کاتێک خیانەت دەبێت بە مۆدێل، نیشتیمان بەهای نامێنێت

Wednesday, 10/08/2022, 21:52

8081 بینراوە


- ئەم کابرایە کە دەڵێن زانای بە ناو بانگی گەلەکەیەتی، بڕیاری داوە کوردستان بەجێهێڵی و بچێت لە مەکە خزمەت بە مرۆڤایەتی بکات !
ئەم زانایە دەڵێت: نە خاک، نە کوردستان، نە زمان، نە میلەت و نەتەوە و نە مرۆڤ هیچکامیان پیرۆز نیەن، ئیلا دینەکەت نەبێت.
ئەو دەڵێ هەر کاتێ دین و عەقیدەکەت کەوتە بەر مەترسی دەبێ هەموو شتێکت بەجێ بهێڵی !
٭٭٭
پرسیار :
- لای ئەم زانایە ئێستا لە مەکە دینەکە کەوتووتە بەر مەترسی یان مرۆڤایەتی ؟!
- چۆنە لای ئەم بەڕێزە لە کوردستان، مرۆڤ و مرۆڤایەتی ناپیرۆزە و بێ بایەخە، بەڵام هەر ئەم بەڕێزە بەتەمایە بچێت لە مەکە خزمەتی مرۆڤایەتی بکات ؟!
- ئەگەر مرۆڤ و مرۆڤایەتی لای ئەم زانایانە ئاوا بێ بایەخ و بێ قیمەتن، دەی چۆن لە سەر هەناردە کردنی دین و ئاین و پەیامبەری ئاسمانی بۆ مرۆڤ و بۆ لای مرۆڤەکان هەڵسەنگاندن و پاساویان دەبێت ؟
- ئەگەر خاک و زمان و نەتەوە ئاوا نا پیرۆزن، دەی چۆنە دینەکەی ئەم بەڕێزە پتر لە ٥٠ وڵات و دەوڵەت نەتەوەی لە ژێر دەستدایە و هەر کام لەو دەوڵەتانە بۆ پاراستنی زمان و میلەت و نیشتمانیان و لە سەر سەروەری خاک و وڵات و نەتەوە و زمانەکانیان شەڕ دەکەن و مرۆڤ دەکوژن و مرۆڤ لە سێدارە ئەدەن ؟!
- چۆنە، سەدان ملیون عەرب و تورک و فارسی هاو دین و هاو ئاینی ئەم زانایانە دەست لە زمان و نەتەوەی خۆیان ناشۆرن و لە بستێ خاک و نیشتمانیان دەست هەڵناگرن، بەڵام کوردی چەوساوە و ستەملێکراو و کوردی بێ دەرەتان و بێ دەسەڵات و بێ لایەن و پرش و بڵاوە پێکراو، دەبێ دەست لە زمان و فەرهەنگ و داب و نەریت و نەتەوە و خاک و نیشتمانی خۆی هەڵبگرێت و هەموو شتێکی بەجێ بهێڵێ و یان بیکات بە قوربانی بیر و بڕوا و ئامۆژگارییەکانی وەها زانایانێک... !
- ئامۆژگاری ئەم زانایە [وەک تەبلێغ بۆ کردنێکی بە وەکاڵەت] ! ئەوەی وە بیر دەهێنێتەوە کە کابرای ئەفریقی وتوویە :
ئوروپایەکان کە هاتن، کتێبی پیرۆزی ئاینیان بە دەستەوە بوو، ئێمەش مەزراکانمان هەبوو،. ئەوان پێان وتین، ئەم کتێبانە بگرن بە دەستەوە و چاوەکانتان بنوقێنن و نزا بکەن تا ڕزگار بن ! کە چاومان کردەوە، کتێبە پیرۆزەکانی ئەوان لە دەستی ئێمە بوو، زەمین و مەزراکانی ئێمەش لە دەستی ئەوان !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە