پیاوەکانی بارزانی لە شنو داوادەکەن خەڵکی دەستبداتە چەک، تا رۆژهەڵات بکەن بە گۆمی خوێن


موعجیزەی لاشە مۆمیاکراوەکەی فرعەون و موسڵمانبوونی موریس بۆکای

Monday, 08.15.2022, 19:55

1604 بینراوە


ئایا چیرۆکی موعجیزەی لاشە مۆمیاکراوەکەی فرعەون و موسڵمانبوونی دکتۆر موریس بۆکای ڕاستە ؟


یەکێک لە ئاکارە نامۆو سەرسوڕهێنەرەکان کۆمەڵگای ئیسلامی ئەوەیە، بەبێ بەڵگەی زانستی، بابەتی خەیاڵی و ناڕاست دروست دەکەن، کۆمەڵێک وێنەو لینکی بێسەروبەری نازانستی و ناڕۆشن، وێنەی فۆتۆشۆپ و وتاری بێسەروبەر بڵاودەکەنەوە، دواتر وەک حەقیقەتێک بڵاوی دەکەنەوە. ئینجا داوا بەڵگەی زانستی لە ئێمە دەکەن بیسەلمێنین کە درۆکانیان ڕاست نیە.
بۆ نموونە: گوایە لاشە مۆمیاکراوەکەی میسر کە گواستراوەتەوە بۆ فەرەنسە، لاشەی ئەو فرعەونەیە کە لە قورئاندا باسکراوە، هەروەها ئەو دکتۆرو پرۆفیسۆرو زانا جیهانیەش کەئەم نهێنیەی ئاشکرا کردووە لە شۆکی ئەم موعجیزەیەدا بووە بە موسڵمان. 
جا لەبەر ئەوەی ئەم باسە دڵخۆشکەرەیە ئیتر زۆرکەس بووەتە پۆستەچیە بۆی و لە ناو موسڵمانەکاندا دێت و دەچێ.
وەک ئەم لینکەی وێکپێدیا کە هیچ بەهایەکی زانستی نیە چونکە هەموو کەس دەتوانێت لەو ماڵپەڕەدا لینکێکی ئاوا دروست بکات.
https://en.m.wikipedia.org/wiki/Maurice_Bucaille...
یاخود وەک ئەم ڤیدیۆیەی خوارەوە، موریس بۆکای لەو باسەدا وەک ئاییناسێک باسی دینەکان دەکات، لەوانە ئایینی جوو لەگەڵ ئیسلام، بەڵام موسڵمانان هاتوون بچڕ بچڕیان کردوەو تەنها کۆمەڵێک قسەی ئەویان لەسەر ئیسلام هێناوەو بەشێوەیەکی چەواشەکارانە بڵاویان کردوەتەوە گوایە موسڵمان بووە،، لەگەڵ ئەو چەواشەکاریەشدا لە هیچ شوێنێکی ئەم ڤیدیۆیەدا باسی ئیمانی خۆی و موسڵمان بوون ناکات بەڵکو باسەکەی بەرواردکاریە
زۆربەی موسڵمانان، هەر نازانن بابەتەکە چیەو ڕووداوەکانی ئەم چیرۆکە چۆنە، بێ هیچ لێکۆڵینەوەو بەرواردێک باسی دەکەن و شانازی پێوەدەکەن، جارێکی تر و لە گێڕانەوەیەکەی بێ سەروبەری تەمومژاوی تردا دەیگێڕنەوەو بە ڕوداوێکی ڕاستەقینەی دەزانن، وەک موعجیزەیەکی قورئانی لێیدەڕوانن‌. 
فەرموون لەگەڵ تەواوی چیرۆکەکەو ڕاستیە بەڵگەدارەکانیش، کە لەگەڵ ئەم نوسینەدا دەیخوێنیتەوە.
سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین کە موسڵمانان لەسەر یەک چیرۆکی ئەم چەواشەکاریە هاوڕا نین، بەڵام هەموویان لەسەر ئەم کورتەیە کۆکن کە لە مێژووی ئیسلامدا هاتووە، دەڵێن:
فرعەون وتویەتی من خودای گەورەم. کاتێک کە موسای پەیامبەر، لەگەڵ قەومەکەی، لەژێر دەستی ئەم فرعەونە لە میسرەوە بەرەو ئیسرائیل هەڵهاتوون، فرعەون پێی زانیون و بڕیاری داوە هێرش بکاتە سەریان و لەناویان ببات.
هەواڵی هێرشەکە دەگاتە موساو خەڵکەکەی، ئەوانیش ترسیان لێدەنیشێت کە لە ماوەیەکی کەمدا فرعەون و لەشکرەکەی بگەنە سەریان و بیانکوژن، بۆیە ڕاکردنیان خێراتر دەکەن تا دەگەنە سەر دەریایەک، بە بینینی دەریاکە توشی شۆک دەبن چونکە دەرفەتی ڕاکردنیان نامێنێت، ئیتر لە چاوەروانی ئەوەدا دەبن کە فرعەون و لەشکرەکە بگەنە سەریان و لەناویان ببەن، بەڵام موسا گۆچانەکەی کێشاوە بە دەریاکەداو دەریاکەی کردوە بە دووکەرتەوە، ئیتر خۆی و خەڵکەکەی لەنێوان ئەو دوو کەرتە ئاوە پەڕیونەتەوە بۆ ئەوبەری دەریاکە.
لەو کاتەدا فرعەون و لەشکرەکەشی دەگەنە جێ، لەهەمان شوێنەوە بەرەو ڕوی موساو خەڵکەکەی دەچن تا بیانکوژن بەڵام هەر بە موعجیزە، دوو بەشە دەریاکە دەگەنەوە بەیەک و فرعەون و لەشکرەکەی لە دەریاکەدا دەخنکێن.
زۆرێک لەو کەسانەی کە دوای کارەساتەکە دەگەنە شوێنەکە بڕوایان نەکردووە کە فرعەون بمرێت چونکە خۆی بە خودا زانیوە، بۆیە خودای موسا دەڵێت:
فاليومَ نُنَجِّيك بِبدنِك لِتَكون لِمَن خلفَكَ. یونس 92
ئەمڕۆ لاشە مردارەکەت دەهێنینە دەرەوەی دەریاکە تا ئەوانەی لە دواوەی تۆوە هاتوون ببینن و باوەڕ بکەن کە تۆ مردویت.
لەبەرئەمە، خودای موسا، لاشەکەی فرعەون لە دەریاکە دەردەهێنێت و لەپاڵ دەریاکەو لەسەر زەوی دایدەنێت. خەڵکەکەش تەماشای دەکەن، بە چاوی خۆیان فرعەون بە مردویی دەبینن و بەو شێوەیە بڕوا دەکەن کە مردووە.
ئەمە کورتەی چیرۆکەکەیەو جگە لە وەرگێڕەکانی کورد، کە ماکیاجی زۆریان بۆ ئەم ئایەتە کردووە، ئیتر موفەسیرە بەناوبانگ و موعتەبەرە سەرەکیەکانی ئیسلام، وەک تەبەری و ئیبن کەسیرو زۆری تر، هیچ شتێکی تریان باس نەکردووە بەتایبەتی ئەو باسانەی کە ئەمڕۆ داتاشەرانی موعجیزە بۆ ئیسلامیان هۆنیوەتەوە.
بۆ نموونە بڕوانە ئەم بەڵگەیە کە ئایەتی قورئان و تەفسیرەکەیەتی
تفسير ابن کثير
ئەی باسی دۆزینەوەی لاشەی مۆمیاکراوی فرعەون چۆن کراوەو چۆن کردیان بە موعجیزە؟؟ باسی موسڵمانبوونی پرۆفیسۆرو زانا جیهانیەکە چۆنەو چی راستە؟ فەرموون لەگەڵ تەواوی چیرۆکەکەو ڕاستیە بەڵگەدارەکانیش، کە لەگەڵ ئەم نوسینەدا دەیخوێنیتەوە.
لەساڵی 1976دا یەکێک لە لاشە مۆمیاکراوەکانی میسر دەگوازرێتەوە بۆ فەرەنسا تا توێکاری زانستی لەسەر بکرێت، ئەو کەسەی بە توێژینەوەکە هەڵساوە دکتۆرێکی فەرەنسیە بەناوی موریس بۆکای.
دوای توێژینەوەکەی رایدەگەیەنێت کە ئەو مۆمیاکراوە لاشەی یەکێکە لە فرعەونەکانی میسر، ناوی فرعەونەکەو کاتی مردنەکەسی دیاری دەکات. هیچ شتێکی تر لە ئارادا نیە. (کەمێکی دی ناوو بەرواری مردنەکەی باس دەکەین)

بەڵام موسڵمانان وتیان:

پرۆفیسۆرو زانایەکی ناوداری جیهانی (ئیتر ئاوا ترشوخوێیان بۆ موریس بۆکای کردووە) بەناوی موریس بۆکای توێژینەوەی لەسەر لاشەی فرعەون کردووە، لەکاتی توێژینەوەکەدا بوونی خوێی لەسەر لاشە مۆمیاکراوەکەی فرعەون دۆزیوەتەوە، بەمە بۆی دەرکەوتووە کە مۆمیاکە لاشەی ئەو فرعەونەیە کە لە قورئاندا باس کراوە.

هەروەها دەڵێن:

کاتێک کە موریس بۆکای ئەم حەقیقەتە زانستیەی بۆ دەرکەوتووە، ویستویەتی ئاشکرای بکات و ئەنجامی ئەم توێژینەوە زانستیە گەورەیە بە جیهاندا بڵاوبکاتەوەو بۆ یەکەمجار ئەم نهێنیە گەورەیە راگەیەنێت، بەڵام یەکێک لە هاوکارەکانی پێی گوتوە کە خۆی سەخڵەت نەکات چونکە ئەم زانیاریە زۆر کۆنەو 1400 ساڵ بەر لە ئێستا قورئان باسیکردوە. ئیتر موریس توشی سەرسوڕمان بووە، داوای قورئانێکی کردووە، پاش خوێندنەوەی ئایەتەکە یەکسەر موسڵمان بووە، نوێژو ئاکارەکانی ئیسلامی بەجێگەیاندووەو کتێبێکی نوسیوە بەناوی (تەورات، ئینجیل، قورئان، لە زانستدا) لەم کتێبەدا باسی موعجیزەی زانستی لە قورئاندا کردووەو بەباشی هەڵیسەنگاندووە.
هەروەها دەڵێن: بۆکای لەسەرەتادا ئینجیل و تەوراتی بە تەواوی دراسە کردبوو هیچ بەڵگەیەکی بەرچاو نەکەوتبوو، بەڵام کە قورئانی خوێندەوە توشی سەرسوڕمان بووە لەوەی چۆن ئەم زانیاریە وردەو زانستیە لە قورئاندا نوسراوە، ئەگەر قورئان لە خودایەکەوە نەهاتبێت چۆن موحەممەد ئەو زانیاریە گرنگەی زانیوە، بۆیە یەکسەر موسڵمانبوونی خۆی ڕاگەیاندووە.
ئەمە تەواوی ئەو چیرۆکەیە کە موسڵمانان دایانڕشتووە. بێگومان هەواڵێکی لەم چەشنە، کە وەک خۆیان دەڵێن پرۆفیسۆرو زانایەکی جیهانی، کە موعجیزەیەکی قورئان پشتڕاست بکاتەوە، دڵخۆشکەرەیە، چونکە ئەوانە دەمکوت دەکات کە قورئان بە کتێبێکی ئاسایی دەزانن. موسڵمانە عەوامەکەش، بۆ جوانکردنی ئیسلام، درێغیان لە بڵاوکردنەوەی ئەم چیرۆکە نەکردوە، بۆیە زۆر بە زوویی ئەم هەواڵە بڵاوبۆتەوەو دەنگی داوەتەوە.

ئایا ئەم چیرۆکە داتاشراوەی موسڵمانان هیچ بنەمایەکی ڕاستی تێدایە؟

سەرەتا با بە بابەتێکی زۆر سادەو ساکار دەستپێبکەین:
چ قورئان و چ داتاشەرانی موعجیزەسازی بۆ قورئان و ئیسلام، وشەی فرعەون بەکار دەهێنن بۆ کەسایەتیەکی ناسراو، وەک بڵێیت کە کەسایەتیەک لە مێژوودا هەبووە ناوی فرعەون بووە. ئەمە هەڵەی یەکەمیانە، چونکە فرعەون نازناوە نەک ناو، ڕێک وەک وشەی پاشا یان سەرۆک وایە. واتە ئەگەر چیرۆکێکی سەردەمانی زوویان بۆ خوێندیتەوە کە لەو سەردەمەدا نزیکەی سەد پاشا یان سەرۆک ژیاون و حوکمڕانیان کردووە، ئینجا حیکایەتخوان وتی پاشا وای کردو سەرۆک ئەمەی وت، لەم کاتەدا دەبێت بپرسین کامە پاشا یان کامە سەرۆک و لە چ ساڵێکیشدا بوو؟؟
لەو سەردەمانەشدا، دەسەڵاتدارانی حوکمڕانی لە وڵاتی میسر پێیان دەگوترا فرعەون، لە سەردەمی فرعەونەکاندا زیاتر لە سەد (فرعەون) ژیاون و حوکمڕانیان کردووە. جا کاتێک کە قورئان باسی فرعەونمان بۆ دەکات دەبێت دیاری بکات و ناوو سەردەمەکەی بە ئێمە بناسێنیت، بەڵام ئەمە لە قورئاندا نیەو موسڵمانەکان وا تێگەیشتوون کە فرعەون کەسایەتیەکەو ناوەکەشی فرعەون بووە.!! (فرعەون وای کردو فرعەون ئەوەی وت)!! جگە لەوەی ناوو سەردەمەکەیان دیاری نەکردووە، زوو زووش ئەم هەڵە گەورەیە دووپات دەکەنەوە! ئەمە لەگەڵ هیچ پێوەرێکی زانستی مێژووییدا ناگونجێت.

ئەو نهێنیە چیە کە موریس بۆکای ئاشکرای کردووە:

لە ساڵی 1976دا، بە مەبەستی توێکاری، لاشیەکی مۆمیاکراوی ئەهرامەکانی میسر بەرەو فەرەنسا گواستراوەتەوە.
گروپێک، کەپێکهاتبوون لە کۆمەڵێک دکتۆرئی شارەزا لە هەناو، ئامادە دەکرێن بۆ توێکاری لاشە مۆمیاکراوەکە. دکتۆر موریس بۆکای یەکێک دەبێت لەو گروپە، هەروەها دکتۆرێکی تریش بەناوی دکتۆر موختار، کە خەڵکی میسرە. ئەم گروپە شیکارییان بۆ ئەو مۆمیاکراوە کردووە، پاش توێژینەوەیەکی وردو چڕ، دوو خاڵی گرنگ دەخەنەڕوو.
یەکەمیان: ناوی لاشە مۆمیاکراوەکە ئاشکرا دەکەن کە ناوی ڕەمسیسی دووهەم بووە. بڕوانە ئەم سەرچاوەیە:
https://www.newscientist.com/.../mg18424736-400.../...
ئەم ناوە، ڕەمسیسی دووهەم، ئەو فرعەونە وەهمە بێ ناوە نییە کە موسڵمانەکان وەک موعجیزە باسی دەکەن. بەڵکو کاتێک مردووە کە تازە بە تازە موسا لە دایک بووە.
دکتۆر لە کتێبەکەی خۆیدا بەناوی (تەورات و ئینجیل و قورئان و زانست) نوسیوێتی و دەڵێت:
ئەم لاشە مۆمیاکراوەی بەردەستمان کە لاشەی ڕەمسیسی دووهەمە، نەخنکاوە بەڵکو بە مردنی ئاسایی مردووە. لە کاتێکیشدا مردووە کە موسا لە شاری مەدیەن بووە.
هەروەها دەڵێت: ئەو فرعەونەشی کە لەو سەردەمەدا ژیاوەو موساو شوێنکەوتوانی چەوساندوەتەوە، ناوی مرنبتاح بووە. (هەروەها بە منفتاح ناوهێنراوەو دەڵێن کوڕی ڕەمسیسە)
بۆ بەڵگە بڕوانە لاپەرەکانی 270 و 271 لەکتێبەکەی.
واتە ئەم مۆمیا کراوە ئەو فرعەونە نیە کە موسڵمانەکان باسی دەکەن. هەروەها ئەو فرعەونەشی باسی دەکەن گوایە لەسەردەمی موسادا هەبووەو لە دەریاکە خنکاوە، لە ڕاستیدا نەخنکاوە بەڵکو بە مردنی ئاسایی مردووە، بەمەش ئایەتێکی قورئانی بەدرۆ خستەوە.
موسڵمانەکان دەڵێن خوێ لەسەر لاشە مۆمیاکراوەکە دۆزراوەتەوە ئەمەش نیشانەیە بۆ سوێری ئەو دەریایەی کە فرعەون تێیدا خنکاوە، لەوەلامی ئەمەشدا موریس بۆکای دەڵێت:
لەو سەردەمەدا خوێ بۆ مۆمیاکردن پێویست بووەو بەکار هێنراوە، نەک تەنها یەک لاشە بەڵکو هەموو لاشە مۆمیاکراوەکان خوێیان بۆ بەکارهێنراوە.
بۆ زانیاری زیاتر لە بارەی بەکارهێنانی خوێ لەکاتی مۆمیاکردندا بڕوانە ئەم لینکە
ئیستا دەرکەوت کە ئەو فرعەونەی موسڵمانان باسی دەکەن، ئەگەرچی ناوو کاتەکەشی دیاری ناکەن، ئەو لاشە مۆمیاکراوە نیە کە لە فەرەنسا توێکاری بۆ کراوە، بەم پێیەش دەرکەوت موعجیزەداتاشەرانی ئیسلام ڕاستیان نەکرد.
هەر لە کتێبەکەیدا (تەورات و ئینجیل و قورئان و زانست) نوسیوێتی کە لاشە مۆمیاکراوەکەی ڕەمسیس تاکە مۆمیاکراوە لە میسرەوە گوازرابێتەوە بۆ فەرەنسا.!
ئەمەش ئەو بەهانەیە ناهێڵێت کە موسڵمانەکان بڵێن مۆمیاکراوێکی تریش هەیە کە بۆ فەرەنسا گواستراوەتەوە.
بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە لاپەڕە 11ی ئەم کتێبە
Les Momies des Pharaons
ئەمەش لینکی ئەو کتێبەیە
لێرە بەدوا، هەر ترشوخوێیەکی تر بۆ ئەم بابەتە بکرێت جگە لە چەواشەکاری هیج شتێکی تر نیە. داوا لە موسڵمانەکان دەکەم کتێبەکەی موریس بۆکای بخوێننەوە کە پڕە لەو زانیاریانەی وەڵامی گشت پرسیارەکانیان بداتەوە.
زانیاریەکی گرنگ هەیە کە دەبێت هەموو کەس بیزانێت، ئەویش ئەوەیە کە دکتۆر مختار، کە یەکێک دەبێت لە گروپەکە، دەڵێت: ئێمە بووین توێکاریمان بۆ مۆمیاکراوەکە کردو موریس بۆکای دەستی بەر لاشەکە نەکەوتووە. ئەمەش بەڵگە کە بە ڕاستی مایەی پێکەنینە.
دواهەمین پرسیار ئەوەیە: ئایا موریس بۆکای بووە بە موسڵمان؟
وەڵام : نەخێر. هیچ بەڵگەیەک نیە ئەمە پشتڕاست بکاتەوە. ئێمە ناتوانین بەڵگە بهێنینەوە بۆ بابەتێک کە بوونی نەبووەو ڕووینەداوە، ئەگەر ئەمە ڕاستە ئەوە دەبێت موسڵمانەکان بەڵگە بهێننەوە، بەڵگەی زانکۆیەک، یان نوسینەکانی موریس بۆکای، یان دەزگایەکی دانپێنراوی زانستی، نەک نوسینی کەسێکی موسڵمان کە لە هیچ دەزگایەکی زانستیدا باوەڕی پێنەکراوەوەو هەر لە خۆوە بیڵێ و بینوسێت. بۆیە داوایان لێ دەکەم پێمان بڵێن بە چ بەڵگەیەک دەیسەلمێنن موریس بۆکای بووە بە موسڵمان؟
تەنانت کۆی ئەم موعجیزەیە کە داتاشراوە لەلایەن کۆمەڵێک موسڵمانی سارەزاوە ڕەتکراوەتەوەو بەڵگەکانیشیان داناوە. بۆ نموونە بروانە ئەم ڤیدیۆیە
ئەنجام: ئەوەندەمان بەسە کە ئەو مۆمیاکراوەی فەرەنسە لاشەی رەمسیسی دووهەمە و پەیوەندی بەو فرعەونەوە نیە کە لەسەردەمی هەڵهاتنی موسادا حوکمڕانبوو. ئەمەندە بەسە بۆ دەرکەوتنی ڕاستیەکان و پوچەڵبوونەوەی ئەو موعجیزە دروستکراوەی بۆ ئیسلامیان هەڵبەستووە. هەروەها یەک بەڵگە نیە بۆ سەلماندنی ئەو پڕوپاگەندەیەی موسڵمانان بۆ موریس بۆکای هەڵیانبەستووە گوایە موسڵمان بووە.

بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی ئەم بابەتەو بۆچوونی موریس بۆکای بڕوانە ئەم لینکە