بەرکوڵێ لە ژیاننامەی ئۆتۆ ڤۆن بسمارک، سەرکردەی کاریزمایی یەکگرتنی ئەڵمان (بەشی ٢ ـ ٣)

Thursday, 08.11.2022, 0:34

859 بینراوە


لە سەرەک وەزیرانەوە تا ڕاگەیاندنی ئەڵمانیای یەکگرتوو 1862 - 1871

دوای ئەوەی پاشا چیدی خۆی توانای چارەسەرکردنی ئەم کێشە ئالۆزانەی نابێت، دیدارێکی دوورودرێژ دەکات لەگەڵ بسمارکدا لە پارکی بابلسبێرگ Park von Babelsberg ، متمانەی تەواو بە بسمارکی هەڵکەوتوو پەیدا دەکات و لە22.9.1862 دا بڕیار دەدات بسمارک  بھێنێتە ناو کایەیەی دەسەڵاتەوە و دەیکاتە سەرەک وەزیران و وەزیری دەرەوە. ئینجا بسمارک دەستی لە کارەکاندا واڵا دەبێت و پێگەی پرووسیا لەسەر ئاستی ناوخۆ و ئەوروپادا بەتەواوی بەهێز و قایم دەکات . کێشەکانی ناوخۆ کە بە میرات بۆی جێدەهێڵن بە زرنگی خۆی کێشەکەی وا چارەسەر کرد، کەوا ناسراوە بە تیۆری کەلێندار/ Lückentheorie، و دەڵێ: لە دەستوورەکەماندا نەهاتووە و  نەنووسراوە و نابێت پەرلەمان و کەس بۆی ھەبێت ڕێگریی لە بڕیار و دەسەڵاتی پاشا بکات. ئێستاش ئەوەی کراوە بەسەرچوو، دەوڵەتی لێ خاڵەبەخش بکەن.. بەم جۆرە ئاوێکی دەکات بە ئاگردا.  ئیدی پاشا بۆ مەرامەکانی خۆی دەستی دەکرێتەوە و دەکەوێتەوە کارکردن.

"لە ڕێگای قسەکردن و بڕیاری زۆرینەوە،پرسە گرنگەکانی هەنووکە یەکلایی ناکرێتەوە، ئەوە گەورەترین هەڵەی شۆڕشی 1848&1849  بوو، بەڵکو  بەهۆی ئاسن و خوێنەوە".

بەم ھۆیەوە ناڕەزایی زۆر دەبێت و ڕۆژنامە لیبەڕاڵ و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان ڕەخنەی توند دەگرن. سەرئەنجام بسمارک بەبڕیارێ پەرلەمان بۆ ماوەی4 ساڵ لە کار دەخاتوو. و حیزب و چاپەمەنی قەدەغە و سنووردار و بێدەنگ دەکات. ئەم ھەنگاوەش بە مانای چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوخۆ واتە بێدەنگ کردنی ناڕەزاکان کۆتایی هات. ئینجا ڕووەو کێشەکانی دەرەوە کەوتە کار. بەتایبەت لەگەڵ ئاوستریا/ نەمسادا، کە دوژمنێکی زەقی پرووسیا بوو. لەڕاستیدا دەیویست لە ڕێگای شەڕێکەوە بەتەواوەتی چارەسەری کێشەکانی ناوخۆییش بکات و نەیارەکانی بێدەنگ بکات.  لەو ساڵانەدا بسمارک زۆرترین هێرشی کرایە سەر  و خەلک ڕکیان لێی دەبێتەوە. بەڵام ئەو کۆڵ نادات و هەوڵی ئارامکردنەوەی بارودۆخەکە دەدات  حیزب و لایەنەکان دەبینی و هەوڵی پێکهێنانی سازان دەدات. لەم ڕووەوە وتەیەکی هەیە دەڵێ:

"کێ دەسەڵاتی بەدەستەوە بێ، بەپێی ئەقڵ و تایبەتمەندی خۆی کاری پێ دەکات،چونکە ژیانی دەوڵەت،تەنانەت بۆ تاکە چرکەیەکیش ناوەستێ".

لەم کاتەدا نەمسا بە ئاشکرا دەستی دەخستە کاروباری ئەڵمانیاوە و لە کردەوەکانی بسمارک و هەوڵەکانی بۆ خۆبەهێزکردن لە ڕووی سەربازی و ئابوورییەوە نیگەران بوو. تا دەهات نەمسا نارەحەتتر دەبوو.  خواوڕاستان لەم کاتەدا پاشای دانیمارک هەوڵی بەستنەوەی ناوچەکانی Schleswig-Holstein دەدات بە دەستووری وڵاتەکەیەوە. ئەم ناوچانە سەرسنوورین و لە ڕووی مێژوویی و زمانەوە  سەر بەئەڵمانیان. دیارە دانیمارک ویستوویەتی بارودۆخی خراپی ئەلمانیا بقۆزێتەوە. پرووسیا و نەمسا بەهەردوو ڕێک دەکەون شەڕی دانیمارک بکەن، هێزەکانی پرووسیا لەناکاو لە 18.4.1864 پەلاماری ناوچەکە دەدەن و دانیمارک دەردەپەڕێنن. دواتر ڕێکەوتنی گاشتاین/  Konvention von Gastein 14.8.1865 لە نێوان پرووسیا و نەمسا مۆردەکرێ، بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەکە: ڕێکەوتنەکە وابوو،  پرووسیا شلێزڤیگ و  نەمسا، هۆلشتاین بەڕێوە بەرێت. بەڵام سەرکەوتنی پرووسیا زوو هاوکێشەکەی گۆڕی. دوای دووساڵ  ململانێی تەواو لەسەر دابەشکردنی بەرژەوەندی و دەسەڵاتخوازی و زیادبوونی  گرژییەکان تا دەهات پێوەندی نێوانیان لە بەرپاکردنی شەڕی نزیک دەکردنەوە. ئەم شەڕە بە شەڕی براکوژی نێوان ئەڵمان ناسراوە. نەمسا وەک زلهێزەکانی تر بە شکۆی بسمارک و بەهێزی و سەرکەوتنی پرووسیا دڵخۆش نەبوو. ڕۆژێ7.5.1866 بسمارک پاشای ڕەوانەی ماڵەوە دەکاتەوە، بە پێ نزیکی دەروازەی براندەنبۆرگ دەیەوێ بگەڕێتەوە کۆشک، لەناکاو هەست دەکات یەکێ بەدواوەیەتی، ئاوڕ دەداتەوە، دەبینێ کەسێکF.Coba -Blind پەلاماری دەدات و دوو فیشەکی پێوەدەنێ، بسمارک هەرلەوێودا لێی دێتە دەست و دەیەوێ چەکەکەی لێ بستێنێ،کابرا 3  فیشەکی تریش دەنێ بە بسمارکەوە. بیسمارک کابرا چەک دەکات و پاسەوانەکانی نوێنەرایەتی رووسیا لەو نزیکە دێنە هانایەوە. بسمارک بریندار دەبێت و ئەم کردەوەیە بەدەستی نەمسا دەزانێ.
هەر زوو نەمسا بە نهێنی هاوپەیمانێتییەکی لەگەڵ فەرەنسادا بەست. بسمارک Hannover ,Sachsen ,Kurhessen ی ڕزگار کرد. ئەوەبوو لە شەڕێکی گەورەدا بە هەڵمەتێکی شێرانە بە سەرکردایەتی جەنەڕاڵ مۆلتکە/Moltke ـ ئەم جەنەڕاڵە ماوەیەکیش ڕاهێنانی بە جەنەڕاڵەکانی دەوڵەتی عوسمانی کردووە و ڕۆڵێکی نێگەتیڤی لەدامرکاندنەوەی ڕاپەڕینەکانی کورددا گێڕاوە ـ نەمسای Königgrätz تێک شکاند و پەند و وانەیەکی جەرگبڕی دا بە بنەماڵەی هابسبۆرگ. سەرەتا ڕێکەوتننامەی نیکۆلسبۆرگەر Nikolsburger دواتر پراگ، Prag 23.8.1866  کرا، کە لێرەدا زۆر شت بەسەر نەمسادا سەپێندرا. 
لەسەر  داوای پاشا بەرەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەران دیارییەکی گەورەی  400,000 درا بە بسمارک، ئەویش کۆشکێکی گەورە بە7 گوندەوە بە تێکڕا 5500 هێکتار زەوی بو لە Varzin بۆ ئەوەی تێیدا بحەسێتەوە.  ڕۆژی 20.9.1866 بەخۆشی و شادی و ئاهەنگی سەرکەوتنەوە بە نێو دەروازەیBrandenburger Tor براندەنبۆرگەر تۆردا ڕۆیشتن پێش کەژاوەکەی پاشا  3 سوارچاکەکە، Moltke ,Roon ,Bismarck لە بەرگی جەنەڕاڵیدا کە پاشا دوای سەرکەوتن لە شەڕی Königgrätz پێی بەخشین. 
پرووسیا تەواوی جوگرافیای باکووری ئەڵمانیای هێنایە ژێر  کۆنترۆلی خۆیەوە و چارەنووسی دەوڵەتۆکە و میرنشینەکانی باکووری Hannover ,Kurhessen ,Nassau ,Schleswig -Holstein  بە شاری ئازادی Frankfurt ەوە گرتە دەست خۆی.  کە پرووسیا شەڕەکەی بردەوە. بەم ھۆیەوە یەکێتی ئەڵمانی/ دۆیچە بوندDeutscher Bund  کە لە 39 دەوڵەتۆکە پاش کۆنگرەی ڤییەنا پێکھاتبوو، هەڵوەشایەوە. لە جێگای ئەوە بسمارک کۆنفیدڕاڵی ئەڵمانی باکووریNorddeutsche Bund لە نێوان25 پاشانشین و میرنشینی گەورە و بچووکدا پێک هێنا،واتە ئەم یەکێتییە  پێکهات، بە تایبەت  لە نێوان دەوڵەتۆکەکانی باکووری ڕووباری ڕاین بە سەرۆکایەتی پاشانشینی پرووسیا. 
لە باشووریش چەند دەوڵەتۆکەیەک مابوون، زیاتر لەژێر کاریگەرێتی نەمسادا بوون. بسمارک هەر بەدوای دەرفەتی گونجاودا دەگەڕا،ئەوانیش بخاتە سەر حوکمڕانییەکەی. بۆیەکا ئەم دەستکەوتە مەزنەی تەریککردنی نەمسا لە دەستێوەردانی سیاسەتی ناوخۆیدا، هەر نەبووە جێی ھەموو ئاوات و خەونی بسمارک. بەتایبەت کاتێک کە دەوڵەتۆکەکانی باشوور ملیان بۆ یەکگرتن نەدەدا و لێی بە گومان بوون و نوقمی خەمی دەسەڵات و بەرژەوەندییەکانی خۆیان بوو. بەهێزبوونی ئەڵمان و سەرکەوتنی بسمارک مایەی نیگەرانی و سەرنج لای زلهێزەکانی فەرەنسا و رووسیا و ئینگلتەرا. هەموو چاویان بڕیبووە سەر بەرەوپێشچوونەکانی ئەڵمانیا بەسەرکردایەت.  بسمارک لەلایەک گوێی بە نیگەرانییەکانی هیچ لایەک نەدەدا و هەر بەردەوام بۆ ئەو ئامانجە تێدەکۆشا کە باوەڕی پێی بوو، ئەویش یەکگرتنی ئەڵمان بە سەرکردایەتی پرووسیا بوو. لەلایەکی ترەوە، هەوڵی ڕاگرتنی باڵانسی پەیوەندییەکانی دەدات. واتە بە دوو تاکتیکی سەربازی و دیبلۆماسی کاری دەکرد. 
 بسمارک جارێکی تر بە قورسی نەخۆش دەکەوێتەوە. کێشەکانی ناوخۆ درێژە دەکێشن و بسمارکیش لەخەمی ئەوەدایە زلهێزەکان بەتایبەت فەرەنسا لێی گەڕێن، کێشەی بۆ دروست نەکەن و گەلەکۆمەکێی لێ نەکەن. حکومەتەکەی بسمارک بە کۆمەڵێ گۆڕانکاری لەسەر ئاستی ناوخۆداهەڵدەستێ. فەرەنسا وەک دەوڵەت و دەسەڵاتێکی هاوسنووری ئەڵمانیا زۆر زیاتر لە دڵەڕاوکێی سەرکەوتنەکانی بسمارکدا بوو، کەوتە گەڕ کردن و بیانوو دۆزینەوە بۆ کێشانی سنوورێک بۆ بسمارک. دەویست باڵادەستی خۆی بەسەر لاچەپی ڕووباری راین دا لەدەست نەدا، بەتایبەت بە ڕووی لوکسەمبۆرگ و بەلژیکادا. سەرەتا بسمارک سووکە ڕەزامەندییەکی بەرامبەر بە فەڕەنسا نیشان دا، تا خۆی کۆ بکاتەوە. هاوشانی ئەوە توانی سەرکەوتنێکی گەورەی تر بەدەست بهێنی بە مۆرکردنی ڕێکەوتنامەی " هاوپەیمانێتی بەرگری و خۆپارێزی" لەگەڵ دەوڵەتۆکەکانی باشووردا (Bayern ,Württemberg ,Baden ,Hessen- Darmstadt) ئەم ڕێکەوتنە سەربازییە پێگەی بسمارکی تەواو بەهێز کرد. 
 ئینجا بسمارک ئاڕاستەی سیاسەتی بەڕووی کێشەکانی ناوخۆدا وەرگێڕا و هەوڵی ئاسایی کردنەوەی بارورودۆخی  بەتایبەت کێشەی دەستوور کە گەورەترین هەرای لەسەر ساز بوو. بسمارک توانی تەواوی دۆخەکە ببەستێتەوە بەهەلومەرجی شەڕەوە و داوای کرد بۆ باروخی وڵات یەکگرتوو بن. 
ناوەڕاستی مانگی 8/1866 بیسمارک لەگەڵ دەوڵەتۆکەکانی باکووردا، ئەوانەی نەچووبوونە پاڵ نەمسا لە شەڕی دژ بە پرووسیادا، هاوپەیمانێتی بەستPutbuser Diktat. دواتر Sachsen ,Hessen  هاتنە ناوییەوە بوون بە 22 ئەندام. لە کلێسای  Paulkirche ،بارەگای ئەنجومەنی نەتەوایەتی شاری فرانکفۆرت کۆبوونەوەیەک لە 12.2.1867 دا کرا و هەر لێرەوە کۆنفیدڕاڵی ئەڵمانی باکوور  Norddeutsche Bund بە فەرمی کەوتە گەڕ  و لە هەڵبژاردنەکاندا لیبەڕاڵەکان زۆرینەی دەنگیان بەدەستهێنا.  بسمارک وتارێکی بەناوبانگی 12.3.1867 دا. " ئەگەر وای دابنێنێن ئەڵمان دەخەینە سەر سکەکە وا دەتوانین سواربین و لێیخوڕین". 1.7.1867 دەستوور بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا،  بسمارک ناوی بوو بە ڕاوێژکاری فیدڕاڵی / Bundeskanzler . پاش ماوەیەک نەخۆش دەکەوێتەوە، بەهۆی سەرقاڵی و ماندووبوونی بە کاروباری : پاشا، وەزیر و فەرمانبەرەکانی حکومەت،پەرلەمان  و ئەو 22 دەوڵەتۆکە نوێیە و سیاسەتی دەرەوە لەگەڵ زلهێزەکاندا، پشووی لێ دەبڕێ. کۆمەڵێ گۆڕانکاری گرنگ لە سیاسەتی ناوخۆدا ڕوودەدات، دیارترینیان ڕێکخراوی گومرگ بەفەرمی دەبێتە هی دەوڵەتی فیدڕاڵی و  نوێنەری باکوور و  نوێنەری باشوور کاری تێدا دەکەن.
باکوور و باشوور لەڕووی سیاسییەوە تەنیا ڕێکەوتننامەیەکی سەربازی پێکەوەی دەبەستنەوە. بەپێی ئەم ڕێکەوتننامەیە دەبوو لەکاتێکدا ھەر لایەکیان تووشی ھەڕەشە و شەڕی دەرەکی بێتەوە، لایەنەکەی تر پشتیوانی لێ بکات. بسمارک ئەم چرکەساتەی بۆ ستراتیژەکەی خۆی قۆستەوە و کەوتە بیری نەخشەکێشانی شەڕێک دژ بە فەرەنسا، کە دەمێک بوو لێیان داخ لەدڵ بوو.:" مرۆڤ نابێ شەڕ هەڵگیرسێنێ، ئەگەر بێت و بتوانێ مەردانە خۆی لێ لادات. هەل و چانسی سەرکەوتنێکی  هەرزان و گونجاو، نابنە هۆکارێک، بۆ دەسپێکردنی شەڕێکی گەورە ". 
تەقینەوەی شەڕی نێوان ئەڵمانیا و فەڕەسا لەوێوە دەستی پێکرد، کاتێ ساڵی1870 ئیسپانیا داوایان لە بنەماڵەی هۆهەنزۆلەرنLeopold von Hohenzollern-Sigmaringen   کرد شازادەیەک بکەنە پاشای ئیسپانیا بەهۆی ئەو قەیرانەوەی ناوخۆی وڵاتەکەیانەوە، کە پێش دوو ساڵ پێشتر شاژن Isabella تێدا ڕووخا بوو. لیوپۆلد کاسولیکی بوو، خوشکی پاشای پورتوگال خێزانی بوو،باپیرە گەورە و دایەگەورەیان خزمە ناپلیۆن بوون. بسمارک ئامۆژگاری بنەماڵەی هۆهەنزۆلەرنی کرد پێشنیازەکە قبووڵ بکەن. ڕێکەوتنەکە بە نهێنی ڕاگیرا. دواتر پاریس پێی زانی بوو. ئەوی ڕاستی بێت مێژوونووسان تا ئێستا نازانن بۆ بسمارک پشتیوانی دەکرد لە بنەماڵەی هۆهەنزۆلەرن بۆ گرتنەدەستی پاشایەتی!. فەرەنسا بەزمانی توند ئاگاداری پاشای پرووسیا دەکاتەوە،کە کاری وا نەکەن و بە فەرمیش داوای لێ بووردن بکەن. پاشا بەزمانێکی نەرم ئاگاداری ناپلیۆن دەکاتەوە،کەوا کاندیدەکە دەگێڕنە دواوە، بەڵام میدیا و سیاسەتی فەڕەنسی بەردەوام بوون لەسەر هێرش کردنە سەر پاشای پرووسیا. لە دیدارێکی نێوان پاشا ڤیلهێلم و نوێنەری فەرەنسا Benedetti  کە ناسراوە بە Emser Depesche ،فەرەنسا چاوەڕێی داوای لێبووردن بە گەرەنتییەوە دەکات. بسمارک بەم کەینبەینە دەزانێ و دێ خۆی ڕێکەوتنەکە دادەڕێژێتەوە و لە کۆتاییەکەیدا چەند ڕستەیەکی  توند دەنووسێ و بە جۆرێک نە شاختەکاری لە دەقەکەیدا دەکات و نە هەڕەشەی شەڕکردنیش دەکات و بڵاوی دەکاتەوە.فەرەنسا بەم ڕەفتارە ناڕەحەت دەبن و پێیان وایە شکۆیان بریندار کراوە،شەڕ ڕادەگەیەنن. لە نزیک ناوچەی Sedan شەڕێکی سەخت ڕوودەدات و ناپلیۆن دەشکێ و نزیکەی 150,000 سەربازی فەڕەنسی و خودی ناپلیۆنی شێیەمیش بەدیل دەکەونە دەست ئەڵمانەوە. هەڵبەت جێی ئاماژە پێدانە، کاتێ شەڕ ھەڵگیرسا دەوڵەتۆکەکانی باشوور بە پێی ڕێکەوتننامەکە ھاتنە ھانای باکوورەوە بە پێی ڕێکەونێکی پێشوەختی نێوان بسمارک و دەوڵەتۆکەکانی باشوور بەناوی ڕێکەوتننامەی "بەرگری و خۆپارێزی" . 
لە 187118.1.دا لەیەک کاتدا سەرکەوتن بەسەر فەڕەنسا و دامەزراندنی دەسەڵاتی قەیسەری ئەڵمان لە هۆڵی ئاوێنەبەندی ڤێرسایەوە  ڕاگەیەندرا. پاشاKaiser Wilhelm  کرایە قەیسەری ڕایشەکە و بسمارکیش بە ڕاوێژکار/ کانتسلەر.فەرەنسا دەبوو قەرەبووی زیانەکان بکات و ناوچەی Elsaß و بەشێکیLothringen بداتەوە بە ئەڵمانیا. دوای ئەمە پرسی یەکگرتنی دەوڵەتۆکەکانی باکوور و باشوور گەرمتر بوو،بسمارک هەرچی شێوازی گونجاو نەرم هەیە پەسەندی کرد، بۆ ڕازیکردنیان لە ئیمتیازاتی تایبەتی بۆ هەرێمەکەیان تا بەخشینی خەڵاتی گەورەی گرانبەها بە پاشا و میرەکانیان، وەک ئەوەی لەگەڵ پاشای بایەردا Ludwig II کردی،بە کڕینی کۆشکێک بۆی بە بڕە پارەیەکی یەکجار زۆر. دواجار لە مانگی نۆڤەمبەر،کە ڕێکەوتننامەشی  پێ ناسراوە هەردوو بەرە ڕێک دەکەون. باشوورییەکان دێنە ناو کۆنفدڕاڵی ئەڵمانی باکوور.دواتر بەدەستکارییەکی کەمەوە، دەستووری باکوور دەگۆڕن بە هی ڕایشی ئەڵمانیا. ئینجا بسمارک دەڵێ: یەکێتی ئەڵمانمان ئەنجام دا،هەروەها قەیسەرەکەشی.
قەیسەرWilhelm I بسمارک دەکاتە یەکێ لە خاوەن موڵک و زەوییە گەورەکانی ئەڵمانیا. Schwarzenbeck  لە میرنشینی Lauenburg ی پێدەبەخشێ کە بریتییە لە 25,000 دارستان و 2000 هەزار زەوی کشتوکاڵ واتە نزیکەی 12,000 مەتر چوارگۆشە،لە  Friedrichsruh لە Sachsenwald.

 لە ڕاوێژکاری ئەڵمانیاوە تا وازهێنانی 1871 – 1890

دوای1871 یاسای دراو، دروستکردنی بانکی ڕایش،یاسای چاپەمەنی ڕایش، بەڕێوەبەرایەتی ڕایش، یاسای دادوەری و دامەزراندنی دادگای ڕایش لە بەهی یاسای دراوەوە 7 جۆر دراوی جیاواز هەمبوون نەمان  33 بانکی ناوەندی دراو هەبوو  هەمووی بوو بە مارکMark تا ساڵی 1878هەموو جۆرە پارەکانی تر لەلایەن بانکەوە کێشرانەوە،  پچڕانی پەیوەندی1872-1882 لەگەڵ کڵێسادا دوای مردنی پاپاPiusIX 1878  کۆتایی هات و بەرەو باشتر چوو،1878-79. 
کۆنگرەی بەرلین 13.6.1878 بەسەرۆکایەتی بیسمارک دەبەسترێ،لەنێوان پیاوەکانی دەوڵەت و زلهێزەکانی ئەڵمانیا، نەمسا ـ هەنگاریا، فەرەنسا، شانشینی یەکگرتوو، ئیتالیا، ڕووسیا، بەهۆی کێشە و ئاڵۆزییەکانی بالکانەوە. هەوڵ دەدرا ئەم لایەنانە ڕێک بکەون. بسمارک کۆنگرەی دەبرد بەڕێوە. لێرەدا زۆر ستایشی بسمارک و چۆنییەتی بەڕێوەبردن و قسەکردنی لەم کۆنگرەیەدا دەکرێ، دەیکێ دەڵێ:

" بەڕاستی  دەڵاڵێکی ڕاستەقینەی سەر ڕاست بوو، کە دەیویست ڕێکەوتنەکە بە ئەنجام بگەیەنێ".

سەرەتا بسمارک خەریکی سیاسەتی دەرەوە بوو، کە ناسراوە بە تێربوون/Saturiertheit  واتە دەستبەرداربوونی سیاسەتی کۆلۆنیالیزم، بۆ دەوڵەتەکانی دی، کە ئینگکیز و فەڕەنسا پێڕەویان دەکرد. لەم ڕووەوە دەڵێ: 

«نەخشەی ئەفەریقای من وا لە ئەوروپا».

 بسمارک بلیمەت بوو، دەیزانی گەر تەواوی ھێزەکانی ئینگلیز و فەڕەنسا بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان ، بەھێز دەبنەوە و پەلاماری ئەڵمانیا دەدەنەوە و ڕێگریی لە خەون و ئاواتەکانی دەکەن. بۆیەکا ئاقڵانە کەوتە بەستنی زنجیرەیەک ھاوپەیمانی جۆراوجۆر بۆ قایمکردنی جێ پێی ئەڵمانیا لە ناوەندی ئەوروپادا. ئەڵمان زیاتر کێشەی لەگەڵ فەرنسادا بوو.. ھاوپەیمانی بسمارک لەگەڵ ڕووسیا، نەمسا و ھەنگاریا، بەریتانیا مەزن دا پێکھێنا.ھەڵبەت بسمارک پیاوێکی پاسیف نەبوو خۆی لەشەڕ لابدات یان بدزێتەوە، بەڵکو واقعی بوو، دەیویست ئەوەی بەدەستی ھێناوە بیپارێزێ و دۆستی بۆ پەیدا بکات. " ئێمە پارێزگاری لە ئاشتی دەکەین، لەو ڕێگایەوە کە خۆمان وا نیشاندان دەدەین کەوا ئامادەی شەڕین".  
باوەڕ و بۆچوونێکی بەربڵاو لای مێژوونووس و نووسەرانی ئەڵمان هەیە،بسمارک لە سیاسەتی دەرەوەدا سەرکەوتوو بووە،لێ لە ناوەوە نەیتوانیوە، تەواو سەرکەوتوو بێت. پێم وایە ئەمە ناهەقییە بەرامبەر بەم سەرکردەیە. ڕێکخستن و یەکگرتنی ئەڵمانیایەکی بێ سەروبەر و پارچەپارچە و ناوچە پەرست و میر و پاشا پەرست،هەر بەو کراوە و  ئەو توانییەتی بیکات. ڕەنگە بەچەمکی مۆدێرنەی دیموکراسی و چەپایەتی و لیبەڕالیتێت،ڕووکەشانە حوکمی دڵڕەقانە لەسەر بسمارکی پێش 100 – 150بەر لە ئێستا ئاسان بێت. بەڵام واقیعی تاڵی ئەڵمان و هەڵکەوتی جیوسیاسی وڵاتەکەیان زۆری دانیشتوانەکەیی و زۆر هۆکاری تر هۆکارێک بن، کە هەمیشە چاوی زلهێز و دراوسێکانی ئەڵمان لەسەر ئەڵمانیا بووە و حەزیان نەکردووە بەهێز و خاوەن ڕۆڵ بێت. ئەمەش هۆکارێکی یەکلاکەرەوە بوو بێت بۆ بسمارک،کە بەهەر نرخێک بێت مەبەستی بووە دۆزی نەتەوەکەی بگەیەنێتە دوا هەواری مسۆگەری زامنی. بۆیەکا گوێ بە چ دروشم و ئایدۆلۆژیا و جیهانبینییەک نەداوە. دەڵێن هیچ پیاوی دەوڵەتێک هێندەی بسمارک لە قسەکردندا ناوی خودای نەهێناوە. تەنانەت خۆی بەسەربازی خودا زانیوە. لەکاتێکدا بە هەموو قەناعەتێک هەوڵی دا ئایین و دەوڵەت لێک جودا بکاتەوە. "ئێمەی ئەڵمان لە خوا دەترسین،بەڵام نەک لە جیهان. هەروەها لە خوا ترسانمان خۆشە، کە وامان لێ دەکات،ئاشتیمان خۆش بوێت و خەمی بخۆین". 
سیاسەتی بنەڕەتی بسمارک لەسەر ئاستی ناوخۆ لەسەر ئەم بنەمایانە ھەڵچنرابوو:
{{+ ھێشتنەوە و پاراستنی پاشانشینی پرووسیا.+ بەرفراوانکردنی ھیگۆمۆنی پرووسیا لەسەر ئاستی ئەڵمانیا و کردنی ئەڵمان بە زلھێزێکی ئەوروپایی.+ پرنسیپی ئاسانی، یاخود سیاسەتی دەست کراوەیی،بسمارک بۆ ھەڵبژاردنی ھاوپەمانەکانی وابەستەی ھیچ سیاسەت و ئایدۆلۆژییەک نەبوو.ئەو پرسەی گرێ دەدات بە بارودۆخەوە.+ گەورەکردنی کێشە و ھەراکان و خۆڵقاندنی دوژمنانی ڕایش.+ کارکردن لەنێو ئکابینەی ئەنجومەنی وەزیران دیبلۆماسی نھێنی دا.+ بەکارھێنانی « شەڕ وەک ئامڕازێکی سیاسی ».+ سیاسەتی خۆیی و دەستکرانەوە}}.   

 سیستەم و کرۆنۆلۆژیای ھاوپەیمانێتی بسمارک:

{{ لە1873 : ڕێکەوتن لەسەر ئاستی ھەر سێ پاشانشینییەکەی« ئەڵمان و ڕووس و نەمسا+ ھەنگاریا.لە1878 : کۆنگرەی بەرلین: بیسمارک دەبوو سیاسەتی زەمینی لە بالکان ڕوون بکاتەوە. ڕۆڵی دەڵاڵێکی دەگێڕا لە نێو زلھێزەکاندا.لە1879 : یەکێتی دوو قۆڵی لەگەڵ نەمسا+ ھەنگاریا، بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەگەری ھێرشی ڕووسیا.لە+1881 یەکێتی سێ قۆڵی نێوان سێ قەیسەرەکە و نوێکردنەوەی پەیمانەکەی 1873.لە+1882 یەکێتی سێ قۆڵی، یەکێتی سەربازی نێوان ئەڵمان، ئیتالیا، نەمسا+ ھەنگاریا.لە+1887  ھاوپەیمانی زامنکردنی پشتەوە، لە نێوان ئەڵمان و ڕووس دا، بۆ ڕێگری ھاوپەیمانێتی لە نێوان ڕووس و فەڕەنسادا.لە+1887 ڕێکەوتنی دەریای ناوەڕاست، لە نێوان بەریتانیای مەزن و نەمسا+ ھەنگاریا، ئیتالیا، بۆ وەتاق خستنەوەی فەڕەنسا. سیاسەتی دەرەکی+ دەستبەرداربوون یاخود خۆ نەدان لە تخووبی سیاسەتی کۆلۆنیالیزم و خۆ تەرخانکردن بۆ جێی خۆ قایمکردن لەسەر ئاستی ئەوروپا.+ زامنکردنی ئارامی بۆ ئەڵمان و بەشداریکردنی ھاوپەیمانییە گرنگەکانی ئەوروپا+ بەشداری لە سەقامگیریکردنی ھاوسەنگی دەسەڵاتی ئەوروپادا.دوور خستنەوەی شەڕەکان بۆ بالکان و ئەو دیو سنووری دەریا.+ پشتیوانی ئەو شەڕ و کێشە و ھەرایانەی کە ئەڵمان وەک لایەنێک و ناوبژیوانێک بەشدارییان تێدا دەکرد، تا کاریگەرێتی و لەسەر سیاسەتی ئەوروپا پەیدا بکات.+ دابڕاندنی فەڕەنسا بە ھەموو شێوەیەک }}. لەناوەوەش لەگەڵ لایەنەکاندا کەوتە پێڕەوکردنی سیاستی جۆلانەئاسا و ھەر جارەی لەگەڵ بەرەیەکدا پێک دەھات. ھەموو ھەوڵی پەکخستن و دوورخستنەوەی ناحەزەکانی بوو، لە چوارچێوەی سیاسەتێکدا بە شەڕی کولتوورKulturkampf ناسراوە دژ بە:
لەگەڵ پارتی کاسۆلیکی{{ + لابردنی بەشی کاسۆلیکی لە وەزارەتی کولتووری پرووسیا. + پیاو ئاینییەکان بۆیان نەبوو خۆیان لەکاروباری سیاسی دەوڵەت ھەڵقورتێنن.+ سەربەستی دەوڵەتی بۆ خوێندن جێی ھی کڵێسای گرتەوە. + پێویست بوو پیاوە ئانییەکان تاقیکردنەوەی کولتووری دەوڵەتی بدەن. + سنووردارکردنی ھەڵبژاردنی کڵێسا. لەگەڵ سۆسیالستەکاندا:- + قەدەغەردنی ڕێکخراوە سۆسیالیستی و سۆسیال دیموکراتەکان. گرتن و ڕاوەدوونانی کەسانێک کە جێی مەترسی بوون. + بە ھەموو شێوەیەک دەیویست کڵێسا و دەوڵەت واتە ئایین و سیاسەت لێک جوودا بکاتەوە}}. پێویستە ئاماژەش بەوە بکەین ساڵی1874کرێکارێکی کاسۆلیکی پەلاماری بسمارکی دا،سەلامەت لێی دەرچوو، لێ ڕکی ئەستوورتر بوو.