پزیشکێک لە گێژاوی هەست و سۆزە چڕو پڕەکان دا

Thursday, 08.04.2022, 21:29

632 بینراوە


لە بواری کاری پزیشکی و بە تامێکی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی گشتی و کەمۆکەیەکیش چینایەتی و سیاسی، پزیشکی پسپۆڕی بێهۆشکاری هاوپیشە و هاوڕێم   د.هەڤین کەمال شا محەمەد بە کتێبی (لوب دوب) کتێبخانەی کوردیی دەوڵەمەند کرد. بۆ ئەم کارەی لە ناخی دڵەوە پیرۆزبایی لێدەکەم.  د.هەڤین لە نەخۆشخانەی ئیمێرجێنسی (فریاکەوتن) کاری کردوە و ئێستا لە نەخۆشخانەی نەشتەرگەریی جوانکاری و سوتاوی لە سلێمانی کاردەکات. د.هەڤین هەر لە منداڵیەوە کتێب خوێندنەوە دەبێتە خولیای و   بە مە ژێرخانێکی بتەوی ڕۆشنبیریی گشتی بۆ خۆی دروست دەکات . د.هەڤین لەسەرەتای کتێبەکەیدا دەپرسێ بۆ خەڵک پێی سەیرە پزیشک چیرۆکنوس و شاعیر بێت ، پرسیارەکە پێچەوانەدەکاتەوە کە بۆ ئەوانە نەبێت؟ مادام پزیشک ڕۆژانە سەروکاری لەگەڵ ئێش و ئازار و خۆشیی ژیان و فریاکەوتن و ژیاندنەوە و ناخۆشیی مردن و ئاخ و ئۆفی مرۆڤ هەیە ئیتر پێویستی بە ڕامان و گەڕانی زۆر بە دوای هزر و ئایدیا و وێنە خەیاڵیەکان نیە، هەر ئەوەی بەسە تۆماری ئەوە بکات ڕۆژانە لە کارەکەیدا دەیبینێ و دەیبیسێ و دەژی لە ناویدا. ئەو لە دورەوە شەیدای نوسینەکانی نوسەرێکی ناودار دەبێت ، گەنجینەی بیرەوەریەکانی وەک پزیشکێک لێوانڕێژە لە بەسەرهاتی نەخۆشەکانی ، ناڵە و فیغانی نەخۆشە پڕئازارەکانی دڵە هەستیار و ناسکەکەی نائارام دەکات و خەو دەزڕێنن لە چاوانی . بە هیوای ئەوەی نوسەرەکە لە چواچێوەیەکی ئەدەبی دا بەسەرهاتەکان  بکاتە چیرۆک و ڕۆمان ، بە چەند بازنەیەک دەکەوێتە نوسینەوەی ڕوداو و بەسەرهاتەکان و پەیتا پەیتا دەیاننێرێ بۆی، لە کۆتایی کتێبەکەیدا بۆی دەردەکەوێ کە نوسەرەکە  زۆر نەخۆش بوە بۆیە پۆستەکەی ئەمیان نەداوەتێ و دواتر مردویشە، ڕۆژێک هەمو  پۆستە نێردراوەکانی بۆ دەهێنن بۆ نەخۆشخانە و ڕادەستی دەکەنەوە.
ئینجا وەرە لەم کۆمەڵە و لەم هەرێمە پڕ کێشەیەدا ژنێکی پڕ لە هەستیاری و هاوسۆزی بیت، دوکتۆرێکی بۆ کارکەت دڵسۆز و  کەسێکی ڕۆشنبیریش بیت، لە سیستمی  تەندروستی (کە ئیمڕۆ بوە بە بازاڕی تەندروستی) و لە سیستمی حوکمی کوردی هەست بە هەمو کەم و کوڕیەکان بکەیت و لە نەخۆشخانەیەکی کەرتی گشتی دا کاربکەیت کە پەیوەندیی بە فریاکەوتنی دۆخە ترسناک و لەناکاوەکانی نەخۆشەوە هەبێت ، پسپۆڕیەکەشت لە ئێش و ئازارەکانی مرۆڤ بەگشتی و هی کوردیش بە تایبەتی بێت، دەبێ بار و دۆخی ئەم پزیشکە خۆی چۆن بێت؟ نا نا وامەزانە د.هەڤین لە نائومێدی و ڕەشبینیی کاتی دا توشی سستی و  خاوی و شلی بێت لە کاری ڕۆژانەیدا، ئەوهەڵوێستە جوان و چاک و مرۆڤدۆستیەکانی کەسانی دەور و بەر دەبینێ و هێز و وزەیان لێوەردەگرێ و بەردەوامی دەدات بە کارەکەی. 
ڕۆژێک بە پەلە دەیبەنە سەر(خەندە) ی تەمەن بیست بەهار، خەندەی چی ! وێرانە وێران،نزیکەی هەمو جەستەی سوتاوە و ئاه و ناڵەی دەگاتە ئاسمان، نوسەر بە دڵدانەوە و بە دەرزیی ئازارشکێنی بەهێز فریای دەکەوێت.وەک دایکی زۆربەی ئەو کچ و ژنانەی خۆیان دەسوتێنن دایکی خەندە ش دەڵێت نەوتی کردۆتە زۆپاوە و کراسەکەی گڕی گرتوە، د.هەڤین دەیان جار ئەم درۆیانەی بیستوە و بە ئاسانی بە دایکی خەندە دەردەخات کە کچەکەی خۆی سوتاندوە ، هۆکەشی ئەوە بوە ڕۆژێ پێشتر باوکی بە زۆر مارەی کردوە لە ئامۆزایەکی، بەمە خەونی خەندە ،کە ئەوە بوە خوێندن تەواوبکات و ببێتە مامۆستا و ئینجا شو بکات بەو کوڕەی ماوەیەکە یەکتریان خۆشدەوێ، دەبێتە هەناسەیەکی سارد و لە ئاسمانی بێکۆتایی دا بزردەبێ.   خەندە لە بێهۆشیەکی قوڵ قوڵ و بەردەوام دایە و هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ ژیان ، نوسەر کە هۆڵی نەخۆشەکان ئارام دەبێتەوە دەچێتە تەنیشت چرپاکەی خەندە و بەسەرهاتەکانی بۆ دەگێڕێتەوە.       
نوسەر ئاوێنەیەکی زیندوت دەداتە دەست کە تێیدا هەمو نەخۆشی و کارەسات و مەرگەساتەکان وکەم و کورتیەکانی ئەم کۆمەڵەت بە گێڕانەوەیەکی پڕ لە هەست و سۆز پیشان دەدات ، ئەو زۆر جار خۆی پێناگیرێ ودانەدانەی مرواریی سروشکە بەسۆزەکەی دەبارێنی بەسەرنەخۆشەکانی دا.
باسی کچی بەزۆر بەشودراو دەکات چۆن خۆی دەکات بە کڵۆیەکی ڕەژو و ئەم کە دەبینێ ناتوانێ ڕزگاری بکات یا ئێشەکانی کەمبکاتەوە چۆن خۆزگەی مردنی وەک جۆرێک لە ڕزگاربون بۆ دەخوازێ.
 باسی قوربانیەکانی شەڕی براکوژیی دوای ڕاپەڕین و باسی دەس و قاچ پەڕیوەکانی مین و بۆمبا فڕێدراوەکان دەکات کە چۆن لە نەخۆشخانەی ئیمیرجنسی چارەسەر کراون و بەهۆیانەوە نەخۆشخانەکە  ناونراوە نەخۆشخانەی قاچ پەڕیوەکان. نوسەر باسی ئەو کچە دەرچوە ی زانکۆمان بۆ دەکات کە ڕۆژی دوازدە کاتژمێر لە کارگەیەکی ماست دا کاردەکات و لەتاو ئێشی جومگەکانی هاتوە بۆلای بۆ چارەسەر. باسی ئەو کچۆڵە ناسکە پڕلە هەست و زیرەکیەمان بۆ دەکات کە بەهۆی جیابونەوەی باوک و دایکی ، ئەم لەژورێک دا لای باوکە کتێب فرۆشەکەی دەژی، لەڕێی کتێبەوە ژیانی خۆش و ئایندەی ڕوناک و کۆمەڵی بەختەوەر و دەسەڵاتی دیموکرات و دادپەروەر دەناسێ بەڵام لەسەر کاغەز ، ڕۆژێک چاوەڕوان نەکراو هاواری لێ هەڵدەسێ و بە باوکی دەڵێ کەی ئەمە ژیانە ئێمەی تێداین . نوسەر بە نمونەی زیندو بڕوات پێدەهێنێ کە دەسدرێژی کردنی سێکسی بۆ سەر منداڵ لەم کۆمەڵەدا هەیە ، کە هەندێ پیاوی ڕاهاتو بە مادەی هۆشبەر بۆ بەدەستهێنانی مادەکە ئامادەیە خۆی و ژن و منداڵەکەشی بفرۆشێ . باسی قوربانیانی ڕوداوەکانی هاتوچۆدەکات، د.هەڤین لەسەر چەقی جادە فریای کوڕێکی گەنج دەکەوێت کە بەهۆی ئەوەی پارەی نەبوە دەرمانی پەرکەمەکەی بکڕێ دەبورێتەوە و دەکەوێت. (دڵارام) ی شۆخ و شەنگ لە تافی لاویدا شێرپەنجە چڕنوکە بێ بەزەییەکانی لە بینی گیردەکات، ڕۆژێک بە نوسەر دەڵێت خۆزگە شێرپەنجە دەبو بە مرۆڤ و توشی نەخۆشیی شێرپەنجە دەبو و هەمو ئەو ئازارانەی دەچەشت کە ئێمە دەیچێژین بۆ ئەوەی کەمێک لە ئازارەکانمان تێبگات، حەزدەکەم شێرپەنجە بمرێت بۆ ئەوەی کەس وەک من ئازار نەچیژێت. باسی (ئەحمەد) ت بۆ دەکات ، ئەو شاعیرە گەنجەی کە دو دیوانی شیعری بەچاپ گەیاندوە ،    لە نەبونی و دەستکورتیی دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ دەبێتە مین هەڵگرەوە و بە تەقینەوەی مین لاقێکی لەدەست دەدات ، پزیشکی نەشتەرگەر و  نوسەر و یاریدەدەرەکانیان لە لێواری مردن دەیگێڕنەوە بۆ ژیان، لە وەڵامی ئەوەی لە بێهۆشیە قوڵەکەی تێی کەوتبو چیی بینیوە، ئەحمەد دەڵێت " ئەوەی بیرمە خەوێک بو، لە خەوەکەما زۆر دڵخۆش بوم، گەڕابومەوە بۆ دێکەمان، ئێوارە بو، لە ژێر دار ئەرخەوانەکەی بەردەمی ماڵمان دانیشتبوم، کزەبایەک یاریی بە شەرواڵ و کراسەکەم دەکرد ، منیش بە هێمنی دانیشتبوم شیعرم دەنوسێ "، دەبێت تیمی پزیشکان و یاریدەدەرەکانیان چۆن لە خۆشیی ڕزگارکردنی ئەحمەد باڵیان لێ ڕوابێت! نوسەر ڕەخنەگرانە باسی مێشک و دڵی ئەو توێژە کەمەی کچ و ژنی سەرمایەداران ودەسەڵاتدارانی کوردی دەکات کە جگە لە خەمی ڕواڵەتی جەستەیان و خۆجوانکردن هیچی تریان تێدا نیە. نوسەر وەک ڕۆشنبیرێک دەیان پەند و بیر و هزری جوان و قوڵی بیرمەندان و فەیلەسوفانی دنیامان بۆ دێنێ و دەیانبەستێتەوە بە باسەکانی. د.هەڤین باسی ژیانی تایبەتیی پزیشک دەکات و بە گشتی بەرگریان لێدەکات کە چۆن خزمەتی نەخۆشەکانیان دەکەن و چۆن ئەوانیش کێشەی خۆیان هەیە و پێش ئەوەی پزیشک بن مرۆڤن وەک هەر مرۆڤێکی تر، بەڵام ڕەخنەش لەو دوکتۆرانە دەگرێت کە ڕەوشتی پزیشکیان لاوازە و لە پێناوی پارەدا قوربانی بە لایەنی مرۆڤدۆستیی پیشەکەیان دەدەن . نوسەر زۆر جوان باسی پاڵەوانە ڕاستەقینە گومناوەکانی ئەم کۆمەڵە دەکات و ڕەخنە لەو کەسانە دەگرێت کە جگە لە قسەی زل و بێکردار هیچی تریان لێنایەت، باسی فشەڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنوسی ڕواڵەتی و نادڵسۆزمان بۆ دەکات و لێیان دەپرسێت کوا کۆڵینەوە و بنکۆڵکاریەکانیان بۆ ئەم کۆمەڵەی لە ژێر سەدان دەردی کوشندەدا دەناڵێنێ.
نوسەر بەرگری لە مافی ژن دەکات وەک ئینسان و تەکەز لە سەر ئەوە دەکات کە ژن هەر جەستە و بوکەڵەی ڕازاوە و جوانی بەردەست پیاو نیە ، ئەو دوپاتی دەکاتەوە کە پیاوسالاری بەسەر ئەم کۆمەڵەدا زاڵە و سوارە، بەڵام کوێرانه بەرد لە پیاوان ناگرێ و بەرگریی کوێرانەش لە ژنان ناکات، ئەوەتا ڕەخنەی توند و ڕەوا لە ڕێکخراوەکانی ژنان دەگرێت کە چالاکیەکانیان لە گەشت و سەیران و دەعوەت و قسەی بێکرداری بەر مایکرۆفۆنی ڕادیۆ و تەلەفیزۆنەکان و ناو سیمینارەکان  تێپەڕ ناکات و زۆربەیان ئاگایان لە ئێش و ئازارە زۆر و جۆرا و جۆرەکانی ژنانی کوردستان نیە.
بێ دودڵی (لوب دوب) شایەنی خوێندنەوەیەکی ورد و شێلگیرە، دڵنیام ئەمە تەنیا کتێبی د.هەڤین
 نابێت و کتێبی تریشی بە دوادا دێت، چاوەڕوانین.
هیوادارم پزیشکانی کوردستان بە تایبەتی پزیشکە لاوەکان کتێبی (لوب دوب) بخوێننەوە و گرنگی بە بوارە جۆراوجۆرەکانی ئەم ژیانە ڕەنگاوڕەنگە بدەن نەک هەر قەتیس بمێنن لە تونێلی تەنگی زانستە پزیشکیەکان، بێگومان دەبێت بەردەوام لە بواری پزیشكیدا خۆیان نوێبکەنەوە و ئاگایان لە دوا پێشکەوتنەکانی پزیشکی بێت لە دنیا دا ، بەڵام لە هەمان کات دا دەبێت بەردەوام ئاگایان لە کۆمەڵی کوردستان و باری سیاسیی هەرێم و عێراق بێت و بزانن باری کۆمەڵایەتی و ئابوری و دەرونیی نەخۆشەکانیان چۆنە، ئێمە چەند پێویستمان بە پزیشکی پسپۆڕی زانا هەیە بە هەمان ئەندازە پێویستامان بە پزیشکی ڕەوشت بەرز هەیە کە ئاستی ڕۆشنبیریی بەرز و فراوان بێت و لە خەباتی مەدەنیی خەڵک دا بۆ بەدەستهێنانی مافە خوراوەکانیان بەشداریی کاریگەر بکات. 
لە ئەنجامی سیاستی هەڵەی حکومەتی هەرێم ئیمڕۆ نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیە حکومیەکان بە هۆی کەمی یا نەبونیی دەرمان و کەرەسەی نوێی  پزیشكی و خزمەتگوزاری، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو پوکانەوە و چۆڵەوانی دەڕۆن، ئەو بەسەرهات و ڕوداوانەی ڕۆژانە ڕودەدەن تێیان دا ، گەر هەمو وردەکاریەکانیان  تۆمار بکرێن لە لایەن پزیشکان و یاریدەدەرەکانیانەوە ، کەرەسەی دەیان ڕۆمان و فیلمی دۆکومێنتار و فیلمی سینەماییان تیادەبێت کە دەشێت بکرێنە بەڵگە لە سەر گوێ پێنەدانی حکومەتی هەرێم بەم بوارە ی خەڵک کە پەیوەندیی بە ژیان و مردنیانەوە هەیە.