ڕونکردنەوەیەک لە (ملازم عومەر)ەوە لەبارەی پەیوەندیەکانی (دکتۆر قاسملو) و (مام جەلال و کاک نەوشیروان)

Tuesday, 19/07/2022, 1:38

2943 بینراوە


له سایتی ئاوێنه بابەتێکم خوێندەوە لەسەر خوالێخۆشبوان (مام جەلال و کاک نەوشیروان) کە گوایە دەستیان هەبووە لە تیرۆر کردنی (شەهید قاسملو) و هاوڕێکانی دا.
بەر لە هەموو شت، پێم ناخۆشبوو لە سایتی ئاوێنە کە خاوەنی ڕێزو جێگەی متمانەی خەلکە، ئەو هەواڵە چەواشەکەرە بڵاوبێتەوە. بابەتەکە سەرلەبەری ناڕاستە و بەندە وەک شایەتحاڵێکی ئەو مێژووە بە ئەرکی خۆمی ئەزانم ڕونکردنەوەی لەسەر بدەم.
لە دڵمەوە خەفەتبارم کە (مام جەلال و کاک نەوشیروان) لە ژیاندا نەماون، هەتا بەرگری لە خۆیان بکەن و بە بەڵگەی زیندوو وەڵامی ئەو تۆمەتە ناڕەوایانە بدەنەوە. من بە ئەرکی ئەخلاقی و ویژدانی خۆمی دەزانم کە وەک شایەتحالێک و وەک ئەوەی ئاگاداری ڕوداوەکەم، لەڕێی ئەم ڕونکردنەوەیەوە وەڵامی ئەو هەواڵە ناڕاست و هەڵبەستراوە بدەمەوە بۆ مێژوو.
مام جەلال و کاک نەوشیروان و بەندە هاوڕێی زۆر نزیکی شەهید دکتۆر قاسملو بووین. بەندە زۆر سەرسام بووم بە توانا و زیرەکی و لێهاتوویی دکتۆر قاسملو کە دکتۆرای لە زانستی ئابوریدا هەبوو، بەڵام شارەزایی لە زۆربەی بوارەکاندا هەبوو، بەتایبەتی ئەدەب و هونەری کوردی. پەیوەندیمان بە جۆرێک بوو، کە ساڵی ١٩٨٥ لەسەر ناکۆکی و کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی، بەندە دەستملەکارکێشایەوە، بەڕێز مام جەلال دکتۆر قاسملوی ڕاسپاردبوو کە قسەم لەگەڵدا بکات بۆ کارکردنەوە لەگەڵ یەکێتی.
لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٢ دا، کە هێرشی گەورە کرایە سەر حزبی دیموکرات و کۆمەڵەی ئێران، لە حزبی دیموکرات، مامۆستا عەبدوڵای حەسەن زادە، کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی دیموکراتی ئێران بوو هات بۆ لامان بۆ ناوزەنگ، داوای یارمەتی و هێزی لێکردین، خوالێخۆشبوان مام جەلال و کاک نەوشیروان و بەندە وەکو بەرپرسی مەکتەبی عەسکەری لەگەڵیدا کۆبوینەوە. 
ڕاستەوخۆ مام جەلال فەرمانیدا کە هێز کۆبکەینەوە و بەندە وەکو بەرپرسی هێزەکانی یەکێتی چووم بۆ هاوکاری حزبی دیموکراتی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران. بە هێزێکی ٢ هەزار کەسی بەشداری شەڕەکانمان کرد. ئەو بەڕێزانەی کە لە ناو حزبی دیموکراتی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کە لە ژیاندا ماون، شایەتحاڵی ئەو ڕوداوەن. تەنانەت کە شەڕەکان توند بوون، مام جەلال هاتە دیوی کوردستانی ئێران لەگەڵ شەهید دکتۆر قاسملۆ پێکەوە سەرپەرشتی شەڕەکانیان دەکرد.
سەبارەت بەشەهیدکردنی (دکتۆر قاسملۆ) لە ساڵی ١٩٨٩ دوای ئەنفالەکان، ئەو زەمەنە (کاک نەوشیروان) لە دەرەوەی وڵات بوو؛ هیچ ئاگای لە گفتوگۆی حزبی دیموکراتی ئێران نەبوو. (کاک نەوشیروان) ئەو کات لە فەرەنسا بوو. (شەهید قاسملۆ) لە پاریس کاک نەوشیروانی دیبو و پێی وتبوو ماوەیەک لە پاریس بمێنەرەوە لە ڕێگەی (دکتۆر کەنداڵ)ەوە ئیقامەی فەرەنسات بۆ وەردەگرم. واتە کاک نەوشیروان دوربوو لە گفتوگۆکانی نێوان دەوڵەتی ئێران و دیموکرات.
 (بەرێز مام جەلال) لەسەر داوای دەوڵەتی ئێران کەوتە نێوان دەوڵەت و حیزبی دیموکراتی ئێرانەوە. جەولەی یەکەمی گفتوگۆکەیان لە ڤێنای پایتەختی نەمسا لە ماڵی (کاک خەبات کەریم مەعروف) دەستی پێکرد؛ مام جالال، کاک خەبات و چەند کادرێکی ئەو زەمانەی (ی.ن.ک) ڕاسپارد لە چەند ژوورێک دانیشن بە دەمانچەوە بۆ پاراستنی (دکتۆر قاسملو). 
کاتێک (مام جالال) گەڕایەوە بۆ کوردستان، ئەو زەمانە لە قاسمە ڕەش بووین لەسەر سنوری عێراق و ئێران، باسی گفتوگۆکانی بۆ مەکتەبی سیاسی گێرایەوە؛ مام جەلال وتی وەفدی ئێرانی گەڕاونەتەوە بۆ ئێران بۆ ئەوەی ئەنجامی گفتوگۆکانیان بە بەرپرسانی سەروو خۆیان بڵێن. 
دوای ئەوە، (مام جالال) لە رێگەی ئێرانەوە بە نیازی سەفەربوو بۆ دەرەوەی وڵات. (مام جەلال) پێش ڕۆشتنی بۆ ئێران، نامەی بۆ (د.قاسملو) نوسی کە ئەو زەمەنە بارەگاکانیان لە بناری قەندیل بوو، بۆی نوسیبوو لە تاران بەرپرسانی ئێرانی دەبینم و قسەیان لەگەڵ دەکەم لەسەر دانیشتنی دووهەمی گفتوگۆکانی نێوان ئێوە و نوێنەرانی دەوڵەتی ئێران کەی و لەکوێ دەست پێبکاتەوە. بۆ (دکتۆر قاسملۆ)ی نوسیبو، کات و شوێنی کۆبونەوەکە بە بروسکە بۆ (ملازم عومەر) دەنێرم و ئەویش بە نامە جەنابتی لێئاگاداردەکاتەوە.
نوسینگەی تارانی (ی.ن.ک) جیهازی ڕاکاڵی لێبو. دوای ماوەیەک لە سەفەرەکەی، (مام جەلال) بروسکەی بۆ کردم، نوسیبووی کەوا ئێرانیەکان (بە تایبەت سوپای پاسداران کە سەرقاڵی گفتوگۆکان بوون) وتویانە هەرکات بە تەواوی گەیشتینە ڕێکەوتن، ئەوکات دەیخەینە بەردەست (ئیمام خومەینی)؛ کە ئەو فتوای لەسەردا ئیتر اطلاعات و هیچ لایەنێک ناتوانن لە د‌ژی بوەستنەوە.
پاش ماوەیەک، سوپای پاسداران بە مام جەلالیان وتبوو کە هەندێک کادری یەکێتی لە شاری سەردەشت بڵاویان کردۆتەوە کە وا حیزبی دیموکراتی ئێران بە نێوەند گیری (ی.ن.ک) خەریکن لەگەڵ دەوڵەتی ئێران ڕێک دەکەون؛ اطلاعات پێیان زانیوە و کارەکەیان لێتێکداوین، ئێستا هیچ ئامادەییەکمان نییە بۆ دانیشتنی گەڕی دوهەم. مام جەلال بە بروسکە ئەمانەی بە من گەیاند، تەنانەت وتی ئەمەش بۆ د.قاسملو بنوسە کە ئێرانیەکان بە ڕاستیانە، یان دەیانەوێ ئێمە (واتە مام جەلال و ی.ن.ک) لە دانوستانەکان دوورخەنەوە. من هەموو پەیامەکەی (مام جەلال)م بە نامە وەک خۆی بۆ (د.قاسملو) نارد.
دوایی دەرکەوت ئێرانیەکان بە (د.قاسملو)یان ڕاگەیاندبوو کە ئێمە سوپاسی (ی.ن.ک) و مام جەلال دەکەین کە ئێمەیان بە یەک گەیاند؛ بەڵام ئێمە هەردوولامان ئێرانین و پێویستمان بە نێوەندگیری نەماوە. پێشبینیەکەی مام جەلال ڕاست دەرچوو کە وا ئێرانیەکان ویستویانە مام جەلال و (ی.ن.ک) لە نێوەندگیری دوورخەنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسانی پیلانی تیرۆرکردنی (د.قاسملو) جێبەجێبکەن.
دەرکەوت جەولەی دووهەمی دانیشتنەکەیان بەبێ ئاگاداری مام جەلال و یەکێتی، لە ماڵی (شەهید فازیلی مەلا مەحمود) بوو، جگە لە (د.قاسملو، و د.فازیل)، ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتیشیان شەهید کردو و چونە ڕیزی شەهیدانی کورد و کوردستانەوە. بەداخەوە شەهیدبونی دکتۆر قاسملو گورزێکی کوشندەی لە خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد لە ناوچەکە و بەتایبەتی یەکێتی دا لەو سەردەمەدا.
پاش شەهیدکردنی دکتۆر قاسملۆ، خێزانەکەی کە خەڵکی چیک بوو، دوو کچیشی لێی هەبوو، لە دادگا شایەتیدا و وتی کە وەسیەتی بۆ ئێمە کردوە کە ئەو پارانەی لە بانک هەیەتی، هی خۆی نیە، هی حزبی دیموکراتە و دەبێت تەسلیمی حزب بکرێتەوە. تەنانەت کتێبخانەکەی خۆیشی لە وەسێتنامەکەیدا پێشکەشی حزی دیموکرات کردبوو.
درود بۆ گیانی پاکی شەهید قاسملو و شەرەفکەندی و سەرجەم شەهیدانی کوردستان

عومەر عەبدوڵا محەمەد (ناسراو بە ملازم عومەر)


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە