د. عەبدولواحید و بەراوردێکی نالۆژیكانە!

Friday, 12/08/2022, 21:52

9145 بینراوە


" نابێ دین بێت بەربەرەکانی بکات لە مافی میللەتێکی مەغدور ئەوەی خۆی دەکاتە لەمپەر لەپێش ھەنگاوی کوردایەتی بە قەناعەتی من نوێژەکەشی دروستنییە، حەجەکەشی دروست نییە ھەرچی ناوی لێ دەنێیی دروست نییە.. ئەوە ئیمانی ئەوەی بەناوی ئاینەوە کۆسپ و لەمپەر بێنێتە ڕێی کوردایەتی نە نوێژ و نە حەجی قبوڵ نییە ئەوە فیکری منە و ئەوە ئیمانی منە". مەسعوود محەمەد 
(مەککە لە کوردستان پیرۆزترە)، گووتەیەکی بێ بنەمایە پێش چەند رۆژێک د. عەبدولواحید ! لە وەعزدانێکیدا بۆ کۆمەڵێ خەڵک ڕایگەیاند. سەرەتا ئەم بەراوردکردنە، چەند نائاوەزمەندانەیە ، سەد ھێندە زیاتر ھەڵگری نیشانە و ئاماژەکانی کردەوەیەکی خراپ و زیان بەخشە و رێک بەدڵی داگیرکەر و دوژمنانی کوردە..
حەکیم کاکەوەیس جوانی بۆ چووە ، "عارەب قورئانیان کردە تەوەری مانەوەی خۆیان و کارگەی توانەوەی میللەتان لە ناو خۆیان دا". بەتایبەت لەسەردەمی عومەری کوڕی خەتاب بەدواوە ئەم میکانیزمەی ئیسلام خراوەتە گەڕ، دەنا لە زۆر ڕەھەندا ئاین مانایەکی گەردوونی و نێونەتەوەیی ھەیە، بەڵام عەرەب لە بەتاڵی ھێزی کولتووری خۆیان بە ئاین پارسەنگی ھەڵسانەوە و تێھێنانەوەی خۆیان بەجێگەیاندووە. تا ئێستاش بەھەر پێوەرێک بێت بۆیان چۆتە سەر و سەرکەوتوو بوون.. 
ناوبراو دەتوانێ بەلای کەمەوە بڵێ بەلای منەوە مەککە زۆرپیرۆزترە لە ھەموو شوێنێ پیرۆزترە..!! بەڵام ئەگەر ھەر کەسێکی کورد شوێنێکی تری لە کوردستان لا پیرۆزتر بێت، دەبێت باوک و دایکیشی بخاتە ژێر ھەمان حوکمی ڕەھای بەراوردکارییەوە، بەواتای پیاوێکی تر و ژنێکی تری لە باوک و دایکی خۆی لا خۆشەویستتر بێت!!... بەھەمان پێودانگ دەبێت منداڵی بێگانەی لەوەی خۆی لا شیرینتر بێت.. 
من ناڵێم کوردستان لە فڵان بستۆکەی زەوی پیرۆزترە، بەڵام پارچەیەکە لە کەینوونە و بوونی رۆحی و جەستەم، نیشتمانە و دایکی گەورەمە و پیرۆزە و گەلێکیش پیرۆزە!! 
با بگەڕێینەوە بۆ ئەو راستییەی کە پێی وایە: ھەموو گەردوون و بوونەوەر و زیندەوەران و تەواوی سروشت پێکڕا ئافەریدەی دەستی خواوەندە، ئێ خۆ ئەو خالقە بانگاشەی بۆئەوە نەکردووە، ئەم شوێنە لە شوێنێکی تر پیرۆزترە! فڵان دەڤەر چاکترە لە فیسار دەڤەر!.. دکتۆری ناوبراو دژی ناوەڕۆکی پەیامەکەی خالقیشە! ئەو دەستکاری کارەکانی خودا دەکات !.. دەیەوێ مەرامی ژەھراوی و تاڵی خۆی بە جوانی و شیرینی خواوەند پەردەپۆش بکەیت!!.. ئەی ئاینەکەی تۆ باوەڕت پێیەتی خۆی ناڵێ (حب الوطن من الایمان) . دەبا گوێیەک لە ھاوار و ھیوای (مەلای گەورە) بگرین بزانین ئەو لە چ فۆڕمێکدا پەیام بۆ رۆڵەکانی نەتەوەکەی دەنێرێ:
ئەم خاکە دایکی تۆیە کەوتە دەستی ئەجنەبی
ئەی کوردی ساحێب غیرەت تۆ چلۆن ڕازی دەبی
*******
ببنە پۆلیس و عەسکەر بۆ خزمەتی مەفتەنی
سەعی و غیرەت بۆ وەتەن وەک ڕۆحە بۆ بەدەنی
دەماغی منداڵەکان پڕکەن لە حوبی وەتەن
تەربیەتیان باش بدەن میللییەتیان فێر بکەن

دکتۆر ئەم خۆشەویستییەشی تێدا نییە، کە کۆڵەکەیەکی سەرەکی ئیمانیشە! جا تۆ بڵێی د. عبدالواحید لە مەلای گەورە موسڵمانتر و زاناتر بێت؟!...ئەی قورئان خەڵک ھان نادات، داکۆکی لە نیشتمانی خۆیان بکەن! "دینداری بەرگریکردنە لە غەدرلێکراوان ھەوڵی وەرگرتنەوەی ماڵی داگیرکراوە و کڕینەوەی شەرەفی پێشێلکراوە ". ح. کاکەوەیس.
 دکتۆر ئەم سیفەتەشی تێدا نییە! کەواتە بەتاڵ و حەتاڵ لەو گۆڕەی!... ئەوەی ئەو ئەنجامی داوە بەرلەوەی ھەرشتێ بێ، سیاسەتێکی ڕووت و حیزبایەتییەکی سەقەت و بازرگانییەکی چڵکنە لە پێناوی حەز و مەرامی خۆی و ھاوشێوەکانیدا و بۆ پڕکردنی گیرفان و ورگ و وەرگرتنی خەڵات و پاداشتی ناحەزانی نیشتمانەکەیەتی.. ئەمەی گووتوویەتی ناردنی زیگنالە بۆ ئەوانەی قوڕمیشی کەسانێکی وەک ئەو دەکەن و ئەوانەی کێبەرکێ دەکەن لەسەر ناشیرینکردنی نیشتمان و بێ باوەڕ کردنی تاکی کورد بەو بەھا پیرۆزە و سیمبۆلە نەمرە...ئەوانە دەست و ئامێزیان واڵاکردووە بۆ وەرگرتنی مەدالیای شەرمەزارییەکەی!!.. 
کورد و کوردستان لەمێژساڵە ڕووبەڕووی ھەڵمەتی گەلەگورک و نەزان و دۆڕاوی لەم چەشنەی ئیمڕۆ بۆتەوە . دوێنێ بەناوی ئایدۆلۆژیاوە ڕۆژباشیان دەکردە تاکە کڵاش!! و پۆل پۆرت ئاسا دەیانویست بە داسوچەکوش بەربنە گیانی خەڵک، ئیمڕۆ ناوبراو کە مەککەی لە کوردستان لا پیرۆزترە دەیەوێ ئێخەی کورد بگرێتەوە و بە داوایەکی سەقەت ماڵی کورد زیاتر لێک بترازێنێ!.... . 
ئەو دەنگە ناسازانە گیانی ئارامی (شێخ سەعیدی پیران و شێخی نەھری و شێخ عەبدولسەلامی بارزانی و قازی محەمەد و مەلا مستەفا) و ( ئەحمەدی خانی و حاجی قادر و مەلای گەورە و شێخ مەعشوق خەزنەوی) و دەیان و سەدان کوردی موسڵمانی سەر بەڕێبازی کوردایەتی بێزار و وەڕس دەکات.. ئەرێ بەڕاست ئیدی چۆن لەڕووت دێ، باس لەکوردبوونی خۆت و مێژووی نەتەوەکەت و جوانی نیشتمانەکەت بکەیت؟؟!.. " برایینە.. نیشتمانەکەتان خۆش بوێت، نیشتمانەکەمان ھەوارگەمانە، ھەوارگەیەکە خوا "پێی بەخشیویین و تێیدا یەک خێزانمان دروست کردووە".. جۆزیف ماتزینی 
باڵندە و گیان لەبەرکانیش ھێڵانە و زێدی خۆیان لا پیرۆزە و خۆشیان دەوێ، پێدەچێ دکتۆر ھێشتا نەزانێ چ کفرێکی گەورەی بە ھەقی کورد و خودی ئاینەکەی خۆیشی کردووە!... خۆ شاراوە نییە! ھەموو ئەوانەی لە خوێن و ئێسک و خۆڵ و بەرد و کولتووری مەککەن، ھەموو دەیانبینین تەنھا عروبەچێتی و مەککەپەرستی بەڕێوە دەبەن!، زۆرینەی ڕەھایان! پیرۆزیی و پارە و پوولی مەککەش لە لەندەن و پاریس و بەرلین و ئەمستەردام بۆ شتە حەرامەکان تەخشان و پەخشان دەکەن..
دکتۆری بەڕێز.. بۆ نایەت سەرێ بەھەواری قومارخانە و یانەی شەوانی ئەم وڵاتانەدا بکەیت، تا ببینیت!!لەبەر ئەھلی مەککە!! ڕێ بەر ڕێبوارێکی تر ناکەوێت!. ئەمانە دروست ئیمانیان نەماوە، کەچی بەرگریی لە نیشتمان دەکەن.. 
دكتۆر دڵنیابە..نە ئەو ڤایرۆس و میکرۆبەی تۆ بڵاوی دەکەیتەوە نەتەوەی کوردی سەربەرز نەخۆش دەکات و نە پروپاگەندەی لەم چەشنەی تۆ ڕاستی و جوانی ھیچ کەس و لایەکمان لێ دەشارێتەوە.. ھەروەک چۆن تۆ بە گووتەکەت ھەندێ کەس رووگیر دەکەیت، تا دەستی ئەشھەدوبیلا بدەن بە پشت ملی خۆیاندا، بە ھەق نمایشتەکەت سواو و بێ کەڵک بوو.. 
" ئەوە کرۆکی کۆیلایەتییە و وەک شیرپەنجە گەیشتۆتە ئێسک.. ئەوە موالێتییە و لە کرۆمۆسۆمەوە پێی گەیشتووە" . کاکەوەیس .
جەماوەری کورد بەدرێژایی 2500 ساڵ زیاترە شەڕ لەسەر پیرۆزی ھەر بستێک لە نیشتمانی دەکات و خوێنی ھەزاران لە خوشک و برایانی بەسەردا ڕژاوە، نە تۆ دەتوانی ورەیان بڕووخێنی و نە ئەوانیش نرخی سەلکە پیازێکی ڕزیو بۆ وتەکەت دادەنێن.. ئاخر تۆ تەنانەت بەرانبەر بە نەتەوەکەت بنەمای ئاینەکەی خۆشت کە دەڵێ " اننا خلقناکم شعوبا وقبائلا لکی تتعارفوا" ئەوەش فەرامۆش دەکەیت.. ئەی بۆ ئاگادار نیت کە "الاکردا یتائم المسلمین" ە؟!... پیرۆزی نیشتمان و ھەستی نەتەوایەتی و ھەست و غەریزەی خۆشەویستی باوک و دایک ئەوانە سروشتین ماکێکی ڕەسەنی بوونن لای مرۆڤ و بوونەوەرانی دیکە!.. 
بنۆڕە مامۆستا مەسعوود محەمەد چ دەڵێ: "بەلای منیشەوە قودسیەتی کوردایەتی وەک قودسیەتی فەلەستین بەلای عەرەب و قودسیەتی ڤۆلگۆگراد بەلای ڕووسەوە ژووی هەموو شتێک دەچێتەوە. ڕەنگە لەمەدا هێشتان مافی تەواوی کورایەتییم بەکار نەهێنابێ چونکە من کە بێم لە بەراوردکردندا «کوردایەتی» بە «ڕووسایەتی» بگرم و لێی تێ نەپەڕێنم حیسابی زەعیفی کورد و هێزی ڕوسم لەبیر خۆم بردۆتەوە کە هەرگیز نابێ لەبیر بچێتەوە، چونکە پێویستە بەزەیی مرۆڤ بۆ مرۆڤی لێ قەوماو پتر بجووڵێ. ئەگەر کورد هێندەی ڕووس بەهێز بووبایە ڕووسیش وەک کوردی ئێستاکە ببایە" 
لەوەش پتر مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لە وانە و تاقیکردنەوە و رووداو و بەسەرھاتی گەورە و شکۆمەندی پیرۆزیی نیشتمان لای مرۆڤ و گەل و نەتەوەکان.. تۆ ئیمڕۆ جگە لە گیانی کۆسمۆپۆلیتی و داماڵەخاس بوون لەبەھای نەتەوەیی ھیچ پاڵنەرێکی تر نییە، وا نابەرپرسانە و بێ شەرم و سڵەمینەوە، بە بوون و ماھیەتی خۆت و ڕووبەری وڵاتەکەتدا ھەڵشاخێیت و ئەو وشە بێ مانایانە بدەیت بە گوێی رۆڵەکانی نەتەوەکەتدا... لەگەڵ جۆزیف ماتزینی گەورەدا دەڵێین "ھەر نیشتمانێ لە نیشتمانەکان کارگەیەکن لە کارگەکانی مرۆڤایەتی "..
جا بۆ ئەوەی لۆژیک بگەڕێتەوە بۆ ھەواری بیرکردنەوەی دکتۆری بەڕێز، دەمێنێتەوە ئامۆژگاریی بکەین و پێی دەڵێن: دوور لە ورووژاندنی سیاسی سەرگەرمی پیشەی پزیشکی خۆتان بن و کۆمەک و خزمەتی ھەژاران و خەڵکی کوردستان بکەن، زۆر باشتر و سەرکەوتووتر دەبن و خێریشی زیاترە و بۆ ئەو دنیاشت بە سوودترە...
نابێت لەبیری خۆمانی بەرینەوە کەوا دەسەڵاتی کوردیش لەئاست کەمتەرخەمی بایەخ نەدانی بە بەھا و چەمک و سیمبۆلە نەتەوەییەکان زۆر زۆر تاوانبارە و بەرپرسی یەکەمە.. 
ئەم شتگەلە دەبوو بە یاسا رێکخرێن و روون کرێنەوە و بچەسپێن و کاریان پێ بکرێت.. تاوەکو مانا و بایەخیان مسۆگەر بێت و کەس نەیان بەزێنێ و سووکایەتییان پێ نەکات و هاوکات ڕێگریی لە زیانی لێکترازان و شپرزەیی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی و کولتووریی و سیاسی لە کوردستاندا بگیرێ..
دەنا بەردەوام ئەم سیمبۆلگەکە دەبنە کەرەسەی بێ بەها کردن و گاڵتەجاری و پێخوستی مەرامەکانی داگیرکەراة.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە