جاش حیزب و جاش پێشمه‌رگه‌ و جاشێتی

Friday, 08.19.2022, 20:17

1954 بینراوە


بۆ ئه‌وه‌ی بزانم پێشتر چی له‌ باره‌ی جاشه‌وه‌ نووسراوه‌ ، خه‌ریكی سۆراغ و گه‌ڕان بووم ، نامیلكه‌یه‌كی بچوكی قادری عه‌بدوڵا به‌ ناوی كورده‌كان كه‌ لام وایه‌ سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی وه‌ریگێڕاوه‌ ، ده‌هاته‌ خه‌یاڵم قسه‌و باسێكی له‌و باره‌یه‌وه‌ تیا بێت ، من پێشتر ئه‌و نامیلكه‌یه‌م ناردبوو بۆ دۆستێك ، ده‌مویست نامیلكه‌كه‌م ده‌ستبكه‌وێته‌وه‌ ، ئه‌و ئه‌گه‌ر چی نامیلكه‌كه‌ی چنگ نه‌كه‌وتبوو ، به‌ڵام وتی كه‌  نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌میشه‌ به‌وانه‌ی ده‌گوت جاش پێشمه‌رگه‌ كه‌ پیاوی به‌عس بوون و هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیشیان به‌ حزبی كوردیه‌وه‌ هه‌بوو ، نه‌یارانی حزبه‌كه‌یان كوشت و بڕده‌كرد ، ئه‌و جۆره‌ جاشه‌ موچه‌ی لای حكومه‌ت و فه‌رمانی له‌ شاخ و قوربانیه‌كه‌شی ئه‌وانه‌ بوونه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ی حزبه‌ نه‌یاره‌كه‌ی حزبه‌كه‌ی بوونه‌ ، ئه‌مه‌ مه‌ته‌ڵ نیه‌ ئه‌مه‌ هه‌قیقه‌ته‌ ، مێژوی ئێمه‌ ده‌یان قوربانی ده‌ستی ئه‌م جاشپێشمه‌رگانه‌ی تیایه‌ .
له‌ كه‌ركوك هاوژینه‌كه‌م له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئازادی لای نه‌خۆشێك ده‌بێت كیژۆڵه‌یه‌كی ئه‌و ده‌م فێرخوازی زانكۆ كه‌ ده‌زانێ‌ هاوسه‌ری منه‌ پێی ده‌ڵێت ئه‌رێ‌ ئه‌وه‌ بۆ به‌ كاك له‌تیف ناڵێی با واز له‌ باپیرم بێنێت ، باپیری موسته‌شار بوو، ئێستاش پله‌ داره‌ ، یان ده‌شێت پله‌داری خانه‌نشین بێت ، كچه‌كه‌ باس و خواسی باپیری له‌ نامیلكه‌ی جاش و ئه‌نفالدا بینیبوو ، كه‌من وه‌ك نامیلكه‌یه‌كی به‌ڵگه‌نامه‌یی دوو جار چاپمكردوه‌ته‌وه‌.
ئێ‌ جاش كه‌ به‌ شانازیه‌وه‌ بروسكه‌ی پیرۆزبای سه‌ركه‌وتن بۆ سه‌دام حوسێن بنێرێت بۆ ده‌بێت شه‌رم له‌ جاشێتی بكات ، كه‌م موسته‌شارو ئامر مه‌فره‌زه‌ هه‌یه‌ جارێك و هه‌ندێكیان له‌ جارێك زیاتر بروسكه‌ی ته‌مه‌ندرێژی و له‌شساغی و جه‌ژن و بۆنه‌ی جیایان بۆ سه‌دام نه‌ناردبێت ، هه‌موو ئه‌و بروسكه‌و نامانه‌ش له‌ رۆژنامه‌كانی به‌عسدا بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ ، به‌شێك له‌وان دواتر بوونه‌ پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان ، هه‌رگیز هیچ پێشمه‌رگه‌یه‌كی  رابردوو پاكی نێو ئه‌و حزبانه‌ ناڕه‌زای نامه‌یه‌كی ده‌رنه‌بڕی له‌وه‌ی بۆ ده‌بێت ئه‌وان له‌ پێشه‌وه‌ بن و پاكه‌كه‌ له‌ دوای دواوه‌ ، مه‌سعود بارزانی له‌ به‌رگی پێنجه‌می بیره‌وه‌ریه‌كانیدا ده‌ڵێت زۆربه‌ی موسته‌شاره‌كانم كۆكرده‌وه‌و داوای به‌شداریم لێكردن له‌ رزگاركردنی كه‌ركوكا ، گوایه‌ به‌رپرسێكی باڵای به‌ره‌ی كوردستانی ئه‌و ده‌م وتویه‌تی با هه‌ر لێره‌و پاش رۆیشتنی تۆ كۆتاییان پێبێنم ، به‌ڵام ئه‌و رێی نه‌داوه‌ ، سه‌یره‌ له‌ شه‌ڕو شۆڵی ناوخۆو ململانێی حزبیدا دیلی یه‌كتر بكوژن و یه‌كتر له‌ ناو بده‌ن، به‌ڵام بۆ موسته‌شاره‌كان  رێگه‌ نه‌ده‌یت ، به‌شێك له‌و موسته‌شارو جاشانه‌ پاش راپه‌ڕین په‌یوه‌ندی ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ به‌عسه‌وه‌ ، لیستی ناوه‌كان و تێبینی به‌عس له‌ سه‌ریان لای من و خه‌ڵكی دیكه‌ش هه‌یه‌ ، ئه‌وه‌ش وه‌ڵامی لێبوردنه‌كه‌ی بارزانی و به‌ره‌ی كوردستانی .
چ له‌ ململانێكانی شاخ و چ له‌ گه‌رمه‌ی شه‌ڕی ناوخۆی پاش راپه‌ڕین حزبه‌كانی باشوری كوردستان هیچ نه‌ماوه‌ به‌ یه‌كتری نه‌ڵێن ، سه‌ركرده‌كانی ئه‌و حزبانه‌ به‌ تایبه‌ت پارتی و یه‌كێتی و به‌ دوایدا ئه‌وانی تریش هه‌رچی جنێوی ساردو سوك هه‌یه‌ به‌ یه‌كتریان داوه‌ ، جارێكیان یه‌كێك له‌و سه‌ركردانه‌ شانازی به‌وه‌وه‌ كردبوو كه‌ كه‌س له‌ جنێو دانا به‌ تۆزی پێی ئه‌و ناگا ، ئه‌مه‌ی وه‌ك نامه‌یه‌ك بۆ سه‌رۆكی حزبه‌ نه‌یاره‌كه‌ی ناردبوو كه‌ ئیتر واز بێنێت، له‌ ئه‌ده‌بیاتی خۆیاندا ئه‌و حزبانه‌ یه‌كتر به‌ جاش و نۆكه‌ری ئه‌م وڵات و ئه‌و وڵات ناوده‌به‌ن ، بۆیه‌ بۆ ئه‌مه‌ش ده‌كرێت ناوی جاش حزب دابنه‌ین ، هه‌ڵبه‌ت له‌ سه‌ر قه‌ول و قه‌راری خۆیان ، سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ هه‌ر كه‌ ئاشتیشده‌بوونه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌بایان دیبێت و نه‌باران ، یه‌كتریان به‌ براگه‌وره‌و هه‌ڤاڵی خۆشه‌ویست ناوده‌برد ، شه‌هیده‌كانیش بۆ په‌لكێشكردنی كه‌س و كاریان بۆ حزب .
ده‌ی كه‌ له‌ كاتی مه‌لیك ، یان دواتر له‌ سه‌رده‌می خوله‌ پیزه‌ جاشپۆلیسمان هه‌بووبێت ، ئیدی جاشحیزب و جاشپێشمه‌رگه‌ش ده‌بێت ، كێشه‌ی گه‌وره‌ ئه‌وه‌ نیه‌ ئێمه‌ له‌ جاشان خۆش ده‌بین و باشان سه‌نگه‌ سار ده‌كه‌ین، كێشه‌ی گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌  جاشه‌كان وه‌ك چۆن به‌رێ‌ ده‌یانگوت جاشایه‌تی و پاشایه‌تی ، مرۆڤ ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ئه‌وان رۆژێ‌ ده‌ستیان به‌ جۆرێك بڕوات سزای ناجاشان بده‌ن ،ئێ‌ هه‌ر ئه‌وه‌ی به‌ ناوی كوردایه‌تی و شۆڕشه‌وه‌ كه‌ پێموایه‌ هه‌ردوو وشه‌كه‌ پێویستیان به‌ پێدا چونه‌وه‌یه‌ حزب بتوانێت سزای خه‌ڵك بدات و تۆمه‌تی بۆ دروستبكات و ئازاری بدات ،زۆر ئاسانه‌ له‌ سه‌ر پاكی و دڵسۆزی و نیشتمانی بوون سزات بده‌ن .
 هه‌ڵبه‌ت وێڕای ئه‌وه‌ی من له‌ سه‌ر جاش و جاشێتی ده‌نوسم ، به‌ڵام یه‌ك دوو جاریش جاش به‌ كه‌ڵكم هاتون، جارێكیان یه‌ك دوو پۆلیسی عه‌ره‌ب له‌ فاخیری جوانه‌مه‌رگیان دا ، خراپیان لێدا منیش ده‌مبرد بۆ نه‌خۆشخانه‌ سه‌رو چاوی هه‌موو خوێن بوو ، هه‌رچه‌ند پێشتر ئه‌و سه‌ری یه‌كێ‌ له‌ پۆلیسه‌كانی باش شكاندبوو ، هه‌ندێك جاش خوێنه‌كه‌یان بینی سه‌یاره‌كه‌یان راگرت و وتیان ئه‌وه‌ خێره‌ منیش وتم پۆلیسی فڵان شوێن لێیان داوه‌ ، زۆر توڕه‌ بوون وتیان چۆن ده‌كرێ‌ ئێمه‌ چه‌كدار بین و پۆلیسی عه‌ره‌ب له‌ مناڵی كورد بدات ، بیستمه‌وه‌ چاكیان كوتابوون ، شه‌وێكیش له‌ گه‌رمه‌ی بڵاوكراوه‌ هه‌ڵواسینا دوو جاش له‌ داویان نام ، هه‌رچۆنێكه‌ یه‌كێكیان جوامێرانه‌ ده‌ربازی كردم ، ئێستاش پێم ده‌ڵێت هیچت بۆ نه‌كردم ، من بۆ هه‌ندێك بارو دۆخ و بۆ هه‌ندێك كه‌س ناوی ئه‌وانه‌م نابوو جاشی ناچاری ، گه‌رچی نابوو ئه‌وه‌ش هه‌بێت ، یانی نابوو جاشێتی به‌ هیچ بیانویه‌ك هه‌بێت ، كه‌چی مێژومان لیپاو لیپه‌ له‌ جاشێتی و جاشبوون .