی شەهیدانی ڕۆژهەڵات دەپۆشن و دەفرۆشن، بەڵکو باز بەسەر ئەو هەموو تاوانە کۆمەڵایەتی و سیاسی وکڵۆڵیانەدا دەدەن کە سەرکردیەتی حیزبەکانی باشوور دەرهەق بەو بەشە لە نەتەوەکەیان ئەنجامداوە لە ماوەی سی ویەک ساڵ فەرمانڕانیی ناڕەوایاندا و مێژوو بۆ بنەماڵەکانیان ئاوەژوو دەکەنەوە و بە فیتی دەزگای سیخوڕی دەوڵەتانی کۆلۆنیالیستی داگیرکەری بەشێکی نیشتمانەکەمان، دەیانەوێ بیر و زەینی لاوەکانمان بە لاڕێدا بەرن و چەواشەیان بکەن، ئێمە لە باشووری کوردستان: گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵات بە نوێنەری خۆی دەزانین و ئەوان زۆرینەن و دەستە و تاقمەکان کەمینەیەکن کە ناتوانن مامەڵە بە چارەنووسی ئەو بەشەی نیشتمانەوە بکەن، کەس ئەوانی نەکردووە بە دەمڕاستی کێشەکانی ئەو بەشە لە نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتدا، ئەزموونی داڕزاوی فەرمانڕانی باشوور، نممونەیەکی قێزەوونی مێژووی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەی کوردە کە دەبێت لێپرسینەوە و دادگایی بکرێن، نەک بکرێتە نموونەیەکی دووبارە بووەوە بۆ ڕۆژهەلات!
11- بۆیە گرنگە ئیوەش لە لای خۆتانەوە، دەستبەکار بن و بەرهەمە کوردییەکانتان، دڵسۆزانە زیاد و چاک بکەن و لەم هەڵمەتەی ( چیدی نابینە دەسنەخۆری هیچ داگیرکەرێک) هاوکاری دڵسۆز و جددی خوشک و براکانتان بن لە باشوور و کۆمەڵە هەرەوەزییەکان و کێڵگە کشتوکاڵییەکانتان بە باشترین شێوە ئامادە بکەن و ئاوەدان بکەنەوە، بۆ بنیاتنانی ئابوورییەکی هەمەگیر( لە کوردەوە بۆ کورد)، ئەم کارە بنەوما و پێشینەی هەیە لە نێوان باشوور و ڕؤژهەڵاتدا و ئاسانترە وەک لە نێوان باشوور و باکووریدا، ئەوەی ئیستا دەکرێت لە هاوردەکردن و مامەڵەی بازرگانی سوودەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەتە کۆڵۆنیالیستییەکانی داگیرکەری بەشێکی نیشتمان.
12- دەزانم زۆر پرسیار بە دڵ و مێشکتاندا دێت، لێرەدا ناتوانم وەڵامیان بدەمەوە( لە فۆڕمێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردندا باسیان دەکەم)، بەڵام دڵنیابن ئەو قازانجە کەمەی دەست چەند ماڵباتێکی باشوور و ڕۆژهەڵات دەکەوێ لەم ئاڵوگۆرەدا، برەودانە بە فرۆشتنی ئەو کاڵایانەی، کە وابەستەیی خەڵکەکەت بەواوە زیاتر دەکات و لە ئاکامدا خەزێنەی ئەوان ئاوەدان و بەرهەمی خۆماڵی کوردەواری وێرانتر دەکات، ئێمە دەبێت لە بەرژەوەندی گشتەوە بۆ بەرژەوەندی خۆمان بڕوانین، ئەمە پایەکانی بەدیهێنانی کۆمەڵگایەکە کە تێیدا کورد دەبێتە بەرهەمهێن نەک بەکاربەریی کاڵای ژاراوی داگیرکەران.

سەرنجەکان/


 *ئابووریی هەمەگیر، وشەی بیرمەند مامۆستا مەسعوود محەمەدە.
 **فەرمانڕانییە دکتاتۆرییەکان، تەنیا یەک دەلاقەی ژیان دەهێڵنەوە بۆ خەڵکەکەیان، دەبێت لەگەڵ ئەوان
بیت تا بتوانیت بژێویی خیزانەکەت پەیدا بکەیت، ئێستا فەرمانڕانەکانی باشووریش، هەمان سیاسەت
پەیڕەودەکەن بەرانبەر بەو بەشە بندەستەی نەتەوەکەمان لە باشووردا و ناوی جۆراوجۆریان
بۆ ئەم ساختەکارییە دۆزیوەتەوە.