سلێمانى باجى ده‌دات

Friday, 19/08/2022, 16:30

3323 بینراوە


له‌ ئێستادا شارى سلێمانى به‌ ته‌نهاو كۆى ده‌ڤه‌رى سه‌وز به‌ پێی لێدوانه‌كانى  به‌رپرسانى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان بێت ، له‌ لایه‌ن پارتییه‌وه‌ گه‌مارۆى خراوه‌ته‌ سه‌رو سزادراوه‌  .  ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌  كه‌ هه‌ردوحیزب  دوو  لایه‌نى سه‌ره‌كى پێكهاته‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانن له‌ ئێستادا  .
 هۆكارى سه‌ره‌كى ئه‌م ناكۆكیانه‌ مێژوه‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و دوو به‌ره‌كى و لێكترازانه‌ى  ناو پارتى  له‌ ساڵى 1964 كه‌ دواجار به‌ره‌ى جه‌لالى و مه‌لایی به‌رهه‌م هێناو ئاگرى ئه‌و دوو به‌ره‌كیه‌ تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌ . كاتێكیش یه‌كێتى نیشتمانى شۆڕشى نوێی ده‌ست پێكرده‌وه‌ ، جارێكى تریش ناكۆكى و دوژمنایه‌تى نێوان ئه‌و دوو به‌ره‌یه‌ ده‌ستى پێكرده‌وه‌ و هه‌زران كه‌س بونه‌ قوربانى و داستانه‌ خوێناویه‌كه‌ى هه‌كارى ساڵى 1979 كه‌ بوو به‌ هۆكارى له‌ناوچونى نزیكه‌ى 700 پێشمه‌رگه‌ى یه‌كێتى  به‌رهه‌مى ئه‌و ناكۆكیه‌ به‌دناوه‌ بوو . 
شه‌ڕى نێوان یه‌كێتى و پارتى له‌ ساڵى 1996 و كاره‌ساتى خوێناوى و شومى 31 ئابیش به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌رهه‌مى ئه‌و ناكۆكی و لێكترازانه‌ى ساڵى 1964 بوو .  ئێستا كه‌ به‌ناو هه‌رێمى كوردستان خاوه‌نى  جۆرێك له‌ سه‌ر به‌خۆیی و خاوه‌نى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و په‌ڕله‌مان و حكومه‌ت و دام و ده‌زگاو هێزى پێشمه‌رگه‌یه‌ ، به‌ڵام  له‌ ڕاستیدا دوو ئیداره‌یی ته‌واوه‌و دوو حكومه‌تن له‌ناو یه‌ك حكومه‌تدا . به‌ حوكمى ئه‌وه‌ى كه‌ پارتى زۆرینه‌یه‌و ده‌توانین بڵێین بڕیارده‌رى سه‌ره‌كى ناوحكومه‌تن له‌ هه‌مان كاتێشدا  ناكۆكیه‌كانى  نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه‌ هه‌ر به‌رده‌وامه‌ و له‌ ئێستادا له‌و په‌ڕى خراپیدایه‌  به‌تایبه‌تى  له‌سه‌ر پۆستى سه‌رۆك كۆمار به‌و هۆیه‌وه‌ یه‌كێتى پارتى تۆمه‌تبار ده‌كات به‌وه‌ى كه‌زونى سه‌وزیان پشت گوێ خستوه‌و به‌ ئاشكرا سزاى ده‌ده‌ن و  له‌ ئێستادا هیچ پڕۆژه‌یه‌كى خزمه‌ت گوزارى  له‌ ده‌ڤه‌رى سه‌وز ئه‌نجام نادرێت و موچه‌ى موچه‌خۆرانى  سلێمانى له‌ كاتى خۆیدا نادرێت و خه‌سته‌خانه‌كان ده‌رمانیان تێدا نییه‌و  زۆر جار به‌نزین  نییه‌ بۆ ئه‌مبوڵانسه‌كان . ئه‌وه‌تا له‌ هه‌ولێر شه‌قامى شه‌ستى و سه‌دى و سه‌دو بیستى و سه‌دو په‌نجایی هه‌یه‌ ، به‌ڵام له‌ سلێمانى ته‌نها شه‌قامى 60 مه‌ترى هه‌یه‌ ئه‌ویش له‌ سه‌رده‌مى سه‌دامدا دروست كراوه‌. 
ئه‌وه‌تا به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى كۆیه‌ ده‌ستى له‌ كار كێشایه‌وه‌ و ده‌ڵێت وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى وه‌ڵامى داواكاریه‌كانمان ناداته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كۆیه‌ له‌ڕوى ئیداریه‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌ولێره‌ ، به‌ڵام له‌ ڕوى سیاسیه‌وه‌ سه‌ر به‌ زونى سه‌وزه‌ .  گومانى تێدا نییه‌ پارتیش وه‌ڵامى هه‌یه‌ بۆ ئه‌م تۆمه‌تانه‌ى یه‌كێتى . 
به‌ڵام ئه‌وه‌ى گرنگه‌ ئاماژه‌ى بۆ بكه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سلێمانى و ده‌ڤه‌رى سه‌وز  بونه‌ قوربانى ناكۆكیه‌كانى نێوان یه‌كێتى و پارتى  و هاوڵاتیان باجه‌كه‌ى ده‌ده‌ن .  یه‌كێتى و پارتى ناكۆكى و دوژمنایه‌تى  كۆنیان هه‌یه‌  به‌ڵام خانه‌ نشینێك  تاوانى چییه‌ 40 ساڵ خزمه‌تى ئه‌م وڵاته‌ى  كردوه‌و  موچه‌ى خانه‌ نشینیه‌كه‌ى 300 هه‌زار دیناره‌و  له‌ سه‌ره‌ى  وه‌رگرتنى موچه‌دا گیان له‌ ده‌ست ده‌دات . لێره‌دا ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ به‌ هه‌ندێك بابه‌تى مێژویی زۆر گرنك بده‌م  كه‌ زۆر گرنگه‌ هه‌موان بیزانن به‌ تایبه‌تى   ئه‌وانه‌ى ئاگادارى ڕابوردو نین .
یه‌كه‌م : شارى سلێمانى هه‌موو كوردى باشور قه‌رزداربارنى چونكه‌زۆر له‌ كۆنه‌وه‌ شارى به‌رخودان و خه‌بات و قوربانیدان بوه‌ . پایته‌ختى حكومه‌ته‌كه‌ى شێخ محمودى نه‌مر بووه‌ . خاوه‌نى  خۆپیشاندانه‌كانى  حوزه‌یرانى ڕه‌شى ساڵى  1930 بوه‌ . خاوه‌نى ئه‌و هه‌موو قوربانیانه‌ى سه‌رده‌مى یه‌عس بوه‌ . سه‌دام حوسه‌ین شارى سلێمانى به‌ شاره‌ یاخیه‌كه‌و سه‌رى ماره‌كه‌ى شۆڕشى  كوردى  ده‌زانى و ده‌یگوت ئه‌گه‌ر سلێمانى به‌ ته‌واوى كۆنتڕۆڵ بكرێت ، شۆڕشى كوردیش كۆنتڕۆڵ ده‌كرێت  ، بۆیه‌ هه‌میشه‌ سلێمانى له‌لایه‌ن به‌عسه‌وه‌  گه‌مارۆ درابوو . سلێمانى به‌ شارى شۆڕش و شارى ڕۆشنبیرى  ناسراوه‌و لێره‌وه‌  كوردایه‌تى گڕى ساندوه‌ .  
دووه‌م :جەلال تالەبانیكه‌ دواجار بوو به‌سه‌رۆكى كۆمارى عێراق  هه‌ر له‌ ڕێگاى ئه‌م شاره‌و زونى سه‌وزه‌وه‌ پشتیوانى لێكراو دواجار بوو به‌ كه‌سێكى سیاسى گه‌وره‌ له‌ ئاستى نێوده‌وڵه‌تیشدا . خه‌ڵكى ئه‌م شاره‌ بون كه‌ دواى  دوو به‌ره‌كیه‌كه‌ى  ساڵى 1964 گه‌وره‌ترین پشتیوانیان لێكرد. له‌ ده‌ست پێكردنه‌وه‌ى شۆڕشى نوێشدا به‌هه‌مان شێوه‌ گه‌وره‌ترین پشتیوانى بون و هاوكارى گه‌وره‌ى بون . جەلال تالەبانیكه‌سێكى زۆر خۆشه‌ویست بوو  له‌ لاى خه‌ڵكى سلێمانى و زۆرشانازییان پێوه‌ ده‌كرد و هه‌میشه‌ هاوخه‌مى بون .  
كه‌واته‌ ده‌كرێت بڵێین : جەلال تالەبانی هه‌م به‌ شه‌خسى وه‌كو خۆیی و هه‌م وه‌كو سه‌ركرده‌یه‌كى  سیاسى  له‌ قۆناغى خه‌باتى ڕزگارى نیشتمانیدا  زۆر قه‌رزدارى شارى سلێمانى  بوه‌و خه‌ڵكى ئه‌م شاره‌ زۆریان حه‌ق به‌سه‌ریه‌وه‌ هه‌بوه‌ . كه‌واته‌ خزمه‌ت كردنى شارى سلێمانى  به‌ پله‌ى یه‌كه‌م  له‌سه‌ر شانى ئه‌و  خۆى بوه‌و نابێ چاوه‌ڕوانى پارتى بكات له‌و زیاتر خزمه‌تى سلێمانى بكه‌ن .  ئه‌و باجه‌ى ئێستا سلێمانى ده‌یدات و  پشت گوێ خراوه‌ زیاتر هۆكاره‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌  بۆ ئه‌و پشتیوانیه‌ زۆره‌ى خه‌ڵكى ئه‌م شاره‌  له‌ جەلال تالەبانی خۆیی و حیزبه‌كه‌ى  له‌ ساڵى 1964 وه‌ . 
با به‌ ویژدانیشه‌وه‌  قسه‌ بكه‌ین تا مه‌مجه‌لال خۆى له‌ ژیاندا مابوو  بارودۆخى سلێمانى زۆر له‌ ئێستا باشتر بوو ، هه‌وڵى  زۆرى داوه‌  خزمه‌تى ئه‌م شاره‌ بكات ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر حسابى ڕابوردوو بكه‌ین هێشتا ئه‌وه‌ى جەلال تالەبانیبۆ ئه‌م شاره‌ى كردوه‌ ، نه‌ له‌ ئاستى  مێژوى خه‌باتى ئه‌م شاره‌و نه‌ له‌ ئاستى پشتیوانیه‌كانى  هاوڵاتیانى ئه‌م شاره‌و ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ بوه‌  بۆ شه‌خسى جەلال تالەبانیخۆى . كه‌واته‌ جه‌لال تالەبانی هه‌میشه‌ قه‌رزدارى سلێمانى بوه‌ و ئه‌وه‌ى ئێستاش به‌رامبه‌ر به‌ سلێمانى ده‌كرێت ، هه‌ر به‌ هۆى جەلال تالەبانیو حیزبه‌كه‌یه‌وه‌بوه‌ . 
سێیه‌م : دواى وه‌فاتى جەلال تالەبانیبارودۆخى ناو ڕێزه‌كانى یه‌كێتى نیشتمانى گۆڕانى گه‌وره‌ى به‌سه‌ردا هات . دواى كۆنگره‌ى  چوار یه‌كێتى كه‌وته‌ ژێر ده‌ستى كوڕه‌كانى جەلال تالەبانیو  نه‌وه‌ى ئیبَراهیم  ئه‌حمه‌د و نه‌وه‌ى شێخ جه‌نگى و هه‌موو سه‌ركرده‌ كۆنه‌كانى یه‌كێتى له‌ ناوه‌ندى بڕیار دوورخرانه‌وه‌و یه‌كێتى چووه‌ قۆناغێكى تازه‌ى مه‌ترسیداره‌وه‌ . زۆر له‌وه‌ش خرابتر دواى ماوه‌یه‌كى كورت لاهورى شێخ جه‌نگى  كه‌ به‌ هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى هه‌ڵبژێرا له‌گه‌ڵ براكانى له‌ ناوه‌ندى  بڕیار دوورخرانه‌وه‌ . واته‌ لاهورى شێخ جه‌نگى  ئێستا له‌ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتییه‌ و هیچ ده‌سه‌ڵاتێكى نه‌ماوه‌. 
گومانى تێدا نییه‌ لاهورى شێخ چه‌نگى به‌شى خۆى لایه‌نگر له‌ناو یه‌كێتیدا هه‌یه‌و  به‌رده‌وام هه‌وڵى خۆى ده‌دات و به‌و هۆیه‌وه‌ ڕێزه‌كانى یه‌كێتى جۆرێك له‌ كێشه‌و گرفت و لێكترازان و ناكۆكى پێوه‌ دیاره‌و یه‌كێتى وه‌كو جاران به‌ تۆكمه‌یی نابینرێت و خه‌ڵكیش زۆر ئومێدیان به‌ یه‌كێتى نه‌ماوه‌ چونكه‌ پێیان وایه‌ ئه‌وانه‌ى ئێستا یه‌كێتى به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن له‌ ئاستى  ڕۆڵ و مێژو و گه‌وره‌یی یه‌كێتیدا نین و ئه‌وانه‌ى ئێستا له‌ دورى كوڕه‌كانى جەلال تالەبانی و شانازى ئیبڕاهیم ئه‌حمه‌دن  كه‌ خۆیان به‌ خاوه‌نى یه‌كێتى ده‌زانن  كه‌سانێكن  عه‌ره‌قیان نه‌كردوه‌و هاتونه‌ سه‌ر حازرى و  ئه‌وه‌ى بیرى لێ ناكه‌نه‌وه‌ خه‌ڵكى شاره‌و هه‌میشه‌ خه‌ریكى به‌ده‌ست هێنانى  به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى خۆیانن له‌ پاڵ  كوڕه‌كانى جه‌لال تالەبانیدا .. كه‌واته‌ له‌م قۆناغه‌ى ئێستادا  ده‌بینین  هاوكێشه‌ى نێوان یه‌كێتى و پارتى زۆر گۆڕاوه‌و ته‌رازوه‌كه‌ به‌لاى پارتیدا كه‌وتوه‌ . 
پارتى زۆر به‌هێزتر بوه‌و یه‌كێتى زۆر لاواز . پارتى بۆته‌ خاوه‌ن بڕیارى یه‌كه‌م و  یه‌كێتى بێده‌سه‌ڵات . پارتى هه‌موو جومگه‌ سه‌ره‌كیه‌كانى ده‌سه‌ڵات و بڕیاردانى له‌ده‌ستدایه‌ و یه‌كێتى  ته‌نها به‌شدارى ده‌سه‌ڵاته‌ نه‌ك شه‌رێك . پارتى كۆى دۆسیه‌ى نه‌وت و داهاتى نه‌وتى لایه‌و یه‌كێتى ده‌ستى گرتۆته‌وه‌ . سنوورى زه‌رد پشكى شێرى هه‌یه‌ له‌ خزمه‌ت گوزارى وزونى سه‌وزیش  بێ به‌ش و گه‌مارۆ دراو .  كه‌واته‌ ده‌تونین بڵێن  له‌ ئێستادا  زونى سه‌وز به‌گشتى و شارى سلێمانى به‌ تایبه‌تى  له‌ لایه‌ن پارتییه‌وه‌  په‌ڕاوێز خراوه‌.  ئه‌گه‌ر بڵێن  ئاساییه‌ كه‌ سلێمانى و زونى سه‌وز له‌ لایه‌ن پارتییه‌وه‌ گه‌مارۆ دراوه‌  چونكه‌ ئه‌م دوو حیزبه‌ ناكۆكى و دوژمنایه‌تى كۆنیان هه‌یه‌ . 
 ئێستا پارتى فرسه‌تى بۆ هه‌ڵكه‌وتوه‌و ده‌یه‌وێت تۆڵه‌ى خۆى هه‌م له‌ بناماڵه‌ى تاڵه‌بانى و یه‌كێتى  هه‌م له‌  خه‌ڵكانى سه‌ر به‌ ئه‌وان بكاته‌وه‌ ، هه‌رچه‌نده‌ نه‌ده‌بوو ئاوابێت ، به‌ڵام تا ڕاده‌یه‌كیش ئاساییه‌  بۆ ئه‌و كێشه‌ كۆنانه‌ى  كه‌ له‌ناو ئه‌م دوو به‌ره‌یه‌دا  . 

كاره‌ساته‌ گه‌وره‌كه‌ لێره‌دایه‌ 

ئه‌گه‌ر بۆ پارتى ئاسایی بێت  گه‌مارۆبخاته‌ سه‌ر شارى سلێمانى و بیه‌وێت تۆڵه‌ى خۆى له‌ خه‌ڵك بكاته‌وه‌ چونكه‌ هه‌میشه‌ پشتیوانى بنه‌ماڵه‌ى تاڵه‌بانى بون ، به‌ڵام بۆ بنه‌ماڵه‌ى تاڵه‌بانى هه‌م تاوانه‌و هه‌م بێ وه‌فاییه‌و هه‌م خیانه‌ته‌ كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا ڕه‌فتار له‌گه‌ڵ خه‌ڵكى سلێمانى ده‌كه‌ن و ده‌یان چه‌وسێننه‌وه‌ . ده‌ستیان كردوه‌ به‌ته‌خشان و په‌خشانى موڵك و ماڵى  گشتی  بۆخۆیان و نزیكه‌كانى خۆیان . له‌گه‌لأَ ئه‌وه‌ى باجێكى زۆریان خستۆته‌ سه‌ر خه‌ڵكى ، به‌ڵام خۆیان ده‌ستیان گرتوه‌ به‌سه‌ر داهاتى گومرگه‌كان و ناوخۆدا. 
پارتى هۆكارى دواكه‌وتنى موچه‌ى به‌شێك له‌ موچه‌ خۆرانى  ده‌ڤه‌رى سه‌وز بۆ ئه‌وه‌ ده‌گێرێته‌وه‌ كه‌ به‌ پیى ڕێكه‌وتنى نێوانیان ده‌بێ  موچه‌ى به‌شێك له‌ موچه‌ خۆران له‌ داهاتى ناوخۆ و خاڵه‌ سنووریه‌كانى  ده‌ڤه‌رى سه‌وز خۆى  بدرێت . به‌ڵام یه‌كێتى  به‌شێكى زۆرى ئه‌و داهاتانه‌  ناخاته‌ بانكه‌كانه‌وه‌و بۆخۆیانى ده‌به‌ن . له‌ولاشه‌وه‌ بافێڵ تاڵه‌بانى ده‌ڵێت :
 ئه‌گه‌ر هیچى تر ئاوا مامه‌له‌ له‌گه‌ڵ زونى سه‌وز بكه‌ن ، ئێمه‌ له‌ حكومه‌ت ده‌كشێینه‌وه‌ . به‌ڵام تا ئێستا ئه‌وه‌ هه‌ر قسه‌یه‌و نه‌ وه‌ڵامێكى قه‌ناعه‌ت پێكراویان هه‌یه‌  بۆ پارتى و خه‌ڵك كه‌ ده‌ڵێن یه‌كێتى به‌شێك له‌ داهاتى ناوخۆ  بۆ خۆى ده‌بات  و نه‌ له‌ حكومه‌تیش ده‌كشێنه‌وه‌ . كه‌واته‌  زونى سه‌وز كه‌وتۆته‌ نێوان به‌رداشى پارتى و یه‌كێتییه‌وه‌و هێواش هێواش به‌ هه‌ردوكیان خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌هاڕن له‌ پێناوى ناكۆكیه‌كانى خۆیاندا .
 له‌ كاتێكدا  به‌رپرسانى یه‌كێتى هاوار ده‌كه‌ن  پارتى گه‌مارۆى خستۆته‌ سه‌ر ده‌ڤه‌رى سه‌وز و ئه‌وه‌تا  پاره‌ى كۆكردنه‌وه‌ى خۆڵ و خاشاكیش ناده‌ن و شار بۆگه‌نى كردوه‌و ده‌رمان له‌ خه‌سته‌خانه‌كاندا نه‌ماوه‌و  شه‌قامه‌كان وێران بون و شه‌قامى كه‌لار سلێمانى وێرانه‌و بۆته‌ شه‌قامى مه‌رگ و پاره‌ نییه‌ بۆ ته‌واو كردنى شه‌قامى سه‌دمه‌ترى و به‌ سه‌دان پڕۆژه‌ هه‌یه‌ چه‌ندین ساله‌ به‌ ته‌واو نه‌كراوى ماونه‌وه‌ له‌به‌ر بێ پاره‌یی و  له‌ زونى زه‌ردیش خزمه‌ت گوزارى و ته‌واوكردنى پڕۆژه‌كان  به‌رده‌وامه‌.
له‌ كاتێكدا سه‌ركرده‌كانى یه‌كێتى پارتى تۆمه‌ت بار ده‌كه‌ن  و ده‌ڵێن  پارتى گه‌مارۆى خستۆته‌ سه‌ر زونى سه‌وز پاره‌ى بۆ خه‌رج ناكات مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خۆشیان به‌ هه‌مان شێوه‌ى پارتى سزاى سلێمانى ده‌ده‌ن . له‌ پار ساڵه‌وه‌ بایی 100 ملیۆن دۆلار  زه‌وى له‌ باشترین شوێنى سلێمانى و له‌سه‌ر شه‌قامى 60 مه‌ترى  به‌ ناوى وه‌به‌ر هێناوه‌  له‌ لایه‌ن خودى بنه‌ماڵه‌ى تاڵه‌بانى و  یه‌كێتى و نزیكه‌كانى خۆیان داگیر كراوه‌ . بۆ نمونه‌  له‌سه‌ر شه‌قامى 60 مه‌ترى نێوان هۆتێل تایتانیك و خه‌سته‌خانه‌ى هه‌رێم . له‌ نێوان  گاردن ستی و به‌نزینخانه‌ى  هه‌ڵگورد ، له‌ پردى كۆبانى  به‌ره‌و هه‌وارى شار  هه‌ردوو به‌رى شه‌قامه‌كه‌ داگیر كراوه‌ ،  له‌ لاى په‌یمانگاى  وه‌رزشى سه‌روى خه‌سته‌خانه‌ى ئه‌نوه‌ر شێَخه‌ ، دوڕیانى سه‌رچنار و شوێنى مه‌سڵه‌حه‌ى كۆن و ده‌یان شوێنى تر .
باشه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ له‌ خه‌مى شارى سلێمانین  بۆچى ئه‌و زه‌ویانه‌ نافرۆشن و به‌ پاره‌كه‌ى خزمه‌ت گوزارى بۆ شاره‌كه‌ پێ ئه‌نجام ناده‌ن و به‌ خۆرایی ده‌یده‌ن به‌ نزیكوكانى خۆیان و له‌ولاشه‌وه‌ گله‌یی له‌ پارتى ده‌كه‌ن . دیاره‌ ئه‌مه‌ بۆ چه‌واشه‌ كردنى خه‌ڵكى سلێمانییه‌ . بۆ ئه‌وه‌یه‌ بڵێن ئه‌وه‌ ئێمه‌ نین سزاى سلێمانى ده‌ده‌ین  ئه‌وه‌ پارتییه‌ .  به‌ڵام ئێستا هه‌موو شتێك ئاشكرابوه‌و چیتر خه‌ڵك به‌و به‌یت و بالۆرانه‌ ناخه‌ڵه‌ تێنرێت . 
له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ گاڵته‌جاریتر ئه‌وه‌یه‌ ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌ به‌ به‌رده‌وامى  به‌رپرسانى حیزبى و ئاسایش و دژه‌تیرۆرو  پێشمه‌رگه‌  به‌ ئاره‌زوى خۆیان كه‌وتونه‌ته‌  داگیر كردن و ده‌ست به‌سه‌راگرتنى  موڵك و ماڵى گشتى و  ته‌نانه‌ت هاوڵاتیانیش . به‌ سه‌دان دۆنم زه‌وییان  به‌ش به‌ش كردوه‌و فرۆشتویانه‌  به‌بی ئاگادارى شاره‌وانى . ده‌ستیان گرتوه‌ به‌سه‌ر شوێنى  باخچه‌و گۆڕه‌پانى یارى و  خزمه‌ت گوزارى تر  بێ ئه‌وه‌ى كه‌سێك ڕێگریان لی َبكات و  پرسینه‌وه‌یان  له‌گه‌َلأ بكات .  ته‌نانه‌ت چه‌ند كه‌سێكى دزو مافیا پڕۆژه‌یه‌كیان بردبوه‌ شاره‌وانى سلێمانى كه‌ شوێنى باخى گشتیش بكه‌نه‌  شوێنى بازرگانى . كاتێك پێیان  زانى و و زانییان بۆیان ناچێته‌سه‌ر ، له‌ شاره‌وانى  نه‌خشه‌ى پڕۆژه‌كه‌یان شارده‌وه‌ . 
دواى ئه‌وه‌ى  ئه‌م تاڵانكاریه‌ هه‌موو سنووره‌كانى تێپه‌ڕاندو  خه‌رێك بوو زه‌وى نه‌مێنێت ، ده‌نگى ناڕه‌زایی  له‌لایه‌ن  هه‌ندێك دڵسۆز به‌رزبۆوه‌و به‌ناچارى و له‌ ترسى خه‌ڵك ، خودى بافێڵ تاڵه‌بانى  سه‌رۆكى یه‌كێتى  هاته‌ سه‌رخه‌ت و  بڕیاریدا ڕێگرى  له‌و زیاده‌ڕه‌ویانه‌بگرێت و  هێزى تایبه‌تى نارد  بۆ شاره‌وانى كه‌ ئه‌وانه‌ى زیاده‌ه‌و ڕه‌ویان  كردوه‌ بیانگرن و سزایان بده‌ن .  هه‌رچه‌نده‌ زۆر دره‌نگه‌و  ده‌بوایه‌ زوتر ئه‌و كاره‌ بكه‌ن ، به‌ڵام ئێستاش هه‌ر باشه‌و ده‌توانن هه‌موو ئه‌و زه‌ویانه‌ بگێڕنه‌وه‌  بۆ وه‌زاره‌تى دارایی و كۆتایی به‌م داگیر كاریه‌ بهێنن . به‌ڵام ده‌بێ ئه‌و ڕاستییه‌ بزانن بافێڵ تاڵه‌بانى  به‌ناچارى و له‌ ژێر گوشارى خه‌ڵكدا ئه‌و بڕیاره‌ى دا  چونكه‌ پێشتریش باش خۆى ئاگادارى ئه‌و تاڵانیه‌ بوه‌ چونكه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ى به‌و كاره‌ هه‌ستاون  كه‌سانى حیزبى خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و پله‌وپایه‌ بون  وكه‌س بڕواى به‌وه‌ نییه‌ تا ئێستا ئه‌وه‌ى نه‌زانیبێت . ئه‌ى باشه‌ بۆ داگیر كردنى ئه‌و زه‌ویه‌ى دانرابوو بۆ گۆڕه‌پانى  یارى  فتبۆَڵێن  و پارچه‌ پارچه‌ كردنى  و فرۆشتنى بۆچى نه‌هاته‌ سه‌رخه‌ت و قسه‌ى نه‌كرد .  
به‌ڵام یه‌كێك له‌ خرابترین  تاوان و سوكایه‌تى به‌ شارى سلێمانى ئه‌وه‌یه‌  كه‌  بڕیار دراوه‌ گه‌راجى  به‌غدا له‌ ناوچه‌ى پیشه‌سازیه‌وه‌  بگوێزنه‌وه‌ بۆ تاسڵوجه‌ . له‌ هه‌موو دنیادا  محه‌ته‌ى قیتار و  گه‌راجى پاس و ئوتومبێل  بۆ گواستنه‌وه‌ى خه‌ڵك  ده‌كه‌وێته‌ ناوه‌ڕاستى شاره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌ ئاسانى خه‌ڵك بتوانێت هاتوچۆ بكات .  ئه‌گه‌ر چى ئێستاش گه‌راجى به‌غدا دووره‌  له‌ ناوه‌ندى شاره‌وه‌ ،  به‌ چ عه‌قَل و به‌ چ مه‌نتقێك  گه‌راجى به‌غدا بگوێزیته‌وه‌ بۆ تاسڵوجه‌ . 
ئه‌م كاره‌ له‌ پێناوى دوو كه‌سدا  كراوه‌ . یه‌كه‌م ئه‌وه‌ى شوێنى گه‌راجه‌كه‌ ده‌كاته‌ پیشانگا و ئه‌وه‌ى له‌ تاسڵوجه‌ گه‌راجه‌كه‌ى ده‌كه‌وێته‌ گه‌ڕ . ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ به‌ناوى وه‌به‌ر هێنانیشه‌وه‌ كرابێت ، بێ شك ئه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستى دزى كراوه‌و ژێر به‌ ژێر  ڕێكه‌وتنى له‌سه‌ر كراوه‌ . سه‌یر كه‌ن  بنه‌ماڵه‌ى تاَڵه‌بانى  كه‌ خۆیان به‌ خاوه‌نى یه‌كێتى و  سلێمانیش به‌ تاپۆى خۆیان ده‌زانن . ئه‌و هه‌موو به‌رپرسه‌ حیزبى و حكومیانه‌ى كه‌ سه‌ر به‌ یه‌كێتین به‌ هه‌مویان  به‌رژه‌وه‌ندى شارێكیان خسته‌ ژێر قۆنده‌ره‌كانیان  له‌ پێناوى ئه‌وه‌ى دوو دزوو مافیاى سه‌ر به‌خۆیان  ده‌وڵه‌مه‌ند بكه‌ن و له‌ به‌رامبه‌ردا  گیرفانى هه‌زاران هاوڵاتى فه‌قیر كه‌م ده‌رامه‌ت  خاڵى بكه‌نه‌وه‌ .
ئه‌گه‌ر جاران له‌ گه‌راجى به‌غداوه‌  كه‌سێك سه‌فه‌رى كردبێت بۆ چه‌مچه‌ماڵ  به‌ 4000 چوار هه‌زار دینار ، ئه‌گه‌ر ئێستا له‌ تاسڵوجه‌وه‌ ئه‌و سه‌فه‌ره‌ بكات ، ده‌بێ به‌لانى كه‌مه‌وه‌  10  ده‌هه‌زار  دینارى  تر بدات  ته‌كسى ناوشار له‌ سلێمانییه‌وه‌ بۆ تاسڵوجه‌و له‌ تاسڵوجه‌وه‌ بۆ ناو شار , واته‌ سه‌فه‌ره‌كه‌ى بۆ چه‌مچه‌ماڵ  ده‌كاته‌ 14  چوارده‌ هه‌زار دینار . بیر بكه‌نه‌وه‌  له‌ ڕۆژێكدا چه‌ند كه‌س له‌ تاسڵوجه‌وه‌  بۆ به‌غداو هه‌ولێر و دهۆك و قه‌ڵادزه‌و ڕانیه‌و كۆیه‌و شاره‌كانى تر هاتوچۆ ده‌كه‌ن . 
 ئه‌مه‌ بۆ ساڵێك حسابه‌ بكه‌ن و بزانن  ئه‌م پاره‌ زیاده‌یه‌ى  له‌ گیرفانى خه‌ڵكانى كه‌م ده‌رامه‌ت  ده‌رده‌چێت  ده‌كاته‌ چه‌ن . ئه‌مه‌ هه‌مووى له‌ پێناوى دوو كه‌سدایه‌ .  له‌ بافێڵ تاَله‌بانى  ده‌پرسم ئه‌مه‌شیان  خه‌تاى پارتییه‌ ؟.  ئه‌گه‌ر جنابیان له‌ خه‌مى خه‌ڵكن با یه‌كسه‌ر ئه‌و  بڕیاره‌ هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌و با گه‌راجه‌كه‌ هه‌ر له‌ شوێنى خۆى بێت و سزاى ئه‌وانه‌ش بدات كه‌ ئه‌م كاره‌یان كردوه‌ . 
خۆ ئه‌گه‌ر  ئه‌و ئه‌مه‌ نه‌كات و خه‌ڵكى سلێمانى و  هه‌موو ئه‌وانه‌ى ڕۆژانه‌ش له‌ تاسڵوجه‌وه‌ سه‌فه‌ر ده‌كه‌ن ده‌نگ به‌ یه‌كێتى بده‌ن ، ئه‌وه‌  ئه‌م بارودۆخه‌یان پیرۆزبێت و خه‌ڵكى گه‌مژه‌ ده‌بێ حاكمى له‌م جۆره‌ى هه‌بێت .  مه‌ریوان وریا قانع ده‌ڵێت : با هه‌موومان چاوه‌ڕوانى فریاد ڕه‌س نه‌بین  به‌ڵكۆ خۆمان ببێنه‌  فرید ڕه‌سى خۆمان . تۆ  خۆت ئاماده‌ نه‌بێت له‌ خۆت بپرسیته‌وه‌و له‌سه‌ر حه‌قى خۆت بییته‌ ده‌نگ ، چۆن چاوه‌ڕوانى له‌ كه‌سانى تر ده‌كه‌ى داواى حه‌قت بۆ بكه‌ن .
 ئه‌گه‌ر خاوه‌نى ئه‌و ته‌كسیانه‌ى له‌ گه‌راجى به‌غدا كاریان كردوه‌ كه‌مێك خاوه‌نى ئیراده‌و پیاوه‌تى و ئازایه‌تى بونایه‌ ، هه‌ر ته‌كسیه‌كانیان  له‌ دووڕیانى سه‌رچنار ڕاگرتایه‌و بۆ دوو رۆِژ  به‌ جێیان بهێشتنایه‌ ، حكومه‌ت ناچار ده‌بوو له‌و بڕیاره‌ په‌شیمان ببێته‌وه‌ . به‌ڵام ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ مێژه‌  ئه‌م خه‌ڵكه‌ى ناسیوه‌و هه‌موو شتێكیان بۆ چۆته‌ سه‌ر چونكه‌ ده‌زانن كه‌س نییه‌ قسه‌ بكات .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە