ئەبوبەکر ئەلڕازى

Wednesday, 17/08/2022, 21:42

3782 بینراوە


ئولریش ڕودۆلف

کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

     ماوەیەکى کورت دواى مەرگى کندى دەرکەوت کە پێویستە لە کولتوورى ئیسلامیشدا فەلسەفە و تیۆلۆگیى لە یەکدى جیابکرێنەوە. با کندى ڕێزى لە کارى تیۆلۆگەکان گرتبێت؛ با تیۆلۆگەکانى سەردەمى کندى جەختیان لە ڕاسیۆنالێتیى خۆیان کردبێت، یان تەنانەت گرنگییان بە دیالێکتیکى ئەڕیستۆتێلیس (تۆپیک) و هەندێک کۆنسێپتى تایبەتى فەلسەفەى سروشتى ئەنتیکە دابێت، سەرەڕای ئەوە دوای چەند دە ساڵێکى کەم ڕوانگەى هەڵوێستنوێنەکان گۆڕرا: لەو میانە ڕیالیستییەوە کە لە نێوان هەردوو زانستەکەدا هەبوو، میانەگیرییەکى ئاگامەند هاتە گۆڕێ، ئەوجا هێندەى نەخایاند شێوەى بەرەگەرایى وەرگرت.
     هۆکانى ئەم گۆڕانە هەمەلایەنین و بە چەند دێڕێک پوخت ناکرێنەوە. وەلێ سەربارى ئەوە دەتوانین ببێژین، ئەم گرژبوونەوەیەى پەیوەندییەکان کە دەتوانین لە وەرچەرخانى سەدەى نۆیەم بۆ سەدەى دەیەمدا ڕەچاوی بکەین، لە لایەن نوێنەرانى هەردوو بەرەوە دەردەچوو. کاتێک تیۆلۆگەکان ماوەیەکى درێژخایەن ئامادە بوون بە جیاوازترین پاڵهێزە هۆشەکییەکان (بێگومان بە میراتەکەى ئەنتیکەشەوە) کار بکەن، ئەوا ئێستا بە پێچەوانەوە جەختیان لە پێوارەیى ترادیسیۆنى ئیسلامی دەکرد. لەم هەڵوێستەدا ئەلئەشئەرى (935 مردووە) و ئەلماتوریدى (944 مردووە) بەشدار بوون و بەشداریکردنەکەیان بوو بە پاڵهێزێکى ئاڕاستەدەر ڕووەو ئایندە. بێگومان ئەمان پشتیان نەکردە بەکارهێنانى بەڵگەهێنانەوەى ئاوەزمەندانە، وەلێ دەیان گۆت کە دەبێت هەموو دۆگمێگ لە قورئانەوە یان لە ترادیسیۆنى پەیامهێنەوە (واتا لە سوننەوە) بناغەی بڕێژرێت (ئەلئەشئەرى) یان مسۆگەر بکرێت (ئەلموتاریدى). بەمەش ئەوان ئەو چێوەیەى تێڕوانیان گۆڕى کە لە نێویدا مەزەنەگەراییە تیۆلۆگییەکان دەبزوان، هەروەها مشورى ئەوەیشیان خوارد کە تیۆلۆگییەکى "سوننی"ى پابەند بە ترادیسیۆنەوە پێشتری وەربگرێت. بە پێچەوانەشەوە فەیلەسوفەکان ئامانجى تەواو جیاوازیان هەبوو. لێرەدا ڕەوشێکی سوودمەند بۆ ئەوان لەوەدا بوو کە تەنانەت پاش مەرگى کندی هێشتا هەر بەردەوام تێکستى دیکە لە گریکى و سریانییەوە بۆ ئەرەبى وەردەگێڕران، ئەمەش بناغەى لێهزرینەکانى ئەوانى چاکتر کرد، وەلێ هەروەها بوو بەهۆیەک بۆ بەرزکردنەوەى ڕادەى داواکارییەکانیشیان کە لەم لێهزرینانەوە وەک دەرئەنجام دەردەکێشران. فەیلەسوفەکان چیدى بەند نەبوون بەو گریمانەیەوە کە گۆیا فەلسەفە گەرەکە (بەگوێرەی تێروانینەکەی کندی) ئەرگومێنت و مۆدێلەکانى ڕوونکردنەوە بخاتە خزمەتى دۆگمى ئیسلامییەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئێستا دەیان گۆت کە فەلسەفە دەبێت خۆى لە سەرجەم پێشمەرجە ئایینییەکان ئازاد بکات و شوێن بیردۆز و مێتۆدەکانى خۆى بکەوێت، هەر بەم شوێنکەوتنەش تەقەلا بۆ زانینى سەربەخۆى ڕاستى بدات.
داواکارییەکەى ئەبوبەکر ئەلڕازى (865-925 یان 932) بەم چەشنە بوو. ئێمە لەتەک ڕازیدا بە یەکەم هزرڤانى ناوچەى کولتوورى ئیسلامى دەگەین کە بەتەواوی داواى ئوتۆنۆمیى فەلسەفەى دەکرد. ڕازى لە بنەڕەتدا پزیشک بوو و لەم سیفەتەیشیدا پێزانینى گەورەى پێبڕا. بەدیهێنانە (نەجاحە) مەیدانییەکانى لە بوارى پزیشکیدا شتایش کران. نووسینەکانى سەبارەت بە بابەتە پزیشکییەکان پێوەرى نوێیان دانا. ئەم نووسینانەى ڕازى نەک تەنیا زانینى ترادیسیۆنیى گریکەکان (و هەروەها هیندیش)یان لە فۆرمێکى نموونەیدا پوخت کردەوە، بەڵکو هاوکات بە شارەزایى فرە پەرەیان پێدا و لەبەر ئەم هۆیەش بەدرێژایى چەند سەدەیەک وەک بناغەى پێگەیاندنى پزیشکان بەکاردەهێنران. وەلێ مەسەلەکە پەیوەست بە نووسینەکانى دیکەى ڕازییەوە لە بوارى پرسیارە فەلسەفەییەکاندا جیاواز بوو. ئەم نووسینە فەلسەفەییانە نە لە لایەن هاوچەرخانییەوە وەرگیران و نە لە سەردەمانى پاش ڕازى خۆیدا ناسێنران، بە پێچەوانەوە، لەبرى ئەوە لە گشت لایەکەوە ڕەتکرانەوە، بەڵێ تەنانەت پەرچەکردارى تووڕە ئاڕاستەیان کرا کە ئیدی لە سەرئەنجامدا ڕازى وەک زەندیقێک ناوبانگى پەیدا کرد.
سەرجەم بەرهەمەکەى رازى، بەهۆى ئەو جۆرە بڕیاردانەوە بەسەر نووسینە فەلسەفەییەکانیدا، بەناباشى گەیەنراوە. گەر شتێکى ئەم بەرهەمە مابێتەوە، ئەوا تەنیا تێکستى کورت و فراگمێنتن، کە ڕەسەنێتیان هەمیشە جەخت نییە. بۆیە ئێمە بەزۆری بەندین بە دەربڕینى نووسەرانى سەردەمانى درەنگترەوە. ئەمەش لە حاڵەتى ڕازیدا بەتایبەتى نالەبارە، چونکە سەرجەم نووسەرانى پاش خۆى دەیانویست دژبێژیى تێڕوانینەکانى بکەن و لێرەشەوە تێڕوانینەکانى ئەویان تیژتر پێشان دەدا لەوەى کە خۆیان لە ڕاستیدا چۆن بوون. سەرەڕاى ئەوە دەتوانین بنەڕەتەکانی هزرى ڕازى (بە ڕەچاوکردنى ئەو ئاگادارکردنەوە نابراوانەى سەرەوە) هەڵبەستینەوە. ئەمەش لایەنى کەم سێ کایەبابەت دەگرێتەوە، کە پێدەچێت ڕازى بەتایبەتى گرنگیى پێیان دابێت: مێتافیزیک (کە پرسیارەکانى ڕێبازی پرنسیپەکان و کۆسمۆلۆگى پێکەوە گرێدەدات)؛ تیۆریى مەئریفە (کە لەنێو کۆنتێکستەکەیدا هاوکات تێڕوانینەکانى ئەو لەبارەى پەیامهێنى لەگۆڕێن)؛ لە کۆتاییدا تێڕوانینەکانى ئەو سەبارەت بە ئێتیک کە لە لایەن خوێنەرانییەوە ئاسانتر وەرگیران و لەبەر ئەم هۆیەش لەنێو تێکستە ماوەکانى ئەودا بەباشترین شێوە دۆکومێنت کراون.
هزرینی نائاسایی ڕازى بەتایبەتى لە لێهزرینە مێتافیزیکییەکانیدا خویا دەبێت. ڕازى لەو باوەڕەدایە کە بتوانێت بوونى ئافرێنراو (خولقێنراو) نەک بۆ یەک تاکە پرنسیپ، بەڵکو بۆ پێنج پرنسیپ بگەڕێنێتەوە: لەپاڵ خودادا (کە بە زەینى / ئینتەلەکتی کامیلی دادەنێت)، کات و فەزا، دەروونى گەردوونى و ماتەرییەکى بێبونیادى لە ئەتۆم پێکهاتوو هیچ سەرەتایەکیان نییە (واتا نەئافرێنراون – و). ڕازى دەبێژێت، ئەم پێنج پرنسیپە لە سەرچاوەدا لە یەکدى جیا بوون و هیچ پەیوەندییەکیان بەیەکەوە نەبووە، وەلێ پاشان ڕووداوێک قەوما کە پرۆسەیەکى پڕئەنجام و تا ئەمڕۆ نەبڕاوەی لێکەوتەوە، ڕووداوەکەش ئەوە بوو کە دەروون هەوڵى دا فۆرم بە ماتەری بدات و لەتەکیدا یەک بگرێت. وەلێ ئەم هەوڵەى دەروون بەهۆى بەرهەڵستیى ماتەرییەوە شکستی هێنا، بۆیە خودا، دوای ئەوەی بەزەیی بەو هەوڵە شکستهێناوانەى دەرووندا هاتەوە، دەستى نایە نێو پرۆسەکەوە، ئەویش بەوە کە جیهانەکەمانى ئافراند و بەمەش دەرفەتى بۆ دەروون ڕەخساند بچێتە نێو ماتەرییە فۆرمپێدراوەکانەوە. پاشان گەردیلەکانى دەروون کە لەو کاتە بەدوواوە لەنێو جیهانى ماتەریدا بوون، خودا بەشداریکردنى لە زەینى خۆیدا پێبەخشین. ئێمە بە یاریدەى ئەم بەشداریکردنە لە زەینى خودادا دەتوانین ڕەچەڵەکى خۆمان و تایبەتمەندکراویمان بناسین، چونکە زەین پێشانمان دەدات کە دەروونەکانمان بە هیچ شێوەیەک بە لەشەکان ناگونجێن، بەڵکو دەبێت سەرلەنوێ بگەڕێنەوە بۆ سەرچاوەى خۆیان. ڕێگەى گەڕانەوە ڕووەو ئەو سەرچاوەیە بەسەر زانین و کردارى دروستدا تێدەپەڕێت. هەموو یەکێک لە ئێمە دەتوانێت ئەم ڕێگەیە بگرێتە بەر، چونکە سەرجەمی مرۆڤان هێندە زەینیان هەیە کە ئیدی بەڕێیەوە دەتوانن دەروونیان ڕزگار بکەن. هەر ئەوەندەى ئەم ئەرکە بەدیهێنرا، ئیدی جیهانى ئافرێنراو لەناودەچێت و دۆخى سەرەتایى سەرلەنوێ دادەمەزرێنرێتەوە. بەدووى ئەوەشدا ئیدی دەروونى گەردوونى چاک کراوەتەوە: وەک دۆخە سەرچاوەییەکەى خۆى لێهاتۆتەوە، بێگومان ئێستا هێندە نەبێت کە دەروون بە بڕى ئەو مەئریفەیە دەوڵەمەندتر بووە کە ئەو تایبەت نییە بە یەکگرتن لەتەک ماتەریدا.
ئەم ئەفسانەیە کە ڕازى لێى دەدوێت، زۆر جار ڕاڤە کراوە، لێرەشدا مرۆڤ دروست ئاماژەى بۆ پەیوەندیى ڕازی بە فەلسەفە دێرینەکانەوە داوە: بە پلاتۆنیزمەوە، ئەمەش لە کۆنسێپتى دەمیورگ (وەستا = خودا / و) و دەربڕینەکانى ڕازیدا سەبارەت بە ڕێگەکەى دەروون ڕوون دەبێتەوە؛ ئەوجا ئەنتى ئەڕیستۆتێلیزم کە دیاریکەرى دەربڕینەکانى ڕازییە لەبارەى فیزیک (واتا لەبارەى کاتى ڕەها، فەزاى ڕەها پێکەوە لەتەک بۆشاییدا، ئەتۆمیزم)؛ ئەوجا لە کۆتاییدا نزیکیى ڕازى لە مەزەنە کۆسمۆلۆگییەکان کە مرۆڤ لە ئایینە جیاوازەکانى ئەنتیکەى دەمەو کۆتاییەوە، پێش هەمووشیان مانیشێئیزم، دەیان ناسێت. سەرەڕای ئەوە ئەفسانەکەی ڕازی، جا گەرچی نزیکە لە ترادیسیۆنە هزرییە دێرینەکان، هێشتا هەر لە خزمەتى فەلسەفەیەکى نوێدایە. بێگومان ڕازى ئەو کۆنسێپتە ناوبراوانە دەپەرچێنێت، وەلێ ئەو بەتایبەتی بەکاریان دەهێنێت تاکو لە خەریکبوونییەوە لەتەکیاندا گۆڕان بە تێڕوانینەکانى خۆى بدات، ئەم تێڕوانینانەشى لە ڕەوتى داڕشتنەکانیدا دەردەکەون. ڕازى لەم تێڕوانینانەیدا گریمانەى سێ تەوەرە بۆ ڕوودانى جیهان دەکات: خودایەک، کە لە زانینى سەروەر و میهرەبانییەوە کردار دەنوێنێت؛ یەکگرتنەوەى مەرجە فیزیکییە پێشتر هەبوو و لە خودا سەربەخۆکان (ئەزەلییەتى کات و فەزا و ماتەری)؛ ئەوجا لە کۆتاییدا دەروونى چوست کە تەقەلا بۆ کامیلێتى دەدات و مێژووە بگۆڕەکەى هاوکات مێژووى جیهان و مرۆڤ پێکدەهێنێت.
ئێمە گەرەکە لێرەدا ڕەچاوى ئەوە بکەین کە پرۆسەى کامیلبوونى دەروون لە لایەن زەینەوە ڕابەرایەتى دەکرێت. ئەمە دەمان بات بۆ تێماکەی دیکە: واتا بۆ تیۆریى مەئریفە، کە ئەمیش لەنێو لێهزرینەکانى ڕازیدا پێگەیەکى گرنگ وەردەگرێت. ڕازى لێرەش وەک هزرڤانێکى ناترادیسیۆنى دەردەکەوێت، چونکە ئەو جیاواز لە فەیلەسوفەکانى پێش خۆى (کندى) و پاش خۆى (فارابى، ئیبن سینا، ئیبن روشد) لە خەریکبوونیدا بەم کێشەیەوە دەربڕینەکانى ئەڕیستۆتێلیس لەبارەى زەینى چالاک و زەینى ناچالاک ناکات بە دەرچە، بە پێچەوانەوە، ڕازى دەیەوێت بەتایبەتى پنتێکى دیکە دیارى بکات. ئەم پنتە خۆى لەو بڕوا پێشاندراوەدا دەبینێتەوە کە هەموو مرۆڤێک تەنیا بە یاریدەى زەین، کە خودا پێى بەخشیوە، دەتوانێت بە زانین بگات و خۆى فرمانەکانى بەگونجاوى لە جیهاندا ئەنجام بدات. ئەم بنەمایە لە یەکەم لێوردبوونەوەدا وەک گەشبین دەردەکەوێت، لێ لە بنەڕەتدا ئەوها نییە، چونکە ڕازى زۆر چاک ڕەچاوى شیمانەى شکستهێنان دەکات، بەڵێ ئەو تەنانەت بۆ ئەو شکستە پێشبینیى سزایەکیش دەکات، چونکە، بە دیدی ئەو، کێ ژیانى خۆى بۆ زانین و ئەو کردارە دروستە کە لەو زانینەوە وەک سەرئەنجام دەکەوێتەوە، بەگەڕ نەخات، دەبێت حساب بۆ ئەوە بکات کە جارێکى دى وەک زیندەوەرێکى پلە نزمتر لەدایکبێتەوە. سەرەڕای ئەوە لەم ڕەوشەشدا هێشتا هەر تەنیا هیوایەک بۆ کۆتاییەکى باش دەمێنێتەوە، چونکە ئەو کەسە لەم دۆخە نوێیەشدا تەنیا هەلێکى بۆ هەڵدەکەوێت تاکو هەڵەکانى ڕاست بکاتەوە و لە پرۆسەى هەڵچوونى دەرووندا بەشدارى بکات. ئێستا بەمە ساغ دەبێتەوە کە سەرجەم مرۆڤان، لە هەر کاتێکدا بێت، هێزە زەینییەکەیان بەگەڕ دەخەن و دەروونیان ئازاد دەکەن.
بێگومان دەشێت ئەم بڕوایەش بگەڕێنرێتەوە بۆ هەندێک پێشبینیی ئەنتیکە. ئەم بڕوایەى رازى، بەهێزتر لە لێهزرینە کۆسمۆلۆگییەکانى پێشین، دەمان بات بۆ پلاتۆنیزم، ئەمەش جێى سووڕمان نییە. ئاخر ڕازى پزیشک بوو، ئەو بەچوستى نووسینە دوور پەلهاویشتووەکانى گالنى دیراسە کرد (لەم نووسینانە تا کۆتایى سەدەى نۆیەم پتر لە سەد دانە بۆ ئەرەبى وەرگێڕرابوون). بێگومان گالن تەنیا بەوە نەناسرا بوو کە ئەو دەروازەیەکى فراوانى فەلسەفەیى هێنایە نێو پەروەردەى پزیشکییەوە، بەڵکو ئەو هاوکات لایەنگرێکى پلاتۆنیزم بوو و تەنانەت توێژینەوەیەکی (لەپاڵ هەندێکى دیکەدا) نووسى کە تێیدا بە وەستایەتییەکى فێرکارییانە پێوەرى خوێندنەوە پلاتۆنییەکانى پوخت کردەوە.
وەلێ ڕازى لێرەشدا هەمان هەڵوێستە بنەماییەکەى خۆى وەردەگرێتەوە: ئەو نەک تەنیا ئەو موڵکە فێرکارییەى بەبێ دەستکارى وەرنەگرت، بەڵکو هەروەها خستییە نێو کۆنتێکستێکى نوێوە. مۆرکى ئەم پەیوەندییە نوێیەى کێشەکە لەوەدا بوو، کە ئێستا زانینى ئاوەزمەندانە زانینێکى هاڤرکێکەرى بۆ پەیدا بوو، ئەمەش ئەو زانینە بوو کە ڕووى دەکردە سروشى (وەحی) خودایەتى. ڕازى، پابەند بە تیۆریی مەئریفەکەیەوە، بەتوندى داواکارییەکانى ئەو زانینە ڕەتدەکاتەوە، چونکە ئەو لەو بڕوایەدایە، کە خوداى میهرەبان و بەداد توانستى زانینى بە سەرجەم مرۆڤان بەخشیوە، لەبەر ئەم هۆیە، بە دیدی ڕازى، نەشیاوە کەسانى تاک زانینێکى دیکەى تایبەتى سروشییان (وەحیان) لە لایەن خوداوە بۆ بێت. دەرئەنجامێکى ئەم بڕوایە ئەوەیە کە پەیامهێن وجودی نییە. بەڵێ، زۆرتر لەوەش: کێ ببێژێت کە گۆیا خاوەنى کاریزماى (واتا بەخشراوى) پەیامهێنییە (موسا، ئیسا، محەمەد)، دەبێت ئەو کەسە هیچی دیکە نەبێت جگە لە فریودەرێک. ئەو مرۆڤە وەک فریودەر پەیڕەوى سروشێک دەکات کە ئەو لە بنەڕەتدا بە هیچ شێوەیەک وەک سروش بۆى نەهاتووە، ئەوجا ئەو کەسە لە پشتى خۆیەوە کۆمەڵێک کەسى گۆیا ئیمتیاز پێدراو کۆ دەکاتەوە، ئەم کۆمەڵەش هیچ کارێکى باشترى لێناوەشێتەوە جگە لەوەى لەدژى کومەڵەکانى دی، کە ئەوانیش بە هەمان شێوە واى دادەنێن خاوەنى ڕاستیى سروشییانە بن، جەنگ بگێڕێت.
ئەم جۆرە دەربڕینانەى ڕازى وایان کرد کە زۆر هاوچەرخی ئەو بە زەندیقێکى خودانەناسی دابنێن. ئەمەش بێگومان ڕوونە لەنێو کۆمەڵگەیەکدا کە تەنیا لە یەک پەیامهێنەوە ئاڕاستە وەردەگرێت. سەرباری ئەوە تۆمەتەکان بە هیچ شێوەیەک مەبەستی خۆیان نەدەپێکا. ئاخر مەبەستى ڕازى ئەوە نەبوو کە هەبوونی یان واتاى خودا بخاتە ژێر پرسیارەوە. بەگوێرەى ئەوە کە ئێمە تا ئێستا بینیمان، ڕازى دەیویست خودا وەک گەرەنتییەکى تاک و ڕاستەوخۆ بۆ خەڵاسی (ڕزگاریى) سەرجەم مرۆڤان دیارى بکات. ئەم ڕەهەندە چە مێتافیزیک و چە تیۆریى مەئریفەکەی ئەوى تەنی بوو، ئەمەشمان جارێکى دى بۆ دەردەکەویتەوە، گەر ڕوو بکەینە تێڕوانینە ئێتیکییەکانى ئەو.
ڕوانگەکانى ڕازى لە کایەى ئێتیکدا کەمتر هەژێنەر و شێوێنەر بوون. ڕەنگە لەمەدا بێت هۆى مانەوەى ئەو دوو توێژینەوەیە کە ڕازى لەسەر ئەم تێمایە نووسینى ("پزیشکیى هۆشەکى" و "شێوە ژیانى (سیرەى) فەلسەفەیى"). ڕازى لە یەکەم توێژینەوەیاندا ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن دەشێت دەروون بە پەروەردە ڕەوشتمەند بکرێت. لەم پەروەردەیەدا دوو لایەن رۆڵ دەگێڕن: بەرهەڵستیکردنى سۆزەکان و هەروەها متمانەکردن بەوە، کە ئەوە زەینى مرۆڤە پێوەرى ڕاست بۆ سەرجەم کردار و چێژەکان دادەنێت. توێژینەوەی دووەم، کە پێدەچێت ڕازى ماوەیەکى کورت پێش مەرگى خۆى نووسیبێتى، زۆر مۆرکى کەسیی لە خۆ دەگرێت. ڕازى لەم نووسینەیدا لەدژى ڕەخنەگران بەرگرى لە خۆى دەکات. پێدەچێت ئەو ڕەخنەگرانە لۆمەى رازییان کردبێت کە گۆیا ئەو ژیانى بەڕەوشتى (بەتایبەتى ژیانی ئاسکێزیى (زاهیدی)) بۆ مرۆڤانى دیکە ڕاگەیاندووە، وەلێ ئەو خۆى لە ژیانیدا بەگەڕى نەخستووە.
وەڵامى رازى بۆ ئەم لۆمانە (ئەمەش بە ناونیشانى توێژینەوەکەدا دەردەکەوێت) بریتییە لە "شێوە ژیانى فەلسەفەیى". ڕازى لێرەدا بەدەورى فیگورى سۆکراتێسدا دەسووڕێتەوە، کە وەک نموونەى مرۆڤى زانەر و بەڕەوشت پێشبینیى دەکات. بە دیدی رازى هەروەها سۆکراتێس ناچار بوو سەرەتا خۆى بۆ ئەم چۆنێتییانەى زانین و ڕەوشت پێبگەیەنێت. ئاخر سۆکراتێس لە گەنجێتیدا زۆر یەکلایەنی بیرى لە ژیانێکى ئاسکێزى (زاهید) و دوورەپەرێز کردبۆوە (ئەمە بە ڕاڤە کینییەکەى فیگورى سۆکراتێس دەگونجێت)، لێ سۆکراتێش درەنگتر ئەم هەڵوێستەى خۆى گۆڕى، چونکە ئێستا وەک پیاوێکى کامڵ فێر بوو بوو خۆى بەو داواکارییانە بگونجێنێت کە پێویستە مرۆڤێک بۆ خۆى بەرزیان بکاتەوە (ئەمیان بە ڕاڤەى پلاتۆنییانەى سۆکراتێس و پرۆگرامە فەلسەفەییەکەى ڕازى خۆی دەگونجێت). داواکارییەکان بریتین لەمانە: گەڕان بەدووى زانیندا؛ کردارى بەداد؛ هەبوونى بەزەیى بۆ کەسانى دی؛ سەنگاندنى پڕمەغزاى (ئەمدنیایى و ئەودنیایى) چێژەکان؛ متمانەکردن بە خودایەکى میهرەبان؛ هەروەها ئەو بڕوایە کە ئێمە دەروونمان بە یاریدەی زانین و ڕەوشت ئازاد دەکەین و دواى مەرگمان بەرەو ڕووى ژیانێکى بەختیار دەڕۆین.
Ulrich Rudolph، Islamische Philosophie، München 2004

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە