پارتی لەنێوان ترسی خۆپیشاندان و گرتنی چالاکواناندا

Saturday, 07.30.2022, 11:58

248 بینراوە


سەرباری ئەوەی جەستەی مرۆڤی کورد پڕیەتی لە زام و برین ، بەڵام هیچ زامێک هێندەی ئەو زامانە مەترسیدار نین کە پارتی دۆخی چالاکوانانی بادینان و ڕۆژنامەنووسان بەرەو تونێلێکی تاریک دەبات ، تراژیدیای زیندان و ئازارو ئەشکەنجەو هەڕەشەی ناموس بە کورد نامۆ نییە و شۆڕشگیرەکانی سەدەی ڕابردوو هاوشێوەی چالاکوانەکانی بادینان ملیۆنان تراژیدیای لەم شێوەیەی ئێستای پارتیان بینیووە لە سەردەمی بەعسیزم دا، بەڵام هیچکات ڕژێمی بەعس نەیتوانی  ئیرادەی کوردی ڕاستگۆو دڵسۆز بە خاک و خەڵک تێکبشکێنیت و ئیستاش  ووتەکەی شەهید ( شەهابی شێخ نوری ) کە پڕ بە گەروی هاواری دەکرد ( کەم بژی و کەڵ بژی ) میللەت ڕائەچڵەكێنێت بۆ هەستانەوە و ڕۆح بەبەرداكردنەوەی ژیان. 
ڕۆژانە وەك دیاردەیەكی راگوزەر دیمەنی دەیان پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لە ژێرسێبەری حکومەتی هەرێمی کوردستان دا دەبینین ، بەشێكی زۆری ئەو پێشێلكارییانەی مافی مرۆڤ، پەیوەندییان هەیە بە رێگرییەكانی حكومەت و دەزگا ئەمنیەکان (ئاسایش و پۆلیس) لە گردبوونەوە و خۆپیشاندان لە شاری هەولێردا ، پارتی لە قەڵەمڕەوی خۆیدا تووشی فۆبیایەكی سەیر بووە کاتێک ناوی خۆپیشاندان و گردبونەوە دەبیستێ رێوشوێنی نائاسایی لە هێرش و پەلاماردان و رفاندن بۆ پێشێلکاری مافەكانی مرۆڤ دەگرێتەبەر کە ئەمەش کاردانەوەیەکی ناعەقڵانی ئەو حیزبەیە بەرامبەر بەها دیموکراتیەکان و خۆپیشاندەران . 
 هەفتەیەک لەمەوبەر دوای کۆمەڵکوژییەکەی زاخۆ لەلایەن تورکیاوە ، چەند چالاکوانێک کە لە پەنجەکانی دەستێک تینەدەپەڕین دژ بە کۆمەڵکوژییەکەی زاخۆ بەیاننامەیەکیان دەرکردو لەژێر ناونیشانی( پایتەخت دژ بە داگیرکاری دەوەستێتەوە) بە نیازی گردبونەوە بوون لە پارکی شانەدەر ، بەڵام پارتی هەم ڕێگەی نەدا بە گردبونەوەکەو هەمیش هەریەک لە ( هاوڕێ کوردی و لێزان بەکرو سابیر زەندی و موراد ساڵەیی و  هۆگر پیرباڵ ) دەستگیر دەکات و ڕۆژێک دواتر هەریەک لە ( هاوڕێ کوردی و لێزان و سابیر زندی )ئازاد دەکرێن ،بەڵام تا ئێستا ( موراد ساڵەیی و هۆگر پیرباڵ ) ئازاد نەکراون ،وێڕایی ئەوەی هیچ كام لەم چالاکوانانە تابووری پێنجەم و دەستی دەرەكی نەبوون و نین ، ئەمانە داوای راگرتنی هێرش و تۆپبارانەکانی سوپای تورکیایان بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و داوای دادگەری و یەكسانی ، هەلی كار و دەرباز بوون لە بێكاری ، ئازادی و نەبوونی ترس و گەڕانەوەی شکۆیان بۆ نیشتیمان دەکرد ، بەڵام پارتی لە پێناو مانەوەی خۆیدا گوێ بە یاسا و بەها دیموکراتیەکان و هەتا ڕشتنی خوێنی هیچ کەسێک نادات،  بە هێزی چەک خۆپیشاندانەکان دادەمرکێنێتەوە . 
لەکاتێکدا بەپێی یاسای ژمارە (١١ـی ساڵی ٢٠١٠) یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان بێت ، پاراستنی خۆپیشاندەران لە ئەستۆی دەزگا ئەمنییەکان (ئاسایش و پۆلیس) دایە ،یاساکە ڕێگەدەدات بە خۆپیشاندان و دەڵێ : خۆپیشاندان مافێکی دەستورییە و ڕێگەنادرێت بە هیچ هێزو گروپ  حیزبێک پیادەكردنی مافی خۆپیشاندان قەدەغە بكات . بەڵام پارتی و حکومەتی هەرێم بەبەرچاوی هەموو دونیاوە یاسای ژمارە ١١ـی ساڵی ٢٠١٠ یان پەکخستووەو خۆپیشاندەریش نەک ناپارێزرێت بەڵکو پێش دەستپێكردنی خۆپیشاندان تۆمەتبار دەکرێت و بە تۆمەتی جۆراو جۆر  دۆسیەی یاساییان لەدژ دەکرێتەوە .