کورد لەنێوان جەنگی زلهێزەکاندا!

Thursday, 08.04.2022, 21:47

1126 بینراوە


چین و ڕوسیا دژ بە سەپاندنی هەژموونی ئەمریکان لە دنیادا، بەڵام بە یەک تاکتیک و ستراتیژ دژی ئەو ئامانجە کار ناکەن. چین هەمیشە هەوڵی داوە بچێتە جەنگی ئابوورییەوە دژ بە ئەمریکا، ئەو هەوڵیداوە خۆی لە جەنگی چەکداری ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەمریکادا بپارێزێت، چین لەگەڵ ئەوەی کە خاوەن سوپایەکی زەبەلاحی بەهێزە، بەڵام بەدەمارگیری مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکان ناکات، بەهێمنی ئامانجە سیاسیی و ئابووریی سەربازییەکانی دەپێکێت، بەڵام ڕووسیا لەو ڕووەوە جیاوازە، بەتایبەتی پوتین سەڕۆکێکی دەمارگیری ڕق ئەستووری بێ باکە، سڵ لە بەکارهێنانی سوپا و چەکی ئەتۆمی ناکاتەوە بۆ پێکانی مەرامە سیاسیی و ئابووریی و سەربازیەکانی،  بۆیە ڕوسیا لایەنێکی بەهێزی سەربازیی بوو لە بەشداریی کردن لە جەنگی سوریادا، ئێستاش لە یۆکرانیا بە ناڕاستەوخۆ دژ بە ئەمریکا لە جەنگدایە، ئەو ئامادەیە ئەگەر ئەوەی بۆ نەچێتە سەر، جەنگێکی دی لە وڵاتێکی ئەوروپی دیدا هەڵبگیرسێنێت، گورزێک بوەشێنێت و دژی ئەمریکا شەڕ بکات.
هەڵوێستی ئەمریکا و ئەوروپا بەرامبەر بە مەسەلەی سەربەخۆیی یۆکرانیا ڕوونە، کە پشتیوانی لێ دەکەن، بەڵام ڕوون نییە هەمان بەرە پشتیوانی لە سەربەخۆی تایوان بکەن، هەروها چین نایەوێت یۆکرانیا و تایوان بخرێتە یەک تای تەرازوو، ئەو پێی وایە مەسەلەی یۆکرانیا و تایوان جیاوازن، لە ڕووی یاسایی و دەستورەوە تا هەنووکە  تایوان بەشێکی دانەبڕاوەیە لە چین، بۆیە ئەوان مافی ئەوەیان هەیە بەبێ کێشە بچنە تایوان، دەرک بەوە دەکەن کە ئەمریکا دەیەوێت لە تایوانەوە کێشە بۆ چین دروست بکات، واتە تەنیا خاڵی هاوبەشی نێوان کێشەی تایوان لەگەڵ چین و کێشەی یۆکرانیا لەگەڵ ڕوسیادا ئەوەیە، کە ئەمریکا لە هەردوو لادا بەیەک نەفەس کار دەکات، بۆیە وەزیری دەرەوەی ڕوسیا لەڤارۆڤ لە میدیاکاندا ڕایگەیاند، کە سەردانی نانسی پۆلۆسیس بۆ تایوان، هەمان هەنگاوە کە ئەمریکا لە یۆکرانیا نای و بوو بەهۆی هەڵگیرساندنی جەنگی نێوان ئەوان و یۆکرانیا.
کێشەی نێوان تایوان و چین لەلایەک، لەلایەکی دی جەنگی نێوان ڕوسیا و یۆکرانیا، ناسەقامگیری لە سوریا و عیراق و لبنان چەند وڵاتێکی دی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بوون بە ئاوێنەی دیتنی دوو بەرەی بەهێزی دژ  بەیەک لەسەر ئاستی دنیادا، چین و ڕوسیا لە بەرەیەکدا، ئەوروپا و ئەمریکا لەبەرەیەکی دیدا، کە بێگومان ئەوە کاردانەوەی لەسەر دۆخی ئابووریی، سیاسیی، کۆمەڵایەتیی جیهاندا هەیە و لەهەمان کاتدا کاردانەوەی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی گەلانی دنیادا هەیە. 

ڕووداوەکان لەسەر ئاستی جیهانییدا کاتێک کە دەبنە هۆی گۆڕانی هاوسەنگی هێزی زلهێزەکانی دنیا، ئەوجا مەترسی لەسەر پێگەی حوکمەتەکان و حزبە دەسەڵاتدارەکان و سەڕۆکەکانیان تا دەگات بەهێزی ئۆپۆزسیۆن و میلشیا چەکدارەکان لە دنیای سێیەمدا بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست دەبێت، لەبەرئەوەی هەموویان بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی و کورسیەکانیان یان مانەوەیان، بەسەر بەرەی جیاوازدا لەسەر ئاستی دنیادا دابەش بوون، ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە ئایندەدا لە هاوکێشەی هێزدا دروست دەبن، لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەواندا نییە و گشتیان لەژێر ڕەحمەتی براوەدا دەمێنەوە، ئەوان بڕیار بەدەستی چارەنووسی خۆیان و سنووری دەسەڵاتیان دەبن، لە ئەنجامدا چاوەڕوانی گۆڕینی نەخشەی جوگرافیای وڵاتانی دنیای سێیەم ئەگەرێکی بەهێزە کە ڕووبدات، وەک لە کۆتایی جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانیدا جوڵانەوەی کوردییان لە چوار پارچەی کوردستاندا خامۆش کرد، ئەو وڵاتەیان دابەش کرد لە کاتێکدا جوڵانەوەکانی ئەو کاتیش ئەمڕۆ ئاسا خۆیان لە بەرەی زلهێزێکی ناوچەیی یان دنیادا ساغ کردبووەوە. تەنیا جیاوازیی لەنێوان دۆخی نەتەوەیی کورد ئەو کات لەگەڵ ئێستادا ئەوەیە، کە چارەکە سەدەیەکە باشووری کوردستان لەژێر دەسەڵاتی نەوەکانی بارزانیی و تاڵەبانییە، بەتایبەتی بەرهەمی سامانە سروشتیەکانی وەک نەوت، ئاخۆ دەبێت جگە لە خۆ دەوڵەمەند کردن بیریکیان لە ئەگەری ڕوودانی دۆخێکی لەو جۆرە کردبێتەوە، خویندنەوەیان تایبەتیان هەبێت و خۆیان ئامادە کردبێت کە کوردستان چارەنووسێکی باشتری هەبێت، بە بەراورد بە کۆتایی جەنگی یەکەم و دوومی جیهانی یان وەک پیشەی باب و باپیریان خۆیان بۆ هەڵاتن و ئاشبەتاڵێکی دی ئامادە کردوە!؟