کورد لە نێوان پیرۆزکردنی میژووی ئیسلام و رخنە لێگرتنیدا

Tuesday, 09/08/2022, 10:02

3396 بینراوە


بە کورتیەکەی، ئەوەی ئێستا  بە شێوەیەکی رارا و ترس و زۆرجار بە نهێنیەوە باس و خواس لەسەر مێژووی ئیسلام و پیرۆزیەکانی دەکرێت ئەوەیە، کە سەرەرای چەندین کتێب و نوسینی بە نرخ بەڵام  لە رووی زانستیەوە مێژووی ئیسلام لەوەدا دەبینرێت دوور لە قورئان تەنها بە شێوەی زارەکی گواستراوەتەوە و ئەوەی هەیە تەنها حیکایەتە و دوورە لە بەڵگە باوەرپێکراوەکان و راستی و تەنانەت زۆرێک لە پێداگرتن لەسەر حەقیقەتی ئەو میژووە ناروونە و بە پیرۆزکردنی رێرەوی مێژووی ئایینی ئیسلام، خاڵە نادیار و کەموکورتیەکانی داپۆشیوە و قسەوباس و رەخنەگرتنی بڤەکردووە، بە تایبەتی لە جیهانی ئیسلامیدا خەڵک بە وریایی و راراییەوە خۆی لەقەرەی ئەم شێوە باسانە دەدات و، بۆ سەلامەتی گیانی بێدەنگی هەڵدەبژێرێت.
لە پاش شەپۆلی هاتنەئارای رەوتی ئیسلامی سیاسی و فشارەکانی و راوبۆچۆنی توند و زبر تا رادەی تیرۆری ئەوانەی خۆیان لەقەرەی ئەم مێژووە و حەقیقەتەکان دەدەن، وایکردووە کە زۆر بە دەگمەن خەڵکانێک دەرکەون باوەر و بیرکردنەوە و رای خۆیان لەسەر حەقیقەتەکانی مێژووی ئیسلام و پەیوەندیی بە نەتەوەکانی ئەم ناوچەوە دەربرٍن . 
ئەوەی جێگەی سەرسورمانە کە کورد لە هەموو نەتەوەکانی دیکە زیاتر لەوبارەوە کەمتەرخەمە و خۆی بەدوور دەگرێت لە مەسەلەیەکی  چارەنوسسازی گرنگی زانستی لەم شێوەیە سەرەرای ئەوەی زەرەمەندی یەکەمی دەردانەکانی میژووی ئیسلامە و تەنانەت وەکو نەتەوە لە ژێر هەرٍەشەی لەناوچوونی رەسەنایەتی سەرجەم بوارە کۆمەڵایەتی و کەلتوری و فەرهەنگی و دابونەریت و تایبەتمەندیکانی خۆیەتی.
هۆکاری  سەرەکی ئەم بارەی کورد زیاتر بۆ چەند خاڵێک دەگەرٍێتەوە :
*لەگەڵ مەبوونی دەوڵەتدا، نەبوونی سەقامگیری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەراهەمبونی رێگەی پان و بەرین بۆ سەپاندنی سەرجەم بیر و باوەرەکانی ئەویتری نەگونجاو و هەبوونی رێگری هەمەلایەن لە رۆشنبیران و خەڵکی بەتوانا بۆ روونکردنەوەی حەقیقەتە مێژووییەکان و خەفەکردنی وێستگە دروستەکانی بەرەنگاری و  رووبەروبونەوەی هاوردە نەگونجاو و زیانبەخشەکانی کاروانی میژووی گەلی کوردستاندا.  
* کەمی بوێری و نەبوونی ئازایەتی رۆشنبیران بۆ خۆ لەقەرەدانی مەسەلەیەک کە هۆکاری سەرەکی دواکەوتن و مالًوێرانی و بەدبەختی گەلی کوردستانە و زیاتر خۆسەرقاڵکردنێتی  بە شتی لاوەکیەوە.
* حزبایەتی تەسک و کێبرٍکێ و کاری پۆپۆلیستانەی هەمووان بۆ رازیکردنی رای گستی و کۆی خەڵک لە پێناو بەرژەوەندی تەسک و کاری هەمەجۆری سیاسی و کۆەمەڵایەتی و ئابووری کورتخایەن و ئامانجی تەکتیکی لەسەر حسابی بەرژەوەندیی ستراتیجیی میلەت و دوورکەوتنەوە لە مەسلە فەلسەفییەکان و حەقیقەتە میَژووییەکان.
* نەبوونی پرۆژە و دامودەزگای فەرمی بۆ لێکۆڵینەوە و دەرخستن و باسکردنی حەقیقەتە مێژووییەکانی لەمەر کورد و کوردستان و رێرٍەوی رەوتی ئیسلامی لەم ناوچەیەدا.
* پاشکۆیەتی و کلکایەتی زۆر لایەن بۆ ئەویتر لە زۆر بواردا و بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بەم مەسەلەیوە هەیە.
* تەرخاننەکردنی هیچ توانایەکی مادی و مەعنەوی بۆ زیادکردنی مەعریفەت و زانینی مێژووی کوردستان و هاتنی ئیسلام و حەقیقەتە شاراوەکانی بە درێژایی مێژووی ئەم ناوچەیە  و باسنەکردنی بۆ خەڵک و پەندلێوەرگرتنی.
* ترساندنی خەڵک بە پیرۆزکردنی ئەم بابەتە و نەهێشتنی خۆ لەقەرەدانی لە لایەن هیچ کەسێکی دیارەوە.
* نەهێشتنی هیچ بوارێک لە هیچ کونجێکدا، بە تایبەتی شوێنە ئەکادیمیەکان هەرچەند کارەکە زانستیش بێت بۆ توێژینەوەی و زاڵبونی فکر و عەقڵی ئایینی پەرٍگیر و لاتەریک لە ناوەندە زاستیەکانی کوردستان.
* بە گرنگ دانەنانی ئەم بابەتە و بە هەموو شێوەیەک هەوڵی پەراوێزخستنی دەدرێت لە پێناو خۆسەپاندنی عەقڵی دواکەوتوویی بەسەر زۆربەی  بریاربەدەستانی کوردستاندا .
بۆ فریاکەون و دەرچوون لەم چەقبەستوویەی ئەم بوارە  هەیە، پلانێکی هەمەلایەن و خەڵکانی دڵسۆز و بریار بەدەستی دەوێت بۆ ئەوەی گرنگێتی ئەم مەسەلەیە لەبەرچاو بگیرێت و باری سیاسی و ململانێی حزبی زاڵنەکات بەسەر پرسێگی گرنگی لەم شێوەیە ، هەر هیچ نەبێت بۆ هەڵگیرسانی مۆمێک لە رێگەی نەوەکانی ئایندەی گەلی کوردستاندا ،سەرەرای ئەو هەموو کەموکورتیەی لە سەرجەم بوارە رۆشنبیریەکاندا لە ئارادایە. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە