فەرەح دیبا ستاربگرە

Wednesday, 17/08/2022, 19:44

3790 بینراوە


فەرەح دیبا، کە ژنی محەممەد رەزاشای ئێڕان بوو.ئێستێ ساڵهایە لە هەندەران دەژی وخەونی گەڕانەوە بۆ سەرتاج و تەخت و دەسەڵاتداریەتی بنەماڵەی پەهلەوی ئۆقرەی لێ بڕیوە. ئەو رۆژانە وردە فەرمایشێکی لەسەر مێدیایەکی فارسی زمان فەرمووە کە خەڵكی ئیڕان خوازیاری گەڕانەوەی سیستمی شاهەنشایی پێشوون بە دەسەڵاتداریەتی بنەماڵەی پەهلەوی. بۆیە منیش خۆم ئامادە کردوە بگەڕێمەوە!
وڵاتی ئیڕان وێنەی تورکیە وعێڕاقیش نییە کە لە دوو نەتەوەی جیاوازپێک هاتبن.دانیشتوانی ئێڕان بریتین لە،کورد،فارس،ئازەری،عەڕەب،تورکمەن،بلوچ وبەهایی و و... دەیان دین وئایینی جیاواز،هیچ ژنە شایەک یان کوڕەشایەک یان بنەماڵەیەک بۆیان نییە لە جیاتی ئەو نەتەوانە بڕیار بدەن وبڵێن، خەڵكی ئێڕان خوازیاریی گەڕانەوەی ئێمەن بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتێک بە ڕێبەریی بنەماڵەی پەهلەوی.
ئەگەر سەددام حوسێنی دایکێ خۆگاوتۆزێکی لە سیاسەت زانیبایە وسەرکوت وکوشتن وتڕۆروزیندانی لە کورد وعەڕەب کەمتر کردایەوە ئەوڕۆ خەڵكی خێر نەدیتوولە باشووری کوردستان تووشیان بە تووشی بنەماڵەی بارزانی وتاڵەبانی نەدەهاتن.
ئەگەریش خەڵكی ئێڕان بە کوردیشەوە لە لایان شای سەربە بنەماڵەی پەهلەوی تا رادەیەک خاوەنی ئازادیی سیاسیی وکۆمەڵایەتی وناسنامەیی و...خۆیان بوایەن خەڵكی ئێڕان بە گشتی وکورد بەتایبەتی ئەو رۆژگارەیان نەدەبوو کە ئێستێ نزیکەی ٤٢ ساڵە گیرۆدەی بون.
من نازانم،بێوەژنەکەی پێشووی محەممەد رەزاشا/ فەرح دیبا/ بە پێی کام سیاسەت ومتمانە بە خۆ بون ئاوا قەببە قەببە دەئاخفێ ومژدەی رووخانی کۆماری ئیسلامیمان پێدەدا،بە بێ ئەوەی پرسێک بە کورد ونەتەوەکانی دیکەی ئێڕان بکا.

جەوهەری کەلام:

پێش ئەوەی هەڵویستی خۆم لە بەرابەر قسە پووچەکانی فەرەح دیبا دەرببڕم،تکا لە خوێنەریی رێزداردەکەم خراپ لێم تێنەگا،چون هیچ مەبەستێکم لەو قسانەی خواروونییە،کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەزاران نەهامەتیی لە چەنگ بنەماڵەی پەهلەوی بینیوە.منیش وەک زۆرینەی کورد لەو نەهامەتیە بێ بەش نەبووم.بۆیە خوازیاریی دەسەڵاتداریەتی بنەماڵەی پەهلەوی نیم.هۆیەکەشی ئەوەیە:
تازە پێم هەڵگرتبوو،دەستم بەدیوارەکانی هۆدەی ناو ماڵ دەگرت تا بتوانم هەستمە سەرپێ.دەوروبەریی خۆم تارادەیەک دەناسی ودەمتوانی هەست بەرەفتاری دایکوباوک ومنداڵەکانی ناوماڵ بکەم.لە گووندێکی دەورووبەریی شاری بۆکان دەژیان،لەترسی ساواک وژاندرمە روومان لەو گووندە کردبوو.شيوانە دەمدیت باوکم تفەنگێکی دەخستە سەرڕانی خۆی وخاوێنی دەکردوە.کاطێک لە ناو ماڵ بەرەو حەوشەی ماڵ دەڕۆیی،لە گەڕانەوەدا بە ىێ تفەنگ دەهاتەوە ژوورێ.نەمدەزانی تفەنگەکە لە کوێ دەشارێتەوە.
رۆژێکیان نزیکی نیوەڕۆ لە پڕ باوکم هاتەوە ماڵێ وبە دایکمی گوت: ... ئەوە خەریکە ژاندرمە بێن تا ناوماڵەکەمان بگەڕێن.ئێوە دەنگ مەکەن.زۆریی نەخایاند چەند ژاندرمێکی تفەنگ بەدەست وەژوور کەوتن وماڵەکەمانیا پشکنی،بە خۆشیەوە هیچێان نەدۆزیەوە بەڵام لە بەرچاوی فرمێسک ئاوێ دایکمان باوکمیان دەگەڵ خۆیان برد.
ئیدی گریان وڕۆڕۆی جیرانەکان دەستی پێکرد.منیش نەمدەزانی وەک ئەوان بگریم.دوای ئەوەی کە باوکم برایە تاران وزیندانیی کرا،ئێمەش روومان لە شاری مهاباد کرد ولە پشتی چوارچرای مهاباد نزیکەی مزگەوتی قازی کەسێکی هاوبیریی باوکم خانوویەکی پێداین،بەڵام کرێ خانووی لێ وەرنەدەگرتین.
سەردەمی ئەوکاتی منداڵیم تاڵترین سەردەمی ژیان بوو.رۆژی وا هەبوو نانی وشکیش نەبوو بیخۆین.بۆ دیدارودیتنی باوکمان بۆ زیندان لە تاران لە بەر بێ پارەیی بۆمان نەدەگونجا.دوای چەندساڵیش کە باوکم ئازادکراتازە نەهامەتی دەستی پێكرد،گەڕان بۆ نان،بۆ ژیانی رۆژانە ،بۆ خوێندنی منداڵەکان ودەیان گرفتی نوێ دوای دیتنەوەی باوکمان بۆ ئامێزیی بنەماڵە.
خاتوو فەرح دیبا،ستاربگرە.لە جیاتی تەواوی خەڵكی ئێڕان وبەتایبەت گەلی کورد بڕیار مەدە.بە پێی کاک راپرسیی ودەنگدان دەڵێی،خەڵكی ئێڕان خوازیاری گەرانەوەی سیستمی پادشایین؟نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان سلێـمان موعینییەکانی لە بیر ناچی کە بەفیتی هاوسەرەکەت وبکوژێکی وەک مەلامستەفا رؤڵەکانی شەهید کراون.کارنامەی دەسەڵاتداریەتیی خۆت وهاوسەرەکەت وبنەماڵەکەت هەرنەبێ بۆ کورد لەو بەشە لە وڵات،کارنامەیەکی قرێژە ولە بیرناکرێ.لە کوردت پرسیوە دەنگ بە گەڕانەوەی تۆ وکوڕەکەت بدا؟

پەراوێزێکی پێویست:

ئەوسالەی کە باوکم گیرا ساڵی ١٣٣٧ تا ١٣٣٨ی هەتاوی بووکە نزیکەی ١٢٥ کەس لە ئەندامانی حیزبی (دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران) لە سەرراپۆڕتێکی سمایل قاسملوو، ئامۆزای رەحمان قاسملوو ئاشکرا کران وگیران. سمایل قاسملوو دەیگووت: رەحمانی ئامۆزام کڵاوی لەسەر من ناوە قەراربوومنیش دەگەڵ خۆی بەڕێتە هەندەران بەڵام بە جێی هێشتم بۆیە منیش کاتێک کە گیرام هاوکاریی ساواکم کرد و ئەو کەسانەم بە گرتن داوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە