نووسین بۆ منداڵان

Thursday, 11/08/2022, 0:31

4004 بینراوە


نووسین بۆ منداڵان، لەلایەن شاعیران و نووسەرانی بواری ئەدەبیاتی منداڵانەوە، هەتا بڵێی کارێکی زۆر چاک و پێویست و بەجێیە، شایانی ستایش و بە هەند وەرگرتن و  بە گرنگ تەماشا کردنە، بەڵام دەبێ ئەوەش باش بزانین کە ئەمانەتێکی زۆر قورس و گەورەشە، کە دەکەوێتە سەرشانی کەسانی قەڵەم بەدەستی ئەو بوارەوه‌، وە یەکێکە لەو کارە سەخت و دژوارانەی کە سەرکەوتن تێیدا هێندە ئاسان نییە و ئیشێکی زۆر زەحمەتیشە، وە بۆ گەیشتن بە ترۆپکی سەرکەوتن لەو بوارەدا، بێگومان هەوڵ و ماندوو بوون و تێکۆشانێکی زۆر و بێوچانی دەوێ، لە بەر ئەوەی پێویستی بە لێزانی و شارەزاییەکی باش هەیە بۆ ناسینی قۆناغەکانی گەشەکردنی منداڵ، وە زۆر گرنگە زانین و تێگەیشتن لە زانستەکانی: (منداڵناسی بەگشتی، دەروونناسی، پەروەردەیی)، بۆیە کارێکی هەر وا ئاسان نیە، مادام نووسینەکە بۆ منداڵە، دەبێ زۆر (وریا و هۆشیارانەتر، لێزانانەتر، زانستیانەتر، جوان و ناسکتر، واتادار و مانادارتر، پەیامدارتر... هتد)بێ، وە ئەوانەی دەستیان پێنووسی گرتووە هەتا بۆ منداڵان بنووسن و ئەو توێژە گرنگەی کۆمەڵگە بەسەر بکەنەوە، بۆ ئەوەی ئەوانیش بەپێی مافی ڕەوای خۆیان خزمەت بکرێن لەلایەن قەڵەمی شاعیران و نووسەرانەوە، وە دەبێ پێ بزانرێ، کە ئەو قەڵەمانەی بۆ ئەو توێژە بەنرخ و گرنگ و پڕ بایەخەی کۆمەڵگە کەوتوونەتە کار و لە چاوەڕوانی ئاسۆی گەشی سبەینێ دان، بێشک دەبێ بە چاوی پڕ لە ئەوین و خۆشەویستییەوە تەماشایان بکرێ و ڕێز لە قەڵەمەکەیان بگیرێ، بۆ ئەوەی بەردەوام بن و گەرم و گوڕتر بنووسن، تا جوان و باشتر بنووسن، وە یارمەتی و هاوکاری بکرێن بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان بۆ چاپ بکرێ، تا دیدەی گەشی منداڵانیان پێ ڕۆشەن ببێتەوەو سوود و چێژی لێ وەر بگرن، وە بەڕاستی دەبێ نووسەرانی ئەو بوارەش زیاتر و زۆرتر بخوێننەوە لە بوارەکانی: (ئەدەبیات بەگشتی و دەروونناسی و پەروەردەی منداڵاندا)، وە لە زۆر بواری دیکەش خۆیان شارەزا بکەن، بەڵکو ئاستی مەعریفی و ڕۆشنبیرییان بەهێزتر و فراوانتر و باشتر بێ، وە خۆیان بە دوور بگرن لە وشەی سواو و جوینەوەی نووسینی پێش خۆیان و دووبارە کردنەوەی وێنەکانی پێشووتر، بە جدی هەوڵی نوێگەریی بدەن و زیاتر خۆیان ماندوو بكه‌ن و تێبکۆشن بۆ داهێنان و نووسینی جوان و ناوازەتر لە بواری ئەدەبیاتی منداڵاندا، بۆ ئەوەی ئێمەی کوردیش بەرەو پێشتر بچین لەو بوارە گرنگەدا، کە ئەویش ئەدەبیاتی منداڵانە، هەر چەندە هەنگاوی باشی ناوە لە سایەی پێنووسی دڵسۆزان، بەڵام پێویستە بە هەوڵی خەمخۆرانەی زیاتری قەڵەم بەدەستانی ئەو بوارەو لایەنی پەیوەندیدار بەو بابەتەوە، ئەو ئەدەبیاتە بگەیەنرێتە لوتکە، تا ئێمەش شانازیی بەخۆمان بکەین و بڵێین: ئەوە ئەدەبیاتی منداڵانی کوردەو هیچی کەمتر نیە لە هی گەل و وڵاتانی دیکە، شاعیران و نووسەرانمان بەقەڵەمەکانیان بۆ خەمی ئایندەی نەوەکان و کۆمەڵگەیەکی باشتر دەنووسن و دەڕوانن و تێدەکۆشن، وە دەبێ بۆ هەموو نووسینێکی کە باشیان پێکاوەو ڕێک و ڕاست بۆ منداڵیان نووسیوە، وەک: (شیعر و چیرۆک و ئۆپەرێت و دەقی شانۆیی... هتد)، کە چەند ژانرێکن لە بواری  ئەدەبیاتی منداڵاندا، دەبێ سوپاس و دەستخۆشییان لێبکرێ، بۆ؟ چونکە ئەگەر نووسینەکانی ئەوان سوودبەخش و باش و پەروەردەیی بوون، واتە شتێکی چاکیان دەرخواردی مێشک و هزر و خەیاڵی منداڵان داوە، بێشک ئەو منداڵانەی کە ئەمڕۆ بە تەمەن بچووکن و گەورەساڵانی سبەینێ و داهاتوون، کەواتە کەسانێک زۆر بەجوانی: ( ڕاهێنراو، پەروەردەکراو، فێرکراو، دەرووندروست، متمانە بەخۆ، باوەڕ بەهێز... هتد)، ئەوا بەدڵنیاییەوە دەبنە کەسی پاک و ڕاستگۆ و دڵسۆز بۆ گەل و نیشتمانەکەیان و بە شانازییەوە خزمەتیان دەکەن، وە ئەگەر هەندێ لە نووسەرانی بواری ئەدەبیاتی منداڵان، بەپێی کەم ئەزموونییانەوە، نەیان توانی وەک پێویست، جوان و باش بنووسن بۆ منداڵان، ئەوا ڕەخنەیان لێدەگیرێ و خاڵی لاوازی نووسینیان دەست نیشان دەکرێ لەلایەن کەسانی پسپۆڕ و شارەزای ئەو بوارەوە، کە ڕەخنەشیان لێگیرا، یان ڕێنمایی کران بۆ ئەوەی پێیان بگوترێ، لێرەدا هەڵەتان کردووەو نەتان توانیوە وەک پێویست و شارەزایانە بچنە نێو ناخی منداڵانەوە و جوان و باشیان بۆ بنووسن، دەبێ بەدڵێکی گەورەوە وەری بگرن و زۆر لایان ئاسایی بێ و دڵیان هەر وەکو دڵی منداڵان پاک و جوان بێ و هەرگیز ڕق و کینە لەڕەخنەی ڕەخنەگر هەڵنەگرن، چونکە ڕەخنەگری ڕۆشنبیر و بێ لایەن و بە ویژدان، هەمیشە دەستبار لەگەڵ نووسەردا دەگرێ و ناهێڵێ خوار ڕێ بکاو بکەوێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە