هانایەک بۆ هەموتان : نەخۆشخانەی فێرکاریی سلێمانی!

Tuesday, 23/08/2022, 19:08

2991 بینراوە


پتر لە سێ ساڵە هەواڵی ئەوەی نەخۆشخانەی فێرکاریی سلێمانی دەفرۆشرێت یا فرۆشراوە بە کۆمپانیایەکی زۆر نزیک لە  یەکێ لە حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان ، بە ناو پزیشک و هەمو تەندروستکارانی سلێمانی دا دەماودەم دەکات . 
کە کەڵبەی شۆفڵە بێبەزەییەکانی پارەدارە تێرنەخۆرەکان لە ماڵە بێنازەکەی نەجمەدین مەلا گیرکرا موچڕکەیەکی ترس و خەم سەرتاپای جەستەمی تەنی و چاوی خەیاڵم هۆن هۆن فرمێسکی باراندە سەر دیوار و بنمیچی نەخۆشخانەی فێرکاریی سلێمانی کاتێک ڕاوکەرانی بێبەزەیی بۆ کەڵەکەکردنی زۆرتری پارەکانیان گرێدەر و شۆفلەکانیان وەک سەگی هار بەردەدەنە گیانی ئەو نەخۆشخانەیەی پتر لە چل ساڵە تەندروستکارانی سلێمانی لە ناویدا خزمەتی خەڵک دەکەن. 
پاساوای کۆمپانیاکە و لێبوک و موچەخۆرەکانی کە لەناو دەسگاکانی تەندروستیی شاری سلێمانیدا دەستیان دەڕوات و پۆستی گرنگیان هەیە، ئەوەیە  گوایە ئوتومبیلەکانی  فریاکەوتن لە بەر تەسکیی جادەکانی دەوروبەری ناتوانن بە ئاسانی نەخۆش بەرن بۆ نەخۆشخانەکە، لە بری ئەو کە کۆن بوە و کەڵکی بەکارهێنانی نەماوە، کۆمپانیاکە لە سەر حسابی خۆی نەخۆشخانەیەکی نوێ لە نزیک هەواری شار دروستدەکات و لە جێی نەخۆشخانەکە پرۆژەی بازرگانی دروستدەکات. 
بێگومان ڕونە وەک مانگی چواردە کە کۆمپانیاکە سودێکی زۆر لە پرۆژەکەدا بەدەست دێنێ و لە بەرامبەردا کەرتی گشتیی (حوکمەتی) تەندروستی و خەڵکی شار زیانێکی زۆر دەکات و خەڵکی نەدار و کەم داهاتی شار نەخۆشخانەیەکی پڕ خزمەتی حکومەتیی نزیک لە ماڵەکانیان لەدەست دەدەن و بۆ گەیاندنی نەخۆشەکانیان دەبێت تاکسی بگرن و یا بە قەرز و پیتاک بیانبەن بۆ نەخۆشخانە تایبەتیە نزیکەکانی ناوشار. هەمو ئەوانەی دنیایان بینیوە دەزانن کە نەخۆشخانە گەورە و گرنگەکانی شارە گەورەکان لە نزیک ناوەندی شارەوە دروستکراون، باشە خۆ نەخۆشخانەی فێرکاریی سلێمانی  بەنزینخانە نیە لە ترسی ئاگرکەوتنەوە نەفیی بکەیت بۆ قەراخ شار؟ 
ئەوە ڕاستە کە خانوەکانی نەخۆشخانەکە کۆن بون، ئێ باشە بۆچی لایەنی پەیوەندیدار نوێی ناکاتەوە ؟ بۆچی وەزارەتی تەندروستیی کوردستان هەوڵ نادات لە شوێنی ئەو نەخۆشخانەیە نەخۆشخانەیەکی مۆدێرنی گەورەی وەک (شاری پزیشکی) لە بەغداد دروستبکات؟ باشە ئەی خوێندکارانی کۆلیجی پزیشکی و نێرسینگ و پەیمانگەی تەندروستی چۆن بچن بۆ هەواری شار کە چون و گەڕانەوە نزیکەی سەعاتێکی پێدەچێت؟ 
دەربارەی ئەم بابەتە لە ساڵی ٢٠٢١ لە سەر داوای من دانیشتنێکم سازکرد لە گەڵ فرکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی شاری سلێمانی ، بۆ هەمان مەبەست بە تایبەتی سەردانی د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی م کرد و نیگەرانیی خۆمم دەربڕی، بەڵام بەداخەوە نەیانتوانی یا ڕێگریان لێکرا یا نەیان ویست بابەتەکە بە هەند وەربگرن و سەر ئێشە بۆ خۆیان دروستبکەن و دڵسۆزانە کاری لەسەر بکەن و وەڵامی خەڵک بدەنەوە.
لێرەوە داوا لە وەزارەتی تەندروستی و سەرۆکی حوکەمەت دەکەم نەهێڵن نەخۆشخانەی فێرکاری لە ژێر هیچ  بەهانە و زڕەبەڵگەیەک دا بە هیچ کۆمپانیایەک  بفرۆشرێ، هەروەها تکایان لێدەکەم یا نوێی بکەنەوە یا لە شوێنی دا نەخۆشخانەیەکی گەورەی مۆدێرن دروستبکەن. 
داوادەکەم  لە ڕاگەیاندنەکان و حیزبەکانی دەرەوە و ناوەوەی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی شاری سلێمانی و تەندروستکاران و خەڵک و کەسایەتیە کۆمەڵایەتی و ئاینی وهونەری و ئەدەبیەکانی شاری سلێمانی و کوردانی دەرەوەی کوردستان کە  مژاری تاریک و تەمومژاویی نەخۆشخانەی فێرکاریی سلەیمانی بکەنە بابەتی ڕۆژ و بەدواداچونی بۆ بکەن بۆ دەرخستنی هەمو ڕاستیەکان دەربارەی ئەم نەخۆشخانەیە، وە ئەگەر دەنگۆکە ڕاست بو، بە خەباتێکی مەدەنیی ناتوندوتیژ هەڵیوەشێننەوە و لە جێی ئەو پرۆژە سەرمایەداریە نانیشتمانی و بێبەزەییە  نەخۆشخانەیەکی نوێی گەورە دروستبکەن. پێشنیازدەکەم لیژنەیەکی کارا و دڵسۆز لە حیزبەکانی ناوەوە و دەرەوەی دەسەڵاتی کوردی دروستبکرێت بۆ ڕونکردنەوە و چارەسەری کێشەکە. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە