رەوانشاد

Saturday, 13/08/2022, 22:24

4000 بینراوە


دوای کۆچی دوایی بەڕیز ئەبوبەکر حەسەن، ناسراو بە (ئەبووبەکر جاف) لەسەر سایتە کۆمەڵایتەییەکان، هەرکەسە و بە پێی ئەزمونی لەگەڵ ئەو بەڕێزەدا، باسی جوامێریی وهەندەک جار سوکە رەخنەیەکیشیان دەگرت. وەک دەردەکەوێت کاکە بەکر کەسێکی خۆشەویست بووە و خەڵکی بە گشتی خۆشیان ویستووە و کەسێکی بێ رق و کینە بووە، هەوڵی داوە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ دەور و بەرەکەیدا هەبێت، وەک خۆی دەڵێت :
<< لە کۆتاییدا ئەگەر سیستەمێک خراپ بێت، ئەوا باشترە ئێمە مرۆڤێکی خاس بین >>.
ئەم جۆرە قسانە پێمان دەڵێن کە ئەو کەسایەتییە مرۆڤێکی خاس بووە،  بەڵام چی لە ژێر ئەم خاسییەتەدا خۆی مەڵاس داوە ؟
لە بەرنامەیەکی تەلەفزوێنیدا کاکە بەکرم ناسی دەگەڵ فەرهاد پیرباڵدا، جۆری دوان و قسەکردنی لە ئاستێکی هەتا بڵێیت بەرزدا بوو، قسەکانی هەڵقوڵاوی ڕۆحێکی بەرز بوون، بەڵام تێناگەم چۆن مرۆڤێک دەتوانێت لەبەرەی چەپ بێت وەک خۆی لەبەرنامەکەیدا دەیگووت، لە هەمان کاتا پارتی بێت؟ وادیارە ئەم سەیر و سەمەرانە هەر لە کوردستاندا ڕوودەدەن. دەتوانین مەیلمان بەلای پارتێکی سیاسیدا بشکێتەوە، بەڵام من باوەڕم بە نووسەرێک نییە موچەی پارتێکی سیاسی وەرگرێت و بتوانێت باسی هەقیقەت بکات، وادیارە ئەو کۆمەڵگەیە بە چاک و خراپیانەوە فێری بندیواری بوون.
کاکە بەکر لە گەشتێکی خەیاڵیدا لەسەر تەپڵی سەری میشێل فوکۆ دەنیشێتەوە و پاشان لە ئەڵمانیا لەسەر سمێڵی نیچە. ئەم بەڕێزە دەبووایە درێژەی بە گەشتەکەی بدایە وەک چۆن لە هەقیقەتا پەیڕەوی کردووە، کە دەبوو لە کوردستان لەسەر جامانە سورەکەی مەسعود بارازانیش بنیشتایەتەوە، چونکە وەک دەڵێن کاکە بەکر بە مەسعود بارزانی سەرسام بووە.
چۆن دەتوانین ئێمە باسی فەلسەفە بکەین و کەسێکی ڕۆشنبیر بین، لەهەمان کاتدا بە مەسعود بارزانی سەرسام بین ! ئەو مەسعود بارزانییەی کە چەندەها ڕۆژنامەوان و ڕۆشنبیر لەژێر حوکمی ئەودا ئەشکەنجەیان چەشتووە و دەیچەژن و هەندەیان کوژراون. لەبەر ئەوەی، کە وەک کاکە بەکر قبوڵی بندیوارییان نەدەکرد. تاوانە بۆ ڕۆشنبیرێک بەرگری لە سیستەمێک بکات کە چەندەها گەنج لە زیندانەکانیدا ئەشکەنجە دەدرێن، ژیانیان لە مەترسیدایە، یان گیانیان بەخت کردووە، وەک سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان و... تاد. ئەمڕۆش بەندکراوەکانی بادینان ژیانیان لە مەترسیدایە لە سەری ڕەش، لەبەر ئەوەی وەک کاکە بەکر قبوڵیان نەکردووە ببنە بەشێک لەو سیستەمە. بەرگریکردن لەو سیستەمە، بەشداریکردنە لەو تاوانانە. بۆیە ئەگەر ئێمە ڕێزمان بۆ کەسایەتی کاکە بەکر هەیە، ئەوا نابێت بە شان و باڵیدا هەڵبدەین، هەتاوەکو نەبێتە نمونەی ڕەفتاری ڕۆشنبیر؛ لە تەڕ بدەن و لە وشک بخۆن. ئەگەر بە پێچەوانەوە کاکە بەکر لە زینداندا بوایە و ژیانی لە مەترسیدا بوایە لە ژێر سیستەمی خێڵایەتیدا، ئەوا بە نووسینەکانی هێرشی دەکردە سەر ئەو کەسانەی شەرعییەت بە سیستەمێک دەدەن کە ئەو لە بندیخانەکەیدا ئەشکەنجە دەدرێت.
- نا بڕۆ، کاکە بەکر پارەی چایەکەی تۆی داوە. 
- سوپاس کاکە بەکر.
- پارتی بڕێک پارەی داومەتێ، ئەو پارەیە هی خۆتانە دەتاندەمەوە.
لێرەدا تێدەگەین کە کاکە بەکر سیاسەتێكی ژیرانەی پەیڕەو کردووە ؛ لەگەڵ سیستەمدا و بەتەنیشت سیستەمدا بژێوی ژیانم وەدەست دەخەم، لەهەمان کاتدا بۆ ئەوەی جەماوەرم لێ زویر نەبێت، پەیوەندیم لەگەڵ ئەواندا دانابڕم، نەوەکا بە خراپ ناوم بەرن. ئەمەیە ستراتیژیەکەی کاکە بەکر؛ لە ناخیدا خۆی خەتابار کردووە کە بەتەنیشت ئەو سیستەمەوە دەلەوەڕێت و بێدەنگە لە تاوانەکانی، بۆ بەرپەرچدانەوەی کارە بەدەکانی، دەگەڵ دەوروبەرەکەیدا ڕەفتاری جوانی نواندووە. نەوەکا ناوی بزڕێت. بۆیە ئێمە دەبێت باسی ئەو هەقیقەتە بکەین و نەچینە ناو یارییەکەی کاکە بەکرەوە، چونکە ئەوە داوێکە.

دەڵێن کێشەی مادی هەبووە !

جا ئەگەر نوسەرێک کارنەکات و نەزانێت کارکردن چییە چۆن دەتوانێت لە ژیان تێبگات! چۆن دەتوانێت باسی تەنگژەی ژیان و کۆمەڵگە و هەقیقەت بکات. کارکردنیش هەر کرێکاری و قوڕکاری نییە، بۆ کەسێکی وەک ئەو دەیتوانی بە تەرجومە و بە وانەوتنەوە و کتێب نووسینەوە بژێوی ژیانی وەدەست بخات. بەڵام وەک وتمان بندیواری هاسانە و بۆتە مۆدێلێك. بۆیە نابێت ئەو مۆدێلە بەرز بنرخێنین، بەشان و باڵیدا هەڵبدەین، چونکە زۆرن ئەوانەی کە بندیوارییان رەتکردۆتەوە و کەس باسیان ناکات.

 ڕەفتاری کاکە بەکر، ڕەفتارێکی خیانەتکردنی ناچالاکانەیە لە نیشتمان و لە کۆمەڵگە .

پێدەچێت خوێندەر، ئەم چەند دێڕەی من بە هەڵوێستێکی ڕادیکالانە بچوێنێت. بەڵام لەهەمان کاتدا ڕەخنە لەو سیستەمە دەگرێت کە تاوانبارانی ئەنفالی حوکم نەدا پاش خیانەتکردنیان لە کۆمەڵگە و نیشتمان، دەبینین کە ئەوان دەحەوێنەوە لەژێر باڵی ئەو سیستەمەدا. بەرپەرچدانەوەی ئەو ڕەفتارە بەرامبەر بە تاوانبارانی ئەنفال، هەمان بەرپەرچدانەوەی ئێمەیە بەرامبەر بە هەڵوێستی کاکە بەکر لە بێدەنگی بەرامبەر بەو سیستەمە وەک ڕۆشبیرێک. ئەی کەواتە دەوری ڕۆشنبیر چییە لە کۆمەڵگەدا ؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە