هەردی تۆفیق

https://www.facebook.com/profile.php?id=100001526054835


شێرکۆ بێکەس وەک خۆی

Tuesday, 09/08/2022, 15:48

5354 بینراوە


ئەوەی شێرکۆ لە بێکەسی باوکی جیا ئەکاتەوە ئەوەیە، کە بێکەس نەدار و ڕوت و ڕەجاڵ و بەڕاستی بێکەس بوو، بەڵام شێرکۆ هەموو کەسێک کەسی بوو، هەموو بەرپرسەکانی ئەناسی و لە دیوەخانی هەموویاندا بوو. پیاوێک بوو کتێبی چاپ ئەکرد لە پێشا بۆ بەرپرسەکانی ئەنارد و شیعری بەدڵی بەرپرس و سیاسییەکان ئەنوسی. بێکەسی باوکی هەتا مرد بەتانییەکی نەبوو، بەڵام ڕۆژێک دەرگای ماڵە مەسولێکی نەبینی، هەمیشە قەرزاری جەرجیس و ئۆفیکی عەرەق فرۆشبوو، بەڵام شێرکۆ شاعیرێک بوو بە ئەقڵی پیاوێکی حیزبییەوە، نەک شاعیرێک، ئەو کاتەی پەشێو لە براکوژی زوخاوی لێدەتکا، قەڵەمەکەی شێرکۆ خەریکی براکوژی بوو....
شێرکۆ بێکەس بەئەندازەی شیعرە باشەکانی شیعری قەڵب وخراپ و سەربەساحێبیشی هەیە، بەڵام چونکە بەدڵی هەمووان ئەینوسی و بە باڵای هەموویدا هەڵی دەگوت، کەس ئەو ڕاستییە نابینێت...شێرکۆ بێکەس شیعری بۆ بارزانی هەیە و سرودی مەشخەڵانیشی هەیە، هاوکات لە براکوژیشا یەکێک بوو لە قەڵەمەکانی ئەوشەڕە.
وەک وتم شیعری بە باڵی بارزانیدا و شیعریشی دژی پارتی هەیە! لە کوردستانی نوێش لەسەر پارتی ئەینوسی!
شێرکۆ بێکەس لەهەردیوەخانێکدا چەور بووبێت ئەو لەوێ بوو، لەشاخ و لەشاریش، وەختێک شیعری بۆنکڕوزاوی بۆ ئەنفال ئەنوسی لەدیوەخانی مستەشارەکانیشا دەعوەتی ئەخوارد. سەروەختێکیش پێشمەرگەکان نانەڕەقیشیان دەست نەئەکەوت، ئەو لەشاخ لەدیوەخانی ئاغا و کوێخادا خەریکی ژیانی خۆی بوو، کاتێکیش نووسەر و خەڵکی تەنزیمی لەزیندانەکانی بەعسدابوون، شۆڕش ئەوی ناردە سوریا و دواتر بۆ سوید، لەوێش خۆی وەکو جیابووەوە لە خێزانەکەی نووسی بۆئەوەی پارەی زیاتر لە حکومەتی سوید وەربگرێت...دوای ئەوەش ئەوەی پێی ئەڵێن ئیمبراتۆری شیعری دنیا، جگە لە خەڵاتی حیزبە کوردییەکان یەک خەڵاتی جیهانی نەبردووە، توخۆلسکیش یارمەتیەکە، دەستگیرۆییەکە بۆ نووسەرانی بیانی، ئەوانەی توخۆلسکی بەخەڵات تێگەیشتون، خراپ لەشتەکە حاڵی بوون، یان هەربە مەبەست ئەیانەوێت وای لێک بدەنەوە.....
شێرکۆ بێکەس دوای ژیانی شاخیش کە هاتەوە نێو شار ئەو پیاوە وەک پێشوتر نەبوو، شاهانەتر ژیا و تەنانەت جارێک جەلال تالەبانی پێی ئەڵێت تۆ بەئەندازەی چل شەهید خزمەت کراویت، پاش ئەوەش لە دەزگای سەردەم شوان ئەحمەد کۆڵێ بەڵگەی لەسەر خراپ بەکارهێنان و پارەخواردنی ئەو دەزگایە بڵاو کردەوە، کە چەند پارە بووە نەماوە و چی پارەی قەبەی تیادا بووە بەهەڵم، وەختێکیش جەلالی سام ئاغا لێکۆڵینەوە لە سەر ئەو دەزگایە ئەکات ئەڵێت سەربە حکومەت نیە، بەڵام پارە لە حکومەت وەرئەگرێت....!! خوا هەڵناگرێ ئەوکاتەی هێنایانە سەر ڤیستیڤاڵی گەلاوێژ شانامەیەکی بە باڵایدا خوێندەوە، ئەوساڵەی من هەجوی حیزب و دەسەڵاتی کوردیم کرد، ئەو شانامەی بۆ فیستیڤاڵ و حکومەت ئەنووسی، دواتریش کە دۆخەکە ڕوو لە گۆڕان و حەڤدەی شوبات بوو (ئێستا کچێک نیشتیمانمە)ی نوسی، بە بێ ئەوەی پشت لەپارەی دەزگای سەردەم بکات!! ئەوکاتەش بەمیزانیەیەکی زەبەلاحەوە، بەپارە خواردنی کڕینی چاپخانە و هاوینە گەشت بۆ وڵاتان و ئەو هەموو پارە ناردنەی لە دەزگاکەی ئەودا دەکرا لەسەر حسابی نوسەران، ئا لەو کاتەی کتێبەکانی خۆی بڵاو ئەکردەوە یەک لەدوای یەک، خەریکی سەودا و مامەڵە بوو لەگەڵ نوسەرانی دەرەوەدا، پێیانی دەگوت: چیم بۆئەکەیت منیش شتێکت بۆ بکەم، ئەوکاتە نوسەر هەبوو خەوی بەنانێکەوە ئەبینی، خەوی بەچاپکردی کتێبێکەوە ئەبینی...
ڕۆژێک لەنمایشگای نێودەۆڵەتی تاران بینیم سوعبەتی لەگەڵ یەک دوو کەسدا ئەکرت، لەبەرپرس و شت ئەچون، وتم ئەم پیاوە شیعر دژی لەسێدارەدانیش ئەنوسێت، شیعر بۆ قاسملۆ و شەرەفکەندیش ئەنوسێت! چۆن ئاوا ئازادانە وبێباک لێرە لە ئێران ئەسوڕێتەوە!؟
نامەوێ بچمە وردەکاریەوە، ئەوکاتەی شێرکۆ بێکەس شیعری بۆ حەمە چکۆلی بۆیاخچی ئەنوسی بەپارەی هەزاران حەمە چکۆلی بۆیاخچی خەریکی نان بەقەرزدان بوو لەگەڵ نوسەرانی بیانی، پاروی دەمی حەمە چکۆلی ئەدا بەهاوین ەگەشتەکانی ئەوروپا، خۆشترین و شاهانەترین ژیانی هەبوو لەسەر حسابی حەمە بچکۆلی بۆیاخچی، کە مردیش، مردن و ڕێو ڕەسم و ناشتن و تەنانەت گۆڕەکەیشی شاهانە بوو.
من لەتەواوی تەمەنمدا شێرکۆم نەبینی وەکو بێکەسی باوکی بچێتە بەردەم ئەدمۆنزێک....

تێبینی...

ئەتوانن کۆی بەڵگەنامەکانی دەزگای سەردەم و ئەوەی باسم کردووە...لەکتێبی ژانە ڕێیە خۆڵەمێشیەکان و نوسینەکانی شوان ئەحمەد لەسەر گەندەڵیەکانی دەزگای سەردەم ببیینن لە کوردستانپۆست.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە