پۆلین کردنێک لە نێوان، پێشمەرگەکانی شاخ

Friday, 19/08/2022, 20:25

3956 بینراوە


پێم خۆش بوو هەندێ زانیاری لەسەر ئەو هاوڕێیانەم بنووسم کە سەردەمانیک پێشمەرگەی یەکێتی بوون لە شاخ، یا کادری ئەو حزبە بوون، وه لە نزیکەوە تێکەڵی زۆرم لەگەڵیان هەبووە و جێگەی متمانەیان بووم..
لە ڕابردوودا، زۆر هاوڕێی پێشمەرگەی سەردەمی شاخی یەکێتی، یا هاوڕێ یا دۆست یا بەهەر جۆرێک بێی تێکەڵیم هەبوو لە گەڵیان، لە پێشمەرگەیەکی بێ پلەوە، تا دەگاتە پلەداری سەربازی و سەرکردایەتی.
بە هەندێ هەقیقەت گەیشتم، لە ئەنجامی ئەو تێکەڵبوونم ئەو سەردەمانە، کە تا ئێستەش سوودی لێ دەبینم و بۆچوونی خۆمم لەسەر بنیات ناوە لەسەر پۆلینکردن و ناسینی کەسانی (خەباتگێ وە  خەبارتگێڕ)،

سیاسەتوان و سیاسەتباز،

کەسانی هەڵگری بیریکوردایەتی، وە هەڵگرانی فشە کوردایەتی!!
ئەم هاوڕیەتی و یەکترناسینەمان ، بۆ من بوونە هەوێنی لە دایک بوونی دوو جۆر پۆلین لە ناو هێزی پێشەمەرگایەتیو سەرکردایەتی هەموو حزبە کوردستانیەکای ئەو سەردەمی شاخ..
پۆلینی یەکەم : کەسانێک بوون،بەردەوام باسی خەبات و کوردایەتی و ماندوو بوونی خۆیان لە شاخ دەکرد، بە هەموو جۆرێک دەیوویست فەزڵی خۆی بەسەر ئەوانەدا بسەپێنێت کە لە ناو شار ژیانیان بەسەر بردووە، جا خەڵکی ئاسایی بووبن، یا ڕێکخستن، یا شانە نهێنیەکانی ناو شار بووبن.
ئەم گروپە بەردەوام دەیووست پێت بڵێت: کە ئەوە  منم لە تۆ زیاتر موستەحقم لە هەوای ئەم ئازادیە پشکم زیاتر بێت و خزمەتم زیاتر بکرێت، گەر دەست و تفەنگی من نەبوایە ئێستە تۆی شاری دیل و ژێردەستەی دوژمنی داگیرکەر بوویت!
ئەمانە هەمیشە لەنا شارەکاندا لە بارەگاکاندا کەوتبوون و، بە یانی هەتا ئێوارە مێشومەگەز تێی دابوون لەسەر کورسیە ڕەقەیەکی ئەو بارەگا تەپوتۆزاویانەی ئەو سەردەمە، یا بەردەوام لە هاتووچۆی کۆمیەتی پێشمەرگە دێرینەکاندا بوون. هەر کە سڵآوت لێدەکردن، دەستیان بە بێ گوزەرانی و بێ پارەو پوولی دەکرد ودەکڕوزانە ، وە باسیان لە بێ حاڵی خۆیان دەکرد ( کە هەندیک لەمانە حاڵ وگوزەرانیان زۆر باش بوو)،بە هۆکاری دوای ڕاپەڕین کەوتبوونە دزین و فەرهود و چەتەیی و ڕێگری.
ببوون بە خاوەنی خانووی خۆیان لە شار، خێزانیان پێکەوە نابوو، لە ڕێگەی ڕاووڕووت و دزیەوە لە زۆر خەڵکیتر باشتر دەژیان و باری دارایی و ئابووریان زۆر باش ببوو، کە سەردەمانێک نەک لە و شارە، بگرە لە ناوچە و ناحیە و دێهاتەکانی خۆشیاندا، خاوەنی چیغێک نەبوون.
سەریان بە دیوەخان و بارەگای هەموو بەرپرسیکدا دەکرد، جگە لەوەی هەندێکیان کە هاوسەرگیری دەکرد، هێندە بێفەڕ بوو، دەچووە بەر قاپی و ئۆفیس دەوڵەمەندەکانی ئەو کاتە.
ئاگادار نیم، یا نا ، بەڵام گەر فەتاح ڕەباتی ملیۆنەری شاری سلێمانی لە ژیاندا مابێت، شایەتی بۆ ئەم قسەیەم ئەدا، کە یەکێک بوو لەوانەی چەند جارێک لای من سکاڵای خۆی لە و پێشمەرگە کۆنانە دەکرد، کە دەیووت کاکە ناکرێ خۆ من باوکی ئەم هەمووە نیم، هەر کەس ژن دەهێنێت، دێر سەردانم دەکاتو داوای پارەی ژن هێنان وهاوکاری لە من دەکات، جا دەیووت زۆر دەکڕوزێنەوە ، ئیتر ڕووی ئەوەم نییە دەست بنیم بە ڕوویانەوە و هاوکاریان نەکەم بە مەبلەغەێک پارە!
پۆلینی دووهەم: ئەمانە گروپێک بوون بە ژمارە زۆر لە پۆلینی یەکەم، نەک کەمتر بوون، بگرە بە ژمارە زۆر کەمیش بوون لەسەر ئاستی کوردستان.
ئەم گروپەیان هەمیشە بێزار لە ژیان ، لە خۆی، لە سیاسەت، لە دەسەڵات، لە سەرکردەکان.
ئەم گروپە کەمە، زیاتر خۆشحاڵ دەبوون، کاتێک کاتت لەگەڵدا بە بابەتی دوور لە شاخ و خەبات و کوردایەتی بەڕێ بکەن لەگەڵت.
گروپێک بوون هێندە بە ڕێز بوون، هەمیشە بە جۆرێک لە شەرم شکۆمەدیەوە لەگەڵیان کاتت بەسەر دەبرد،
هەبوو چەند جار بریندار کرابوو، دەیان جار نزیک مەرگ ببووە، بەڵام بێزاردەبوو بەوەی پرسیاری ئازار و جێگەی برینەکانی لێ بکەی.
هەمیشە دەیووت هیچ نییە ، چیم لەو هاوڕێیانەم زیاترە کە ئێستە کەس جێگەی قەبریشیان نازانێت، بەس لەوانەیە قەدەر وەها بووبێت کە من بمیننەوە بۆ شاهێدی دان لەم کاولکاری و بێسەرو بەرەی کە ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان ئازاری پێوە دەکێشن لە سایەی ئازادی کوردستاندا و، لەو دونیا گەر هەبوو ئەم مێژووە درۆینەی خەباتی کوردایەتیان بۆ باس بکەم، کە ئەوان لە پێناویدا بە خوینی خۆیان تۆماریان کرد، بۆ کورد و خاکی کوردستان.
هەبوو فەرماندەیی دەیان شەڕی جەبهەیی لەگەڵ دوژمندا کردبوو، کەچی بۆ ساتیکیش نەیدەویست لەسەریان قسە بکات، هەمیشە لە کورتی ئەو باسانەی دەبڕیەوە، بە پێچەوانەی گروپی یەکەم، کە لە بارەگاکانی مام جەلالدا بەیانیانیش تشریبی عارەق و مەشروبیان دەخوارد، کەچی لە ئاست خەبات و کوردایەتی ، مرۆڤیان جەجاڵەت دەکرد هێندە باسیان لە ماندووبوونی خۆیان و برسیەتی و جەولەکانی خۆیان لە شاخ بۆ دەکردم!
ئەم گروپی دووهەمە، زادەی هزریان پەیوەست بوو بە ووتەیەکی شۆڕشگێری گەورەی جینهانی چیۆ گیڤارای سەرکردەی پارتیزانیەوە، ئەمانەجیهان بینی و  دونیابینی خۆیان دەربارەی ئەم ئازادیە و پارە بەخشینەوە و زەوی بەخشینەوەیە لەم گووتەیەدا پێناسە دەکرد، کە ئەڵێ: هەرچیەک، تەنانەت ژیان، بە تکاو پاڕانەوە چنگت بکەویت، شایەنی ئەوە نییە هەوڵی بۆ بدەی، تەنانەت گەر ژیان لەدەست بدەی، با لە دەستی بدەی شەرافمەندانەتریت، وەک لەوەی زەلیلی دەستی نامەرد ببیت.
پۆلینی یەکەم ؛ کە هەمیشە باسی خەبات وکوردایەتیان دەکرد و پێیان وابوو، کە دەبێت ئەفزلیەتی ئەم ژیانە لە دەستی ئەودا بێت، ئەمانە زۆرێکیان ، نەک بەشداری هیچ جەنگێکی ڕووبەڕووبوونەوە نەببوو لەگەڵ دوژمن و داگیرکەردا، لەو ماوەی پێشمەرگە بووە لە شاخ، هەتا بگرە بۆ جارێکیش لەو شاخە فیشەکێکی نەتەقانبوو، هەندێ زروفی تایبەتی وەهای کردبوو ڕوو بکاتە شاخ و لەناو هێزی پێشمەرگەدا چەک بە خۆشی یا بە ناچاری بێت هەڵبگرێت..
هەندێک لەمانە لە بارەگای هەندێ سەرکردەی ئەو حزبانەدا، تەواوی ژیانی شاخیان بەسەر بردبوو، کارو پیشەیان جاسووسی کردن بووە، بەسەر هاوڕێ پێشمەرگاکانی ترەوە، جگە لەمە هیچ رۆڵێکی تریان نەبینیبوو، یا هەر خەریکی دۆمیەو تاوڵە و یاری ناپلیۆن بوون بە کارت
دەکرێ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی سەر بەم گروهە بێت، چونکە بەردەوام باسی ئەوە دەکات لە تەمەنی شانزە ساڵیەوە بەردەوام جەنگی کردووە، لەگەڵ داگیرکەر و دوژمن پێشمەرگە بووە، کە هەتا ناتوانی ووتارێکی ئەم پیاوە بدۆزیەتەوە و گوێی لی نەگریت، کە ئێشارە بە پێشمەرگایەتی خۆی وکوردایەتیەوە نەکات..ئەم جۆرە کەسایەتی بارزانی زۆر لەو ووتە ناودارەی تۆڵستۆی گەورە نووسەری ڕووس دەچێت، کاتێک کەسێک پرسیاری لێ دەکات دەربارەی نووسین لەسەر ئەدەب و، کە گوایە تۆڵستۆی لە پێناو پارەدا دەنووسیت نەک لە پیناو ئەدەبدا، لە وەڵامدا تۆڵستۆی ڕووی تێدەکات و پێی ئەڵێ: تەاو ڕاستە من پارەم نییە بۆ پارە دەنووسم وکەسێکی هەژرام، بەڵام تۆی خودا پیداوی دەوڵەمەند پارەت هەیە و ئەدەبت نییە، بۆیە ناچار بەردەوام لەسەر ئەدەب دەنووسیت و قسە دەکەیت!
جا لەم گروپەدا تێیانداهەبوو، تەسلیم بە بەعس بووە، پێشەمەرگەی بە گرتن دابوو، لە ئەنفالەکندا دوای تەسلیم بوونەوە، پێشڕەوی بۆ عەسکەر و هیزەکانی حزبی بەعس دەکرد ، کوون بە کوون لەو شاخ و کێو و دێهاتانەی کوردستان شوین پیی هاوڕێکانی دوێنێی بۆ خزمەتی داگیرکەر و دوژمن هەڵدەگرت، کار و کاسبی ببوو بە خیانەت و خزمەتکردنی تۆڕە دوژمنکارەکانی حزبی بەعس لە کوردستاندا.
پۆلینی دووهەم؛ وەک ووتمان بە دەگمەن باسی ڕابردووی خۆیان دەکرد، ئەمانە لە ڕێگەی هاوڕێ نزیکەکانی خۆیانەوە تەواوی زانیاریم کۆدەکردەوە کە رۆڵی تەواویان چۆن بووە، هەر وەک باسم کرد بۆخۆیان زۆر بەدەگمەن دەیانوویست باس لە ئازارەکانیان بکەن، کاتیک دەیان بینی لەسایەی خەباتی ئەمانەوە، ئێستە ئەو سەرکردانەیان چەند دڵڕەقانە  دەسەڵاتو حوکمڕانی کوردستانی ئازاد دەکرد.
ئەمانە ئەو گروهە کەمە بوون کە بە ڕاستی چەکیان بۆ رزگاری و ئازادی نەتەوەی کورد لە شان کردبوو، هیچ هۆکارێکی شەخسی پاڵی پێوە نەنابوون تا ببنە پێشمەرگە و خەبات بکەن، جگە لە وەی ڕێچکەیەکی ژیان بدۆزنەوە، بۆ بە گژا چوونەوەی دوژمنی داگیرکەر، خەونیان تەنها ئەوە بووە، کە کورد و کوردستان ئازاد بێت، هیچ کات بە هزریاندا نەهاتووە ئەم رۆڵە بۆیە دەگێڕێت، تاکو دوای ئازاد کردنی نیشتمان، خۆی بەسەر خەڵکی تردا فەرز بکات و بڵێت؛ کەس بۆی نییە لەو زیاتر سوودمەند بێت!
بەداخەوە ئەم گروپە، زۆرێکیان پەناهەندەی ووڵاتانی ئەوروپ بوون،،، یا بێ دەنگ لە ناو شارەکاندا خەریکی ژیانی ئاسایی خۆیانن،،، دوور کەوتوونەتەوە لە کۆبوونەوەی فشە پێشمەرگە کۆنەکان یا مەڵبەندو بارەگا درۆزنەکان.

دوا ووتەم....

حیوارێکی خۆم و هاوڕێیەکم باس دەکەم کە ماوەیک دوای ئازادی و ڕاپەڕینی کوردستان، کوردستانی بەرەو تاراوگە بەجێهێشت، هاوڕێیەکم لە کەنەدا بوو، کە نووسەرێکی باشە و پێشمەرگەی شاخی یەکێتی بوو، کە ناوی ( کاک جەمال ) بوو.
 ئەو کاتە بوو کەماوەیەکی کەم بوو سەدامی دیکتاتۆر و بەعس لەدەسەڵاتدا نەمابوون، کوردستان و کەرکوکی قودسی فشە کوردایەتی، هەمیمەنەتی دزیو تاڵانی سەرانی یەکێتی و پارتی کارێکیان کردبوو لەو شارەدا، تەواو ڕابردووی هێز و خەباتی پێشمەرگەیان ناشیرین کردبوو.
بیرمە لە پرسیارێکدا لێم کرد و گوتم: کاک جەمال دەزانم تۆ پیاوێکی خەباتگێڕ و ماندوو بوویت،قسەم لەسەر خەباتەت نییە وەک شەخسی خۆت، بەڵام دەمەوێت بزانم تۆ ئێستە ئەم حاڵەی خەڵک دەبینی بەدەستی ئەو حزبەی تۆ چەندین ساڵ خەباتت بە ناوی کوردایەتیەوەکرد تێیدا، باشە وەک گریمانە ، گەر تۆیان بردە بەردەم دادگایەکی عادیلانەی خەڵکی کوردستان و دەربارەی خەبات و ئازادی ، ئەم حاڵەی ئێستە ی خاک و نیشتمان و نەتەوە پێوەی ئازار دەکێشێت زیاتر لەسەردەمی بەعس ، گەرپرسیاریان لێ کردی: ئەمە خەباتی ئێوە بوو، بۆ ئەمە کردتان؟ بە چی وەڵامی ئەو خەڵکە ئەدەیتەوە؟
کاک جەمال، دوای هەناسەیەکی قووڵی ساردی پڕ بە ئازار، بیرمە خێزانەکەشی بەرامبەرمان وەستابوو گوێی لەم حیوارەمان دەگرت...
هیوادارم کاک جەمال ئەم ووتارەی بەرچاو بکەویت و ئەو کاتەی بیر مابێت...
دوای ئەو هەناسە قووڵه، ووتی: تەنها دەتوانم کە پێیان بڵێم داوای لێ بووردنتان لێ دەکەم کە ئێمە ( درۆیەکەی گەورەمان ) لەگەڵ کردن، لە ژێر دروشمێکی درۆزاننانەدا، لەمە ڕستە کوورتە زیاتر، ناتوانم هیچ دیفاعیکی ترم پێ بێت لە خۆم ، وە لە هاوڕێ  هاوخەباتە ڕاستگۆیەکانی دوێنێ شاخم  بۆ وەڵام دانەوەی ئەو خەڵکە!!

تێبینی: وینەکە کۆمەڵێک پێشمەرگەی یەکیتیە لە ناوزەنگ، لە سەرەتای ساڵانی هەشکاندا، ئەو کاتەی یەکێتی وەک ئێستە نابووت و درۆزن و بۆنی دۆلار و نەوت کڕ وکاسی نەکردبوو، کە ڕادیۆ شڕەکەی شاخی دەیشیراند بەرامبەر بە دوژمنی داگیرکەری بەعس، کاتێک دەیگووت ( تۆڵە بەسەبرە، ئەما بە زەبرە )!!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە